riklam

مەكتەبی سیاسی یەكێتی: سەركەوتوو بێ ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی شەنگال

kurdistani 02:30 PM - 2014-12-19
راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ی شه‌نگال راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و تێیدا سڵاو و نه‌وازش بۆ تێكڕای شه‌هیدانی كوردستان ده‌نێرێت و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌ سه‌ربه‌رزه‌كان ده‌خوازێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌...

گه‌لی قاره‌مانی كوردستان !
پێشمه‌رگه‌ ئازادیخوازه‌كان!
كه‌سوكاری شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان!

داعش و ئه‌وانه‌ی له‌پشتیانه‌وه‌ بوون, سه‌ره‌نجامی كێشه‌ دروستكردن بۆ پرۆژه‌ی عیراقی فیدراڵ و قوڵبوونی كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌عیراق و ناوچه‌كه‌دا, نه‌خشه‌یان داڕشت, پرۆسه‌ی سیاسی دیموكراتی فیدراڵی له‌عیراق و كوردستاندا تێكبده‌ن, هه‌تا بتوانن كۆنترۆڵی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن, به‌تایبه‌تی عیراق و باشووری كوردستان, هه‌روه‌ها سوریا و رۆژئاوای كوردستان .

كه‌ له‌سوریادا به‌هێزبوون, گواستیانه‌وه‌ بۆ عیراق و له‌پارێزگاكانی ( نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و سه‌لاحه‌دین ) و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌, سه‌ركه‌وتنێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراویان به‌ده‌ستهێنا, ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ هاوكات كاریگه‌ری له‌سه‌ر روودانی كاره‌ساتی شه‌نگالیش هه‌بوو .
داعشه‌ دڕنده‌كان له‌شنگال و ناوچه‌ شیعه‌ و مه‌سیحی نشینه‌كاندا, سنووری دڕندایه‌تیشیان به‌زاندو رووی تاوانبارانی مێژووشیان ,  له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سپی كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی تاوانبارانی رابردوو , له‌ ده‌یان ساڵدا ئه‌نجامیان داون , ئه‌مان له‌ سێ مانگدا, له‌تاوانه‌كانی ئه‌وانیشیان تێپه‌ڕاند .
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ساڵاهایه‌ له‌و هێزانه‌یه‌, مه‌ترسی سه‌له‌فیه‌تی كۆمه‌ڵكوژیی خستۆته‌ به‌رچاو, له‌ناوچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌شدا شه‌ڕی سه‌ختیشیی كردن, كه‌ هێزێكی ره‌شه‌كوژی وه‌كو داعشیش سنووری باشووری كوردستانی خسته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌, هه‌ر زوو مه‌ترسی ئه‌م سیاسه‌ته‌ و ئه‌م هێرشه‌مان بۆ باشووری كوردستان خسته‌ئاراوه‌ و جه‌ختمان كرده‌وه‌, سیاسه‌تی به‌رگری بگۆڕین به‌ سیاسه‌تی هێرشی رزگاری, له‌م پێناوه‌شدا, بێ درێغ تێكۆشاوین و قوربانیمان داوه‌ .
سه‌ره‌نجامی سیاسه‌تی هێرشی عه‌سكه‌ری و پشتیوانمان له‌جیهان و ناوچه‌كه‌شدا, خۆشبه‌ختانه‌ له‌پارێزگاكانی دیاله‌ و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی مه‌خموریش و هه‌ندێك شوێنی گرنگی نه‌ینه‌واش, سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ گه‌وره‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراو, به‌دی هێنراون .

له‌هه‌مان كاتدا,  هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی هه‌رێم, خۆی بۆ هێرشێكی فراوان ئاماده‌ده‌كرد, هه‌تا شه‌نگال و ده‌وروبه‌ریشی له‌و جانه‌وه‌رانه‌ رزگار بكرێ .
به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یمان بوو شه‌نگال له‌م كاته‌دا رزگار بكرێ , چونكه‌ داگیركردنی شه‌نگال و ئه‌و زڵمه‌ی له‌خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان كراوه‌, دوای كاره‌ساتی ئه‌نفال وهه‌ڵه‌بجه‌,  ئازارده‌ری ویژدانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو, ته‌نها به‌ رزگاركردنی شه‌نگال و ئازادكردنی دیله‌كانمان, برینی قوڵی ئه‌و ئازاره‌ سارێژ ده‌كرێت و تۆڵه‌ی شه‌هیدان و زوڵم لێكراوانی ناوچه‌كه‌ش ده‌سه‌ندرێته‌وه‌ .
 
جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان !
بۆ سێ رۆژ ده‌چێت, ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی چیای شه‌نگال و دێهات و شاره‌دێكانی ده‌وروبه‌ریان, به‌و په‌ڕی قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاری هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان, ده‌ستی پێكردووه‌ .
مایه‌ی سه‌ربه‌رزیمانه‌, هێرشی رزگاری پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و داعشه‌ هاش و هوشكه‌ره‌كان, دووچاری شكستی گه‌وره‌ هاتوون, كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی ستراتیژی ده‌بێت بۆ رزگاركردنی ته‌واوی كوردستان, به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا, له‌پارێزگاكانی كه‌ركوك, نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین و دوورخستنه‌وه‌ی دوا مه‌ترسیشه‌ له‌ سه‌ر پارێزگای دیاله‌, به‌تایبه‌تی سه‌راپای قه‌زای خانه‌قین, كاریگه‌ری عه‌سكه‌ری گه‌وره‌شی بۆ لاوازكردنی توانی داعشه‌كان له‌عیراق و رۆژئاوای كوردستانیشدا ده‌بێت, له‌م كاته‌شدا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م رزگاكردنه‌ی شه‌نگال و ناوچه‌كانی تری مادده‌ی 140ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان, ته‌نها رزگاركردنی خه‌ڵك و خاك نییه‌ له‌ده‌ست دوژمنێكی دڕنده‌ی وه‌ك داعش, به‌ڵكو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌شه‌ كه‌ ئه‌م ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌رانه‌, په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكیان به‌ سنووری باشووری كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌و چاره‌نووسیان چاره‌نووسی شكست و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانه‌, بۆیه‌ كاتێك شه‌نگال و جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ و سلێمان به‌گ و مه‌خمور داگیرده‌كرێن, شۆڤێنییه‌ عه‌ره‌به‌كان زۆرتر حكومه‌تی هه‌رێم و یه‌كێتی و پارتیان به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانی , ئێستاش كه‌ ئه‌م ناوچانه‌ رزگار و ئازاد ده‌كرێن, هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌م شه‌ره‌فه‌ تۆمار ده‌كات.
ئومێده‌وارین ئه‌م راستیانه‌, زه‌مینه‌ی مێژوویی جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 ی له‌سه‌ر ئه‌رز و له‌ئه‌قڵه‌یه‌ت و  له‌ویژدانی هه‌موو لایه‌كدا, باشتر ره‌خساندبێ و جارێكی تر خاك و خه‌ڵكی به‌خوێنی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانی بێ گوناح ئازاد كراو, ناكرێ بخرێته‌وه‌ گره‌وی پاساوی بێ پێزی نه‌گێرانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه‌, بۆ سه‌ر كوردستانی دایكیان .

 جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رز !
پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵمه‌ت به‌ره‌كان!
مه‌كته‌بی سیاسی  یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان, له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌ی سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر دوژمنه‌ تاریك په‌رسته‌كاندا, پیرۆزبایی له‌ به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات, به‌دڵنیاییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی رزگاركردنی دوا بستۆكه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ین. به‌م بۆنه‌ مێژوییه‌شه‌وه‌, سڵاو و نه‌وازش بۆ تێكرا شه‌هیدانی كوردستان ده‌نێرین و به‌ دڵنییاییه‌وه‌ , دڵنیایان ده‌كه‌ین كه‌ ( ئه‌ی شه‌هیدان ,  نامرێ ناو و نیشانتان ) كێلی به‌رزی هه‌موو یه‌كێكتان ,سه‌ربه‌رزی كچ و ژنی ئێزدی پاراست و سه‌روه‌ری پێشمه‌رگه‌ی كرده‌ بناغه‌ی قۆناغی نوێی كوردایه‌تی هاوچه‌رخ.
سڵاوتان لێ بێت .... پێشمه‌رگه‌ و برینداره‌كان ..... كه‌ هه‌ر برینێكتان گوڵاڵه‌ سووره‌ی باخی ئازادی و ره‌نگی سووری ئاڵای شه‌كاوه‌ی كوردستانه‌ .

ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان :
پیرۆز بێ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ له‌هه‌موان , مژده‌ش بێ بۆ سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه‌كانی كۆبانی و رۆژئاوای كوردستان له‌منزیكانه‌دا, سڵاو له‌ یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ی ئێوه‌ش ,  ئه‌ی فه‌رمانده‌و ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌كانی كورد و كوردستان و ئازادی .

ئێتر بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و
سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی


راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی
 سیاسی ی.ن.ك
19/12/2014

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket