riklam

18ی دیسه‌مبه‌ر.. رۆژی جیهانی كۆچبه‌ران

kurdistani 09:07 AM - 2014-12-18
نزیكه‌ی 5 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ ساڵی 2014 دا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌

نزیكه‌ی 5 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ ساڵی 2014 دا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی كۆچی جیهانی رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له‌ پێناو ژیانێكی باشتر رێگا مه‌ترسیداره‌كانی كۆچیان هه‌ڵبژاردووه‌، له‌ ساڵی 2014 دا روو له‌ زیاردبوون بووه‌.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ولیام لاسی سوینگ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆچ، كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌وه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ری ره‌سمی رێكخراوه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چه‌ندین ئامار ده‌خاته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی كۆچ و كۆچبه‌ری له‌ ساڵی 2014 داو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار له‌ ساڵی 2014 دا له‌ رێگا مه‌ترسیداره‌كانی كۆچی نایاسایدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌وه‌ش ساڵی 2014 به‌رزترین ئاستی گیانله‌ده‌ستدانی كۆچبه‌ران تۆمارده‌كات كه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵی رابردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ش، زیاتر له‌ 3 هه‌زار له‌و حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانانه‌ی كۆچبه‌ران له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا تۆماركراون و كۆچبه‌ران به‌هۆی تێكشكانی به‌له‌مه‌كانیاوه‌ له‌و ده‌ریایه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 500 كۆچبه‌ری تریشیان له‌ كه‌نداوی به‌نغالی زه‌ریای هندیدا له‌ نزیك وڵاتانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هاوكات، به‌رپرسی رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ پاراستن و رزگاركردنی گیانی كۆچبه‌ران ئه‌ركی سه‌رشانی سه‌رجه‌م وڵاتانه‌و ده‌بێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی رزگاركردنی كۆچبه‌ران زیاتر بكرێن و داوا له‌ وڵاتانی جیهان ده‌كات كه‌ رێوشوێنی توند بگرنه‌به‌ر له‌دژی ئه‌و قاچاخچیانه‌ی كه‌ بازرگانی به‌ كۆچبه‌رانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ چیتر كۆچبه‌رانی نایاسایی وه‌ك تاوانبار سه‌یرنه‌كرێن تا ئه‌وانیش هاوكار بن له‌ پێدانی زانیاری له‌سه‌ر بانده‌ قاچاخچیه‌كان، هه‌روه‌ها داوا له‌ وڵاتانی جیهان ده‌كات كه‌ ده‌رفه‌ته‌كانی كۆچی یاسایی و سه‌لامه‌ت بۆ وڵاته‌كانیان زیادبكه‌ن.

تائێستاش وڵاتانی وه‌رگر پۆلێنی كۆچبه‌ران به‌سه‌ر چه‌ندین ناو و ناونیشاندا ده‌كه‌ن وه‌ك كۆچبه‌ری ئابوری، په‌ناخوازو په‌نابه‌ر كه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یاسای تایبه‌تیان هه‌یه‌و ژیان و سه‌لامه‌تیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ كاتێك ناتوانن ئه‌و پێودانگانه‌ی ئه‌وان له‌خۆیاندا به‌دیبكه‌ن، وه‌ك كاتێك ناتوانن بیسه‌لمێنن په‌نابه‌رنی راسته‌قینه‌ن و ده‌كه‌ونه‌به‌ر مه‌ترسی دیپۆرتكردنه‌وه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماری كۆچبه‌رانیش له‌سه‌ر ئاستی جیهان، رێكخراوه‌كه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نزیكه‌ی 232 ملیۆن كه‌س بوون به‌ كۆچبه‌ری نێوده‌وڵه‌تی، واته‌ سنوری وڵاته‌كه‌ی خۆیان تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی ژیانێكی باشترو سه‌لامه‌تتر.

رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌ هه‌بوونی 33 ملیۆن و 300 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی له‌ناو خودی وڵاته‌كان خۆیاندا له‌ جیهانداو له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زیاتر له‌ 16 ملیۆن ئاواره‌ی تر، جیهان ریكۆردێكی نوێ تۆمارده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین رێژه‌ی ئاواره‌بوونی خه‌ڵكه‌ به‌هۆی شه‌ڕو ململانێیه‌كانه‌وه‌ له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، قه‌یرانه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و سوریاو لیبیاو ئه‌فریقای ناوه‌ڕاست و سودان و په‌تای ئیبۆلاو گۆڕانكاری له‌ كه‌شوهه‌وا له‌وانه‌یه‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی بووبن له‌پشت ئه‌و ئاماره‌ نوێیانه‌ی كه‌ كۆچبه‌ران و ئاواره‌كان تۆماریان كردووه‌.

بان كی مون-یش سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ماڵپه‌ری ره‌سمی رێكخراوه‌كه‌ نوسیویه‌تی با له‌ رۆژی جیهانی كۆچبه‌راندا پابه‌ندبوونی خۆمان دووباره‌بكه‌ینه‌وه‌ بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگا فره‌یی و كراوه‌كان و ده‌رفه‌ت و ژیانێكی پڕشكۆ بۆ كۆچبه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی فه‌راهه‌مبكه‌ین.

18ی دیسه‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێك رۆژی جیهانی كۆچبه‌رانه‌و به‌ مه‌به‌ستی رێزگرتنه‌ له‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه‌ وڵاته‌كانی خۆیان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت به‌جێهێشتووه‌، ئه‌م رۆژه‌ش له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2000 ـه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌.

PUKmedia هه‌ژار ته‌ها

س/ ماڵپه‌ری ره‌سمی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆچ - ماڵپه‌ری یوئێن

566918122014_wene2.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket