riklam

د. فوئاد: میسر دۆستێكی گرنگی عیراقه‌

kurdistani 04:34 PM - 2014-12-17
له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر

له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر

د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار پێشوازیكرد له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر .

سه‌رۆك كۆمار د.فوئاد مه‌عسوم دوپاتیكرده‌وه‌ هاریكاریی نێوان عیراق و میسر له‌ بواره‌كانی ئه‌منیی و سه‌ربازیی له‌م كاته‌دا زۆر پێویسته‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆر، هاوكات هاریكاریی نێوان هه‌ردوو وڵاتی برا له‌ بواره‌كانی وه‌به‌رهێنان و ئاڵوگۆڕی توانا و شاره‌زاییه‌كان تا ئه‌و كاته‌ی ئۆقره‌یی به‌ته‌واوه‌تی جێگیرده‌بێت به‌لای حكومه‌تی عیراقییه‌وه‌ جێگه‌ی پێزانین و بایه‌خی تایبه‌تییه‌.

ئه‌و دوپاتكردنه‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی پێشوازیی  دیداری به‌ڕێزیان بوو له‌گه‌ڵ  سامح شوكری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر و وه‌فدی هاوڕێی كه‌ ئه‌مڕۆ 17-12-2014 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.

وه‌زیری میوان سڵاو و رێزی عه‌بدول فه‌تاح سیسی سه‌رۆك كۆماری میسری گه‌یانده‌ سه‌رۆك مه‌عسوم و تیایدا داوای سه‌ركه‌وتنی بۆكردوه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ مێژوییه‌ ناسكه‌دا كه‌ عیراقییه‌كان رووبه‌ڕووی مه‌ترسی تیرۆری داعش بونه‌ته‌وه‌، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی دوپاتكرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی هاریكاریی و پێشكه‌شكردنی هه‌ر یارمه‌تییه‌ك كه‌ له‌ توانادابێت له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا  به‌و ئامانجه‌ی كه‌ یارمه‌تی عیراقییه‌كان بدات ئامانجه‌كانیان له‌ په‌ره‌پێدانی یه‌كڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی ئاسایش و یه‌كێتی وڵاته‌كه‌یان له‌ دژی تاقمی داعشی تاوانبار به‌دی بهێنن كه‌ بوه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر گرنگی په‌یوه‌ندیی برایانه‌ و مێژویی و شارستانیی نێوان میسر و عیراقی خسته‌ڕوو، ئاماژه‌یشیكرد بۆ هاریكاریی و كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاجیاكاندا و به‌ قۆناغ و سه‌رده‌می گرنگی مێژوویی وه‌سفكرد كه‌ ئاماژه‌ن بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و پێشكه‌وتن و بنیاتنان  .
سامح شوكری ستایشی رۆڵی گرنگی سه‌رۆك مه‌عسومی كرد له‌ هه‌وڵی چڕ وپڕی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی هاوسێیدا له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ ده‌خوازێت هه‌موان هاریكاریی یه‌كتر بكه‌ن و به‌ هاوبه‌شی بچنه‌وه‌ به‌گژ تیرۆردا كه‌ نه‌ك هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ به‌ ته‌نیا بۆ سه‌ر عیراق، به‌ڵكو بۆ سه‌ر هه‌موو ده‌وڵه‌تانه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م تیرۆره‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵتۆقیوه‌ و له‌ جموجۆڵدایه‌.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسرپێویستیی به‌رده‌وام بونی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیی و ئه‌منیی دوپاتكرده‌وه‌ بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌ویی.
وتیشی: پێویسته‌ هاوشانی ئه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی هۆشیاریی په‌ره‌ی پێ بدرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كلتوری ئیسلامه‌تیی راسته‌قینه‌ كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ میان ره‌وه‌ی.
سه‌رۆك كۆماریش وێڕای به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوان و سوپاسگوزاریی  و پێزانینی بۆ سڵاو و هه‌ستی دڵسۆزانه‌ی سه‌رۆك سیسیی، دوپاتیكرده‌وه‌ هاریكاریی وهه‌ماهه‌نگیی له‌ نێوان عیراق و میسردا زۆر گرنگه‌ عیراقییه‌كانیش وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی برا ده‌ڕواننه‌ میسر كه‌ ده‌توانێت رۆڵێكی زیندو ببینێت له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقدا.

سه‌رۆك كۆمار په‌رۆشی حكومه‌تی عیراقی نیشاندا بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی برایانه‌ و دۆستانه‌ و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش به‌و جۆره‌ی ببێته‌ فاكته‌ری به‌دیهێنانی ئارامیی و ئۆقره‌یی ناوچه‌كه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆرو چه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كانی له‌سه‌ره‌.

سه‌رۆك مه‌عسوم له‌ میانه‌ی وته‌كانیدا له‌گه‌ڵ وه‌فدی میسرییدا ،رونیكرده‌وه‌ عێراقییه‌كان  به‌ هه‌مو پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ رێككه‌وتون پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن، چونكه‌ ته‌نیا به‌ گیانی كاركردنه‌ ده‌توانن  ئارامیی ناوخۆیی و یه‌كڕیزیی نیشتمانی به‌دی بهێنن و مه‌ترسیی تێرۆریان له‌ كۆڵ ببێته‌وه‌ .

سه‌رۆك فوئاد مه‌عسوم ئه‌وه‌یش خسته‌ڕوو كه‌ حكومه‌ت كاری جیدی ده‌كات، سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ش كاری هاوبه‌شیان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئاشتبونه‌وه‌ی گشتیی، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌یكرد بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ نراون له‌و بواره‌دا و رایگه‌یاند: هه‌نگاوی جدیی و كاریگه‌رن هه‌رچه‌نده‌ جاروبار سستییان پێوه‌ دیاره‌ و وتی: هه‌نگاوه‌كان له‌سه‌رخۆ بن باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌ بوه‌ستن.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك كۆمار سڵاو ورێزی خۆی به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسردا نارد بۆ سه‌رۆك سیسیی و داوای سه‌ركه‌وتنی بۆ كرد له‌ رابه‌رایه‌تیكردنی میسر و زیاتر به‌ره‌وه‌پێشبردنیدا.

PUKmedia

 
 





ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket