riklam

ژنان لەكاروانی شەهیدان‌و خەباتگێڕیدا

kurdistani 11:29 AM - 2014-11-27
لەخوشكە سنەوبەرو دایكە ئامینەوە بۆ شەهید رەنگین

لەخوشكە سنەوبەرو دایكە ئامینەوە بۆ شەهید رەنگین

لەبزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردو شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، جگە لەوەی ژنان رۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە لەهەموو كایەكاندا‌و جێدەستی خۆیان دیارییكردووە، شان بەشانی پیاوان توانیویشیانە پارێزگاریی لەخاك‌و نیشتمانەكەیان بكەن‌و لەم پێناوەشدا چەندین شەهیدیان بەخشیووە بەتایبەتی لەرێزی رێكخستنەكاندا‌و خەباتی بەرچاوییان هەیە، بێگومان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیشدا ژنان بەتوندی بەرەنگاری دوژمنان بوونەتەوەو توانیویانە لەچەند شوێنێكدا شوێن دەستیان دیاربێت‌و سەركەوتن تۆماربكەن‌و ئەوانیش شەرەفی شەهیدبوونیان پێ بڕاوەو چوونەتە كاروانی نەمرانەوە.

بەئەمانەتەوە جێبەجێیان كردووە
سەبارەت بەگیانفیداكردنی ژنان‌و رۆڵیان لەپارێزگاریكردن لەخاكی نیشتمان، وەسفیە بەنی وەیس ئەندامی سەركردایەتی لێپرسراوی دەزگای شەهیدانی یەكێتی وتی: ژنان‌و كچانی كورد لەهەر بوارێكدا بێت رۆڵی خۆیان بینیوەو كاری خۆیان كردووە، هەر ئەركێكیان پێ سپێردرابێت، بەئەمانەتەوە جێبەجێیان كردووە، چ لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە تا ئەمڕۆ‌و لەو رێگایەشدا چەندین ژنی قارەمانمان هەبووە، چ لە سەردەمی شاخ‌و خەباتی نهێنی‌و چ ئێستاش لەقۆناغی حكومڕانیدا‌و ئیدارەدانی كوردستاندا.

دەبێت رێگرەكان بشكێنن
وەسفیە بەنی وەیس هەروەها وتی: لەو جەنگەی ئێستای دژ بەتیرۆریستانی داعشدا ژنان رۆڵیان هەبووەو شەهیدیشیان داوە، یەكێك لەوانەش شەهید رەنگین بوو كە بەخوێنی ئاڵی خۆی سەنگەری بەرگریی پێشمەرگەی نەخشاند، ئەمڕۆش لەئاست ئەوو شەهیدە ژنەكانی دیكە‌و سەرجەم شەهیداندا سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنین و بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە درێژە بەڕێبازەكەیان دەدەین،
لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان وتیشی: ئەگەر ژنان خۆیان بتوانن رێگرییەكان بشكێنن‌و پێویستە لەگەڵ كۆمەڵگەو سەردەم‌و بارودۆخەكاندا بن، لەگەڵ ئەوەدابن كە لەچ شوێنێكدا دەتوانن خزمەت بكەن، بۆ نموونە هەندێك لەبواری سەربازیی‌و هەندێك لەبواری سیاسی‌و پەرلەمانی‌و رۆژنامەنووسی، هەروەها هەندێكیش لەحكومەتدا رۆڵی خۆی دەگێڕێت، دەبێت بەشێوەیەكی جوان‌و چالاكانە رۆڵی خۆیان ببین.

رێبازی شەهید رەنگین بەرنادەن
وەسفیە بەنی وەیس لەوبارەیەوە زیاتر دواو وتی: ئەو ژنانەی كە ئێستا لەسەنگەرەكاندا خەبات دەكەن، رێبازی شەهید رەنگین چۆڵ ناكەن، ئێمەش وەك ئەندامانی سەركردایەتی هەریەكێكمان لەبوارێكدا كار دەكەین، ئەركی سەرشانمانە كە بەئەمانەتەوە كارەكان راپەڕێنین، چونكە دەنگی كادرەكانمان ئێمەی گەیاندۆتە ئەم ئاستە، پێویستە ئێمەش بتوانین خزمەتی كادرەكانی خوارەوە بكەین.
نموونەی ژنی شەهیدو ئازا شەهید رەنگین یەكێكە لەو شەهیدە ئازایانە كە لەپێناو خاكەكەیدا رۆحی پاكی بەخشی، هەروەها لەسەردەمەكانی پێشووشدا شەهید لەیلا قاسم یەكێك لەو ژنە شۆڕشگێڕانەی كە وەك ژنێكی كورد لەساڵی (1974)دا لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە لەسێدارە درا، ئەمەش نموونەی ژنی خۆڕاگرو ئازاو چاونەترسی كوردە، ئەمە وێڕای خوشكە سنەوبەر لەقەڵادزێ‌و دایكە ئامینە‌و وەك نموونەی ژنان‌و كچانی بەشدار لەخۆپیشاندان‌و مانگرتنەكانی كوردستان لەساڵی 1982ی جەماوەر بەگشتی‌و خوێندكاران بەتایبەتی.

رێبوارانی رێبازی شەهیدانن
تائێستا یەكێتی نزیكەی (19) هەزار شەهیدی هەیە، ئەمانەش خوشك‌و دایك‌و هاوسەریان هەیەو كاتێك سەردانیان دەكەیت، رۆڵێكی باڵایان هەیە لەخزمەتكردنی رێبازی شەهیدەكانیاندا، كاتێكیش دەبینیت فرمێسك لەچاوەكانیان دێتە خوارەوە هەست بەوە دەكەیت كە داوای ئەوە دەكەن كە ئێمە رێبازەكەیان چۆڵ نەكەین‌و درێژە بەخەباتی خۆمان بدەین، چەندین ژنی قارەمانمان هەیە كە هاوسەری  شەهیدە‌و خۆی داوا دەكات كە بچێت چەك هەڵبگرێت‌و شان بەشانی برا پێشمەرگەكانیان بجەنگن، هەروەها ژمارەیەكی زۆریشیان منداڵیان هەیە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان خزمەتی منداڵەكانیان دەكەن، چەندین منداڵی شەهیدمان هەیە كە باوكیان نەماوەو ئێستا لەپۆستە باڵاكاندا بەسەربەرزییەوە خزمەت دەكەن، ئەمەش بۆ رۆڵی ئەو دایكە دەگەڕێتەوە كە توانیوێتی خزمەتیان بكات‌و بەو شێوەیە پێیان بگەیەنێت.

ئێمە بەردەوام دەبین
لەمیعە كاكە حەمە كارگێڕی مەڵبەندی (1)ی رێكخستنی سلێمانیش سەبارەت بەخەبات‌و تێكۆشانی ژنان دەڵێت: دیارە خەباتی ژنان لەناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كوردستاندا جێگەی خۆی هەبووە، چ لەخەباتی پێشمەرگایەتی‌و چ لەخەباتی سیاسی‌و فیكریشدا، ژنان لەم بوارەدا هەوڵیانداوە شان بەشانی پیاوان بەشداریی بكەن لەپڕۆسەی سیاسی كوردستاندا بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەش چەندین ژنی دیار هەن رۆڵیان بینیووە، ژنان سەرباری گشت كۆت‌و بەندە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكان، هەوڵی ئەوەیان داوە ئەو دیوارانە بشكێنن‌و بەشداریی كارایان هەبێت، تائێستا راستییەك هەیە لەكوردستاندا بۆ ژنان كە هێشتا جێگەی رەزامەندیی ئێمە نییە، بەڵام كۆمەڵێك هەنگاوی گەورەمان ناوە بەبەشداریی ژنان لەپڕۆسەی سیاسی لەپەرلەمان‌و حكومەت‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیدا، دەبێت ئێمە بەردەوام بین ژن وەك مرۆڤ لەكۆمەڵگەدا مافی تەواوی هەبووەو هەموو ئازادییەكانی خۆی هەیە، ئێستا بۆ پاراستن‌و پەرەپێدانی ئەم ئازادییە دەبێت تێكۆشانی بەردەوام بكەین بەرامبەر بەهەر بۆچوونێكی دواكەوتووی كۆمەڵگە كە ژن وەك كاڵایەك سەیر دەكەن.

رۆڵی ژنان‌و دەنگدانەوەی لەمیدیاكاندا
ئێستا بەچاوی خۆمان دەبینین لەم هەلومەرجەی كوردستاندا كە وڵاتەكەمان تووشی هێزێكی وەك داعش بۆتەوە كە هێزێكن پێش هەموو شتێك سووكایەتیی گەورە بەژنانی كوردستان دەكەن، بۆیە لەهەموو كات زیاتر ژنان دەبێت رۆڵ‌و بەشدارییان هەبێت لەبەگژاچوونەوەی فییكری ئەو بیروباوەڕە كۆنەپەرستییەی ئەم گرووپەدا، ئەوەتا لەباكوورو باشوورو رۆژئاوای كوردستاندا رۆڵی ژن لەنێو پڕۆسەی سیاسی‌و سەربازیدا لەئاستێكی بەرزدایە، كە میدیاكان بەگرنگییەوە باس لەخەباتی ژنان دەكەن لەبەرامبەر تیرۆریستاندا، ژنانی كوردستان ئەمڕۆ بوونەتە سیمبولی خەبات دژی كۆنەپەرستان، ئێستا ژنانی كوردستان گیانی خۆیان بەخت دەكەن، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ژن فەرماندەیی رووبەرێكی گەورەی شەڕگەكان دەكەن ، ئیتر ئەمڕۆ ژنی كورد لەئاستێكی بەرزی هۆشیاریدایە، لەباتی تەسلیم بوون‌و خۆسووتاندن‌و خۆكوشتن، خەبات دەكەن دژی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەك‌و بەفیعلی لەمەیداندان.

 ژنان پشكێكی گەورەی قوربانیدانیان بەركەوتووە
رەنگینی شەهید عەبدوڵڵا كە پەرلەمانتارێكی ژنە‌و خۆی كچی شەهیدە، سەبارەت بەخەبات‌و رۆڵی ژن لەخەباتی رزگاریخوازیی كوردستاندا دەڵێت: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نەتەوەی كوردو ئەو نەهامەتی‌و داگیركاریی‌و پەرت پەرتكردنەی بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە‌و بەرۆكی هەموو كەسێكی گرتووە لەپیاوو ژن‌و منداڵ‌و گەنج‌و تەنانەت باجێكی زۆری ئەو پەرت پەرتكردن‌و داگیركارییەی داوە، بێگومان لەو نێوەندەدا ژن پشكێكی گەورەی قوربانیدانی بەركەوتووە، ئەگەر ژن لەسەردەمانی پێشوودا چالاك نەبووبێت‌و لەبەرەكانی پێشەوە نەبووبێت، هێزێكی پشتیوانی وا بووە كە هیچكات رۆڵی كەمتر نەبووە لەوەی كە هەیبووە، یاخود كەمتر نەبووە لەو رۆڵەی كە براكانیان یاخود كوڕەكانیان یان مێردەكانیان هەیانبووە لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگدا، ئەمەش بەپشتیوانیی مەعنەوی‌و پاڵپشتیكردن‌و ئامادەكردنی خواردن‌و چارەسەری بریندار، ژن لەهەمان كاتدا پێشمەرگەش بووەو ژنی پێشمەرگە‌و دایك‌و خوشكی پێشمەرگەش بووە.
ئەمە وێڕای ئەوەی لەناو شارەكاندا‌و لەریزی رێكخستنە نهێنییەكاندا ژنان سەرباری رۆڵی قارەمانانەیان، چەندینیان تووشی گرتن‌و ئەشكەنجەو بگرە گوللەبارانكردنیش بوونەتەوە‌و شەهیدبوون.

كۆبانێ‌ باشترین وەڵامە
رۆڵی ژن لەمێژوودا رۆڵێكی بەرزەو شانازییەكی گەورە دەكەین لەمێژووی خۆماندا كە ژنانی ئێمە هەمیشە ئازاو بەجەرگ بوون‌و هەمیشە لەبەرەكاندا لەگەڵ پێشمەرگەدا جەنگاون، هەمیشە پشتیوان بوون‌و قەڵایەك بوون بۆ ئەوەی ورەی پێشمەرگە نەڕوخێت، لەبەرئەوەی لەمێژووداو هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، میللەتێكین شەڕی مافەكانی خۆمان‌و خاكی خۆمان دەكەین، بۆیە ژنی كورد هەرگیز دانەبڕاوە لەخەبات‌و لەپشتیوانیی پێشمەرگەو لەخەبات‌و بەرگریكردن لەخاك‌و لەمافەكانی نەتەوەو كەلتوری میللەتەكەی، باشترین نموونە بۆئەوەی مێژووی خۆمان بەرز بنرخێنین، ئێستا ژنانی ئێمەن لەبەرەكانی پێشەوە بەتایبەتی لەكۆبانێ‌و ئەو هێزەی ئێستا لەوێ دەجەنگن ژنن‌و بگرە فەرماندەیی قۆڵە جیاجیاكانیش دەكەن، لەكۆبانێ جارێكیتر رۆڵی ژنی كورد بەهەموو جیهان‌و هەموو وڵاتانی دراوسێ‌و دەوروبەریش سەلمێنرا، كە ئەمە ئەگەر لەناوخۆی خۆشماندا دەنگۆی ئەوە هەبووبێت كە پرسی ژن وەك پرسێكی گەورەو رۆڵێكی بەرچاو نەبینرابێت، ئێستا كۆبانێ‌ باشترین وەڵامە بۆ ناوخۆو دەرەوەو وڵاتانی دەوروبەریش كە ژنی كورد چ رۆڵێكی بینیوەو هەمیشە لەگەڵ پیاواندا جەنگاوەو ئێستاش گەورەترین شانازیمان هەیە كە ئێمەین شەڕ دەكەین‌و هاوكارو پشتیوانین بۆ پێشمەرگە، ئێمەین بەرگریی لەخاكمان دەكەین‌و بەرگریی لەمافەكانمان‌و ژن بوونی خۆمان دەكەین، ئێمەین كە جارێكیتر ئەوەمان سەلماند كە هیچ كات ژن‌و رەگەزی مێ‌ رەگەزی دووەم نییە، بەڵكو ئێمەش رەگەزێكی پلەیەكی دووبارەین‌و وەك پیاو ماف‌و ئەركمان هەیە.

نامەبەر بووم
ئێمە میللەتێكین هەمیشە لەشەڕدابوین، بۆیە ماڵوێرانییەكی زۆرو خاوەن كۆمەڵێك شەهیدو لافاوێك لەخوێنی شەهیدان‌و رۆڵەكانی ئەم میللەتەین، كە زۆرێك لەڕۆڵەكانمان بەگەنجی هێندە هەستی نیشتمانپەروەریی تیایاندا بەهێز بووە كە ئەگەر ریزبەندیی زۆربەی شەهیدەكانمان بكەین، لەخوار تەمەنی (30) ساڵ‌و خوار تەمەنی هاوسەرگیرییەوە بوون كە گیانیان بەخشیووە، ئەوانەش  كە خاوەن ماڵ‌و منداڵ بوون نەوەیان لەدوای خۆیانەوە بەجێهێشتووە، ئەوەش شانازییە كە نەوەی شەهیدان لەسەر رێبازی براو باوك‌و دایكیان بەردەوامن، خۆم وەك منداڵێكی شەهید لەو رۆژەوەی كە هەستم بەدنیا كردووەو منداڵ بووم لەخێزانەكەی خۆمدا نامەبەر بووم، وەك نامەبەر بەكاریان دەهێناین، چونكە منداڵ بووین‌و كەس گومانی ئەوەی نەدەكرد لەگەڕەكێكەوە بچین بۆ گەڕەكێكی ترو نامەی پێشمەرگەو رێكخستنەكانی ناوشار بگوازینەوەو لەتۆڕی پەیوەندیی رێكخستنەكاندا بین، هەر لەوكاتەوە ئەو رۆحییەتەم تێدا دروست بووە كە زانیومە پێشمەرگەو كاری خەباتگێڕی چییە.

نوێنەری هەموو منداڵە شەهیدەكانم
دواجاریش كە خێزانەكەم لەكاروانی خەباتی رزگاریخوازیی گەلەكەمدا گیانیان بەخشی گەورەترین شانازیی بۆ من مایەوە كە وەك نازناوی كچە شەهیدێك بەردەوام بم‌و هیچ كات بێ‌ دایك‌و باوكی‌و بێ‌ خوشك‌و برایی كاری لەوە نەكردووە كە من چ وەك ژنێك‌و وەك خانەوادەی شەهیدێك دانەبڕاوم نەلەكاری حزبی‌و نە لەوەی كە رۆژێك لەڕۆژان چاوپۆشی لەمافی نەتەوەكەم بكەم، هەر ئەو رۆحییەتەش گەیاندمییە ئەوەی كە ئێستا بەدەنگی خەڵك‌و نەوەی شەهیدان‌و خەڵكی قوربانی‌و كوردپەروەردەو میللەت پەروەر بگەمە پۆستی پەرلەمانتاریی‌و ببمە شانازیی بۆ هەموو منداڵە شەهیدەكان، بۆیە دەڵێم من نوێنەری هەموو منداڵە شەهیدەكانم ئینجا دواتر نوێنەری گەلەكەی خۆمم، دڵنیام ئەوەی كە كەسێكی ئازیزی خۆی لەدەستدابێت، هیچ كاتێك خۆشەویستی خاك‌و نیشتمان‌و رێبازی حزبەكەی بەتایبەت لەڕۆحیدا ون نابێت‌و درێژە پێدەری دەبێت، نموونەی ئەمەش ئێستا زۆر منداڵی شەهیدمان هەیە كە توانیویانە لەدوای لەدەستدانی باوك‌و براكانیان پێبگەن‌و لەئاستی باڵادا خزمەت بكەن‌و رێبازی كەسوكاریان درێژە پێبدەن.

 

PUKmedia  له‌ كوردستانی نوێ-وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket