riklam

ئاماژەكانی پشت ئازادكردنی جەلەولا

kurdistani 11:12 AM - 2014-11-27
كاروان یاروەیس

كاروان یاروەیس

ساڵی 1917 كاتێك سوپای ئینگلیز بەشی زۆری عیراقی داگیركرد، بۆئەوەی كەركوك كۆنترۆڵ بكات، پەلاماری  جەلەولای دا، چونكە بەوردی هەڵكەوتەی ستراتیژی ناوچەكەیان تاوتوێ‌ كردبوو. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق پڕۆسەی تەعریبكردن‌و گۆڕێنی دیمۆگرافیای گەرمەسێریان جێبەجێكردووە، بەتایبەتی بەعس لەهەموو بوارەكاندا بەچڕی كاری كردبوو، لەدەركردنی كوردو هێنانی عەرەب‌و دروستكردنی گوندی نوێ‌‌و پێدانی زەوی كشتوكاڵی جووتیارە كوردەكان بەعەرەبە هاوردەكان، هەتا گۆڕینی ناو گەڕەك‌و شوێنە گشتییەكان تا دەگاتە دروستكردنی دووەم گەورەترین سەربازەگە‌و چەكداركردن‌و رێكخستنی عەرەبی سووننە لەریزەكانی سوپاو دەزگای هەواڵگری بەجۆرێك لەشارۆچكەكەدا زیاتر 1600 پلەداری حزبی‌و ئەفسەری سەربازی‌و هەواڵگری هەبوو.
ڕزگاركردنی هەر بستە خاكێكی كورد لەڕوانگەی نیشتمانی‌و نەتەوەییەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە، جگەلەوەی لەرووی مرۆییەوە ئازادكردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەدەست دڕندەیی داعش‌و گەرانەوەی ئاوارەكان، كە ژمارەیان زیاتر لەهەشت هەزارخێزان دەبێت بۆ سەر ماڵ‌و حاڵیان لایەنێكی تری ئەم سەركەوتنەن. جیا لەمەش لەڕووی سەربازی‌و ئەمنییەوە مەترسی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان دووردەخاتەوە، چونكە پێشتر بەدووری كەمتر لە 25 كیلۆمەتر ئاگری تیرۆر لەكوردستانەوە نزیك بووە، بەجۆرێك دووری كفری لەسەنتەری جەلەولاوە 42 كیلۆمەتر بووە كە بەبەراورد لەگەڵ خانەقین‌و كەلار دوورترین شار بووە لەجەلەولاوە، بەم دواییانەش داعش لەناوچەی كۆكس كە بەدووری 20 كیلۆمەتر لەكەلار كردەوەی خۆكوژی ئەنجامدا.
لەڕووی ئابووری‌و ئالوگۆڕی بازرگانی، ڕزگاركردنی جەلەولاو سەعدیە كاریگەری بەرچاوی دەبێت. كۆنترۆڵكردنی رێگای بازرگانی ناوچەكانی كوردستان لەگەڵ بەغداو خواروو ناوەڕاستی عیراق جوڵەی گەورە بە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و عیراق لەلایەك‌و كۆماری ئیسلامی ئیران لەلایەك لەرێگای هەردوو مەرزی مونزەرییەوپەروێزخان بەرزدەكاتەوە، ماوەیەكی زۆر بەهۆی خراپی ئاسایشی ئەو رێگا سەرەكیانەوە تا ئاستی نیوە زیاتر جموجۆڵی بازرگانی ڕاوەستابوو، كە ئەمەش بارگرانییەكی تری لەپاڵ قەیرانی دارایی‌و نەبوونی مووچەوە بۆ خەڵك دروست كردبوو.
ئاماژەی گەورەتر لەوانەی سەرەوە، ئاماژە مەعنەوییەكانن. ئازادكردنی جەلەولاو سەعدیە تەنها سەركەوتنێكی دیاریكراوی سەربازی نییە بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵكو لەسەر ئاستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌و بۆ وڵاتانی بەشدار لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، بۆ تەواوی ئەو وڵات‌و كۆمەڵگایانەی بروایان بە بنەما سەرەكی‌و بنچینەیەكانی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ هەیە، سەركەوتنێكی گەورەیە. نەك هەر ئەوەش پێشمەرگە قۆناغێك یان وێستگەیەكی تر لە سەركەوتنی یەكجارەكی بەرامبەر بە بەرەی تاریكی‌و كۆنەپەرەستی‌و تیرۆریستانی داعش نزیك دەبێتەوە.
رزگاركردنی جەلەولاو سەعدیە، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هێندە دژواربوو، مەگەر تەنها بەهێزێكی ورە پۆڵاینی وەك پێشمەرگە ئەنجام بدرێ‌. بەرەی شەڕ لەگەرمەسێر (جەلەولا ، سەعدیە) بەهەموو پێوەرە سەربازییەكان، جیاوازبوو لەبەرەكانی تر. لەڕوانگەی سەربازییەوە گەورەیی‌و فراوانی شارەكان ئاماژەی سەرەكی نییە بۆ سەختی بەرەی شەڕ، بەڵكو هەڵكەوتەی شوێنەكە لەڕووی ستراتیژی‌و جوگرافییەوە، جۆری چەكدارو چەكی دوژمن، سەختی شەڕەكە دیاری دەكەن. جەلەولا جگە لەوەی شارۆچكەیەكی گەورەیە، 42 گوندی گەورەی لەسەرە، كە بەشی زۆریان عەرەبی سووننەو كۆنە بەعسیەكانن‌و تەنانەت ئەمریكیەكانیش نەیانتوانی بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە چارەسەر بكات لەوانەش دەشتی تەبج‌و دەشتی حەمرین، چونكە هەمیشە‌و بەتایبەت بەم دواییانە ژمارەی چەكداری لۆكاڵی عەشایەری عەرەب زیاتربووە لە چەكدارە بیانیەكانی ناو داعش‌و زۆربەی خانوەكانیان كردبوو بەسەنگەر دژی پێشمەرگە.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی جەلەولا لە رۆژی 23/11/2014 بەشێكە لە پلان‌و ستراتیژی سەربازی وردی هێزی پێشمەرگەو سەركردەو فەرماندەكان، كە كۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵ دەستی پێكرد بەگەمارۆدانی جەلەولا و سەعدیە، دواتر بوردومانی بەردەوام‌و جەنگی دەروونی، هەروەها ئازادكردنی سلێمانبەگ‌و یەنگیجە‌و ئامرلی، تەواوكەری پلانەكە بوون، بۆ ئازادكردنی جەلەولاو سەعدیە بەزیانێكی گیانی كەم‌و دوورخستنەوەی مەترسیەكان لەسەر كەركوك‌و دووز. دەكرێ‌ بڵێن ئاماژەیەكی روونی ئەم پلانە لەوەوە بەدەركەوت، كە لەهەموو قۆڵەكانەوە گەمارۆ‌و دواتر هێرشكرا، بەتایبەتی ڕزگاركردنی هەردوو گەڕەكی تەجنیدو وەحدە، كە پێشتر داعش دەستبەردار نەبوو، دواجاریش هەر لەو دوو گەڕەكەوە تەواوی جەلەولایان كۆنترۆڵكرد.
یەكێتیی لەڕابردوودا لەجەلەولا و سەعدیە زیاتر لە 700 كادیرو ئەندامی ڕەشەكوژو تیرۆركراوە، جگە لە بریندارەكان‌و كەم ئەندامبوونی دەیانی تر، جگە لەمەش ئامادەیی سەركردەكان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنەكان، خۆبەخشەكان، هاوكاری‌و كۆمەكی خەڵك نابێت بەهەند وەرنەگیرێ‌، ئەمە بۆ موزایدە نیە تكایە، بۆ ئەوەی سبەینێ‌ ئەم ڕاستیانە ئاوەژوو نەكرێن‌و زیادو كەم نەكرێت.
ئەركە سەختەكان لەپاش ئازادكردنی جەلەولاو سەعدیەوە دەست پێدەكەن، بەردەوامیدان بە سەركەوتنەكان‌و كاركردن بۆ نەهێشتنەوەی هیچ بۆشاییەك، كە لەداهاتوودا نەبێتەهۆی دزەكردنی تیرۆریستان‌و چەندبارەبوونەوەی مەترسیەكان. روونتر ئیتر كاتیەتی لەڕەگەوە تیرۆر، هاوكارانی تیرۆریستان دەربهێنرین، بۆ هەتا هەتایە وەیشوومەی تیرۆر دووربخرێتەوە لە جەلەولاو سەعدیە.
ئەم ئەركە ئێجگار  قورسە، بەشی زۆری دانیشتوانی ئەم ناوچانە عەرەبی سووننە مەزهەبن، كەسوكاریان یان تیرۆریستن، یان هاوسۆزیانن، دەبێت ئەمە لەگەڵیاندا ببرێتەوە، ئەمانە كە چەندین ساڵە لەسەر ماڵ‌و موڵكی كوردن‌و ناوچەكەیان داگیركردووە، بەوەشەوە ناوەستاون یانزە ساڵە شەڕی كوردو دەزگا سەربازی‌و ئەمنیەكانی عیراق دەكەن، ئەوانەشی عەرەبی ڕەسەنن‌و توركمانەكانیش پێویستە زەمینەی پێكەوەژیان لەگەڵیاندا فراوانتر بكەین.
شەڕی گەورەتر خزمەتگوزاریی‌و ئاوەدانكردنەوەی ئەم ناوچانەیە، لەرێگای حكومەتی ناوەندی‌و هاوكاری حكومەتی هەرێمەوە. دەبێت پرۆژەی پەروەردەیی‌و رۆشنبیریی هەبێت بۆ بۆ هەرزەكاران‌و گەنجەكان، بۆ ئەوەی وردە وردە ژینگەیەكی جیاوازترین بۆ دروست بكرێ‌، تا هێندە بەئاسانی كەسێتی توندوتیژ دروست نەبێت. مرۆڤ كە گوندەكانی ئەو ناوچانە دەبینێ‌، دەتاسێ‌، دوورن لەسەرەتایی ترین پێداویستیەكانی ژیان.

كاروان یاروەیس

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket