riklam

ده‌قی وتاری كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌مه‌راسیمی رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیدا

kurdistani 04:26 PM - 2014-11-22
جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

له‌رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیدا 21-11-2014 جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێز كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی وتارێكی پێشكه‌ش كردو تێیدا داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد كه‌ پشتیوانی بكه‌ن له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌ك رۆژ دیاری بكرێت بۆ رۆژی شه‌هیدی كوردستان نه‌ك ته‌نها رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ بێت.

ده‌قی وتاره‌كه‌....
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان
هه‌ڤاڵان و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان
به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاك د. فوئاد
هه‌مووتان به‌خێربێن بۆ یادی رۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دیاره‌ ئه‌م رۆژه‌ بۆیه‌ كراوه‌ته‌ رۆژی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌م رۆژه‌دا شه‌هیدان خاڵه‌ شه‌هاب، كاك جه‌عفه‌ر و كاك ئه‌نوه‌ر له‌سێداره‌دران و دروشمی "كه‌م بژی و كه‌ڵ بژی"یان له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ناو رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كرده‌ دروشم. ئه‌و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سكه‌وتانه‌ی هه‌مانه‌ هه‌مووی به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیده‌كانی ئێوه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێ زۆرباش بیپارێزین و ریزه‌كانی خۆمان به‌هێزبكه‌ین، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌م جاره‌ خوێنی شه‌هیده‌كانمان به‌رهه‌می هه‌بووه‌ بۆ گه‌لی كوردستان.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ش داوا له‌حكومه‌تی كوردستان ده‌كه‌م خانوو و یه‌كه‌ی نیشته‌جێ بوون بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان دابین بكرێ و ساڵ به‌ساڵ به‌شێكیان به‌سه‌ر دابه‌ش بكرێ.
ئێمه‌ له‌ كاتێكدا یادی شه‌هیدانی یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا خه‌بات ده‌كه‌ن له‌ دژی تیرۆر و تیرۆرستان و گیانبازی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش جێگای شانازییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك.

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان...
ئه‌مڕۆ كه‌ یادی شه‌هیدانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ پێشنیاز ده‌كه‌م رۆژی شه‌هیدان هه‌مووی بكرێته‌ یه‌ك رۆژ، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رای خۆیان بنووسن و ببێته‌ یاسا له‌په‌رله‌مانی كوردستان و رۆژێك دیاری بكرێ بۆ شه‌هیدانی هه‌موو كوردستان، نه‌ك رۆژی یه‌كێتی یان هی حزبێكی تر بێ، پێمخۆشه‌ هه‌مووتان پشتیوانی له‌و رایه‌ بكه‌ن، ئێستا ماڵ نییه‌ له‌كوردستان شه‌هیدی نه‌دابێ و قوربانی نه‌دابێ و خه‌باتی نه‌كردبێ له‌پێناوی رزگاری كوردستان، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی هه‌مانه‌ ئێستا له‌پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ دێن، ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی خوێنی شه‌هیده‌كانی ئێوه‌و كوردستان و گه‌له‌كه‌مانه‌، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌وان دێن و سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌و كاروانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ تاكو ده‌گاته‌ مافی چاره‌ی خۆنووسینی خه‌ڵكی كوردستان، تاكو گه‌لی كوردستان وه‌كو گه‌لانی دنیا كیانی خۆی ده‌بێ.
ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا یادی شه‌هیدانی یه‌كێتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌ی د. كه‌مال فوئاد راده‌گه‌یه‌نین و به‌ناوی ئێوه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی ده‌كه‌ین، كه‌ د. كه‌مال قاره‌مانێكی گه‌وره‌ بوو له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان.
له‌ كۆتاییدا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنم و داوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست جه‌نابی مام جه‌لال ده‌كه‌ین و به‌ناوی مام جه‌لالیشه‌وه‌ سڵاو له‌یه‌كه‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌ین و ئێوه‌ش بیگه‌یه‌ننه‌ یه‌كه‌ یه‌كه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان.
هه‌ر بژین بۆ كورد و كوردستان
سه‌ری رێز و نه‌وازش داده‌نوێنم بۆ شه‌هیدانی كوردستان


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket