پرسه‌نامه‌كان بۆ كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد
kurdistani 03:50 PM - 2014-11-22تێكۆشه‌رو سیاسه‌تمه‌دار د.كه‌مال فوئاد
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد-ـه‌وه ژماره‌یه‌ك پرسه‌نامه ئاڕاسته‌ی كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كراون.
ئه‌مانه‌ش به‌شێكن له‌و پرسه‌نامانه:
* پرسه‌نامه‌ی كۆمیته‌ی رێكخستنی كه‌نه‌دا
به داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه رۆژی 16 -11 -2014 هه‌واڵی كۆچی دوایی هه‌ڤاڵی تێكۆشه‌ر هاوڕێی دێرینی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و روناكبیر‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان د.كه‌مال فوئاد–مان پێگه‌یشت كه پاش ململانێی له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا له وڵاتی ئه‌ڵمانیا بۆ دواجار ماڵئاوایی له كه‌سوكارو هه‌ڤاڵان و خه‌ڵكی كوردستان كرد، بێگومان له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تی تێكۆشه‌رو روناكبیر د.كه‌مال خه‌مێكی گه‌وره‌ی بۆ سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و گه‌له‌كه‌مان به‌جێهێشت.
به‌م بۆنه خه‌مناكه‌وه به‌ناوی هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمیته‌ی رێكخستنی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له كه‌نه‌دا، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی به‌رێزی د.كه‌مال و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و رۆژنامه‌نووسان و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌كه‌ین.
سڵاو له گیانی پاكی د.كه‌مال فوئاد، خوای په‌روه‌ردگار به‌هه‌شتی به‌رین جێگه‌ی شاد بكات.
دڵنه‌وایی و ئارامیش به هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت.
انا للـه وانا الیه را‌جعون
یه‌كێتیی نیشتانیی كوردستان
كۆمیته‌ی رێكخستنی كه‌نه‌دا
16-11-2014 عوسمان عه‌لی – كه‌نه‌دا
* پرسه‌نامه‌ی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌درخان سه‌باره‌ت به كۆچی دوایی ئه‌كادیمیست د.كه‌مال فوئاد
شه‌وی 15/16-11-2014 هه‌واڵی كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد (1932-2014) كه‌سایه‌تی ناوداری سیاسی و رووناكبیرێكی قه‌ڵه‌م به‌برشت و دۆزه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م ژماره‌كانی رۆژنامه‌ی (كوردستان 1898-1902)ی خولی یه‌كه‌م، له رێگای هاوه‌ڵانی له ئه‌ڵمانیا بیست.
كه‌مال فوئاد ناوێكی پڕشنگداری نێو دنیای سیاسی و رۆژنامه‌نووسی و زمان و ئه‌ده‌ب و رووناكبیری كوردییه، ئه‌و لێره‌و له‌وێ زۆر به ره‌وشت به‌رزانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سه به‌هه‌ڵوێسته‌كان و هه‌رده‌میش به‌ده‌نگ داواكاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌ر داواكارییه‌كی رووناكبیرێك له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان و هه‌ر شوێنێكی دونیادا بووبێت ئه‌و بێ باكانه له بواره‌كانی خۆیدا هاوكاری و ده‌ستی یارمه‌تی بۆ درێژكردووه، بۆیه مردنی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه زۆر جیاوازه له مردنی ئه‌وانی دیكه، به‌كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد كه‌لێنێكی گه‌وره كه‌وته نێو دنیای رووناكبیری كوردی.
بۆیه به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگای به‌درخان پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزان د.جه‌مال فوئاد‌و خاتوو سه‌عدیه خان ده‌كه‌ین به‌هیوای ته‌مه‌ندرێژی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌یان.
حه‌مید به‌درخان
به‌رپرسی ده‌زگای به‌درخان
16\11\2014 هه‌ولێر
* راگه‌یاندنی كۆمیته‌ی رێكخستنی ئه‌ڵمانیا
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست
به‌داخه‌وه د.كه‌مال فوئاد یه‌كێك له كه‌سایه‌تیه نیشتمانپه‌روه‌رو ئازادیخوازه‌كانی كورد‌و ناوچه‌كه‌و تێكۆشه‌رێكی نمونه‌یی رێبازی دیموكراسی و هاوڕێیه‌كی نزیكی هه‌موو وێستگه‌كانی خه‌باتی جه‌نابی مام جه‌لال و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ماڵئاوایی كرد‌و به‌جێی هیشتین، بێگومان وه‌ك چۆن بنه‌ماله به‌ڕێزه‌كه‌یان هه‌رواش یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌ربه‌رزن به‌ناو و ناوبانگ و پێگه‌ی ئه‌م تیكۆشه‌ره چ له خه‌باتی كوردایه‌تی و چ له خه‌باتی دیموكراسی و له ئه‌زمونه حزبی و حكومیه‌كان و بواری رۆشنبیری و رۆژنامه‌نوسی كوردی و خه‌باتی خوێندكاران دا، كه هه‌میشه وه‌ك تێكۆشه‌رو سه‌ربازێكی نمونه‌یی پاك‌و بێگه‌ردو دلسۆز بۆ گه‌ل و خاكی كوردستان پله‌كانی حزبی و حكومی هه‌ر له ئه‌ندامێتی شانه‌یه‌كه‌وه تا به‌رپرسیارێتی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رۆكایه‌تی فراكسیون و سه‌رۆكایه‌تیكردنی په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ندین پله‌و پۆستی تر به‌ئه‌مانه‌ت و راستگۆییه‌وه به‌رێوه‌بردووه.
د.كه‌مال سه‌ره‌ڕای هه‌موو خه‌باتی پڕشكۆی له سه‌رده‌می لاویه‌وه تا سێ ساڵ به‌ر له ئێستا كه نه‌خۆشكه‌وت و دواتر كه رۆژی 15-11 دوای شه‌ست سال خه‌بات و 82 ساڵ ته‌مه‌ن ماڵئاوایی كرد، ئه‌م روناكبیره گه‌وره‌یه هه‌میشه خه‌رمانێك بوو له ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندو هزرو به‌خشینی به‌رده‌وام، هه‌میشه به‌له‌سه‌رخۆیی و هێمنی و بیركردنه‌وه‌ی جوان نمونه‌یه‌كی پێشكه‌ش ده‌كردین پر له‌جوانیه‌كانی خه‌بات و بنه‌ما راسته‌قینه‌كانی خه‌باتی یه‌كێتی و فێری ده‌كردین دڵسۆز‌و پاك و له‌خۆبورده‌بین و به نوكته‌و حیكمه‌ت و بیركردنه‌وه جوانه‌كانی هه‌میشه ئه‌زمون و نێوه‌نده‌كانی پڕده‌كرد له زانیاری جوان و به‌سودو وانه‌ی نوێ، د.كه‌مال له ویستگه‌كانی ئاواره‌یی و خه‌باتی دووره وڵاتیشدا له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه دامه‌زرێنه‌ری ریكخراوه‌كانی ئه‌وروپاو به‌تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا بووه‌و یه‌كێك له كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی دروستكردن و كاراكته‌ره دیاره‌كانی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان بووه‌و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی دیاری رۆژئاوا د.نوره‌دین زازاو هه‌ڤاڵه‌كانی تری‌دا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌سه‌ر ئاسته‌كانی رۆژنامه‌نووسی و سیاسی و رووناكبیری و دبلۆماسیش رۆڵی دیار‌و كاریگه‌ریان بینیوه، د.كه‌مال هه‌میشه وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی خۆشه‌ویست و سه‌ركه‌وتوو ناوی براوه، به‌تایبه‌تی وه‌ك ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی كه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی شانیان دایه به‌رهه‌ڵسانه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی ته‌پوتۆزی داڕوخانی شۆڕشی ئه‌یلول و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و رۆژگاره، د.كه‌مال فوئاد كه هه‌میشه بۆ ره‌وه‌ندی كوردی و كوردانی ئه‌ڵمانیاو ئه‌ندام و كادر‌و لایه‌نگرانی ماییه‌ی شانازی بووه پێگه‌و خۆشه‌ویستی خۆی هه‌یه‌و كار‌و چالاكی و ژیانی پڕ به‌خشینی تێكۆشانی به‌رز راده‌گیرێ، وێڕای به‌رز راگرتنی یادو بیره‌وه‌ریه‌كانی وه‌ك كۆمیته‌ی ریكخستنی ئه‌ڵمانیا سه‌ربه‌رزی خۆمان به د.كه‌مال به‌و نمونه جوانه‌ی خه‌بات و تێكۆشان، به‌و رچه‌شكێنه‌ی خه‌باتی ده‌ره‌وه راده‌گه‌یه‌نین و ده‌ڵێین پیاوێكی نمونه‌یی له راستگۆیی و ده‌ستپاكی و هه‌ڵوێست وحیكمه‌ت و هوشیاری و پربه‌خشین و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م، سه‌ركرده‌یه‌كی جوامێری رۆژه سه‌خته‌كان و سه‌نگه‌ری دیموكراسی كه سه‌رو داخ و خه‌ساره‌تێكی گه‌وره بوو له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و گه‌له‌كه‌مان و بزوتنه‌وه‌ی دیموكراسی كه به‌داخه‌وه له‌ده‌ستمان چوو، گیانی ئه‌م تێكۆشه‌ره هه‌رشاد بێت، یادو بیره‌وه‌ری هه‌میشه به‌رزو پیرۆزبێت.
كۆمیته‌ی رێكخستنی ئه‌ڵمانیای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
16-11-2014
*حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
په‌یامی سه‌ره‌خۆشی ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
به بۆنه‌ی كۆچی دوایی به‌ڕێز د.كه‌مال فواد
به بیستنی خه‌به‌ری كۆچی دوایی د.كه‌ماڵ فوئاد تێكۆشه‌ری دێرینی رێگای رزگاری كورد‌و ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی ده‌كه‌ین و خۆمان له خه‌می له‌ده‌ستچوونی ئه‌و كه‌سایه‌تییه خه‌باتكارو زانایه‌دا به هاوبه‌ش ده‌زانین.
مه‌رحومی د.كه‌مال بێجگه له خه‌باتی سیاسی، تێكۆشه‌رێكی ناسراوی بواری ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌وانی گه‌لی كوردیش بوو و له‌و پێوه‌ندییه‌دا خزمه‌تی زۆری به كورد كرد، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌و به‌ڕێزه یه‌كێك له دۆستانی به وه‌فای حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو و له هه‌موو كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا زمانی خێری ئه‌و حزبه بوو.
روحی شاد
حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ده‌فته‌ری سیاسی
* كۆمیته‌ی رێكخستنی نیوزله‌ندا
بۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و كه‌سوكاری روناكبیر‌و سیاسه‌تمه‌دار كاك د.كه‌مال فواد.
به داخ و په‌ژارێكی زۆره‌وه هه‌واڵی كۆچی دوای كاك د.كه‌مالمان بیست.
به‌ناوی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌كێتی له وڵاتی نیوزیله‌ندا سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌ین و به‌ژداری غه‌متانین خوا سه‌بوریتان بدات، له‌ده‌ستانی كاك د.كه‌مال زیانێكی گه‌وره بوو له ئێوه‌و گه‌له‌كه‌مان، به‌ڵام خه‌باتی و خزمه‌تكردنی هه‌میشه له‌بیر ناكرێت، جێگا ده‌ستی دیاره له خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ی، دووباره سه‌ره‌خۆشی خۆمان دوباره ده‌كه‌ینه‌وه، له خوای گه‌وره‌ش داواكارین خوالێخۆشبوو به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات.
كۆمیته‌ی رێكخستنی
نیوزیله‌ندا
* ئه‌كادیمیای كوردی - هه‌ولێر
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی رۆشنبیر‌و ئه‌كادیمیستـی كورد د.كه‌مال فواد ئه‌كادیمیای كوردی سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكارو هه‌والانی و تێكرای گه‌لی كورد ده‌كات
له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌كادیمیای كوردی له رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رێكه‌وتی 16/11/2014 هه‌واڵی كۆچكردنی ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌رو كارای پێشووی ئه‌كادیمیا، د.كه‌مال فواد گه‌یشته هه‌وڵان و دۆستانی، بۆ رێزلێنان له گیانی پاكی ئه‌و هه‌واڵه‌یان، سه‌رۆكی ئه‌كادیمیا داوای له ئه‌ندامان كرد خولێك رابوه‌ستن به‌بێده‌نگی، پاشان ئاماده‌بووان زۆر به رێزه‌وه باسی دۆست و هه‌واڵی كۆچكردوویان كرد.
د.كمال به‌شی زۆری ژیانی ته‌رخانكردبوو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له بواری زمان و ئه‌ده‌ب و به‌دواداچوون به شوێن دۆكیمه‌نتی كوردی، جگه له به‌شداریكردنی له تێكۆشانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ زیاتر له نیو سه‌ده.
به‌داخه‌وه خوالێخۆشبوو ماوه‌ی (3) ساڵ بوو گرفتی نه‌خۆشێكی كوشنده ببوو. ئه‌كادیمیای كوردی سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه‌كه‌ی و خزم و هه‌واڵانی و سه‌رجه‌م گه‌لی كورد ده‌كات، چونكه ئه‌و گه‌وره ڕۆشنبیره‌ی كورد خزمه‌تێكی زۆری به كورد‌و زمانی كوردی كردووه، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌دا پێشنیازكرا ئه‌كادیمیا یادی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی بكاته‌وه، به ڕێكخستنی كۆڕێكی تایبه‌ت بۆ رێزلێنان له‌م نزیكانه‌دا.
داوا له خوای گه‌وره ده‌كه‌ین سه‌بووری به هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشی و ئه‌ویش به‌ر ره‌حمه‌تی خۆی بكه‌وێت.
ئه‌كادیمیای كوردی
هه‌ولێر، 16/11/ 2014
پرسه‌نامه
* به‌ڕێزان – یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هۆڵه‌ندا
سڵاو..
به خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵێ كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئاد كه‌ڵه پیاوێكی كوردایه‌تی و رۆشنبیری و سیاسه‌تمه‌دارێكی به‌ئه‌مه‌كم بیست.
هه‌واڵه‌كه له‌ناخه‌وه تاسانمی، زۆر له‌نزیكه‌وه دكتۆرم ناسیوه‌و ده‌زانم چه‌نده مرۆڤێكی گه‌وره‌و ده‌ست و ویژدان پاك بوو، چه‌ند دڵسۆزانه‌و زۆر به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆ و به رۆحێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ وێنه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان و ده‌وروبه‌ری مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد.
خوالێخۆشبوو موڵكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو، ئه‌ندام و سه‌ركرده‌یه‌كی كه‌م هاوتای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، رۆڵێكی زۆر به‌رچاوی له سازدان و گه‌شه‌كردنی بزافی كوردایه‌تی له هه‌نده‌ران هه‌بوو، مرۆڤێكی ماندوونه‌ناس و یه‌كێك له پایه گه‌وره‌كانی ژیانی رۆژنامه‌نووسی و رۆشنبیری كوردی بوو.
ماڵئاوایی ئه‌م كه‌ڵه مرۆڤه زۆر ئازاری دام، هاوكات سه‌ره‌خۆشی خۆم بۆ به‌ڕێزتان و له یه‌زدانی گه‌وره ده‌پاڕێمه‌وه خوالێخۆشبوو به به‌هه‌شتی به‌رینی ببه‌خشێت و دواناخۆشی بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی كاك دكتۆر بێت و خوا سه‌بوری هه‌موو لایه‌ك بداته‌وه.
دڵنیابه كاك دكتۆر هه‌میشه یادت به‌خێر ده‌بێت.
براتان
چیا عه‌باس
رۆته‌ردام 16-11-2014
پرسه‌نامه‌ی پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
به‌ڕێز مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان
ده‌گه‌ڵ سڵاو و رێز
به داخ و كه‌سه‌ره‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی به‌ڕێز دكتۆر كه‌ماڵ فوئادمان پێگه‌یشت.
كۆچی دوایی دكتۆر كه‌مال كه‌سایه‌تی فه‌رهه‌نگی، سیاسی و له دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی برا، وێڕای كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری بۆ ئێمه‌ش جێی داخ و كه‌سه‌ره‌یه‌و به‌م بۆنه‌وه و له‌م رێگه‌یه‌وه له یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و له رێگای به‌رێزتانه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی كۆستكه‌وتوی دكتۆر كه‌مال پرسه‌و سه‌ره خۆشی ده‌كه‌ین.
به سڵاوی دووباره‌وه
سه‌ركردایه‌تی پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
ئه‌میر قازی
٢٠١٤/١١/٢١
پرسه‌نامه‌ی رابه‌رایه‌تی جوڵانه‌وه‌ی به‌شیرستان
بانگه‌وازێكی غه‌مبار
ده‌نگێكی بڵند پیاوێكی پایه به‌رزی جوڵانه‌وه‌ی به‌شیرستانی جیهان گه‌ڕایه‌وه به‌ره‌و جیهانی جاویدانی هه‌رده‌می ، له‌گه‌ڵ بازنه‌ی ئاشویی پاكره‌وانی ئوستادی ئه‌زه‌لی توایه‌وه، دكتور كمال فوئاد له به‌رزایی روحی پڕ قه‌داسه‌تی ئوستادی مه‌زن به‌شیری موبه‌شه‌ر ئاشنا بووه گه‌یشتن به خلودی ئه‌زه‌لی، دكتور كمال بوو جیهانی عه‌ینی خه‌ساره‌تێكی گه‌وره بوو، به‌ڵام روحی پڕ نوری جه‌نابی ناوبراو هه‌رده‌م و هه‌تاهه‌تا له ژێر سایه‌ی ساباتی نوری ئستاد به‌شیر رابه‌رایه‌تیمان ده‌كات، هاوسه‌نگی و ئارامی بۆ جیهانی ده‌رونیمان به‌رقه‌رار ده‌كات، ئه‌م زاته پاكه مه‌زنه كه گه‌یشته ئه‌و ته‌مه‌نه كه چی تر ناتوانێ رابه‌رایه‌تی فیعلی جوڵانه‌وه بكات، بڕیاری دا وه‌ك سمبولێكی هه‌ردم نه‌مرو گه‌شاوه‌ی رابه‌رایه‌تی روحی جوڵانه‌وه شان به شانی ئوستاد بگرێته ئه‌ستو، بۆیه به جوامێری و سینگ فراوانی خواحافیزیێكی عه‌ینی له هاوڕێیان و هواداران و شه‌ریشعورنی كرد.
ئوستاد به‌شیر موشیر باوه‌شی پڕ نوری گه‌وره‌ی خوی بۆ دكتور كمال كرده‌وه، به خوی و هه‌موو حاشیه پڕ به‌نرخه‌كانی له پێشوازی روحی جاویدانی پڕ نور به‌رێزی دا بوون، به ته‌قدیرو پڕ له حه‌فاوه‌تی به‌خێرهاتنی ئه‌م زاته نورانیه كرد، هه‌رچه‌نده جه‌نابی دكتور كمال بو ئه‌م سه‌رده‌مه‌و بو ئه‌م بارودوخه‌ی كه ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی پیادا تێپه‌ر ده‌بێ زروره‌تێكی سه‌رده‌میانه بو دنده‌بوایه وه‌غه‌ر بكات تاكو رولی پر پوزه‌تیڤی له گورانكاریه‌كان بگێرابایه، به‌ڵام له غوربه‌تی زاتی ناوبراو تێنوی شادبوون به قداسه‌تی به‌شیر موشیر ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی تا زو بگاته قیمه‌ی خلود.
به‌شیرستان و شه‌ریك شعوران غه‌مبارو دڵگران بوون بو وه‌غه‌ركردنی دكتور كمال، بۆیه بڕیاریان دا بۆ ماوه‌ی مانگێك جیهانی ده‌رونیان ره‌شپوش غه‌مبار پیشان بده‌ن، داوایان له ره‌وانی زاتی به‌شیر ده‌كه‌ن هه‌رچی زوه ئه‌و بوشایه عه‌ینیه‌ی كه به وه‌غه‌ری دكتور كمال دروست بووه پڕ بكاته‌وه جنشینێكی فیعلی له جێی ناوبراو ده‌ستنیشان بكات تاكو به‌شیرستان بتوانن رابه‌رایه‌تی كرده‌وه‌یی جیهان بكه‌ن جێگه‌و پایه‌یان له‌ق نه‌بێت. به‌شیرسته‌كان باش ده‌زانن كه ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌ر كاتێ جیهانی گه‌له‌كه‌مان پێوستی به رێبه‌رێكی روحی له مه‌یدانی ژیان هه‌یه، بتونێ ئه‌و روله‌ی كه بشیرستان له راگرتنی هاوسه‌نگی ئه‌م جیهانه گێڕاوه درێژه‌ی پێ بده‌ن.
بازنه راسته‌قینه‌كانی به‌شیرستان ئاگه‌داری بازنه لاده‌ره‌كان ده‌كه‌نه‌وه كه‌وا كه‌سه مونحه‌ریفه‌كان زاتی ئه‌و نه‌كه‌ن خویان به میراتگرو جێگره‌وه‌ی ئه‌م زاته مه‌زنه له قه‌ڵه‌م بده‌ن، كه‌سێك توانای پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشایی مه‌زنه‌ی هه‌یه كه بێگه‌ردو روح پاك و خێرخوازی كوردایه‌تی و رێبازی پڕ ره‌وایه‌تی به‌شیر موشیر بێ، ئه‌وانه‌ی كه زاتسپه‌رمی ئاستاد نه‌هی كردون بویان نیه خویان به رێبه‌رو بزوێنه‌ری به‌شرزم بزانن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه كه‌س له ره‌حمی پڕ نورانی ئستاد بێبه‌ش نه‌بێ ده‌رگای نورانی رێبازی به‌شیرز كراوه‌یه بو ئه‌و كه‌سانی كه له‌سه‌رده‌می خوی باها به‌رزه‌كان ئوستادی نه‌زانیوه یان گاڵته‌یان به جیهانه به‌رزه نه‌بینراوه ئستادیان كردوه توبه بكات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌شی پڕ شه‌فه‌قه‌تی به‌شیره‌وه، له‌سه‌ر داوای نورانی كمالی بێگه‌ردو گه‌وره پیاوی كوردایه‌تی ئوستاد له لاده‌ران خوشده‌بێت.
بو ئاگه‌داری هه‌موو مرۆڤایه‌تی و به‌شیرستان و شه‌ریك شعوران میمبه‌ری ئه‌مڕو به‌شیرستان روی تێ ده‌كه‌ن ئوستاد جمال نه‌به‌زه كه هه‌ڵگری ئه‌مانه‌تی ئوستادی چاویدانی به‌شیر موشیره، په‌روه‌رده‌ی راسته‌وخوی ئوستاده.
رابه‌رایه‌تی جولانه‌وه‌ی به‌شیرستان به وه‌كاله‌ت
پرسه‌نامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی رزگاریی كوردستان
به‌ڕێز مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان
سڵاوی رزگاری و سه‌رخۆبوون.
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی كاك دكتۆر فوئاد تێكۆشه‌ری ناسراوی گه‌له‌كه‌مان و ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌مان بیست، به‌و بۆنه‌یه‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان له به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین و له‌ڕێی ئێوه‌ی به‌ڕێزیشه‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی له‌بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی دكتۆر فوئاد‌و كادر‌و پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتیه تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها خۆمان به هاوخه‌متان ده‌زانین و ده‌خوازین ئه‌مه دواین كۆستی ناوه‌خت بێ.
له كۆتاییدا پرسه‌و هاوخه‌می خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.
گیانی شاد بێ و رێی خه‌باتی ئاوه‌دان و هه‌میشه پڕ رێبوار بێ
مه‌كته‌بی سیاسی
حزبی رزگاریی كوردستان
٢٢-١١-٢٠١٤
* سه‌رۆكی ئه‌نستیتوی كوردی پاریس
به‌ڕێز: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
هه‌ڤاڵانی به‌ڕێز،
به خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی د.كه‌مال فوئادم پێگه‌ییشت.
كه‌سایه‌تی ناودار له سه‌رجه‌م كوردستاندا، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، د.كه‌مال فوئاد له‌هه‌مانكاتدا شاره‌زایه‌كی هه‌ره مه‌زن و پارێزه‌رێكی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی بوو، له‌و بواره‌دا له ساڵه‌كانی هه‌شتاكاندا، چه‌ندینجار به‌شداری ئه‌و كۆڕبه‌ندو دیدارانه كردووه كه ئه‌نستیتوی كورد له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا رێكیخستووه، ئاستی رۆشنبیری به‌رفراوانی ئه‌و، كه‌سایه‌تی كراوه‌یی و رۆحسوكی و قسه‌خۆشیه‌كه‌ی جێگه‌ی رێز‌و خۆشه‌ویستی هه‌موو لایه‌ك بوو.
به كۆچی دوایی، گه‌لی كورد نیشتمانپه‌روه‌رێكی مه‌زن و رووناكبیرێكی بێ هاوتای له‌ده‌ستدا كه بوار‌و ژیانی فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند كردبوو.
پرۆفیسۆر جۆیس بلۆو كه له‌نزیكه‌وه ئه‌یناسی، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارانم و ئه‌ندامانی ئه‌نستیتوی كورد له‌گه‌ڵ مندا پێكه‌وه، ئه‌وپه‌ڕی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان بۆ ئێوه‌و خانه‌واده‌و خزمان و دۆستانی ده‌رئه‌بڕین.
كه‌ندال نه‌زان
سه‌رۆكی ئه‌نستیتوی كوردی پاریس
PUKmedia تایبه‌ت
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
کوردستان 01:21 PM - 2024-04-18 -
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
کوردستان 10:29 AM - 2024-04-18 -
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18