riklam

قوباد تاڵه‌بانی:فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی رۆشنبیرانی كورده‌

kurdistani 12:12 PM - 2014-11-20
وتاری قوباد تاڵه‌بانی له‌ 18ـه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ له‌ سلێمانی

وتاری قوباد تاڵه‌بانی له‌ 18ـه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ له‌ سلێمانی

ئه‌مڕۆ 20-11-2014 هه‌ژده‌هه‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی رۆشنبیری و له‌ژێر دروشمی (شه‌نگال و كۆبانێ، سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری و ئاسۆی ئازادی) له‌ هۆڵی ته‌وار ده‌ستیپێكرد.

له‌و فێستیڤاڵه‌دا جگه‌ له‌ میوانانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌مساڵ تایبه‌تكراوه‌ به‌ كلتووری ئه‌ڵمانی كه‌ تیایدا چه‌ند نووسه‌رو رووناكبیرێكی ئه‌ڵمانی بانگهێشتكراون، كه‌ بۆ ماوه‌ی (5) رۆژ به‌رده‌وامده‌بێت.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا چه‌ندین به‌رپرسی حكومی و حزبی تیایدا ئاماده‌بوون و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد.

له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: پیرۆزبایی سازكردنی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ گه‌لی كورد ده‌كه‌م، سڵاو و رێزی بۆ یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌نێرم، كه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ئارامی سازده‌كه‌ین، رێزی تایبه‌تی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌دیبان و نووسه‌ران و رۆشنبیرانی كورد له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دان.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێی شاری هه‌ولێر كردو هیوای زوو چاكبونه‌وه‌ی بۆ برینداره‌كان خواست.

له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا وتی: ماوه‌ی (18) ساڵه‌ فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌رهه‌می نوێ پێشكه‌شده‌كات و چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجامده‌دات، ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ده‌ستكه‌وتێكی تری گرنگی رۆشنبیرانی گه‌لی كورده‌، هه‌روه‌ك پشتیوانیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ده‌لاله‌ته‌ له‌ گرنگی فێستیڤاڵه‌كه‌.

راشیگه‌یاند: هه‌ر له‌ سه‌رده‌مانی رابردووه‌وه‌ و له‌ شاخه‌كانی كوردستانه‌وه‌ ئه‌دیبان و نووسه‌رانی كورد به‌ میكانیزم و ئامڕازی ساده‌ به‌رده‌وامبوون له‌ چاپكردنی كتێب و رۆژنامه‌و هاوشانی پێشمه‌رگه‌ خزمه‌تیان كردووه‌و قوربانی زۆریشیان داوه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی سیاسیدا داكۆكیان له‌ كاروانی سه‌روه‌ری و رۆشنبیری كورد كردووه‌.

قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ناونیشانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ گه‌وره‌یی ئه‌دیبان و نووسه‌رانی كورد ده‌رده‌خات كه‌ پڕاوپڕه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان.

وتیشی: له‌م بارودۆخه‌دا، ئێمه‌ ده‌ستێك و چاوێكمان له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌، ده‌ست و چاوه‌كه‌ی تریشمان لێره‌یه‌ لای فكرو رۆشنبیری و سه‌روه‌ری گه‌له‌كه‌مان له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی و له‌وێناوه‌شدا روبه‌ڕووی هێزه‌كانی داعشی پێببینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی داعش قوباد تاڵه‌بانی وتی: شه‌ڕی داعش ته‌نها به‌ چه‌ك ناكرێت، به‌ڵكو به‌ فكرو رۆشنبیری درێژه‌ی پێده‌درێت و به‌وشێوازه‌ش روبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هیممه‌تی هه‌موو لایه‌كمان پێكه‌وه‌ ده‌كرێت.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌چاوی رێزه‌وه‌ له‌ نووسه‌ران و رۆشنبیران ده‌ڕوانێت، له‌ كارنامه‌ی نوێی حكومه‌تیشدا بایه‌خمان به‌و بواره‌ داوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بیروڕای رۆشنبیری ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و بواره‌ له‌ هه‌رێمدا، بۆیه‌ هیوادارم نووسه‌رانیش خۆیان رۆڵێكی كارا ببینن بۆ ئه‌وه‌ی باشترو زووتر كاریگه‌رییه‌كانی ببینین.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا قوباد تاڵه‌بانی هاوخه‌می خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا (د.كه‌مال فوئاد) كۆچی دوایی كردووه‌و ماڵئاوایی له‌ كوردو له‌ ئه‌دیب و نووسه‌ران كرد، چونكه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ زمانی كوردی و ئه‌ده‌بی كوردی و پاڵپشتێكی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ رۆشنبیری كورد.

هه‌ر له‌وڕووه‌وه‌ وتیشی: راسته‌ د.كه‌مال فوئاد دابڕاوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ شوێنی دیاره‌، به‌داخه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ نیه‌و سه‌ری رێزو نه‌وازشی بۆ داده‌نه‌وێنم و هیوادارم له‌ به‌هه‌شت بێت.

قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: له‌م فێستیڤاڵه‌دا به‌داخه‌وه‌ زۆر كه‌سی تر هه‌ن جێگایان دیاره‌ وه‌كو (شێركۆ بێكه‌س، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، محه‌مه‌د موكری، ئازاد سوبحی، ئه‌حلام مه‌نسوری).

له‌ كۆتاییشدا وتی: سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان داده‌نه‌وێنم، چونكه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ له‌ جیهاتی هه‌موو جیهان له‌دژی تیرۆرستانی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و گروپه‌ تیرۆرسته‌ گه‌وره‌ترین هێزی مه‌ترسین له‌جیهاندا.

PUKmedia  لانه‌ كاشان

 

43111220112014_555.jpg

39551220112014_IMG_4539.jpg

911320112014_tryy.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket