riklam

خەباتی ژنان لەنێوان دوێنێ‌و ئەمڕۆدا ‌

kurdistani 11:49 AM - 2014-11-17
.

.

مێژووی دوورو نزیكی كۆمەڵگەی كوردەواری شایه‌تی ئەو راستییە دەدات كە لەهەموو سەردەمە جیاجیاكاندا ژنان رۆڵی دیارو بەرچاویان لەكۆڕی خەباتدا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەلای هەموو میللەتانی جیهان روونە كە خەباتی میللەتی كورد لەشۆڕشەكانی خەباتی شاخ‌و شاردا خەباتێكی پڕ لەنەسرەوتن بووە، لەپێناوی ئامانجەكانی میللەتدا تێكۆشاوین، که‌ لەو خەباتەدا تەنها پیاوان بەشدار نەبوونە، بەڵكو هەستی كوردایەتی وای لەهەموو تاكێكی كورد كردبوو كە میللەتەكەمان بەگەنجان، كچان‌و ژنانیش خەبات بكەن لەو رێبازە پیرۆزەدا بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانمان بەردەوام بن.
لەو ژنانەی كە مێژووی خەباتی دێرین‌و پڕشنگداریان لەبیر ناچێتەوەو لەخەباتی شۆڕشی شاخ‌و شاردا تێكۆشانیان بۆ سەرخستنی داخوازییەكانی جەماوەری گەلەكەمان لەمێژوودا تۆماركراوە باسدەكرێت، لەوانەش ژنانی وەك (قەدەمخێر- یاشار خانم- زاریا خانم- مینا خانم خێزانی پێشەوا قازی محەمەد- حەپسە خانی نەقیب- عادیلە خانم- مەریەم خانم- لەیلا خانم بەدرخان كچی عەبدولڕەزاق بەدرخان- هێرۆ خان)‌و زۆر ژنانی دیكەش لەو مەیدانەدا رۆڵی گرنگیان هەبووە، وەك دەزانین شۆڕشگێڕانی ژنان زۆرن لەخەباتی نەتەوەیی‌و نیشتمانیی گەلی كورددا چ لەشاخ‌و شارداو بەشێكیش لێیان بەدەستی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حوكمڕانی عیراق‌و وڵاتانی دەوروبەر تووشی چەوسانەوە‌و ئازارو ئەشكەنجە‌و شەهیدكردن بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەكەمین ژنە كوردی خەڵكی شارەكەم (خانەقین) كە شۆڕشگێڕێكی بەهەڵوێست‌و بەجەرگ بوو لەنێو سەنگەری خەباتی كوردایەتیدا‌و لەلایەن رژێمی بەعسی شۆڤێنییەوە دەستگیركراو پاشان بەدڕندانەترین شێوە ئازارو ئەشكەنجەی جەستەیی‌و دەروونی لەسێدارەدرا ئەویش قارەمانی شاری خانەقین كەڵەشەهیدی ژنان (لەیلا قاسم)ی نەمر بوو.
بۆیە ئەو ژنە نەبەردەمان نیگاری قەشەنگی خەبات‌و شۆڕش‌و هەڵوێستی بۆ ژنانی كورد نەخشاند‌و رێبازی شۆڕشی گەلەكەمانی لەناخی هەموو كوردێكی دڵسۆز بەتایبەتی لەنێو ژنانی كورد بەگشتی‌و ژنانی خانەقین بەتایبەتی چەسپاند، كە سەدان لاوی خوێن گەرمیش بگرە زیاتریش بەپەرۆشەوە پەیوەندییان بەڕیزەكانی پێشمەرگایەتییەوە كرد، ژنانیش شانبەشانی پیاوان بۆ بەدیهێنانی ئاوات‌و ئامانجە سیاسی‌و نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و بەرجەستەكردنی مافەكانی ژنان لەنێو كۆڕی ئەو خەباتەدا درێژەیان بەخەباتكردن داوەو چەندین نموونەی زیندوومان هەن.
ئێستاش لەچوارچێوەی بەرهەمی ئەو خەباتە دوورو درێژەدا، ئێمەی ژنان درێژە بەكارو چالاكییە سیاسیی‌و كۆمەڵایەتی‌و فیكری‌و رۆشنبیرییەكانی خۆمان داوە، خانەقین وەكو شارێكی مێژوویی‌و رەسەنی كوردنشین‌و كوردستانی لەهەموو كات‌و ساتێكدا خاوەنی هەڵوێستی جوامێری خۆیان بوونە، بۆ نموونە لەڕاپەرینە مەزنەكەی ئازاری 1991دا ژنان‌و پیاوانی شارەكەم پێكەوە وەكو پێشمەرگە چوونە سەر شەقامەكان‌و پەلاماری دامودەزگاكانی رژێمی بەعسیانداو بەچەپڵەڕێزانەوە پێشوازییان لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و رۆڵە پێشمەرگەكانی خانەقین كردو ئەو چەند رۆژەش بووە شایی‌و زەماوەندی شادی بۆ ئازادكردنی شاری خانەقین‌و تەواوی سیاسەتە چەپەڵەكانی بەعسی-یان زیندەبەچاڵ كردو مەرامەكانیان هەڵوەشێنراوەیەوە.
بۆیە لێرەوە داوا لەژنانی خانەقینی خۆشەویست دەكەم، هەروەكو چۆن لەهەموو سەردەم‌و قۆناغە سەختەكانی شۆڕش بەوپەڕی گیانی شۆڕگێڕییەوە لەشاخ‌و شاردا رۆڵی بەرچاومان هەبووە پێویستە لەئێستاشدا لەم قۆناغەشدا كە ئازادی‌و دیموكراسی بەرقەرارە كار بۆ چەسپاندنی مافە رەواكانمان بكەین‌و دووبارە بەهێزكردنەوەی سەنگەری كاری دیموكراسی‌و رێكخراوەیی‌و خەباتی قەڵەم‌و رووناكبیری بكەینە سەرمەشقی كاركردنمان لەپێناوی پاراستنی مافە نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و داكۆكیكردن لەچەسپاندنی مافەكانی ژنان‌و ئامانجەكانمان بهێنینەدی.
وەكو هەموو دۆستان‌و دوژمنانمان ئەوە دەزانن، ئەم ئاسوودەییەی ئەمڕۆمان بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەكانمانە كە سیمبولی بەرخودانی خاكی كوردستانن‌و بەخوێنی گەش‌و ئاڵیان گوڵاڵە سوورەی شاخەكانی كوردستانیان ئاو داوە‌و بەشەهیدبوونی ئەو قارەمانانە ژیانی ئێستا‌و ئایندەمان بۆ نەوەی نوێ بەرقەرار بووە، ئەوانیش ناویان هەمیشە بەرزەو سەروەرن‌و لەناخی گەلەكەماندا دەژین، بۆیە لەحزوری پاكیاندا سەری رێزو نەوازش نەوی دەكەین‌و هەزاران سڵاو و درود ئاڕاستەی گیانی پاكیان دەكەین.
ئەمڕۆ هێزە رەشبینەكانی (داعش) بەخەیاڵی خاوی خۆیان‌و عەقڵیەتی شۆڤێنییان دەیانەوێت بەپیلانی گڵاویان جارێكی تر خاكی وڵاتەكەمان داگیر بكەن‌و ژیانی سەردەمی رەش بهێننەوە بیری خەڵك‌و سیاسەتی گڵاوی تەعریب‌و ئاوارەیی‌و زیندانكردن‌و لەسێدارەدان‌و چەوسانەوە پەیڕەو بكەن، با هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەو عەقڵیەتی تاریكبینانە زیندەبەچاڵكراوەو بیری تەسكی ئەوانەش دەیانەوێت بیگرنەبەر بەسەرچووەو كورد خاوەنی رووبارێك قوربانیدانە لەخوێن بەخشین‌و باوەڕی تەواوی گەلەكەمان بەدیموكراسی‌و ئازادی هەرگیز نەگۆڕەو كاروانی سەرفرازی‌و ئاوەدانكردنەوە بەرەو پێشەوە دەچێت، رۆڵە بەجەرگ‌و دلێرەكان بەپیاوان‌و ژنانەوە چاونەترسانە سڵ لەمردن ناكەین‌و چەكی بەرگری لەسەنگەری كوردایەتی دەكەینە شان‌و دەست لەبستێكی خاكی كوردستان هەڵناگرین. ئێمەی ژنان لەدەڤەری گەرمەسێر‌و خانەقین لەكۆڕی خەباتداین‌و ئامادەین‌و هەتاوەكو ماوین بەخوێنی خۆمان بەرگری‌و داكۆكی لەمافە رەواكانی گەلەكەمان‌و لەخاكی پیرۆزی كوردستان بەگشتی‌و لەمافەكانی ژنان بەتایبەتی بكەین.

 

رەسمیە موراد خانەقینی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket