riklam

ژاپۆن 27 ملیۆن دۆلار بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانده‌كات

kurdistani 03:19 PM - 2014-10-30
نوسینگه‌ی كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌ سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌

نوسینگه‌ی كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌ سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ 30-10-2014 به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی له‌ دوو كاتی جیادا پێشوازیكرد له‌ محه‌مه‌د ئاكیف كونسوڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدێكی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له‌ عیراق.

پارێزگار له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ كونسوڵی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی بۆ بارودۆخی ئه‌منی و ئابووری پارێزگای سلێمانی و ره‌وشی ئاواره‌كان كردو رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ دوورگه‌یه‌كی ئارام له‌ ناوچه‌كه‌داو به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌زاران ئاواره‌ رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

وتیشی: نزیكه‌ی 300 هه‌زار ئاواره‌ له‌ شاری سلێمانی نیشته‌جێ بوون، به‌ڵام هاوكارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاواره‌كان له‌ ئاستی پێویستدا نیه‌و هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندیش وه‌ك پێویست نییه‌و حكومه‌تی هه‌رێمیش قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌، بۆیه‌ زیاتر پشتمان به‌ هاوكاری هاووڵاتیان به‌ستووه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كان.

له‌و دیداره‌دا، پارێزگار داواشیكرد كه‌ حكومه‌تی توركیا زیاتر هاوكاری و پشتیوانی ئاواره‌كان بكه‌ن و له‌وڕووه‌وه‌ یارمه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم بده‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا كونسوڵی توركیا وێڕای پێداگری له‌سه‌ر هاوكاری و پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئاواره‌كان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگری توركیا كۆمه‌كیان بۆ ئاواره‌كان هێناوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بارهه‌ڵگرێك له‌و كۆمه‌كانه‌ش پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان ده‌كرێت له‌ سلێمانی.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو له‌وڕووه‌شه‌وه‌ كونسوڵی توركیا رایگه‌یاند: بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌به‌رنامه‌یاندایه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا نوسینگه‌یه‌كی كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌ شاری سلێمانی بكه‌نه‌وه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كاری كراوه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ دیداریاندا له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلێمانی، وه‌فدی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له‌ عیراق رایانگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نوسینگه‌یه‌كی باڵیوزخانه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

وه‌فده‌كه‌ ته‌ئكیدیان له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ژاپۆن كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بواری سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان و بازرگانیدا.

سه‌باره‌ت به‌ ئاواره‌كانیش، وه‌فدی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن رایانگه‌یاند: مانگی رابردوو حكومه‌تی ژاپۆن بڕی 19 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌شی رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كانی ناوخۆی عیراق به‌تایبه‌ت بۆ دابینكردنی خۆراك و ئاو و پێداویستی ته‌ندروستی بۆ ئاواره‌كان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ حكومه‌تی ژاپۆن وه‌ك ئه‌ندامێك له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بڕیاریداوه‌ به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و له‌وڕووه‌شه‌وه‌ له‌ ئه‌مساڵدا بڕی 27 ملیۆن دۆلار هاوكاری ئاواره‌كان كراوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی ژاپۆنی كرد، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكاریانه‌دا، هه‌روه‌ها پارێزگار هیواشی خواست له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌كه‌یانه‌وه‌ زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كانیان په‌ره‌پێبده‌ن و ده‌روازه‌ دیبلۆماسیه‌كانی نێوانیان فراوانتر بكه‌ن.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket