riklam

كۆبانێ‌ خاڵی كۆكەرەوەو یه‌کێتیی کورد ‌

kurdistani 12:05 PM - 2014-10-29
نه‌وزادى موهه‌ندیس‌

نه‌وزادى موهه‌ندیس‌

ئەوەی لەماوەی چل‌و دوو رۆژی رابردوودا لەكوبانێی روویدا، وێنەیەكی گەشی كوردایەتی راستەقینە بوو، كوبانێ‌ بەقەوارە بچووكەكەیەوە، بەڵام بەگەورەیی هێزو بەرخۆدان‌و بەرگریكاریكەیەوە بووە سمبولی ئازادی‌و كوردایەتی‌و گیانفیدای لەسەردەمێكدا كە هەموو هەڵبەی سیاسی‌و دەسەڵاتداران‌و سیستمی مرۆڤایەتی بۆ دەستخستنی زیاتری بازاڕو بازرگانی‌و سەرمایەیە نەك سەردەمی بیروباوەڕو ئایدۆلۆژیاو خۆبەختكردن لەپێناو وڵاتدا. ئەم سەردەمە كە سەردەمی بەجیهانبوونە هیچ مانایەكی بۆ بەهاو رەوشتە جوانەكانی مرۆڤ نەهیشتۆتەوەو ئینتیماو خۆشەویستی بۆ خاك‌و نیشتمان كاڵكردۆتەوەو بەتەواوەتی بۆتە جیهانێكی ماددی كە نرخی مرۆڤ‌و خاك زۆر نزم بوونەتەوە بەرامبەر سەرمایەو خۆشگوزەرانی‌و دەستكەوتە ماددیەكانی تر.
بۆیە بەهەق گیانفیدای كورد لەم سەردەمەدا بۆتە وێنەكی گەشی شۆڕش‌و خەباتە مرۆڤایەتیەكان‌و سەردەمی شەست‌و حەفتاكانی سەدەی بیست دێنەوە یاد كە شۆڕشێكی سەرتاسەری مرۆڤایەتی لەئارادا بووە. كوبانێ‌ نەك بۆ كوردان، بەڵكو بۆ تەواوی كۆمەڵگه‌و مرۆڤایەتی بووتە سمبولی مقاوەمەت دژ بەتیرۆیستانی داعش‌و داعشیەكان‌و بۆتە قەڵای خۆڕاگری‌و بەرخۆدانی هێزە مرۆڤدۆستەكان‌و پێشكەوتن‌و ئازادیەكانی هەموو دونیا لەبەرامبەر هێزی تاریكستان‌و دواكەوتوو و عەقڵ دۆگماو نەخۆشەكانی  سەدەی بیست‌و یەك.
كوبانێی بچووك، توانی بەخۆڕاگری خۆی ببێتە هۆی كۆكردنەوەی هەموو كوردو دونیاش بۆ ئەوەی پێكەوە هێزێكی پتەو و پۆڵایینی مرۆڤایەتی پێكەوە بنێن بۆ رووبەڕوبونەوەی داعش. ئەوەی كە كورد خەباتی چەند ساڵەی بۆ دەكرد بۆ هێنانە سەر خەتی زلهێزەكان بۆ بەرگریكردن لەخۆی لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا كۆبانی  بەخۆڕاگری خۆی‌و دانیشتوانە بەجەرگ‌و ئازاكەی وەدیهێنا، چونكە خەباتی كورد لەكۆبانێدا خەباتێكی راست‌و دروستی مرۆڤایەتیه‌ نەك بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات‌و خۆسەپاندن‌و كاولكردنی وڵاتەكە. خەباتی كۆبانی‌و كورد بۆ چەسپاندنی ئاشتی‌و ئارامی تەواوی مرۆڤایەتیە لەناوچەكەو دونیادا، هەربۆیە ئەمریكاو ئەوروپاو دونیا بەدەم كۆبانێ‌و كوردەوە هاتن، بەڵام ئەوەتا زیاد لەسێ ساڵە ئەم هاوكاریە بەئێستاشەوە پێشكەش بەسوپای ئازادی سوریاو هێزەكانی تر ناكەن، چونكە دونیا باش دەزانن كە نییەت‌و بەرنامەی ئایندەی ئەو هێزانە نە لەداعش‌و نە لە بەشار ئەسەد باشتر نابن.
خۆشبەختانە كورد لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا جۆش‌و خرۆشێكی كوردانەو نەتەوەیی نواند بۆ پشتیوانی لەكۆبانێ‌و خۆڕاگریەكەی‌و بەمەش توانیان گیانی نەتەوەو كوردایەتی لەناو ناخی هەموو تاكێكی كورددا زیندوو بكەنەوەو بۆ چەند نەوەیەكی داهاتوو بەگەشی بیهێڵنەوە. كوردان‌و دۆستەكانی لەئەوروپاو ئەمریكاو خۆرهەڵاتیشدا لەدەرەوەی كوردستان هەمان پشتیوانیان پێشكەشكرد. هەرئەم هاوكاری‌و پشتیوانیە بووە هۆی زیاتر خۆڕاگری‌و مقاوەمەت‌و گیانفیدایی كۆبانیەكان‌و توانیان لەئێستادا هاوكێشەی هێزەكان بەبەرژەوەندی شەڕڤانانی قارەمان لەپیاوان‌و ژنانی بەجەرگی كۆبانێ بگۆڕن‌و ناوی پەیەدەو پەیەژەو یەپەگە بەزیندوویی‌و نەمری تۆمار بكەن.
بۆیە ئەركێكی ئەخلاقی‌و مرۆڤایەتی‌و كوردانەو نەتەوەییانەیە‌ لەسەر هەمووان ئەم گیان‌و رۆحیەتە پارێزگاری لێبكەن‌و چیان پێدەكرێت لەسەركردەو پارت‌و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بیكەن بۆ هاوكاری‌و پشتیوانی كۆبانێ‌و رۆژئاواو هیچ كەس ناوی موزایەدەی سیاسی لێ نەنێت‌و نەیخاتە چوارچێوەی ململانێی حزبی‌و دەستكەوتی حزبایەتیەوە. كورد لەهەر جێگەیەك بن براو پشتیوانی راستەقینەی یەكترن. بۆیە ئەركی هەمووانیشە لەتەنگانەكاندا پشتیوانی براكانیان بكەن. هەر كەسە بەهێندەی تواناو هێزو نفوزی خۆی هاوكاری بكات. هاوكاریی كورد بۆ كورد بەهەر ناوێكەوە بێت‌و لەلایەن هەركەس‌و لایەنێكەوە بێت دەچێتە چوارچێوەی خزمەتگەیاندن بە بەرژەوەندیەكانی كوردو كوردستان‌و دڵسۆزی‌و برایەتی تۆخ دەكاتەوە، بەپێچەوانەوە خەمساردی‌و نەناردنی كۆمەك‌و بەدەنگەوە نەچوونی دڵسۆزانەش دەچێتە چوارچێوەی خیانەتی نەتەوەیی‌و نیشتمانییەوە، جا هەر پارت‌و سەركردەیەك بیكات. بۆیە گۆڕەپانی هاوكاری‌و پشتیوانی كورد فراوانەو هەمووان دەتوانن بەپێی توانای خۆیان هاوبەشی بكەن، ئیدی چ پێویست بەڕەخنەو رەخنەگرتن دەكات لەیەكتری. كورد تا پێكەوەو لەژێر یەك چەتری نەتەوەیدا كۆنەبنەوەو هەمووان پێكەوە یەك تاكتیك‌و ستراتیژ پیادە نەكەن، بەدڵنیاییەوە سەركەوتن بەدەست ناهێنین. جا لەبەرئەوەی كە بەهەموو هێزەكانەوەو لەپێش هەمووانیشەوە هێزە كوردیەكانی خۆرئاواو لەپێش هەمووانیشەوە پەیەدە گیانفیدایی‌و بەرخۆدانێكی بێوێنەی نواندوە، ئەركمانە كە ئەم یەك‌و یەكگرتوویی هێزو تواناكان بپارێزین‌و رێگە نەدەین درزو كەلێن بكەوێتە نێوانمانەوەو هەروەك چۆن كۆبانێ بووە خاڵی كۆكەرەوەی هەموو كورد، با هەروا بمێنێتەوەو نەیكەینە قوربانی مەزاجی كەسی‌و ململانێی ناڕەوایی حزبایەتی. هەربەمەش گرەوی جەنگەكە دەبەینەوەو كورد جێگەو پێگەی شیاوی خۆی لەناوچەكەو دونیاشدا رادەگرێت، چونكە لەم قۆناغەدا لەسەر زەمینەی واقیعی كورد نوێنەرایەتی هەموو جیهان دەكات لەدژی داعش‌و تیرۆریستان كە بوونەتە مەترسی‌و هەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر تەواوی ئاشتی‌و ئارامی مرۆڤایەتی.

 

نه‌وزادى موهه‌ندیس‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket