قوباد تاڵه‌بانی: ده‌مانه‌وێت به‌كردار حكومه‌ته‌كه‌مان به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یی به‌رین
kurdistani 12:00 PM - 2014-10-29"هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌م قه‌یرانانه ده‌رباز بكه‌ین"
"له‌م حكومه‌ته‌دا هه‌موومان وه‌كو تیمێك ئیش ده‌كه‌ین، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان له‌م قه‌یرانانه ده‌رباز بكه‌ین"
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانیی گه‌لی كوردستان رایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌مان به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یی به‌رین به كردار، نه‌ك به دروشم، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌و دیداره‌دا كه هاوكارمان به‌هێز حسێن سازیکردوە‌و شەوی رابردوو پەخشکرا، ده‌شڵێت: هه‌ندێكجار ناچاری بڕیاری بوێرانە بده‌یت و خه‌ڵك نیگه‌ران بێت لێی، به‌ڵام حوكمڕانی ته‌نیا ناكرێت ئه‌وه بێت كه تۆ ته‌نیا كاره‌كه‌ت ئه‌وه‌بێت دڵی هه‌موو كه‌سێك رازی بكه‌یت، حكومه‌ت به‌رپرسیارێتییه‌كی گرنگه كه ده‌بێت زۆر به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.
*ماوه‌ی 100 رۆژ زیاتره كابینه‌یه‌كی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، ده‌ڵێن ئه‌م كابینه‌یه مۆدێلێكی نوێیه‌و ئۆپۆزسیۆنتان نییه، ئه‌م كابینه‌یه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت و جیاوازی چییه له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی تر؟
-زۆر سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته، ئه‌م كابینه‌یه، كابینه‌ی هه‌شته‌م جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی پێشتر، هه‌م له‌ڕووی پێكهاته‌كه‌یه‌وه كابینه‌یه‌كی بنكه‌فراوانه‌و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان تێیدا به‌شدارن، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌پێشتر له‌كابینه‌كانی تر وه‌كو ئۆپۆزسیۆن بوون له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت، بۆیه پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه به‌تایبه‌ت له‌ئاستی سه‌ره‌وه جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ كابینه‌ی حه‌وته‌م و شه‌شه‌م، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م كابینه‌یه رووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یران بۆته‌وه له‌وه‌ته‌ی ده‌ست به‌كاربووین تووشی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕ بووین.
*زۆرباشه دواتر ئه‌وانه‌ت لێ ده‌پرسم به‌ته‌ئكید ده‌ڵێن ئه‌مه كابینه‌ی قه‌یرانه‌كانه، به‌ڵام وجودی ئۆپۆزسیۆنی كۆن ئه‌مڕۆ له‌ده‌سه‌ڵات، هیچی له‌مه‌سه‌له‌كه گۆڕیووه، له‌نێو حكومه‌تدا كاره‌كانی ئاسانتر كردووه، یان گرانتری كردووه؟
-جیاوازه، كه‌سمان نه‌مانده‌زانی لایه‌نه‌كان چۆن مامه‌ڵه ده‌كه‌ن كه هاتنه ناو حكومه‌ت، به‌ڵام من له‌پێگه‌ی خۆمه‌وه ده‌توانم بڵێم كه زۆر رازیم له‌ئه‌دای هه‌موو وه‌زیره‌كان به‌ڕاستی كه به‌شدارن له‌م حكومه‌ته، به‌نییه‌تێكی باشه‌وه، به‌دڵسۆزییه‌وه، به‌خه‌مخۆرییه‌وه، به‌جددییه‌وه هاتوونه‌ته ناو حكومه‌ته‌كه‌و هه‌موومان هاوكاری یه‌كین، هه‌ستده‌كه‌م ئێمه وه‌كو تیمێك ئیش ده‌كه‌ین له‌م حكومه‌ته، بۆ نمونه كه‌به‌ڕێز وه‌زیری كاره‌با دێت بۆ لام و باسی بابه‌تێك ده‌كه‌ین، من ته‌ماشای ناكه‌م وه‌كو وه‌زیرێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی، ته‌ماشای ده‌كه‌م وه‌كو وه‌زیرێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌هاتووه كاره‌كانی باش بكات، ئه‌ویش كاره‌كانی خۆی باش بكات، كاری حكومه‌ت باش ده‌بێت، كاری حكومه‌ت باش ده‌بێت، كاری ئێمه باش ده‌بێت، كاری ئێمه باش ده‌بێت، هه‌موومان سه‌رده‌كه‌وین، بۆیه پێم وایه هه‌موو وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان كه‌هاتوونه‌ته ئه‌م حكومه‌ته به‌و نییه‌ته‌وه هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌ون له‌ئیشی خۆیان، به‌رنامه‌ی حزبی خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌مان، تائێستا باشبووه‌و دڵنیاشم كه به‌و نه‌فه‌سه به‌رده‌وام ده‌بین له‌كاره‌كانمان.
*بابێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته دامه‌زراوه، قه‌یران له‌دوای قه‌یران به‌رۆكی كوردستانی گرتووه، تاچه‌ند ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت توانیویه‌تی بێته پای ئه‌و بارگرانی و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌هاتوونه‌ته پێش؟
-راسته تووشی چه‌ندین قه‌یران بووین، قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی كه تا راده‌یه‌ك له‌كۆتایی كابینه‌ی حه‌وته‌مدا هه‌بوو، به‌ڵام له‌كابینه‌ی هه‌شته‌م زیاتر ره‌نگی داوه‌ته‌وه، تووشی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی، قه‌یرانی شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش بووین، دوایی وه‌كو كاردانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ش چه‌ند سه‌د هه‌زار ئاواره روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه كه ئه‌وه‌ش بووه به بارگرانییه‌ك له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕووی ماددییه‌وه، له‌ڕووی فه‌رمانبه‌ره‌وه، له‌ڕووی ئه‌ركه‌وه، بۆیه بێگومان ئه‌مانه هه‌موویان كێشه‌ن، له‌هه‌مانكاتیشدا حكومه‌تی هه‌رێم توانیویه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌كاره‌كانی خۆی، به‌بێ وه‌رگرتنی مووچه له‌به‌غداوه حكومه‌ت نه‌وه‌ستاوه، فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام بوون له‌كاره‌كانی خۆیان، راسته مووچه دواكه‌وتووه مانگێك یان جاری وا هه‌یه دوو مانگ دواده‌كه‌وێت، به‌ڵام هێشتا هیممه‌تمان كردووه‌و هه‌وڵمانداوه‌و تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووش بووین له‌وه‌ی كه تا پێمان بكرێت مووچه له‌كاتی خۆیدا بده‌ین و ئه‌گه‌ر دواش بكه‌وێت مووچه‌كه هه‌ر ده‌درێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه خزمه‌تگوزاریی نه‌وه‌ستاوه، كاره‌با باشه‌و هیوادارین باشتریش بێت، خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده، بێجگه له‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ له‌دهۆكدا هه‌یه به‌بوونی ئاواره‌یه‌كی ئێجگار زۆر له‌قوتابخانه‌كانی دهۆك به‌گشتی پرۆگرامی په‌روه‌رده به‌رده‌وام بووه، بۆیه به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ی كه حكومه‌ته‌كه‌مان تووشی بووه، حكومه‌تیش توانیویه‌تی به‌بێ بڕی مووچه‌ی خۆمان له‌به‌غداوه له‌كاره‌كانی خۆماندا به‌رده‌وام بین و ئیداره‌ی ئه‌م دۆخه بده‌ین.
*ئه‌م فه‌زڵه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان؟
-ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌موو لایه‌ك، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاووڵاتی، لێره‌شه‌وه ده‌مه‌وێت سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌م كه ته‌حه‌مولێكی ئێجگار زۆریان هه‌بووه له‌م بارودۆخه نائاساییه‌دا، سوپاسی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه ته‌حه‌مولیان هه‌بووه‌و به سه‌بر بوون و زۆر به‌به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا كردووه‌و تا راده‌یه‌ك تێگه‌یشتوون كه‌به‌شێكی ئه‌م كێشه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌و ته‌حه‌مولێكی زۆریان هه‌بووه، ده‌مه‌وێت سوپاسی به‌ڵێنده‌ران و كاسبكارانیش بكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌م قه‌یرانه داراییه كاریگه‌رییه‌كی هه‌بووه له‌سه‌ر به‌شه‌كانی تری كۆمه‌ڵگاكه‌مان، بۆیه سوپاس و پێزانینی خۆمان ده‌گه‌یه‌نین، هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه‌هه‌موو كارێك ده‌كه‌ین، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كوردستانه جوانه‌مان له‌م قه‌یرانانه ده‌رباز بكه‌ین.
* ئه‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه‌ی كه‌ده‌یده‌ن چاره‌سه‌ری نزیك به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، واته ئومێد هه‌یه لای خه‌ڵك له‌كاتێكی كه‌مدا قه‌یرانی دارایی تێپه‌ڕێت؟
-ئومێده‌وارم كه به‌پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ له‌عیراق، به‌ناردنه‌وه‌ی وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی كوردستان بۆ ناو حكومه‌تی نوێی عیراق، هه‌ستده‌كه‌ین دۆخێكی نوێی سیاسی هه‌یه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و چ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، ده‌بێت ده‌رفه‌تێك بده‌ین به‌م حكومه‌ته له‌عیراق، پیشانیبدات قه‌ناعه‌تمان پێبكات كه جیاوازه له‌حكومه‌ته‌كانی تر، نابێت له‌ئێستاوه ئێمه هه‌موو شته‌كان ره‌فز بكه‌ین، ده‌بێت ده‌رفه‌تێك هه‌بێت، بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی كوردستانیشه، بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمیشه، سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه ده‌رفه‌تێك به‌حكومه‌ت له‌عیراق بدات تاقه‌ناعه‌تمان پێبكات.
* ده‌رفه‌ته‌كه سێ مانگه، مانگ‌ونیوێكی رۆیشتووه
-مه‌سه‌له مانگ‌و سێ مانگ نییه، مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه كه ئێمه تازه وه‌زیره‌كانمان رۆیشتوونه‌ته ئه‌وێ و ده‌ستبه‌كاربوون، وه‌زاره‌تی گرنگمان هه‌یه، دۆستی باشمان هه‌یه كه عه‌ره‌بن له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌دا كه چه‌نده‌ها ساڵه كاریان كردووه له‌گه‌ڵ ئێمه، خه‌باتیان كردووه له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، كه ئه‌مڕۆ پۆست‌و پله‌وپایه‌ی مه‌زنیان هه‌یه له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌دا، بۆیه ئه‌مه هه‌مووی ده‌توانیت بڵێین دۆخه‌كه‌ی باشتركردووه، كه‌شوهه‌وایه‌كی تازه ده‌بینم و ئومێده‌وارم، ناڵێم خه‌یاڵم خاوه‌و هیچ موشكیله نه‌ماوه به‌ناردنی یه‌ك دوو وه‌زیرو یان به‌حوكمی ئه‌وه‌ی كه ئێمه وه‌زیری دارایی ئه‌ندامی حزبێكی كوردستانییه كه له‌وێ ئیتر ته‌واو كێشه‌ی دارایی نامێنێت، نابێت ئه‌و ته‌وه‌قوعاته‌ش والێبكه‌ین كه بێ‌سنوور بێت، به‌ڵام من ئومێده‌وارم و جه‌وه‌كه‌ی كه ئه‌یبینم ئه‌مڕۆ زۆر فه‌رقی كردووه له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌وه‌ی كه له‌كۆتایی كابینه‌ی به‌ڕێز نوری مالكی هه‌بوو، كه‌جه‌وێكی زۆر ناته‌ندروست بوو جه‌وێكی گرژبوو، من هیوادارم له‌م نزیكه‌دا ئێمه بتوانین په‌یوه‌ندییه‌كانمان بگه‌یه‌نینه ئاستێك كه به‌جدی‌و به‌فعلی‌و به‌كاریگه‌ری كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی دارایی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
*كاك قوباد ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ چوونه نێو ئه‌م دیداره‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان، به‌ڵام جگه له‌پرسیاری ئێمه، پرسیار گه‌لێكی زۆر هه‌یه لای هاووڵاتیان له‌پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه، دهۆك، هه‌ولێر، سلێمانی پارێزگای كه‌ركوك له به‌ڕێزتان، باپێكه‌وه ئه‌و پرسیارانه ببینین.
پرسیاری هاووڵاتیان:
*تا كه‌ی ئه‌م وه‌زعه به‌مشێوه ده‌بێت‌و تا كه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه چاوه‌ڕێی مووچه بێت؟ كه كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر بازاڕ هه‌یه.
*له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه ئه‌م پرسیاره ده‌كه‌م، كه وه‌ك پێشنیازێكیش وایه، چی ده‌كرێت بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار به‌تایبه‌ت بۆ گه‌نجان؟
*ئه‌وه‌ی كه سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه بیكه‌ن یان بیڵێن، پێم باشه كاك قوباد رێگایه‌ك خۆش بكات بۆ سینه‌ماكاران تا له‌ڕێگه‌ی سینه‌ماوه سینه‌ماكاران په‌یامه‌كانیان بگه‌یه‌نن.
*به‌ڕێزتان یه‌كه‌مین گه‌نجن پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرن، چیت هه‌یه بۆ گه‌نجی كوردستانی بكه‌یت؟
*بۆچی قبوڵت كرد به‌شێكی سه‌ڵاحیاته‌كانت لێ سه‌ندرایه‌وه، بۆچی هه‌ڵوێستت نه‌بوو؟
*له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا هۆڵێكی وا نییه شایسته بێت به‌بۆنه‌كان؟
*ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه‌ركوكیش بگرێته‌وه، به‌نموونه‌ی بیمه‌ی بێكاری‌و پێشینه‌ی هاوسه‌ری؟
*بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دابین بكرێت، دابین نه‌كردنی مووچه كاریگه‌ریی زۆری كردووه به‌تایبه‌ت مووچه خۆره‌كان.
*ئایا تا كه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه به‌م شێوازه ژیان بگوزه‌رێنێت؟
*به‌كاك قوباد ده‌ڵێم ئاوڕێك له‌و خه‌ڵكه‌و به‌تایبه‌تیش كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و له‌و پێشمه‌رگانه بداته‌وه كه‌ئێستا به‌رگریی له‌كوردو كوردستان ده‌كه‌ن.
*وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك پرسیارێك ده‌كه‌م، ئایا پلانت چییه بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن‌و دانه‌مه‌زراون؟
*وه‌ك كاسبكارێك پێم خۆشه كاك قوباد بێته ناو خه‌ڵك‌و له‌كێشه‌و داواكارییه‌كان بپرسێته‌وه؟
*یه‌كێك له‌كێشه‌كان ئه‌وه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت چه‌ند جارێك سه‌ردانی فه‌رمانگه‌یه‌ك بكه‌یت‌و هه‌ر جاره‌و داوای شتێكت لێ ده‌كرێت، بۆیه ده‌كرێت رۆتینات كه‌مبكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش پابه‌ندتربێت به‌ئیشوكاره‌كانی خۆیانه‌وه‌و باشتر كاره‌كانیان رایی بكه‌ن؟
*به‌كاك قوباد ده‌ڵێم، ئایا ئاگاداره كه سیستمی خوێندنی ئێستا هه‌مان سیستمی خوێندنی سه‌رده‌می به‌عسه؟
*وه‌ك گه‌نجێك وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری ناو یه‌كێتی، هیوادارین زیاتر خزمه‌تی هاووڵاتیان بكات، هیواداریشین زیاتر له‌خزمه‌تی كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بێت؟
*كاك قوباد، ئایا وه‌ك گه‌نجێك چی ده‌كات بۆ هێنانه‌پێشه‌وه‌ی گه‌نج؟
*ده‌پرسم، ئایا پێشمه‌رگه تا كه‌ی ده‌بێت له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ بكات، كه‌س تێ ناگات له‌م وه‌زعه‌ی هاتۆته پێشه‌وه؟ جگه له‌وه‌ش من وه‌ك ئه‌ندازیارێك نه ده‌توانم له فه‌رمانگه‌كان دابمه‌زرێم نه له‌كۆمپانیاكانیش هه‌لی كارم ده‌ستده‌كه‌وێت، چی ده‌كات بۆمان؟
*كه‌واته له‌م كابینه‌یه‌دا چۆن بڕیاری تێدا وه‌رده‌گیرێت؟
-پێشه‌كی ده‌مه‌وێت سوپاسی هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌م. به‌دڵنیاییه‌وه وه‌رگرتنی پرسیار له‌هاووڵاتیان، شێوازێكی جوانه، هیوادارم ئه‌مه ببێته ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت زیاتر نزیك ببێته‌وه له‌هاووڵاتیانی خۆی‌و بتوانین راسته‌وخۆ گوێمان له‌خه‌ڵكی كوردستان بێت، تا بتوانین كێشه‌و موعاناته‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ین‌و راو پێشنیاز‌و بۆچوونه‌كانیان وه‌ربگرین.
حكومه‌ت به یاسا ته‌نزیم كراوه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به په‌یڕه‌و رێكخراوه، شێوازی بڕیاردانه‌كه روونه بۆ ئه‌وانه‌ی كه له‌ناو حكومه‌تن، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باڵاترین ده‌سه‌ڵاته له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه‌و به‌نده‌ی موخلیسیشتان جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه، ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌ن بڕیار ده‌ده‌ین، بۆیه به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبۆته‌وه.
*واته بڕیاره‌كان فه‌ردی نین، كه‌سێك نییه بتوانێت بڕیاره‌كانی بسه‌پێنێت، ئیللا به‌ده‌سته جه‌معی بڕیاره‌كان ده‌درێت؟
-وه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ده‌هێنرێنه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بێگومان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌یه، من وه‌ك جێگری سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی خۆمم هه‌یه.
*ده‌سه‌ڵاته‌كانی جه‌نابت له‌كوێن، جه‌نابت هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتت هه‌بوو هه‌موویت به‌خشییه‌وه؟
-ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی باسی ئه‌م بابه‌ته بكه‌م، سوپاسیش بۆ پرسیاره‌كه، خۆتان ده‌زانن بوو به‌هه‌ڵایه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی من له‌ناو حكومه‌ت، كه‌گوایه ده‌سه‌ڵاته‌كانم لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌و بۆ قبوڵی كردووه‌و بۆ وایان لێكردووه، من حه‌زده‌كه‌م بینه‌رانی خۆشه‌ویست دڵنیابكه‌مه‌وه، كه من ده‌سه‌ڵاتم لێ نه‌سه‌ندراوه‌ته‌وه، ئه‌وه زۆر به غه‌ڵه‌تی ته‌فسیری بۆ كرا‌و خرایه قاڵبێكی موئامه‌ره‌یه‌كی سیاسی، كه گوایه من ئاگام لێ نه‌بووه‌و ئه‌مه غه‌درێكه له من كراوه‌و له یه‌كێتی كراوه، ئه‌مه ئه‌سڵ‌و ئه‌ساسی نییه، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان، من‌و به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاك نێچیرڤان دانیشتین، باسی شێوازی كاركردنی خۆمانمان كرد، له‌و دانیشتنه‌دا ئێمه له‌سه‌ر مه‌بده‌ئێك رێككه‌وتین كه زه‌مانی فیفتی فیفتی نه‌ماوه‌و نابێت بیهێڵین، ئه‌و مۆركه‌شی ماوه‌ته‌وه ئێمه ده‌بێت له‌ناوی ببه‌ین، ئێمه ده‌بێت كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی تر ببه‌ین، له‌سه‌ر چه‌ند مه‌بده‌ئێك رێككه‌وتین، كاك نێچیرڤان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه، ئێمه رێككه‌وتووین كه ده‌بێت سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بێت له‌زاخۆوه تاكفری‌و كه‌لار، منیش به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بم له‌زاخۆوه تاكفری‌و كه‌لار، زه‌مانی ئه‌وه نه‌ماوه كه من ئێستا وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ناو حكومه‌ت بم، سه‌رۆك وه‌زیرانی سلێمانی بم، وه‌ك كاك نێچیرڤان سه‌رۆك وه‌زیران بێت له‌لایه‌ن پارتییه‌وه نێردراوه بۆ ناو حكومه‌ت، سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت ته‌نها له‌دێگه‌ڵه‌وه تا دهۆك‌و زاخۆ، ئه‌مه سیستمێكی سه‌قه‌ته، ئه‌م سیستمه دوو ئیداره‌ییه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌شی بۆ حكومه‌ته‌كه‌مان دروستكردووه، بۆیه ئێمه ویستمان ئه‌مه ببێته یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سیستمی دوو ئیداره‌ییه، راسته له‌كابینه‌ی شه‌شه‌م‌و حه‌وته‌م هه‌نگاوی باش نرا بۆ له‌ناوبردنی سیسته‌می فیفتی فیفتی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر من ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیرانم هه‌بێت، من سه‌رۆك وه‌زیرانم بۆ چییه؟ چۆن وڵاتێك یان هه‌رێمێك دوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌بێت، هه‌ر قانوونی نییه، بۆیه ئێمه رێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌شێوازێك بێت، هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات لای سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت له‌لای من نه‌بێت، ئه‌مه هه‌ر بۆ من نییه بۆ داهاتووشه، سبه‌ینێ یه‌كێتی هه‌ڵبژاردن بباته‌وه یه‌كێتی ده‌بێت به‌سه‌رۆك وه‌زیران، نوێنه‌ری یه‌كێتی ده‌بێت به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو كوردستان، نه‌ك ته‌نها سه‌رۆك وه‌زیرانی سلێمانی، یان گه‌رمیان، یان شوێنێكی تر.
*كاك قوباد تۆ سه‌ردانی مه‌یدانی زۆر ده‌كه‌یت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆت ده‌كه‌یت به فه‌رمانگه‌یه‌كدا خۆت ده‌كه‌یت به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كدا وه‌ك خۆشت ده‌ڵێیت نا‌توانیت كه‌س ته‌عین بكه‌یت كه‌س خانه نشین بكه‌یت ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی تۆ موماره‌سه‌ی ده‌كه‌یت چییه؟
- جا توخوا با پرسیارێك له‌تۆ بكه‌م ئیشی من وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه خه‌ڵك ته‌عین بكه‌م؟ ئیشی من وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه خه‌ڵك خانه‌نشین بكه‌م؟ یان زه‌وی دابه‌ش بكه‌م؟ ئه‌مه كه‌ی ئیشی منه.
* ئاخر سیستمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ش نییه بۆ ته‌عین بوون؟
-سیستمێكی فاشلمان هه‌یه من هاتوومه‌ته ناو ئه‌م حكومه‌ته به‌فه‌خرو شانازییه‌وه حزبه‌كه‌ی خۆم منی ناردۆته ناو ئه‌م حكومه‌ته بۆئه‌وه‌ی سیستم دامه‌زرێنم، بۆئه‌وه‌ی سیستمی ته‌عینات چاك بكه‌م، بۆئه‌وه‌ی سیستمی دابه‌شكردنی زه‌وی و ته‌ملیك كردنی زه‌وی بۆ پڕۆژه یان بۆ خه‌ڵكی پێویست به سیستم بێت نه‌ك به میزاج، فایده‌ی چییه من ئه‌گه‌ر به‌ڕێگه‌ی واسته‌یه‌كه‌وه دوو كه‌س ته‌عین بكه‌م، دوو سه‌د كه‌س له‌خۆم عاجز بكه‌م، پارچه زه‌وییه‌ك ببه‌خشم به براده‌رێكی خۆم هه‌زار كه‌سم لێ عاجز ببێ، ئه‌مه كه‌ی ئیشه زۆرمان كردووه‌و غه‌ڵه‌تێكی زۆریش كراوه له بیدایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تاكو ئێستا چه‌نده‌ها پارچه زه‌وی دابه‌شكراوه، به‌لێشاو خه‌ڵكمان ته‌عین كردووه‌و هێشتا خه‌ڵكیش رازی نه‌بووه، ئێمه ئه‌مانه‌وێت سیستم دامه‌زرێنین. من هاتوومه‌ته ناو ئه‌م حكومه‌ته بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌مان به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یی به‌رین به كردار، نه‌ك به دروشم.
*ئه‌مه پرسیاری خه‌ڵكه، به‌ره‌و موئه‌سه‌ساتی ده‌چێت یان قوباد تاڵه‌بانی ده‌بێته قوربانی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌خشی، به‌سیستم ده‌كرێ؟
- من ئه‌گه‌ر نه‌تیجه‌ی كاره‌كانمان حكومه‌تێكی رێك‌وپێك كه به سیستم بڕوا كه خه‌ڵك غه‌دری لێ نه‌كرێ كه به‌عه‌داله‌ته‌وه خه‌ڵك ته‌عین بكرێ كه به‌ڕێكو پێكی پۆسته‌كان دابه‌ش بكرێن به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان به‌شێوازێك كه ته‌نها خه‌ڵك روو له‌حكومه‌ت نه‌كات، به‌ڵكو له‌كه‌رتی تایبه‌تدا ئیش بكات ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانی ببێته قوربانی ئه‌و نه‌تیجه‌یه من ئاماده‌م.
*ئه‌م تێڕوانینه‌ش لای به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه؟
-من دڵنیام كه به‌ڕێز كاك نێچیرڤان ئه‌و ئه‌وه‌نده وه‌خته‌ی نییه دانیشێ خه‌ڵك ته‌عین بكات یان خه‌ڵك خانه‌نشین بكات، ئێمه له‌شه‌ڕداین له قه‌یرانین، خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌ی سیستمی حكومڕانین، خه‌ریكی پێداچوونه‌وه‌ی سیستمی میلاكاتین بۆئه‌وه‌ی ته‌وزیعاتی فه‌رمانبه‌ران به‌سه‌ر داموده‌زگاكان به‌شێوازێك بێت كه داموده‌زگاكان رازی بن پێی كه پێویستیان پێی بێ، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه من به‌ئیمزایه‌كی خۆم دوو هه‌زار كه‌س ته‌عین بكه‌م و بینێرم بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و بڵێم فه‌رموو وه‌زاره‌ت ئه‌وه دوو هه‌زار فه‌رمانبه‌ر كه ره‌نگه هه‌ر پێویستت پێی نه‌بێت.
*باسی ته‌عیناتت كرد‌و هاووڵاتیانێكی زۆریش قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌مه كرد، له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا گه‌نجێكی زۆر هه‌یه نازانم حكومه‌ت خۆی زانكۆی زۆر كردۆته‌وه هه‌موو ده‌رچووانی ئه‌م زانكۆیانه داوای دامه‌زراندن ده‌كه‌ن له‌كاتێكدا ده‌ڵێن هه‌لی كار بۆ هاووڵاتییه‌كانی خۆمان نییه ژماره‌یه‌كی زۆر كرێكاری بیانی یان خه‌بیری بیانی ئه‌بینی له‌م وڵاته‌دا كارده‌كات، پلانی ئێوه چییه بۆ دامه‌زراندن له داهاتوودا؟
- به‌گشتی ده‌مانه‌وێت دامه‌زراندن به‌شێوه‌یه‌كی مه‌نتقی بكرێت هه‌م بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌رتی گشتیدا كارده‌كه‌ن كه له‌زانكۆ ده‌رده‌چن و شوێنیان بۆ ده‌كرێته‌وه له‌كه‌رتی گشتی و به‌رده‌وام ده‌بێت و پێویستیشه به‌رده‌وام بێت، ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین خوێنی تازه بێته ناو حكومه‌ت، حه‌زده‌كه‌ین فكر‌و بۆچوونی تازه خه‌ڵك به‌بڕوانامه‌ی نوێوه بێته ناو حكومه‌ته‌كه‌مان و حكومه‌ته‌كه‌مان نوێ بكاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا نه ئێمه وه‌كو حكومه‌ت ته‌نها ده‌رفه‌ت ته‌نها هه‌ل بۆ هاووڵاتیان رێكبخه‌ین بۆئه‌وه‌ی بێنه ناو حكومه‌ت ئیش بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه ده‌بێت وا له‌خه‌ڵك بكه‌ین به‌شداربن له بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت بۆئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت له‌كه‌رتی تایبه‌تدا كار بكات وه‌زعی باشتریش بێت له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر له‌ناو حكومه‌تدا كاربكات.
*ئه‌مه به‌چی ده‌بێت؟
-یه‌كێك له‌شته‌كان هاوسه‌نگییه‌ك نییه له‌نێوان ئیمتیازاته‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ناو حكومه‌تدا كارده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌كه‌رتی تایبه‌ت كارده‌كات، چ له‌ڕووی خانه‌نشینه‌وه چ له‌ڕووی یاساكانه‌وه كه مافی فه‌رمانبه‌رێكی حكومه‌ت ده‌پارێزێت به‌راوردی بكه‌یت به‌و كه‌سه‌ی كه له كه‌رتی تایبه‌تدا هه‌یه ئه‌و هاوسه‌نگییه نییه، بۆیه ده‌بێت ئه‌مه پێداچوونه‌وه به‌یاسای كاری خۆماندا بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی وای لێبكه‌ین وه‌كو هانده‌رێك بێت هه‌م ته‌شجیعێك بێ بۆ كۆمپانیاكان تاكو هاووڵاتی ته‌عین بكه‌ن به‌دوای ده‌رچووانی تازه‌دا بگه‌ڕێن به‌دوای خه‌ڵكی گه‌نجی تازه‌و زیره‌كدا بگه‌ڕێن بۆ كۆمپانیاكانیان، هه‌م بۆئه‌وه‌ش ئێمه بتوانین بازاڕه‌كه‌مان گه‌رمتر بكه‌ینه‌وه یه‌كێك له‌كاره‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گرێدانه‌وه‌ی زانكۆكانمانه به‌بازاڕی كار، راسته ئاماژه‌ت به‌وه‌دا كه زانكۆمان زۆره‌و زیاتریشمان ده‌بێ و پێویستیشه زیاتر بێ، به‌ڵام ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندێك بكه‌ین ئایا ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی له‌و زانكۆیاندا ده‌خوێنرێن چ په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌یه به بازاڕی كاری خۆمانه‌وه، هه‌یانه، نیانه؟ من گومانم هه‌یه له‌وه‌ی كه 100% گونجاوه له‌گه‌ڵ بازاڕی ئه‌مڕۆی كوردستان.
*خواستنی كه‌رتی تایبه‌ته، باشه له‌وڵاتی ئێمه بۆ ده‌بێت ئیلا زانكۆ ته‌واو بكه‌یت ئینجا هه‌لی دامه‌زراندنت هه‌یه؟ بۆ حكومه‌ت له‌پێشدا هه‌لی دامه‌زراندن به زانكۆ ده‌دات ئینجا په‌یمانگاكان دواتر بۆ خواره‌وه؟ ئه‌وانه‌ی كه خوێندنی پیشه‌یین له‌كوێی دامه‌زراندندا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه؟
- خۆی قسه‌كه‌ت زۆر جوانه ئێمه ده‌ستمان به‌وه كردووه كه چۆن بتوانین سه‌نته‌ری راهێنان دابمه‌زرێنین تاكو پێویست نه‌كات هه‌موو كه‌سێك كه له‌ئاماده‌یی ده‌ره‌چێت كه قۆناغه‌كانی خوێندن ورده ورده ته‌واو ده‌كات بچێته زانكۆ ئه‌مه باوه‌ڕ بكه زۆر وڵاتم بینیوه رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له مه‌كته‌به‌وه ده‌چنه زانكۆ له كوردستان زۆر زیاتره له‌وڵاتانی تر.
*خه‌تای خه‌ڵكه یان خه‌تای حكومه‌ته؟
- خه‌تای سیستمه‌كه‌مانه، ئێمه سیستمێكمان هه‌یه لێره، مه‌سه‌له‌ی زۆری زانكۆش نییه، چونكه زانكۆ پێویسته، وڵاتێكی فراوانمان هه‌یه هێڵی گواستنه‌وه‌یه‌كی گشتی وامان نییه كه بتوانین به‌ڕێكوپێكی شار‌و شارۆچكه‌كانمان ببه‌ستینه‌وه به‌یه‌كه‌وه تاكو خوێندكارێك له‌شارێكه‌وه بتوانێ له‌شارێكی تر بچێت بخوێنێ و ئێواران بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی خۆی، بۆیه ئه‌و وه‌زعه‌ی كوردستان پێویستی به‌وه‌یه كه ئێمه ئه‌م زانكۆیانه‌مان هه‌بێ، خۆشحاڵین ئه‌مڕۆ كه رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر زانكۆی ئه‌هلیش ده‌كرێنه‌وه، كه به‌رنامج و مه‌نهه‌جی نوێ ده‌هێنن بۆ كوردستان و جۆره مونافه‌سه‌یه‌كیشیان دروستكردووه له‌گه‌ڵ زانكۆ حكومییه‌كانمان، ئێستا وایان له زانكۆ حكومییه‌كان كردووه كه حه‌زبكه‌ن ئاستی پیشه‌یی مامۆستاكانیان به‌رزتر بێ، مه‌نهه‌جه‌كانیان تازه بكه‌نه‌وه ئه‌مه شتێكی باشه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌بێت بیكه‌ین ئه‌و گرێدانه‌یه له‌نێوان زانكۆ‌و بازاڕی كار‌و ئه‌وه‌ی كه ناشچێته زانكۆ ده‌توانێت بچێت بۆ په‌یمانگاكان بۆ سه‌نته‌ری راهێنان به‌تایبه‌ت له پیشه هه‌نده‌سییه‌كان بڵێین، ده‌توانم ئێستاش بڵێم له‌هه‌ندێك بواردا ئێمه له‌دوای وڵاتانی ترین له‌ڕووی پیشه‌یی هه‌ندێك كاره‌وه.
* باشه كاك قوباد له‌كاتێكدا رێژه‌ی به‌تاڵی هه‌یه له‌هه‌رێمی كوردستاندا، گه‌نجمان هه‌یه ئه‌وه یه‌كێك له ئه‌ندازیاره گه‌نجه‌كانمان ده‌ڵێت نه له‌حكومه‌ت هه‌لی دامه‌زراندنم هه‌یه، قه‌یرانی دارایی‌ش وایكردووه كه له‌كه‌رتی تایبه‌تیش جێگه‌م نابێته‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكێكی بیانی ده‌بینیت له‌م وڵاته كارده‌كات، له‌به‌نگلادیشی له نیپاڵی له چینی له لوبنانی له سوری، ته‌فسیری ئێوه بۆ ئه‌مه چییه؟
- له‌لایه‌كه‌وه كێشه‌یه‌كه بۆ حكومه‌ته‌كه‌مان كه ئێمه كۆمپانیاكان كه هه‌ندێك خزمه‌تگوزاری پاككردنه‌وه‌یه صیانه‌یه مه‌جبوربوون خه‌ڵك له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بهێنن بۆ كوردستان ئه‌و ئیشانه بكه‌ن، جا نازانم خه‌ڵكی خۆمان نایانه‌وێت ئه‌و ئیشانه بكه‌ن، ره‌نگبێت هه‌ندێك ئیش لێره له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌عه‌یبه دابنرێت، كه ئه‌مه عه‌یبه وه‌كو كه‌ناسێك بیت نازانم ئه‌مه لای من شتێكی ناڕه‌وایه.
*پرسیار هه‌یه ده‌ڵێن كاك قوباد تاڵه‌بانی بۆ خۆی به‌نمونه ئه‌و ئیشانه ده‌كات؟ یه‌عنی تۆ خۆت قبوڵ ده‌كه‌یت ئه‌و ئیشانه بكه‌یت تا گه‌نجێكی ئه‌م وڵاته بیكات؟
- من وه‌ختی خۆی پێش ئه‌وه‌ی بێم بۆ كوردستان پێشئه‌وه‌ی بچم بۆ ئه‌مریكا، له‌ئه‌مریكا بۆ نمونه فیته‌ریم كردووه كه شتێكی زۆر ته‌بیعییه‌و فه‌خریشی پێوه ئه‌كه‌م كاتێك بووه ته‌له‌به‌بووم پێویستم به پاره بوو ئیشم ئه‌كرد، شتێكی ته‌بیعیش بوو نه عه‌یبه بوو ئیش ئیشه به عه‌كسه‌وه.
* بمبوره ئه‌مه ده‌ڵێم ئه‌مه راستییه یان چیرۆكێكی دروستكراوه كوڕێكی جه‌لال تاڵه‌بانی
- قابیله درۆت له‌گه‌ڵدا بكه‌م
* نا ببوره یان چیرۆكێكی دروستكراوه قوباد تاڵه‌بانی فیته‌ری كردووه؟
- فیته‌ریم كردووه، بۆ فیته‌ری، شتێكی ته‌بیعی و ئاساییه شتێك نییه كه حه‌قه خه‌ڵك سه‌ری بسوڕمێ بۆ ئه‌مه‌ی كردووه! جا من حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا عه‌یبه نه‌مێنێت له ئیشی قانونی، ئه‌گه‌رئیشێك بێ شه‌رعی بێ كه فه‌رق نه‌كات ئیشه‌كه چییه هه‌نده‌سییه فیته‌رییه پاككردنه‌وه‌یه ئیش ئیشه، ئێسته ئێمه ئه‌م هه‌موو هوتێلانه‌مان هه‌یه له كوردستان هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره چوار ئه‌ستێره سێ ئه‌ستێره دوو ئه‌ستێره به‌شی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و هۆتێلانه ئیش ده‌كه‌ن بیانین، به‌س ئێستا خه‌ڵكی رۆژئاواش هاتوون خه‌ڵكی باكوور هاتوون له وڵاتانی تره‌وه خه‌ڵك ده‌هێنن لوبنانی هاتوون ئاسورییه‌كان ئیشه‌كان ئه‌كه‌ن، من ئه‌مه‌وێت له خه‌ڵكی خۆمان بپرسم ئایا بۆ خه‌ڵكی خۆمان ئه‌و كارانه ناكه‌ن؟ ئیمتیازاته‌كه‌ی خراپه؟ باوه‌ڕناكه‌م، هه‌ندێك له‌م هۆتێله پێنج ئه‌ستێره‌و چوار ئه‌ستێرانه هۆتێلی جوانن هۆتێلی گرانن ئایا ره‌نگبێت خه‌له‌له‌كه له‌وێدا بێت كه ئێمه سه‌نته‌ری راهێنانمان نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌چێشتخانه‌كان كارده‌كات یان چ وه‌كو وه‌ستایه‌ك چ وه‌كو شاگردێك كه وای لێبكه‌ین خۆی زیاتر فه‌خر له ئیشه‌كه‌یه‌وه ببینێ وه‌كو ئیشێكی پیشه‌یی بیبینێت، نه‌ك وه‌كو ئیشێك كه مه‌جبوره بیكات ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكه له‌سه‌ر ئێمه چ وه‌كو حكومه‌ت چ له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی چێشتخانه‌یان هه‌یه یان هۆتێلیان هه‌یه كه هاوكارمان بن بۆئه‌وه‌ی سومعه‌ی ئه‌م ئیشانه ئه‌م پیشه‌ییانه باشتر بكه‌ین.
* جه‌نابتان نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن، پرسیارێكی زۆر هه‌یه له‌شه‌قام كاك قوباد نوێنه‌رایه‌تی ی.ن.ك ده‌كات، مه‌رجه‌عێكی هه‌یه له‌یه‌كێتیدا، تا چه‌ند یه‌كێتی پشتیوانی تۆ ده‌كه‌ن له‌حكومه‌ت؟
- وه‌ك پێشتریش وتم شانازییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ من كه ی.ن.ك ئه‌و متمانه‌یه‌ی داوه به من و منی ناردۆته ناو حكومه‌ت وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام من ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی ی.ن.ك ناكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م خه‌ڵك ئه‌وه بزانن كه من نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م، به‌ڵام خۆم یه‌كێتییم هه‌ڵبژاردووه وه‌ك ئه‌و كه‌ره‌سته‌یه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م، من هاتووم لێره ته‌نیا ئیش بۆ یه‌كێتی ناكه‌م، ئیش بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌كی كوردستان ده‌كه‌م وه‌ك جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، بۆیه دڵنیام باوه‌ڕناكه‌م یه‌كێتی من بكات به نوێنه‌ری خۆی له‌ناو ئه‌م حكومه‌ته‌داو دوایی پشتیشم نه‌گرێت.
* فشار هه‌یه له‌سه‌رت له‌لایه‌نی یه‌كێتییه‌وه بۆ ئیش و كاره‌كانی تۆ؟ چه‌ند نامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیت لایه بۆ دامه‌زراندن و بۆ له‌كار لابردن؟
- تائێستا هیچ فشارێكم له‌سه‌ر نه‌بووه له‌لایه‌ن به‌ڕێزانی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، یان هیچ لایه‌كی تر كه شتێك بكه‌م نا یاسایی بێت یان شتێك بێت كه نادروست بێت.
*مه‌رجه‌عی تۆ له یه‌كێتییدا كێیه؟
- مه‌رجه‌عی من له‌یه‌كێتییدا سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك و مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك-ه.
* بۆچی نرخی به‌نزینت گران كرد؟
- من نرخی به‌نزینم گران كرد.
* له‌شه‌قام وا كه‌وتۆته‌وه كه ده‌ڵێن قوباد تاڵه‌بانی نرخی به‌نزینی به‌رز كردۆته‌وه؟
- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی دا له ناچاریدا، كه ئه‌و پاڵپشته‌ی ده‌ماندا به كه‌رتی سووته‌مه‌نی كه‌می بكه‌ینه‌وه، ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو، كه نه‌ك ویستمان نرخی به‌نزین زیاد بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌بوو كه ئیداره‌ی قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی كوردستان بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی كوردستان ده‌گرێته‌وه دابین بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان بتوانن بودجه‌ی كاری خۆیان بۆ بێت و ئیشی وه‌زاره‌تی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بازاڕ گه‌رم بێته‌وه بۆ ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ی كه ده‌درێت به بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان، ئێمه له‌ناچاریدا ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و غاز كه راسته من جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و غازم، بڕیارێكماندا دوای گفتوگۆ‌و روونكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان له په‌رله‌مان و لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌په‌رله‌مان، كه‌ئێمه تائێستا پشتگیرییه‌كی ئێجگار زۆرمان داوه به كه‌رتی سووته‌مه‌نی بۆ په‌یداكردنی سووته‌مه‌نی پاره‌یه‌كی زۆرمان سه‌رف كردووه كه ئه‌م پاره‌یه وای له‌نرخی به‌نزین كردبوو دابه‌زێت، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌م پاره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌كاری بهێنین له‌بواره‌كانی تردا، ده‌بووایه ناچار بووین كه ئه‌و ده‌عمه‌ی سووته‌مه‌نی كه‌م بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌ش وای له‌نرخه‌كه‌ی كرد به‌رز بێته‌وه به‌داخه‌وه.
* تۆ پێداگریت كردبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت له 900 دینار كه‌متربێت؟
- من له‌سه‌ر ئه‌وه پێداگریم نه‌كرد، ئێمه گفتوگۆیه‌كی گه‌رممان هه‌بوو له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه، حه‌ز ناكه‌م لێره‌دا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و گفتوگۆیه باس بكه‌م، به‌ڵام هه‌ندێك قسه كرا كه من پێداگریم كرد له‌سه‌ر ئه‌مه یان ئه‌وه كه ئه‌مه قسه‌ی ناو كۆبوونه‌وه‌یه‌و من نایهێنمه ئێره، به‌ڵام ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌ن بڕیارمانداو ده‌بێت هه‌موومان پابه‌ند بین به‌و بڕیاره‌وه.
*ئه‌م بڕیاره هی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بوو، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان بوو؟
- ئه‌م بڕیاره هی وه‌زیری پلان دانانه وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانه‌و من خۆم ده‌رباز ناكه‌م له‌مه‌سئولیه‌ت، من به‌شێكم له‌و بڕیاره، چونكه هه‌ندێكجار ناچاری بڕیاری بوێر بده‌یت و خه‌ڵك نیگه‌ران بێت لێی، به‌ڵام حوكمڕانی ته‌نیا ناكرێت ئه‌وه بێت كه تۆ ته‌نیا كاره‌كه‌ت ئه‌وه‌بێت دڵی هه‌موو كه‌سێك رازی بكه‌یت، حكومه‌ت به‌رپرسیارێتییه‌كی گرنگه كه ده‌بێت زۆر به‌رپرسانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، به‌داخه‌وه ئێمه ناو به‌ناو ناچار ده‌بین هه‌ندێك بڕیار بده‌ین كه پێده‌چێت خه‌ڵك پێی ناخۆش بێت.
* ئایا ئه‌م بڕیاره‌ی ئێوه شوێنی خۆی گرت، واته پاره‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه كه بتوانن ته‌مویلی پرۆژه‌كان یان مووچه‌ی پێ بكه‌ن؟
- هاوكارییه‌كی زۆر بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین مووچه بده‌ین و ئێستاش به‌رده‌وامین، ئه‌وه مووچه‌ی مانگی 8 كۆتایی پێهاتووه‌و مووچه‌ی مانگی 9 ش به‌ره‌و ته‌ئمین بوونه، ئێمه‌ش له‌م ماوه‌یه‌دا كه ئه‌م گفتوگۆیه ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا چاوه‌ڕێین كه ئه‌و به‌شه‌ی كه مافی ده‌ستوری خۆمانه بۆمان بنێرن، تاكو ئیتر به‌یه‌كجاری ده‌رباز ببین له‌كێشه داراییه‌كانی كوردستان.
*جه‌نابت ده‌ڵێیت به ئومێدین له‌م ماوه نزیكه‌دا بودجه له‌به‌غداوه بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له‌م ماوه نزیكه‌دا پڕۆژه‌ی قه‌رزی كوردستانتان گه‌ڵاڵه كردووه‌و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانتان كردووه، ئومێدتان هه‌یه ئه‌م كێشه داراییه له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر ببێت، بۆچی قه‌رز ده‌كه‌ن؟
-دوو شتی جیاوازن له‌یه‌ك ، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه بۆمان دێت له به‌غداوه به‌شێكی زۆری ده‌درێت به‌مووچه و به‌شێكی زۆریشی ده‌درێت به بودجه‌ی ته‌شغیلی و پرۆژه‌ی به‌كار بردنی وه‌زاره‌ته‌كان، به‌شه‌كه‌ی تریش كه ده‌مێنێته‌وه ده‌درێت به‌پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان، ئێمه كه یاسای وه‌رگرتنی قه‌رزمان په‌سه‌ند كرد له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌ینێرین بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێش په‌سه‌ند بكرێت تاكو ببێت به قانون، هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ سێكته‌ری ئابووری كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین به‌هۆی ئه‌و قه‌رزانه‌وه ته‌مویلی پرۆژه‌ی ستیراتیژی بكه‌ین، ئێمه قه‌رز وه‌رناگرین تاكو بیده‌ین به مووچه یان خه‌رجییه‌كی ته‌شغیلی، ئه‌و پاره‌یه‌ی كه قه‌رزی ده‌كه‌ین بۆ كوردستان وه‌ك ته‌جروبه‌یه‌كیشه ئه‌مڕۆ، ره‌نگه یه‌كه‌م قه‌رز قه‌رزێكی بچووك بێت دوای ئه‌وه گه‌وره‌تر و زیاتر بێت خۆی له‌خۆیدا پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌سترێته‌وه به بانكه‌كانی جیهان و به سیستمی دارایی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ش به پیشه‌ییكردنی بانكه‌كانی خۆشمان و سێكته‌ری ئابوری خۆشمان، پێویستی پێیه‌تی كه ئه‌مجۆره په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ سێكته‌ری بانكی نێوده‌وڵه‌تی.
PUKmedia له كوردستانی نوێ-ه‌وه
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
11:14 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
05:56 PM - 2024-04-19
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
10:43 AM - 2024-04-19
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
پرسەنامە 11:14 PM - 2024-04-19 -
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
کوردستان 08:59 PM - 2024-04-19 -
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
کوردستان 05:56 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19 -
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19