ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له چله‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید
kurdistani 09:09 PM - 2014-10-22مه‌راسیمی چله‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید
ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له مه‌راسیمی یاد و چله‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی ده‌ستی تیرۆر كه له‌لایه‌ن حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه پێشكه‌ش كرا و مه‌راسیمه‌كه له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی چه‌مچه‌ماڵه‌وه رێكخرابوو:
میوانه به‌رێزه‌كان
به‌شداربووانی مه‌راسیمی یاد و چله‌ی ماته‌مینی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی ده‌ستی تیرۆر
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان
ئه‌مڕۆ یاد و چله‌ی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی گیانفیدای قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه، كه له به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی تیرۆریستانی دوژمن به‌گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان گیانیان كرده قوربانی بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان و درێژه‌دان به كاروانی ئازادی و دیموكراسی. پێش هه‌موو شتێك له حزوری گیانی پیرۆزیاندا سه‌ری رێز و نه‌وازش داده‌نوێنین و به‌چاوی پێ‌زانین و ئه‌مه‌كه‌وه ده‌ڕوانینه قوربانیدان و خۆنه‌ویستی و قاره‌مانێتییان. هه‌روه‌ك هاوخه‌می و هاوسۆزی بۆ كه‌سوكار و بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ره‌كانیان ده‌رده‌بڕین كه شه‌هیدبوونیان خه‌ساره‌ت بوو بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستان، چونكه شه‌هیدان و هێزی پێشمه‌رگه و كادره ئازا‌و بوێره‌كانی یه‌كێتی، خاوه‌نی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن. هه‌ر ئه‌وه‌ش سوورمان ده‌كات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پره‌نسیپه بنچینه‌ییانه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه كه سیاسه‌تی پشت به‌خۆبه‌ستن و پشت به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ستنه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌ی سۆشیال دیموكراته، بۆیه پێویسته پشت به بنه‌مای متمانه به یه‌ككردن ببه‌ستین له‌گه‌ڵ خۆمان و خه‌ڵكیشدا ده‌بێت شه‌فاف بین، چونكه (متمانه به‌یه‌ككردن و شه‌فافیه‌ت) بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایه.
ئه‌مڕۆ له مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا قۆناغێكی هه‌ستیار و گرنگه، كه عیراق و هه‌رێمه‌كه‌مان و ناوچه‌كه و جیهان به‌گشتی پێیدا تێده‌په‌ڕن. قۆناغێكه پێویستی به هاوپه‌یمانی و یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی زیاتر هه‌یه، له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆیستان و پاراستنی به‌ها جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تی و ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، قۆناغی خۆیه‌كلاكردنه‌وه و خۆته‌رخانكردنه بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و بیری توندڕه‌ی. چونكه تیرۆر گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه له‌سه‌ر جیهان، له‌سه‌ر دیموكراسی و ئازادی و ئاشتی جیهانی. هه‌ر ئه‌م قۆناغه‌شه كه پشتیوانی و پشتیگیری ته‌واوی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی زلهێز و ئه‌وروپا و ئێرانی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له له‌به‌رگری له‌خۆكردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستان به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌م هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌ش جێگه‌ی سوپاس و پێزانینی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه پشتیوانیكردنی تێكۆشه‌رانی هێزولایه‌نه كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی پارچه‌كانی كوردستان، هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان مایه‌ی ده‌ستخۆشییه.
له‌م جه‌نگه ره‌وایه‌ماندا دژی تیرۆریستان و دڕنده‌كان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و رۆڵی دیار و به‌رچاو و كاریگه‌ریان هه‌بووه له پاراستنی خاك و گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته به‌ده‌ستهاتووه‌كانمان، بۆیه پێویسته بایه‌خ به‌هێزی پێشمه‌رگه بدرێت به‌ژیان و رێكخستنیان له هه‌موو بواره‌كانی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌دا. ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌پێشه‌وه به‌رهه‌می قوربانیدان و خوێنی شه‌هیده‌كانمانن، به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشان و ماندووبوونی خه‌ڵكی كوردستانن، بۆیه ئه‌ركی هه‌موومانه بیانپارێزین و گه‌شه‌یان پێبده‌ین.
ئه‌ركه‌كانمان ته‌واو نه‌بوون و ئامانجی زۆرمان ماوه بیانهێنینه دی، ئه‌ركه دیموكراتییه‌كان، ئه‌ركی به‌رقه‌راركردنی مافه مه‌ده‌نییه‌كان و ئه‌ركی باشتركردن و په‌ره‌پێدانی حكومه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی كه پێویسته بخرێته خزمه‌تی خه‌ڵك و له‌پێناو خه‌ڵك و بۆ خه‌ڵك بێت. كاری حكومه‌تی خۆماڵییه ئه‌رك و زه‌حمه‌ت و قورسایی له‌سه‌ر شانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كه‌م بكاته‌وه و چاره‌سه‌ری ته‌واوی داخوازییه ره‌واكانی خه‌ڵك بكات له ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تگوزاری زیاتر و بوژاندنه‌وه و ژیاندنه‌وه‌ی گونده‌كان و بایه‌خدان به ژیانی خه‌ڵكی لادێ و جووتیارانی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان و كڕینه‌وه‌ی به‌روبومه‌كانیان به‌گشتی، چاره‌سه‌ری ته‌واوی گرفته‌كانی به‌نزین و سووته‌مه‌نی و كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌پێی تێچووی ئێستای نه‌ك گرانكردنی باری سه‌ر شانی خه‌ڵك و شوفێران.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا زیاتر له هه‌ر قۆناغ و كاتێكی دیكه پێویسته هه‌وڵی ته‌واو بۆ جێبه‌جێكردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك پره‌نسیپ بخرێته كار و رێگا به ناڕه‌وایی و ناعه‌داله‌تی نه‌درێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا رێگا به گه‌نده‌ڵیش نه‌درێـت كه رۆچۆته ناو زۆرێك له داموده‌زگاو ئۆرگانه‌كانه‌وه.
بنه‌ماكانی (هاووڵاتیبوون، مافی مرۆڤ، سه‌روه‌ری یاسا، ئازادییه دیموكراتییه‌كان و ئازادی بیروڕا، فره‌حزبی- كاری پێكه‌وه‌یی، جه‌ماوه‌ریی- یه‌كترقبوڵكردن) بنچینه‌یی و نه‌گۆڕن و ده‌بێت قۆناغ به قۆناغ هه‌وڵ بۆ پته‌وكردنیان بدرێت و له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌مدا بگونجێنرێن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا. خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیانه داوای ژیان و گوزه‌رانێكی باشتر بكه‌ن، كه پۆل پۆل رۆڵه‌كانی له‌م پێناوه‌دا گیانیان به‌خت ده‌كه‌ن .
ئه‌مڕۆ هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی و ده‌ستبه‌كاربوونی نوێنه‌رانمان نراوه، له‌م بواره‌شدا پێویسته حكومه‌تی فیدراڵ هاوكار بێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته بنه‌ڕه‌تییه‌كان ئه‌ویش به هێنانه‌دی شه‌راكه‌تی ته‌واو له پرۆسه‌ی سیاسی و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و دارشتنی یاساكان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانیان وه‌ك یاسای پێشمه‌رگه، یاسای نه‌وت و غاز، جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری و چیتر دوانه‌خستنی، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كه به‌پێی یاسا مافێكی (موكته‌سه‌به) و دواخستنیشی كارێكی نایاسایی و نادروسته.
ئه‌مڕۆ بارودۆخی كوردستان به‌گشتی له به‌رگریكردن و پاراستندا به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو ده‌نێت، له هه‌لومه‌رجه‌شدا رۆڵی خه‌ڵك ،له كۆمه‌ك و هاوكاری و پشتیوانییه‌كانیان به‌رز ده‌نرخێنین، هه‌روه‌ك رۆڵ و جێده‌ستی رێكخراوه خێرخوازییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان جێگه‌ی سوپاسه له كۆمه‌ككردن و كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردن له كورستان. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له سه‌ركردایه‌تی سیاسی گه‌لی كوردستان و حزبه كوردستانییه‌كان پێویسته:
1- یه‌كخستن و رێكخستنی نێوماڵی كوردی بێت، پێویسته هه‌موومان به ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه هه‌وڵه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، كورد ببێته خاوه‌نی گوتاری یه‌كگرتوو، ته‌نها ئه‌وه‌ش ده‌بێته مه‌حه‌كی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان.
2- ته‌بایی و یه‌كڕیزیی و یه‌كێتییه، به‌هه‌موو بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌كانیانه‌وه.
3- یه‌كهه‌ڵوێستی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك.
4- دانانی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك به به‌رنامه‌ی دروست و داڕێژراوی ته‌واو بۆ یه‌كخستنی هه‌ڵوێست و گوتاری سیاسی له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌كه و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش.
5- چڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو توانا مرۆیی و سه‌ربازی و لۆجستییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆر و شكستپێهێنانی پیلان و نه‌خشه گڵاوه‌كانی تیرۆریستان دژ به كورد و كوردستان.
6- وه‌لانانی گرفت و ناكۆكییه لاوه‌كییه‌كان و سه‌رقاڵ نه‌كردنی خه‌ڵك پێیانه‌وه، تا پاراستنی كوردستان و گه‌له‌كه‌مان ببێته خه‌می یه‌كه‌م و دوا خه‌می هه‌موومان.
ئێوه‌ش ئه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن
حاكم قادر حه‌مه‌جان
كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
کوردستان 01:21 PM - 2024-04-18 -
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
کوردستان 10:29 AM - 2024-04-18 -
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18