riklam

مه‌لا به‌ختیار:دیموكراسی ته‌نها به‌هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و ئامۆژگاری نایاته‌دی

kurdistani 08:23 PM - 2014-10-21
دیموكراسی له‌وڵاتانی دواكه‌توودا ته‌نها به‌هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و ئامۆژگاری نایاته‌دی

دیموكراسی له‌وڵاتانی دواكه‌توودا ته‌نها به‌هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و ئامۆژگاری نایاته‌دی

مه‌لا به‌ختیار پێشوازی له‌ سكرتێری یه‌كه‌می باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌ توركیا ده‌كات و له‌ گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌شدا، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌، عیراق و كوردستان تاووتوێده‌كرێت و بیروڕای پێویستیش سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانی داعش و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهان و پرۆسه‌ی دیموكراسی و ئازادی ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن.

له‌و كۆبوونه‌وه‌ دۆستانه‌یه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ 21/10/2014 له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ندرو وێب سكرتێری یه‌كه‌می باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌ توركیا، سوپاسی تایبه‌تی ئاڕاسته‌ی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی كرد، بۆ پێشوازی و دیداره‌كه‌ی و وێڕای رونكردنه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی، كه‌ وتی بۆ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌ردانی شاری سلێمانی ده‌كات، رایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، كه‌نه‌دا هه‌وڵه‌كانی بۆ كوردستان زیاتركردووه‌، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییانه‌ی داعشه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر كوردستان دروستبووه‌.

وتیشی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم، كه‌ حكومه‌تی كه‌نه‌دا زۆر هاوسۆز بووه‌ له‌گه‌ڵ كورد، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد، وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌ركردایه‌تی دیموكراسی ده‌كات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستداو راشیگه‌یاند: له‌وكاته‌وه‌ی داعش هاتووه‌ته‌ عیراقه‌وه‌، ئێستا دوژمنێكی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی كه‌نه‌دا به‌ سه‌رباز به‌شداری نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵ و كاره‌كانی بۆ پشتیوانی كوردستان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی داعش زۆرتر كردووه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ئه‌ندرو وێب ئاماژه‌ی به‌ هاوكارییه‌ لۆجستییه‌كانی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ كوردستان و هاوكاری پێشمه‌رگه‌ كردو سه‌ردان و ئاماده‌یی خۆیشی له‌ كوردستان بۆ ئاگاداربوونی زیاتر له‌ بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی كوردستان و عیراق ناوبرد.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه‌ كه‌نه‌دا له‌ناو ئه‌و بارودۆخه‌ی عیراق و سوریای گرتووه‌ته‌وه‌و كوردستانیش له‌نێویاندا بووه‌ به‌ پرسێكی گرنگ، حكومه‌تی كه‌نه‌دا هه‌نگاوی تازه‌ ده‌نێت بۆ هاتنه‌ ناو رووداوه‌كان و كه‌نه‌داشی به‌ یه‌كێك له‌ وڵاته‌ گرنگه‌كانی باكووری ئه‌مریكا پێناسه‌ كردو وتیشی: له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌دا، كه‌نه‌دا پێگه‌و رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ رۆژئاوادا، كه‌نه‌دا یه‌كێكه‌ له‌ نموونه‌ جوانه‌كانی دیموكراسی.

له‌وڕووه‌شه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ پرسی ئاسایش و ئارامیدا، روونیكرده‌وه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵات، ئێستا بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ مه‌یدانه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و ئارامی جیهانی و وتیشی: ده‌ركه‌وت كه‌ جیهانگیری، ته‌نها میدیاو به‌رژوه‌ندی ئابووری نیه‌ له‌ جیهاندا، به‌ڵكو دوو راستی تر ده‌ركه‌وتن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌حاڵه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری له‌ جیهاندا بپارێزرێت، ئه‌گه‌ر دیموكراسی له‌ جیهاندا په‌ره‌نه‌سه‌نێت، مه‌حاڵیشه‌ دیموكراسی په‌ره‌بسێنێت، ئه‌گه‌ر كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتانی دواكه‌وتوو چاره‌سه‌رنه‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌شی به‌ ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی گرنگ پێناسه‌ كرد، بۆ وه‌رگرتن و قبوڵكردنی باشتركردنی دیموكراسی له‌م ناوچانه‌دا، دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ دیموكراسی له‌ وڵاتانی دواكه‌توودا ته‌نها به‌ هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و ئامۆژگاری نایاته‌دی، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان و چۆنییه‌تی گۆڕینی ژیانی هه‌ژاری و بێكاری خه‌ڵكه‌وه‌.

مه‌لا به‌ختیار جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یی و وشیاری خه‌ڵك بۆ گوێگرتن له‌ خیتابی دیموكراسی لاوازه‌، به‌ڵام ئاماده‌یی خه‌ڵك بۆ گوێگرتن له‌ خیتابی سه‌له‌فی به‌هێزتره‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتووه‌، كێشه‌ی ئابووری زۆره‌، نه‌خوێنده‌واری زۆره‌، ئه‌قڵ و كه‌له‌پوری فێنده‌مێنتالیزم له‌م وڵاتانه‌دا هێشتا ده‌ستكاری نه‌كراوه‌و وتیشی: ئه‌گه‌ر دواكه‌وتوویی نه‌بێت، چۆن لۆژیكێكی تێدایه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا دوو رێكخراوی تیرۆرستی (داعش و خوراسان) په‌یداببن، ئاسایشی هه‌موو جیهان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كانی له‌وه‌وبه‌ریش.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ رۆژئاوا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ ئه‌مریكاو كه‌نه‌داشه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه‌، ستراتیجێكی دیموكراسیان له‌ هه‌موو بارێكه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌بووه‌، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شمان بینی كه‌ چی هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌و وتیشی: بۆ رۆژئاوا چه‌نده‌ به‌رژوه‌ندی ئابووری له‌م ناوچه‌یه‌دا گرنگه‌، ئه‌وه‌نده‌ش پشتیوانیكردن له‌ خه‌باتی دیموكراسی بۆیان گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسی هه‌موو جیهان بگرێته‌وه‌.

له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند: ده‌ركه‌وت كه‌ كوردو كوردستان، هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان، یه‌كێكن له‌ مه‌یدانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خه‌باتی دیموكراسی له‌ ناوچه‌كه‌و جیهانیشدا، چونكه‌ مێژووش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، هه‌ر میللـه‌تێك حزبه‌كانی له‌ پێناوی ئازادیدا تێبكۆشن، ئه‌وا ئه‌و میللـه‌ته‌ ئازادیخوازه‌، ئه‌مه‌ش واده‌خوازێت، كه‌ ئیتر ده‌بێت رۆژئاوا له‌ چاوی حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ سه‌یری میللـه‌ته‌كه‌مان نه‌كات، به‌ڵكو له‌ چاوی میللـه‌ته‌كه‌مانه‌وه‌، له‌ چاوی حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانه‌وه‌، له‌ چاوی دیموكراسییه‌وه‌، سه‌یری حكومه‌ته‌كان بكات و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان به‌راوردبكرێت به‌ حكومه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌، ئه‌وا ده‌ستكه‌وتی دیموكراسی گه‌وره‌مان له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی رونكردنه‌وه‌ی پێویستی سه‌باره‌ت به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزو لایه‌نه‌كانی كوردستان و به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی كردو رایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی، به‌ڵام یه‌كڕیزی و یه‌كگوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردمان به‌لاوه‌ گرنگتره‌و پێكیشه‌وه‌ كارده‌كه‌ین كێشه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكه‌ین، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاندو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌تایبه‌تی جێبه‌جێكردنی ده‌ستور به‌گرنگ ده‌زانین و وه‌كو كوردیش خۆمان له‌ لێپرسراوێتی ناشارینه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕینی بودجه‌و موچه‌ی به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ زانی ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی كوردستان.

PUKmedia  تایبه‌ت

19232021102014_IMG_7921.jpg

25232021102014_IMG_7912.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket