riklam

سه‌رۆك كۆمارو باڵیۆزی پاكستان له‌عیراق كۆده‌بنه‌وه‌

kurdistani 06:29 PM - 2014-10-21
كارێكی باشتان كرد كه‌ سه‌ردانی سلێمانیتان كردووه‌

كارێكی باشتان كرد كه‌ سه‌ردانی سلێمانیتان كردووه‌

ئه‌مڕۆ 21/10/2014 د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد له‌ محه‌مه‌د ئیفتیخار ئه‌نجوم باڵیۆزی پاكستان له‌ عیراق.

له‌ دیدارێكدا، سه‌رۆك مه‌عسوم وێڕای به‌خێرهاتنی باڵیۆزی پاكستان ئاماژه‌یكرد بۆ په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان عیراق و پاكستان و پێویستی زیاتر به‌هێزكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كی سیاسی، ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌.

باڵیۆزی پاكستان سڵاو و رێزی سه‌رۆك كۆمار مه‌منون حسێن و سه‌رۆك وه‌زیری پاكستانی گه‌یاند به‌ سه‌رۆك مه‌عسوم، كه‌ داوای سه‌ركه‌وتنی هه‌میشه‌ییان بۆ كردووه‌ له‌ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا.

له‌و دیداره‌دا باڵیۆز ئه‌نجوم ئاماژه‌یكرد بۆ رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان عیراق و پاكستان كه‌ ره‌گ و ریشه‌یه‌كی قوڵی هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی ئابووری، كلتووری و سه‌ربازی، سه‌رباری گه‌شتیاریی ئایینی.

هه‌روه‌ها روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین خوێندكاری پاكستانی ئێستا له‌ شاری نه‌جه‌فی پیرۆز ده‌خوێنن و گه‌شتیارێكی زۆریش دێن بۆ عیراق و سه‌ردانی جێگه‌ نزرگاو شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و ئارامگای شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا، باڵیۆزی پاكستان باسی سه‌ردانه‌كه‌ی كرد بۆ سلێمانی كه‌ چاویكه‌وتووه‌ به‌ لێپرسراوان و له‌نزیكه‌وه‌ گه‌شه‌كردنی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری شاره‌كه‌ی بینیوه‌و رایگه‌یاند كه‌ "رێككه‌وتون بۆ رێكخستنی ئاڵوگۆڕكردنی سه‌ردان و هاتوچۆ به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی هاریكاری له‌گه‌ڵ عیراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌ پێناوی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو گه‌لی دۆست.

سه‌رۆك مه‌عسومیش ده‌ستخۆشی له‌ باڵیۆزی پاكستان كرد بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و وتی: كارێكی باشتان كرد كه‌ سه‌ردانی سلێمانیتان كردووه‌، هه‌روه‌ك هانیشیدا سه‌ردانی شاره‌ عیراقییه‌كانی تری وه‌ك هه‌ولێرو به‌سره‌و كه‌ركوكیش بكات بۆ پته‌وكردنی رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی هاریكاری نێوان عیراق و پاكستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

له‌ كۆتاییشدا سه‌رۆك مه‌عسوم به‌ باڵیۆز ئه‌نجومدا سڵاوی نارد بۆ سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆك وه‌زیری پاكستان و سوپاسی سڵاو هه‌ستی برایانه‌ی كردن.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket