riklam

مه‌لا به‌ختیار: تائێستا وه‌ك كورد به‌شێك بوین له‌چاره‌سه‌ر

kurdistani 06:17 PM - 2014-10-21
 له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا

مه‌كته‌بی سیاسی، له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كۆبوه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ 21-10-2014، له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی، هه‌ڤاڵان مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح و حاكم قادر حه‌مه‌ جان، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی، بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و ته‌حسین نامیق، جێگری لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیان له‌كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كرد، كه‌ پێكهاتبوون له‌ ریچارد ئۆتاوای، ئان كلود، ساندرا ئۆزبۆرن، نه‌هیم زه‌هاویو خاتو بلیندا، جێگری باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عیراق و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتییه‌وه‌ به‌خێرهاتنی كردن و ئومێدی خواست كه‌ سه‌ردانی ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا بۆ كوردستان، سود بگه‌یه‌نێ به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان و به‌ریتانیا، به‌تایبه‌ت له‌خزمه‌تكردنی ئاشتی.

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا، مه‌لا به‌ختیار، به‌گرنگییه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌سه‌ردانه‌كه‌ كردو جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا له‌كاتێكدا سه‌ردانی كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ له‌هه‌لومه‌رجێكی چاره‌نوسساز سه‌باره‌ت به‌ئاشتی، سه‌باره‌ت به‌دیموكراسی هه‌م له‌ناوچه‌كه‌و هه‌م له‌جیهانیشدا تێده‌په‌ڕێت و وتیشی: بێگومان كوردستان، ئێستا ئه‌و كوردستانه‌ نییه‌ كه‌ یه‌كه‌مجار خاتوو ئان كلود، بوو به‌دایكی كوردستانو تاك تاك نه‌بێ، هیچ كه‌سێك پشتیوانی لێ نه‌ده‌كردین.

راشیگه‌یاند: له‌م كاته‌دا كه‌ كوردستان و پێشمه‌رگه‌، به‌رامبه‌ر به‌داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن و به‌رگری له‌ئازادی و به‌رگری له‌هه‌موو جیهان ده‌كات، كه‌ ده‌بێ مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست ئه‌م تیرۆریستانه‌ رزگار بكرێ.

دوپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌م كوردستانه‌ی ئێستا بووه‌ به‌سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن له‌ ئازادی، سه‌ری هه‌موو ئه‌و په‌رله‌مانتارو حزب و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی به‌رز كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌رگریان له‌كوردستان كردووه‌.

له‌به‌شێكی تری گفتوگۆی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی، له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیاو له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ له‌چڵ ساڵی رابردودا، هه‌ركه‌سێك به‌رگری له‌كورد كردبێ، ئێستا بۆی ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌و به‌رگرییه‌ی له‌كورد كردویه‌تی، له‌جێگه‌ی خۆیدا بووه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، باردۆخی عیراقی به‌ناجێگرو خراپ هه‌ڵسه‌نگاندو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ سوپای عیراق و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی عیراق لاوازن و وتیشی: كه‌ ئێستا سێ پارێزگای عیراق، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین و به‌شێكی كه‌می دیاله‌و كه‌ركوكیش به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ن و به‌داخیشه‌وه‌ تائێستا حكومه‌تی عیراق، نه‌یتوانیوه‌ شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش بكات و ئه‌و شارانه‌ رزگار بكات.

رونیشیكرده‌وه‌: وه‌كو كورد له‌م بارودۆخه‌دا جارێكی تر كه‌وتینه‌وه‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی تری مێژوویی، كه‌ هاوكاری حكومه‌تی عیراق بكه‌ین بۆ شه‌ڕی داعش.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، كه‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر عیراق و ناوچه‌كه‌ كردو رونیشیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌رچی داعش له‌كوردستان جگه‌ له‌شه‌نگال نه‌یتوانی له‌هیچ شوێنێكی تر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت و پێشمه‌رگه‌ به‌درێژایی هه‌زارو 200 كیلۆمه‌تر رووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانی داعش وایكردووه‌، كه‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی، فیدراڵی و ده‌ستورییه‌كه‌ی عیراق و ناوچه‌كه‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌و راشیگه‌یاند: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، مه‌ترسییه‌كانی داعشی ده‌زانی و هه‌ستیپێكردبوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستی روونی خۆی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان ئاشكرا كرد.

له‌و رووه‌شه‌وه‌، پاشئه‌وه‌ی به‌بایه‌خه‌وه‌ هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و پشتیوانی هاوپه‌یمانی دژی داعش هه‌ڵسه‌نگاندو دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌: تامه‌ترسییه‌كه‌ گه‌وره‌تر نه‌بووه‌، پێویسته‌ پشتیوانی و هاوكارییه‌كان زیاتر بكرێن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌درێژایی یانزه‌ ساڵی رابردوو، له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌، تائێستا وه‌ك كورد به‌شێك بوین له‌چاره‌سه‌رو ئه‌مجاره‌ش هه‌روامانكرده‌وه‌ بۆ رزگاركردنی عیراق له‌مه‌ترسییه‌كان له‌به‌غداوه‌، ئه‌گه‌رچی هێشتا كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له‌وانه‌ كێشه‌ی نه‌وت، كێشه‌ی بوجه‌، كێشه‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستور، كێشه‌ی خانه‌نشین نه‌كردنی پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا، مه‌لا به‌ختیار، رایگه‌یاند: وه‌كو میلـله‌تێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێین كه‌ ده‌مانه‌وێ له‌عیراق جیاببینه‌وه‌، له‌كاتێك پێنج لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردستان به‌شداری حكومه‌تی نوێی عیراقیان كردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌: ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ یارمه‌تیمان بدات مافی خۆمانه‌و تاوان نییه‌. تاوان ئه‌وه‌یه‌ حاكمی وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌كو عیراق بیت و نه‌توانی مافه‌ دیموكراسییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌یت.

له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌، سه‌رۆكی وه‌فدی په‌رله‌مانتارانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، سوپاسی پێشوازیی هه‌ڤاڵانی ده‌سته‌ی كارگێڕو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی كردو له‌وته‌یه‌كیشدا، پاشئه‌وه‌ی سڵاو و رێزی په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیای گه‌یانده‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی، رایگه‌یاند كه‌: به‌گرنگی و به‌ بایه‌خه‌وه‌، پێگه‌و شوێنی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، چونكه‌ كوردستان سه‌نگه‌رێكه‌ بۆ به‌رگری له‌ئازادی و دیموكراسی.

وتیشی: خۆشحاڵین وه‌ك داكۆكیكارو شه‌ڕكه‌رێكی ئازادیو دیموكراسی، هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بین له‌گه‌ڵتاندا.

له‌به‌رامبه‌ریشدا، عومه‌ر فه‌تاح، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا پشتیوانی زیاتر له‌میلـله‌ته‌كه‌مان بكاتو به‌ئاماژه‌كردنیش بۆ مێژووی قوربانییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، پێویستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و هه‌ڵانه‌شی به‌گرنگ زانی، كه‌ له‌مێژوودا به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مان كراوه‌. هه‌روه‌ك سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسییه‌كانی داعشیش له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و جیهان، رایگه‌یاند: كه‌ داعش به‌ته‌نها ئامانجی ئه‌م ناوچه‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی هه‌موو جیهانه‌و له‌و رووه‌شه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌كۆی مه‌ترسییه‌كانی داعش، له‌سه‌ر ئازادی و دیموكراسی هه‌م له‌ناوچه‌كه‌و هه‌م له‌جیهانیشدا كردو ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر داعش له‌م ناوچه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا به‌ره‌و رووی هه‌موو جیهان ده‌ست به‌فتوحات ده‌كات و وتیشی: بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش كه‌ تائێستا له‌ناوچه‌كه‌دا به‌رده‌وامه‌، پێویستمان به‌هاوكاریی و پشتیوانیی زیاتره‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ جیهانییه‌ كۆتایی پێبهێنین و هاوكاری مرۆیشی بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی زیاتری ئاواره‌كان به‌تایبه‌ت له‌م وه‌رزه‌دا به‌پێویستییه‌كی گرنگ ناوبرد.

پاشان، له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی، له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا، گفتوگۆی پێویست سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی سیاسیو ره‌وشی ناوچه‌كه‌، عیراق و كوردستان كراو تیایدا، جه‌خت له‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرایه‌وه‌و چۆنێتی هاوكاریكردنی كوردستان و خزمه‌تكردن به‌ئاواره‌كان و زیاتر به‌هاناوه‌چوونیان تاوتوێكرا.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket