riklam

لابردنی سفره‌كانی دراو سود یان زیان به‌ ئابوری ده‌گه‌ێنێت؟

kurdistani 05:55 PM - 2014-10-21
لابردنی سفری دراوی عیراق

لابردنی سفری دراوی عیراق

له‌باره‌ی بڕیاری لابردنی سفره‌كانی سه‌ر دراوی عیراقی و سودو زیانه‌كانی ئه‌و كاره‌ بۆ ئابوری عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ دلێر عه‌بدولقادر ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌ PUKmedia راگه‌یاند: بانكی مه‌ركه‌زی عیراق ده‌توانێت سفره‌كانی سه‌ر دراوی عیراق لاببات و زۆر به‌ ئاسانیش ئه‌توانێت ئه‌م كاره‌ بكات، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌ یان نا، بابه‌ته‌كه‌ له‌ توانین و نه‌توانیندا نییه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ ئایا سودی ئه‌م كاره‌ له‌ چیدایه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند ئه‌توانرێت به‌ ئامانه‌تی ئه‌م دراوه‌ بگۆڕێت و به‌رنامه‌و پلان چییه‌ بۆی.

وتیشی:  دوو ساڵ پێش ئێستا بانكی مه‌ركه‌زی عیراقی ئه‌و فیكره‌یه‌ی هه‌بوو ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا باس كرد، ئه‌و كات من ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی بووم له‌ لیژنه‌ی دارایی چه‌ند شتێكمان داوا كرد یه‌كه‌مجار داوامان له‌ بانكی مه‌ركه‌زی كرد كه‌ ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌سه‌ر دراوه‌كان وه‌كو پێویست گوزارشت له‌ پێكهاته‌كانی عیراق ناكات یه‌كێك له‌وانه‌ كه‌ میلـله‌تی كورده‌ هیچ شتێكی تێدانییه‌ كه‌ گوزارشت له‌ كورد بكات یه‌كه‌مجار پێویسته‌ ئه‌مه‌ بگۆڕدرێت، دوه‌میش باسی ئه‌وه‌مان كرد كه‌ ئایا ئه‌وان پلانیان چییه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌و دراوانه‌.

بانكی ناوه‌ندی هیچ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و گونجاوی نییه‌.


دلێر عه‌بدولقادر راشیگه‌یاند: له‌ راستیدا بانكی ناوه‌ندی عیراق هیچ پلانێكیان نه‌بوو بۆ گۆڕینی دراوه‌كان ته‌نها ئه‌یان وت ئێمه‌ ده‌توانین له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا پاره‌ی عیراقی بگۆڕین و سفره‌كانی سه‌ر ئه‌و دراوه‌ لابه‌رین ئه‌و قسانه‌ی ده‌یان كرد له‌و كاته‌دا ئه‌و پلانانه‌ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و گونجاوی تیادانه‌بوو بۆ ئه‌و كاره‌.

له‌ئێستادا ئه‌و كاره‌ گونجاو نییه‌.

وتیشی: به‌بۆچوونی من بانكی مه‌ركه‌زی عیراق وه‌ختێك ده‌توانێت دراوی عیراق بگۆڕێت كه‌ پلانێكی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابێت له‌وه‌ی كه‌ ئایا چه‌نده‌ دیناری عیراقی هه‌یه‌ ئه‌گۆڕێته‌وه‌ به‌وه‌نده‌ دیناری چاپی نوێ هیچ كێشه‌و گه‌نده‌ڵییه‌كی تێدا نابێت كه‌ ئه‌مه‌ له‌م كاته‌ی ئێستادا زۆر باش نییه‌، دووه‌م كاتێك تۆ پێویستیت به‌وه‌یه‌ ئه‌و دراوه‌ بگۆڕیت، كه‌ بارودۆخی ئابوری ئه‌و وڵاته‌ له‌ گه‌شه‌كردندا بێت، به‌ڵام ئێستا عیراق له‌ قه‌یرانێكی ئابوری گه‌وره‌دایه‌، وا پێشبینی ده‌كرێت ئه‌و وڵاته‌ بكه‌وێته‌ قه‌یرانێكی ئابوری گه‌وره‌تره‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئێستا كه‌ هه‌م نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا دابه‌زیوه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ توشی شه‌ڕی داعش بووه‌ كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌ شه‌ڕدا خه‌رجده‌كات و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سوپای عیراقی نه‌ماوه‌ كه‌ ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلاری تێدا خه‌رجكراوبوو بۆ ئه‌مه‌ش دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ی عیراق پێویستی به‌ خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌بێت.

له‌ بری ئه‌وه‌ ئه‌بێت هه‌نگاوی تر هه‌بێت بیری لێ بكاته‌وه‌ بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌م كاته‌دا عیراق پێویستی به‌وه‌ نییه‌ بیر له‌ لابردنی سفره‌كانی دراوه‌كه‌ی بكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ بری ئه‌وه‌ ئه‌بێت هه‌نگاوی تر هه‌بێت بیری لێ بكاته‌وه‌ بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی كه‌ تێی كه‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها وتی: ئه‌وه‌ی باس له‌وه‌ده‌كرێت دراوی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی عیراق ساڵ له‌دوای ساڵ زیاد ده‌كات خۆی له‌خۆیدا ئه‌مه‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی باشی ئابوری بانكی ناوه‌ندی عیراق نییه‌، ئه‌وه‌نییه‌ بانكی ناوه‌ندی له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌رده‌ستیدایه‌ توانیبێتی به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كاری هێنابێت، كه‌ ئه‌و پاره‌ یه‌ده‌گه‌ نه‌ختینه‌ییه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باش زیادیكردبێت، به‌ڵكو ئه‌و پارانه‌ی كه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و پارانه‌یه‌ كه‌ خه‌رج ناكرێت و خروقاتی ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ بانكی مه‌ركه‌زیدا ده‌مێنێته‌وه‌و تێیدا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رامی عیراق وتیشی: تائێستا به‌شێك له‌ ئابوری ناسان و شاره‌زایانی بواری ئابوری پێیان وایه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی عیراق ئه‌و بڕ پاره‌ زۆره‌ی كه‌ وه‌ك یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی عیراق له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌یه‌تی هیچ سودو قازانجێكی نییه‌، ئه‌مه‌ دراوێكی باش نییه‌و عیراق پێویستی به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ نییه‌ كه‌ میلـله‌تێك برسی بێت و حكومه‌تیش ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌ هه‌ڵبگرێت كه‌ به‌كاری نه‌هێنێت و سودی نه‌بێ بۆی كه‌ هیچ كارێكی پێ نه‌كات .

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا عیراق ده‌توانێت  به‌ئاسانی سفره‌كانی سه‌ر دراوه‌كه‌ی لاببات؟

دلێر عه‌بدلقادر وتی: به‌ڵێ به‌ئاسانی ده‌توانرێت ئه‌و پاره‌یه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا زه‌ره‌و زیانی زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا عیراق قه‌یرانێكی زۆر گه‌وره‌ چاوه‌ڕێیه‌تی .

له‌وانه‌یه‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئابوری عیراق سه‌د له‌ سه‌د سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت.

هه‌رله‌و باره‌ی سودو زیانه‌كانی لابردنی سفره‌كانی دراوی عیراق و كاریگه‌ی له‌سه‌ر ئابوری عیراق د. عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: لابردنی سفری دراوی عیراقی شتێكی باشه‌و ئاساییه‌و سودی باشی ده‌بێت، بۆ نموونه‌ توركیا شه‌ش سفری له‌سه‌ر دراوی لیره‌ی وڵاته‌كه‌ی لابرد و سودێكی زۆر زۆری گه‌یاند به‌ ئابوری وڵاته‌كه‌ی و ئابوری وڵاته‌كه‌ی گه‌شه‌ی كرد، به‌وه‌ش هه‌ڵئاوسانی نرخ كه‌مبوه‌وه‌، بێ كاری له‌و وڵاته‌ كه‌مبوه‌وه‌ سودێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بۆ عیراق له‌وانه‌یه‌ سه‌د له‌ سه‌د سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ :

ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ سفره‌كانی دراوه‌كه‌ی لاده‌بان ده‌بێت ئابورییه‌كی پته‌وی هه‌بێت.

یه‌كه‌م/ ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ سفره‌كانی دراوه‌كه‌ی لاده‌بان ده‌بێت ئابورییه‌كی پته‌وی هه‌بێت، واته‌ ژێرخانی ئابوری پته‌وبێت و داهاتی ناوخۆیی زۆر بێت، ئه‌و بڕیاره‌ بۆ عیراق له‌ ئێستادا له‌مه‌ودای درێژخایه‌ندا سودی زۆری ده‌بێت بۆ ئابوری عیراق، به‌ڵام له‌مه‌ودای كورت خایه‌ندا له‌وانه‌یه‌ ئابورییه‌كه‌ی توشی شڵه‌ژانێك ببێت.

هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌ وتی: هۆی شڵه‌ژانه‌كه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت له‌وانه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی زۆرێك له‌ شمه‌كه‌كان نرخیان به‌رزببێته‌وه‌، هه‌ندێك شمه‌ك نرخی دابه‌زێت به‌ مانا گشتیه‌كه‌ی سه‌قامگیری ئابوری بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ عیراق تێك ده‌چێت بۆ نموونه‌، كه‌ یه‌كه‌ی به‌كارهێنانی مۆبایل له‌ دۆلاره‌وه‌ كرا به‌دینار خه‌ڵك توشی شڵه‌ژانێك بوو.

به‌ ئه‌نجامی درێژخایه‌ن لابردنی سفری پاره‌ی عیراق سودی ئابوری زۆری ده‌بێت.

د. عیزه‌ت وتیشی: به‌ ئه‌نجامی درێژخایه‌ن لابردنی سفری پاره‌ی عیراقی سودی ئابوری زۆری ده‌بێت بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڵام به‌ ئه‌نجامی كورت خایه‌ن، ده‌بێت عیراق باش خۆی بۆ ئاماده‌بكات، چونكه‌ له‌ 80% ی سه‌رجه‌م شمه‌كی عیراق و كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ دێت، ئه‌گه‌ر سفر له‌سه‌ر پاره‌كان لاده‌ببات به‌شێكی زۆری ئه‌و سوده‌ی كه‌ ده‌یبێت ده‌چێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان، به‌ڵام له‌مه‌ودای درێژخایه‌ندا هه‌موو وڵاتێك له‌ دونیادا كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌های پاره‌كه‌ی داببه‌زێت به‌نموون (روسیا، ئه‌رجه‌نتین، توركیا، ئه‌ڵمانیا)، ئه‌م وڵاتانه‌ سه‌رجه‌میان په‌نایان بردۆته‌ به‌ر لابردنی سفری سه‌ردراوه‌كانیان، ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك سفریان له‌سه‌ر دراوه‌كانیان لابردووه‌، بۆ عیراق له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدایه‌ سێ سفر لابه‌رێت .

راشیگه‌یاند: دوو هۆكار هه‌یه‌ كه‌ عیراق، ئه‌توانێت پشتی پێ ببه‌ستێت و به‌سودی ئه‌و وڵاته‌ ده‌شكێته‌وه‌.

یه‌كه‌م/ یه‌ده‌گی دراوی بێ گانه‌ی زۆره‌ كه‌ 100 ملیار دۆلار یه‌ده‌گی دراوی بیانی له‌ بانكی ناوه‌ندی هه‌ڵگرتووه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت بۆ پشتگیری پاره‌كه‌ی.

دووه‌م/ عیراق به‌هۆی فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار داهاتی ده‌بێت، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ كه‌ ئابوری ناسه‌كان پێشبینی بكه‌ن كه‌ بانكی ناوه‌ندی عیراقی له‌ لابردنی سفری دراوی عیراق، كێشه‌ی گه‌وره‌ی نه‌بێت.

عیراق دراوی بیانی زۆره‌.

د. عیزه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوو را هه‌یه‌ كه‌ عیراق پشتی پێ به‌ستووه‌ له‌ لابردنی سفری پاره‌كه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دراوی بیانی زۆره‌ واته‌ یه‌ده‌گی دراوی بیانی زۆره‌، دووه‌م داهاتی نه‌وتیش كه‌ دێته‌ عیراق ئه‌ویش به‌دۆلار ده‌فرۆشرێت .

هه‌موو دینارێكی عیراقی یه‌كسان بكه‌ن به‌ دۆلارێك .
وتیشی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بانكی ناوه‌ندی عیراقی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك سفره‌كانی سه‌ردراوی عیراق لاده‌بات و ئه‌و كات یه‌كسانكردنه‌وه‌ی پاره‌ی عیراقی به‌رامبه‌ر پاره‌ی بیانی چۆن یه‌كسانی ده‌كات، كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت نرخی ئاڵوگۆی دیناری عیراقی و دۆلاری ئه‌مریكی دابنێت، به‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی عیراقی له‌ به‌رچاوبێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتیان سودمه‌ندبن بێ گومان حكومه‌تیش سودمه‌ند ده‌بێت، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سفره‌كانی پاره‌ی عیراقیان لابرد هه‌موو دینارێكی عیراقی یه‌كسان بكه‌ن به‌ دۆلارێك .

PUKmedia زانیار مه‌جید

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket