riklam

عەبادی بۆ وەزیرە كوردەكان:پابەندم بەناردنی موچەو بودجەی هەرێم

kurdistani 10:51 PM - 2014-10-20
حكومەتی عیراق لەسەر بودجەی لیژنەیەكی پێكهێنا

حكومەتی عیراق لەسەر بودجەی لیژنەیەكی پێكهێنا

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبوویەوەو لەكۆبوونەوەكەشدا باسی لەپرۆژە یاسای بودجەی 2014ی عیراق كردوەو لیژنەیەكی بۆ پێكهێناوە تا لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا بڕیاری لێبدرێت، بەڵام باس لەناردنی موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم نەكراوەو عەبادیش بەوەزیرە كوردەكانی وتوە كە بۆ ناردنی بودجەی هەرێم رێگر نیەو پابەندە بەبڕیاری لیژنە وەزارییەكەوە كە وەزیری دارایش تێیدا ئەندامە.

فریاد رەواندزی وەزیری رۆشنبیری حكومەتی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ 2014/10/20 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بەشێوەیەكی گشتی باس لەپرۆژە یاسای بودجەی 2014ی عیراق كرا، بەڵام هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدراوە، تەنها بڕیاردرا لیژنەیەك پێكبهێنرێت كە لەچەند وەزیرێك پێكدێت بۆ ئەوەی دەربارەی بودجەی عیراق بەشێوەیەكی گشتی پێشنیارەكانی خۆیان ئامادەبكەن بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و قسەی لەسەر بكرێت.

لەبارەی ئەوەشی لەكۆبوونەوەكەدا هیچ بڕیارێك لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم نەدراوە، وتی:قسە لەسەر موچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێم نەكرا، چونكە تائێستا كێشەی بودجەی گشتی عیراق چارەسەر نەكراوە، هەوڵدەدەین لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەو بابەتە قسەی لەسەر بكرێت، بەتایبەتیش وەك وەزیرە كوردەكان لەگەڵ هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عیراق قسە دەكەین، لەبەرئەوەی وەزیری داراییەو ئەندامی لیژنەكەشە.

وەزیری رۆشنبیری عیراق راشیگەیاند:لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەبودجەی گشتی عیراق دەكرێت، كە باسی بودجەی عیراقیش كرا یەكێك لەخاڵەكانیش ئەوەی كە چۆن بودجەی هەرێم چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە نیە تەنها بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵكو بابەتەكە پێویستی بەمیكانیزم و كۆبوونەوە لیژنەی هاوبەش هەیە، هەر لەكۆبوونەوەكەشدا وەك وەزیرە كوردەكان كە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران قسەمانكرد وتی هیچ رێگریەكم نیە لەسەر ناردنی  بودجە بۆ هەرێمی كوردستان و لیژنەكە هەر بڕیارێك بدات ئەوا پێوەی  پابەند دەبم.

لەبارەی ئەوەشی وەك وەزیرێكی كورد رەخنەی لەسیاسیەتی نەوتی عیراق گرتوە وتی: بەڵێ لەكۆبوونەوەكەدا رەخنەم لەسیاسەتی نەوتی عیراق هەبوو كە پێشتر سیاسەتێكی سەركەوتوو نەبووە، وتم پێویستە سیاسەتێكی نوێ جێبەجێبكرێت بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت، چونكە عیراق روبەڕووی قەیرانێكی دارایی قورس بوەتەوەو هەموو جومگەو دامەزراوەكانی عیراق دەگرێتەوە، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا كە عیراق روبەڕووی شەڕی داعش بوەتەوە.

PUKmedia گۆران وەهاب   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket