riklam

به‌ریتانیا له‌باودۆخی ژنانی شه‌نگال ده‌كۆڵێته‌وه‌

kurdistani 10:35 PM - 2014-10-20
كۆمه‌كردنی زیاتری ژنانی شه‌نگال

كۆمه‌كردنی زیاتری ژنانی شه‌نگال

بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ تاوانه‌كانی داعش له‌ دژی كچان و ژنانی شه‌نگال وه‌فدێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ 20-10-2014، وه‌فدێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به‌ سه‌ردانێكی ره‌سمی گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یاندا ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌لایه‌ن خاتوو په‌خشان زه‌نگنه‌ ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ ئه‌نجومه‌ن پێشوازیان لێكرا.

وه‌فده‌كه‌ی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا پێكهاتووه‌ له‌ ریچارد ئۆتوای سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ پارتی پارێزگاران، هه‌ریه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی پارتی كرێكارانی به‌ریتانی مارك هێندرێك و خاتوو ساندرا ئۆزبۆرن و ئانا كلۆید، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگاران نازم زه‌هاوی و پیته‌ر ماكگراس بڕیارده‌ری لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌، به‌یاوه‌ری خاتوو بلیندا لۆیس یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی نێرده‌ی باڵوێزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ عیراق.

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا ره‌وشی ئێســتای ناوچه‌كه‌و بارودۆخی ئاواره‌كان و تاوانه‌كانی گروپی تیرۆریستی داعش له‌ ناوچه‌كانی موسڵ و شه‌نگال و ده‌شتی نینه‌وا خرایه‌ به‌رباس،  هه‌ردوولا ئیدانه‌ی تاوانكارییه‌كانی داعشیان كرد، له‌ دژی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌تیش كچان و ژنان و منداڵان، كه‌ قوربانی سه‌ره‌كی ئه‌م تاوانكارییانه‌ن.

خاتوو په‌خشان زه‌نگنه‌ وێڕای باسكردنی پوخته‌یه‌ك له‌ گرنگترین چالاكییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی خانمان له‌بواری كۆكردنه‌وه‌ی داتاو زانیاری و دۆكۆمێنت له‌سه‌ر تاوانكارییه‌كانی داعش، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نیشتمانییه‌كرد، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ئه‌نجامدرا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و كۆمه‌ككردنی ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش ژنان و منداڵان له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا.

هه‌روه‌ها پاڵپشتی به‌ریتانیاو وڵاتانی خۆرئاوای به‌پێویستزانی بۆ به‌جینۆساید ناساندنی مه‌رگه‌ساتی شه‌نگال و رفاندن و به‌كۆیله‌كردنی كچان و ژنانی ئێزیدی، له‌گه‌ڵ هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئێستا به‌هۆی بارانبارین و سه‌رما ره‌وشی ئاواره‌كان به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌چێت و پێویستیان به‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراوبن له‌ باران و سه‌رمای زستان، ئه‌مه‌ش كۆمه‌كی و هاوكاری به‌ په‌له‌ی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته‌.

PUKmedia دلێر ئیبراهیم- هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket