riklam

توركیا لەدەرەوەی بازنەی ئەندامێتیی ... ‌

kurdistani 02:13 PM - 2014-10-20
 ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

توركیا لەدەرەوەی بازنەی ئەندامێتیی ئەنجومەنی ئاسایش ‌

رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2014 لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك، پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەندامێتیی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش ئەنجامدرا، لەو پڕۆسەیەدا هەریەكە لەئیسپانیاو مالیزیاو ئەنگۆلاو نیوزلاندو ڤەنزویلا بوون بەئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ساڵی 2015-2016.
 وەرنەگرتنی یاخود با بڵێین دوورخستنەوەی توركیا، خوێندنەوەی گرنگ و دیپلۆماسی و سیاسی خۆی دەوێت، چونكە هەر لە 69 یەمین كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، وتارەكەی ئەردۆگان زۆر بە ساردی پێشوازیی لێكرا. پاشانیش دوای چەند رۆژێك توركیا شكستێكی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێودەوڵەتی تووش دەبێت. لەو دەنگدانەدا توركیا لەكۆی 193 وڵات تەنها دەنگی 60 وڵاتی هێناوە، لەبەرامبەردا ئیسپانیا توانیویەتی 130 دەنگ بۆخۆی مسۆگەر بكات و ببێتە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش. زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی بەهیچ شێوەیەك چاوەڕوانی ئەوەنەبوون توركیا دووربخرێتەوە، چونكە بۆچوونیان وابوو توركیا دەوڵەتێكی گەورەی هەرێمایەتییە، توركیا زیاتر لەدەیەیەكە سیاسەتێكی روون و راشكاوی هەیە، هەندێك مافی كلتووری بۆ كورد دەستەبەركردووەو پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیا راگەیاندووە. هەموو ئەم خوێندنەوانە ئاماژە گەلێك بوون بۆ ئەوەی توركیا زۆر بەئاسانی دەتوانێت ببێتەوە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەكرا روویداو زللەیەك لەدیپلۆماسییەتی توركی درا. توركیا لەم پڕۆسەیەدا پشت ئەستور بوو بەدەنگی زۆرێك لەوڵاتانی موسوڵمان، ئەمەش لەو دیدەی وڵاتانی ئیسلامی هەرچۆنێك بێت دەنگی خۆیان بۆ ئەندامێتیی توركیا دەدەن، بەڵام وەك راگەیەندرا دەنگی توركیا زۆر كەم بوو، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی نزیك لەناوەندە دیپلۆماسییەكانی توركیا دەنگی 180 وڵاتیان مسۆگەر كردووە، ئەمە لەكاتێكدا لەساڵی 2009-2010 كاتێك توركیا بووە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگی 151 وڵاتی دەستەبەر كرد، بەڵام دەبێت تێبینی ئەوە بكرێت ئێستا بەبەراورد بە 2009-2010 دوو قۆناغی جیاوازە، دوو سەردەمە كەتیایدا سیاسەتەكانی توركیا زۆرێك جیاوازن. لەپێشوودا دیپلۆماسییەتی توركی رووی راستەقینەی خۆی وە دیارنەخستبوو، بەشێوەیەكی میانڕەو لەفۆرمێكی كرانەوەدا خۆی نیشانی جیهان دەدا، وتارەكانی ئەردۆگان باسی لەئاشتی و تۆلێرانس و پێكەوەژیان و مافی گەلان دەكرد، بەڵام ئێستا دیسكۆرسی سیاسیی توركیا زۆر جیاوازە، ئەردۆگان لەهەموو ئەو پەیام و گوتارانەی پێشووتری پاشگەزبۆتەوە، توركیا هاوكاری رێكخراوە تیرۆریستییەكانە، بەهیچ شێوەیەك ناچێتە بەرەی هاوپەیمانێتیی دژ بەداعش، دژی میسرو سعودیەو سوریاو ئێران كار دەكات، دەیەوێت رۆڵێكی هەرێمایەتی گەورەتر بگێڕێت.
بۆیە هەموو ئەم سیاسەتە چەوتانەی توركیا كاریگەری نەرێنی لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەبووە، بۆتە هۆی ئەوەی توركیا كورسی ئەنجومەنی ئاسایش بدۆڕێنێت. بەگوێرەی گۆڤاری نیوز ویكی ئەمریكی: سعودیەو میسر رۆڵێكی گەورەیان بینیووە لەوەی توركیا دەنگی پێویست بەدەست نەهێنێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی توركیا سیاسەتی پاوانخوازی پەیڕەو دەكات، هەردوو دەوڵەتی ناوبراویش ئەم سیاسەتەیان بەلاوە قبووڵ نییە، بۆ ئەوەی جارێكی تر بەناوی ئاین خەلافەتی عوسمانی دروست ببێتەوە.
لەلایەكی ترەوە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، بۆداپۆشینی ئەم شكستە دیپلۆماسییە دەڵێت: بۆیە توركیا دوورخراوەتەوە، چونكە توركیا دەیەوێت كێشەی فەڵەستین چارەسەر بكات، بەڵام لۆبی یەهودی دژ بەتوركیا وەستانەوە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە هەر پشتیوانی دۆزی فەڵەستین دەبین. دیارە ئەم پاساوەی چاوش ئۆغلۆ هیچ بنەمایەكی راستی نییە، چونكە ئێستا توركیا ئەوەندەی دژی عیراق و سوریاو ئێران و میسرو سعودیەو ئیمارات كاری كردووە، دژی ئیسرائیل كاری نەكردووە. سەرچاوە دیپلۆماسییەكان لەسەر ئەم رووداوە بۆچوونیان وایە: ئەمە پەیامێكی گرنگ بوو بۆ ئەردۆگان و ئەحمەد داود ئۆغلۆ بەسیاسەتەكانی خۆیاندا بچنەوە، چونكە تائێستا هەڵوێستی روون و راشكاویان لەسەر داعش نییە. لێ‌ ئەگەر توركیا بایەخی بۆ ناتۆو ئەمریكا هەبێت لەبەرامبەر روسیاو ئێران، بەڵام ئەمە رێگا نادات بەوەی سیاسەتی پاوانخوازی خۆی بسەپێنێت، چونكە توركیا كێشەی سیاسی لەناوخۆدا هەیە، ئابووری توركیا هێندە بەهێز نییە تابتوانێت بەرگەی قەیران و تەنگەژە بگرێت، هەروەها وڵاتانی تریش لەناوچەكەدا داكۆكی لەبەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن. بۆیە ئێستا ئۆپۆزسیۆن لەتوركیا زۆر بەتوندی رەخنە لەسیاسەتە پراگماتیكییەكانی ئاكپارتی دەگرێت، چونكە سفركردنەوەی كێشەكان لەگەڵ دەوروبەر كە داود ئۆغلۆ تیوریزەی كردبوو شكستی هێنا.
 بوون بەئەندامی ناهەمیشەیی لەئەنجومەنی ئاسایش گرنگی خۆی هەیەو رۆڵ وپێگەی ئەو وڵاتانە دەردەخات، هەروەها لەدانیشتن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان قورسایی پێدەبەخشێت، بەڵام ئێستا توركیا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەش تووشی شۆكێك بووەو پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە.

پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket