riklam

هەموو شتێک لەبارەی کۆبانێ-وە ‌

kurdistani 12:53 PM - 2014-10-19
ئەوشارە گرنگییكی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد

ئەوشارە گرنگییكی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد

كۆبانێ شارێكی كوردیی گەورەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەپارێزگای حەلەب دووەم گەورە شاری سوریایە، دەكەوێتە دووریی 30 كیلۆمەتر لەخۆرهەڵاتی رووباری فورات‌و نزیكەی 150 كیلۆمەتر لەباكووری خۆرهەڵاتی شاری ئابووریی حەلەب، رژێمی حافز ئەسەد لەسەروبەندی جێبەجێكردنی پرۆژەی پشتێنەی عەرەبی بۆ گۆرینی دیموگرافیی ناوچە كوردییەكان ناوی لێنا عین العرب.
كۆبانێ لە 384 گوندی بچووك‌و ژمارەیەك ناحیە پێكهاتووە. گرنگترینیان «صرین و شیوخ». ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 460 هەزار كەسە، لەرووی مێژووییەوە، كۆبانێ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانیەتی دێرینی ئارامی‌و ئاشووری.
لەسەردەمی ئینتیدابی فەرەنسادا لەسوریا كۆبانێ ناوەندێكی گرنگ بوو، فەرەنساییەكان بایەخییان پێداو نەخشەی شەقامەكانی ئەو شارەیان دارێژا‌و تائێستاش زۆربەی ئەو بینایانەی كە فەرەنسییەكان دروستیان كردوە ماون، وەك هەندێك لەفەرمانگە حكومییەكان «سەرایا» بەڵام زۆربەی پەیكەرو شۆێنەوارە مێژووییەكانی برانە دەرەوەی ناوچەكە، یان دەرەوەی سوریا لەسەردەمی ئینتیدابی فەرەنسادا یاخوود براون بۆ مۆزەخانە جیاجیاكانی فەرەنسا.
كۆبانێ تایبەتمەندیكی هەیە ، كە تەنها شارە سەرجەم دانیشتووانەكەی لە تەنیا نەتەوەیەك پێكهاتبێت كە ئەویش نەتەوەی كوردە.
دروستبوونی كۆبانێ
كۆبانێ لەساڵی 1892 دروستكراوە، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی بەغدا لەدەوروبەری ساڵی 1911و1912 بوو بەشوێنی كۆبوونەوەی دانیشتووان. لەناوچەكەدا ئەشكەوتی كۆن بەدیدەكرێت كە وەك شۆێنی نیشتەجێبوون بەكاردەهێنرا.
ناوچەكە ناوی «كانی» بوو واتە سەرچاوەی ئاو، چونكە لەناوچەكەدا كانیاوێكی زۆر هەبوون، لەوانەش كانیاوی» مرشدی» و «عەرەبا» كە كۆچەرە عەرەبەكانی پارێزگەی رەقە لەوەرزی هاویندا پشوویان لەلای ئەدا كە ئێستا بۆتە شۆێنی حەوانەوەی رێكخراوی تێرۆریستی داعش.
عوسمانییەكان ناویان لێنا «مورشد بنار» واتە كانیاو، یا سەرچاوەی مورشد، كە سەر بە ویلایەتی ئۆرفەیە لەودیوی سنوری نێوان سوریاو توركیا، لەسەردەمی دروستكردنی هێڵی ئاسنینی شەمەندۆفێر لەساڵی 1911 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەڵمانیاوە ناونرا كۆبانێ.
«عین العرب» دیمەنی چالاكییە كۆمەڵایەتی‌و كلتوری‌و ئابورییەكانی فرەچەشنن، سەرجەم ناوەندە خزمەتگوزارییەكانی تێداییە وەك سەنتەری رۆشنبیری، بانكی كشتوكاڵ، بەرێوەبەرێتی كشتوكاڵ‌و دەزگای دانەوێڵە‌و سەنتەری تەلەفۆن‌و پۆستە‌و چەندین پەیمانگەو خۆێندنگەو سەنتەری زانستی، كۆنترین شاری بچووكی ناوچەكەیە جۆرەها خزمەتگوزاری‌و ناوەندی رۆشنبیری‌و هونەریی تێدایە وەك سینەما، جۆرەها نیشانەی دیكە كە لەدێر زەمانەوە لەشارەكەدا دروستكراوە.
لەبواری فێركردندا لەكۆبانێ تەنها دوو دواناوەندی گشتی‌و دواناوەندییەكی پیشەسازیی تەكنیكی‌و هونەریی ژنان‌و دواناوەندییكی كشتوكاڵی هەیە، هەروەك پەیمانگێكی ئیسلامی كوڕان و پەیمانگەیەكی ئیسلامیی كچان هەیە، مۆركی كۆمەڵایەتی كۆبانێ مۆركێكی عەشایەرییە، كۆبانێ بەهونەری فۆلكلۆری كوردی بەناوبانگە‌و بەناوبانگترین هونەرمەندانی فۆلكلۆری كۆبانی بریتین لەباقی خزر‌و محەمەد دومان‌و رشید سۆفی‌و مستەفا كندەش‌و زەعیم كندەش و چەندین رۆشنبیرو ئەدیب‌و نووسەرو شاعیری كورد لەسەرجەم بوارە زانستی‌و هونەری‌و رۆشنبیری.
یەكینەكانی پاراستنی گەل «یەپەگە»
لە 19ی یۆلیۆی ساڵی 2012 یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە توانیان سەرجەم ناوچەكانی كۆبانێ كۆنترۆڵ بكەن بەوەش بوو بەیەكەمین ناوچەی ئازاد كراو لەدەستی رژێمی بەعس سوریا.
لەوكاتەوە ناوچەكە كەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی كورد، لە2ی یۆلیۆ شارەكەو تەواوی گوندەكانی رووبەروی هێرشێكی دڕندانەی چەتەكانی داعش بۆوە، كە تا ئێستاش لەبەرگری‌و بەرخودانی بەردەوامدایە، بەوەش كۆبانێ بوو بەسیمبولی نوێ بۆ كورد لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان‌و بوو بەقەڵای خۆڕاگری‌و بەرگری.
كۆبانێ سێیەم شاری كوردی سوریایە پاش قامیشلۆو عەفرین، بەشێوەیەكی گشتی بەرچاوترین‌و بەسەنگ ترین ناوچەیە بەلای سیاسەتمەدارانی كوردەوە، چونكە ئەوشارە گرنگییكی یەكلاكەرەوەی هەیە بۆ پرۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد، كەواتە كەوتنی ئەو شارە بەدەستی داعشی تێرۆریست گورزدانە لەناخی خەونی مێژووی كورد، لەگەڵ پەلهاوێشتنی شەرو ململانییەكان لەسوریاوە بۆ عیراق كۆبانێ كەوتە دڵی پرۆژەی سەربەخۆیی كوردەوە، بەتایبەت پاش سەركەوتنی ئەزموونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لەسوریا كە ئێستا بەشێوەیەكی بنەڕەتی پشت بە ئەزموونی كۆبانێ دەبەستێت.
كۆبانێی پەناگە
بەدرێژایی شۆڕش‌و راپەرینەكانی باكووری كوردستان، كۆبانی زۆربەی سیاسەتمەدارو سەركردەی كوردی لەخۆگرت كە پەنایان بۆ كۆبانێ هێنابوو لەو كەسانەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لەساڵی 1979 بەناچاری توركیای بەجێهێشت‌و روویكردە كۆبانێ، هەروەها خەباتگێری كورد ئۆسمان سەبری‌و پێشتریش ئەمیر جەلادەت عالی بەدەرخان.
بنچینەی ناوی كۆبانێ
سەبارەت بە بنەڕەت‌و هۆكاری ناوی شارەكە «كۆبانێ» تۆێژەرەوان جەخت دەكەنەوە كە ناوی كۆبانێ مانایەكی دیاری نییە، جگە لەوەی تۆێژەرەوانی مێژووناس بنەڕەتی ناوەكە دەگێرنەوە بۆ ئەو كۆمپانیا ئەڵمانیەی كە جێبەجێكاری راكێشانی هێڵی ئاسنی نێوان ئەستانبوڵ و بەغدا بوو لەرێگەی حەلەب» باكوری سوریا»وە لەسەرەتای سەدەی رابردوودا، كە نووسینگەیەكی كردبوەوە لە «عین العرب» یاخوود «كۆبانێ» بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
تۆێژەرەوانی ناوخۆیی تەئكید دەكەنەوە كە گۆییان لێبووە ژمارەیەك لەپسپۆڕانی بیانی گووتویانە «Company-كۆمپانی» واتە «شركە» بەزمانی ئینگلیزی، ئێتر بەتێپەڕبوونی كات ناوەكە بەكارهێنراوەو بوەتە «كۆبانێ» ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە چیرۆكێكی مێژوویی دیكەش سەبارەت بەناوی شارەكە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ناوچەكە ناوێكی كوردی كۆنی هەبوە بەناوی «كانیا عەرەبان» كە تا ئێستاش بۆ بەشی باكووری شارەكە بەكار دەهێنرێت.
لەكۆبانێ بۆ ئەفغانستان
لەسەروبەندی هێرشەكانی چەتەكانی داعش بۆ سەرناوچەی كۆبانێ‌و داگیركردنی چەند گوندێكی ناوچەكە، هێزەكانی پاراستنی گەل خەڵكی مەدەنی لەناوچەكە نەهێشت‌و وەك ناوچەیەكی سەربازی راگەیاند، لەژێر دروشمی (ژیان یاخود مردن لەپێناوی كۆبانێ) كە تا ئێستاش ئەو هێزانە رووبەروی چەكە قورسەكانی چەتەكانی داعش دەبنەوە، كە ئەو بەرگریە لەكوردستانەوە بەشارە بچووك‌و گەورەكانییەوە دەنگیداوەتەوە بۆ سەرجەم پایتەختەكانی جیهان بەواشنتۆن و ئەنقەرە‌و بیروت، ئەرجەنتین و ئەفغانستان، بەوەش كۆبانێ بوو بەراچەنینی كۆتایی بۆ گەلانی ناوچەكە كە لەژێر هاواری مەرگدا بوون.

PUKmedia فەتحوڵا حوسەینی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket