riklam

سه‌لیم جبوری: پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌

kurdistani 04:03 PM - 2014-10-01
سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق

سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 1-10-2014، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و جێگران و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق گه‌یشتنه‌ شاری هه‌ولێرو سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆبووه‌نه‌وه‌و پاشان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان سازكرد.


له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوان یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراقدا جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی ته‌واو بدرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش به‌رز نرخێندرا.


هه‌روه‌ها بڕیاره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و جێگران و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێم كۆببنه‌وه‌.


له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند: بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش پێویستمان به‌ وه‌ستان و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی سه‌رجه‌م گیریانه‌و گشتگیرانه‌و تێڕوانینێكی گشتگیر هه‌یه‌ بۆ تێكشكاندنی ئه‌و شه‌پۆله‌ تیرۆرستییه‌ی كه‌ ڕووی تێكردووین به‌تایبه‌تی له‌ئێستادا كه‌ كۆده‌نگییه‌كی جیهانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ئارادایه‌، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات كه‌ زۆر سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین چونكه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌و به‌رچاویان هه‌بوه‌ له‌ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی تیرۆرستان و تائێستاش رۆڵی خۆیان ده‌گێڕن.


وتیشی: هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ ئامێزگرتنی ئاواره‌كانی عیراق كه‌به‌هۆی هێرشی تیرۆرستانه‌وه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌، هه‌روه‌ها رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ دابینكردنی پێداویستی و هۆكاره‌كانی ژیان و دابینكردنی ئاسایش بۆیان، هه‌روه‌ها درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ فشارو په‌ستانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هاوكاری هاوبه‌شی نێوان حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم ده‌بێته‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ بتوانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.


راشیگه‌یاند: یه‌كێكی تر له‌ ته‌وه‌ری گفتوگۆكانمان پرسی باسكردن و تاوتوێكردن و بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ رابردوودا بڕاوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ند، رونیشه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق به‌جدی هه‌وڵده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌، هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه‌ سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق دانیشتنێك ئه‌نجامده‌دات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی روون و ئاشكرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی بودجه‌.


وتیشی: ئێمه‌ش وه‌ك په‌رله‌مانی عیراق، ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ بكه‌ین به‌ پرسێكی جه‌وهه‌ری و سه‌ره‌كی، له‌ئێستاشدا فشارمان له‌سه‌ر لایه‌نه‌كان دروستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت و بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: باوه‌ڕمان به‌ ده‌ستور هه‌یه‌ به‌ هه‌موو بڕگه‌و به‌ندو ده‌قه‌كانی و پێویسته‌ په‌یڕه‌و بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.


له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌و وتانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشكه‌شی كردو هه‌روه‌ها سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراقیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆماندا، جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ كێشه‌ی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێت.


PUKmedia   تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket