riklam

مەلا بەختیار بۆ رۆژنامەیەكی بەناوبانگی سویسری: داعش توانای هێرشی بۆ سەر هەرێم نەماوە

kurdistani 12:46 PM - 2014-09-29
رۆژنامەی بەناوبانگی سویسرا (تاگس ئەنسایگە) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سازكردوە‌

رۆژنامەی بەناوبانگی سویسرا (تاگس ئەنسایگە) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سازكردوە‌

 مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەچوارچێوەی سەردانە مێژوییەكەی بۆ سویسرا، رۆژنامەی بەناوبانگی سویسرا (تاگس ئەنسایگە) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سازدەكات‌و ناوبراو بەوردی باسی ئەگەرەكانی داهاتوی كوردستان‌و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات.

مەلا بەختیار لەو چاوپێكەوتنەدا ئاماژە بەوەدەكات، كە تێرۆرستانی داعش لە ئێستادا توانای هێرشكردنیان بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نەماوە، بەڵكو "چاوەڕێ دەكەن، ئێمە هێرش بكەینە سەریان"، هەروەك جەخت لەوەشدەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان جگە لە هێرشە سەربازییە ئاسمانییەكانی دەوڵەتان پێویستی بە هاوكاری زەمینی نییە.

لەبارەی پرسیارێكی رۆژنامە سویسرییەكە لە سەر كارەساتی شەنگال، مەلا بەختیار دەڵێت "ئێزدییەكان مافی خۆیانە رەخنەیان هەبێ لەوەی رویدا، ئێستاش سەرۆكی هەرێم لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەروداوەكە دروستكردوەو چەند فەرماندەیەكی سەربازی دەستگیركراون، جگەلەوەی سیاسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو روەوە توشی بەرپرسیارێتی بون".

تاگس ئەنسایگە: سەرەتای مانگی ئەیلول راتانگەیاند كە پێشمەرگە سەردەكەون، ئایا ئەو قسەیە زۆر گەشبینی پێوە دیاری نەبو؟
مەلا بەختیار: لەو كاتەوە ئێمە بەلایەنی كەمەوە ٣٠%ی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە داگیركرابون، رزگارمان كردۆتەوە، ئێمە بەنداوی موسڵ‌و هەندێ بەشی میحوەری نێوان كەركوك‌و بەغدادمان رزگاركردوە. داعش جارێكی تر هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە ناكاتەوە، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە دەكات، ئێمە هێرش بەرین.

تاگس ئەنسایگە: زۆر وڵات كۆمەكی پێشمەرگە بە چەك دەكەن، لەوانە ئەڵمانیایە كە بەو مەرجە دەیدات كە ئەو چەكانە نەكەونە دەستی (پ. ك. ك) كە ئەوان بە رێكخراوێكی تێرۆریستی لە قەڵەمی دەدەن؟
مەلا بەختیار: ئێمە ئەم مەرجانەمان پەسەندكرد. لەبەر ئەوەی (پ. ك. ك) پێویستی بە چەكی ئەڵمانی نییە. ئەوان لەساڵی ١٩٨٤وە جەنگێكی پارتیزانی دەكەن، بەبێ ئەوەی تا ئێستا فیشەكێكیان لە ئەڵمانیا وەرگرتبێت.

تاگس ئەنسایگە: مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بە رەچاوكردنی بەشداریكردنی (پ. ك. ك) لە گرتنەوەی مەخموردا وتی: ئەخیرەن پەیوەندییەكی خۆشمان هەیە، ئەمە چۆن لەگەڵ ناكۆكی كۆندا دەوەستێ؟
مەلا بەختیار: هەمو حزبە كوردییەكان بەرامبەر داعش یەكهەڵوێستن، هەروەها (پ. ك. ك)ش خۆی زۆر ئازایانە پیشاندا. لە مەخمور گەریلاكانی (پ.ك.ك) لەرزگاركردنی شارەكە بەشدار بون. هەروەها ئێمە ٦ مانگ پێش دەركەوتنی داعش لەدەرەوەی سنورەكاندا هاوخەبات و هاوكاربوین.

تاگس ئەنسایگە: چەكە نێردراوەكان لە دواییدا بوە هۆی ئەوەی كە ململانێ لە ناو ماڵی كورد پەرەبسێنێ؟
مەلا بەختیار: دوای جەنگی دژ بە داعش چیتر ناكۆكیی نێوان ماڵی كورد نابێت. كە لە ئەوروپا كاسۆلیكەكان و ڕیفۆرمخوازەكان پەیمانی ئاشتیان بەست، چەكەكانیان هەر دانەنا.

تاگس ئەنسایگە: ئەمریكا هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر داعش. شەڕی وشكانی دەبێتە ئەركی سەرشانی پێشمەرگە. دەبێت ئێوە كارە سەخت و ناڕەحەتەكە بكەن؟
مەلا بەختیار: ئێمە سوپاسی هەمو لایەك دەكەین، ئەوانەی لەشەڕی داعشدا بەشداری دەكەن‌و ئێمە وەك بەشێك لە هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی دژ بە داعش دەبینن. بڵێیت‌و نەڵێیت دەبێت ئێمە كارە سەخت‌و ناڕەحەتەكان لە سەر وشكانی بكەین. ئەگەر ئەمەریكییەكان لەڕێگادا ئاومان بدەنێ، یان پردێكمان بۆ بكەن، بۆ ئێمە كۆمەك‌و یارمەتییە.

تاگس ئەنسایگە: حەزدەكەن بەشێوەیەكی گشتی لەسەر وشكانی یارمەتی بدرێن؟
مەلا بەختیار: ئێمە پشتگیری لەوە دەكەین كە لەو ناوچانەی داعش زۆر بەهێزە، وەكو موسڵ و تكریت و ئەنبار، هێزی وشكانی نێودەوڵەتی هەبێت،  بەڵام لە كوردستاندا لە پێویستمان بەهێزی زەمینی وڵاتانی رۆژئاوا نییە.

تاگس ئەنسایگە: لەدوای كۆمەڵكوژییەكەی بە سەر ئێزدییەكاندا هات ئەوان وتیان كە پێشمەرگە پەندی پێداون؟
مەلا بەختیار: من ئەم رەخنەیە قبوڵ دەكەم. سەرۆكی هەرێم بارزانی لیژنەیەكی پێكهێناوە، بۆ ئەوەی لەو حاڵەتە بكۆڵنەوە. هەندێ لە فەرماندەكان، ئەوانەی بەرگریان لەو مرۆڤانە نەكردوە، ئێستا بەندكراون. هەروەها سیاسییەكانی پارتی توشی بەرپرسیارێتی بون. ئەمڕۆ پێشبینییەكان زۆر ئیجابین. ئێمە دەبوایە لەسەرەتاوە خۆمان باشتر رێكبخستایە.

تاگس ئەنسایگە: چۆن خەباتی هاوبەشی كورد لە روانگەی كوردەوە دژ بە داعش بۆ دروستبونی دەوڵەتی كوردی دەگۆڕدرێت؟ 
مەلا بەختیار: ئێمە لەم كاتەدا دژ بەمە بڕیارمان داوە، كە وڵاتێكی سەربەخۆ رابگەیەنین، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە گونجا، ئەوا ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین. بەدڵنیایی پڕ هیواین، پێش ١٦ ساڵ كەس لە ئەوروپادا لەو باوەڕەدا نەبو، كە كۆسۆڤۆو مۆنتینیگرۆ دەبنە دەوڵەتی سەربەخۆ.

تاگس ئەنسایگە: ئێوە بەراورد لە نێوان دو شتی زۆر جیاوازدا ناكەن؟
مەلا بەختیار: جاران كێشەكانی جیۆپۆلیتیك لە ئەوروپا گەورەتر بون، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەكرێت. عیراق وەك جۆگەلەیەك وایە كە بەشێوەیەكی ناسروشتی رێڕەوەكەی گۆڕدرابن، كە ئێستا رێچكە بنەڕەتییەكەی خۆی دەدۆزێتەوە.

تاگس ئەنسایگە: ئێستا پەیوەندیی كوردەكانی عیراق و حكومەتی بەغداد چۆنە؟
مەلا بەختیار: بێگومان هەڕەشەكانی داعش دیالۆگی بەهێزكرد، بەڵام كێشە بنچینەییەكان هێشتا چارەسەرنەكراون. قسەكردن بە تەنها بەس نییە، پێویستە لە هەندێ شتدا گۆڕانكاری بكرێت.

تاگس ئەنسایگە: زۆربەی كورد موسوڵمانی سونەن، هەروەها زۆربەی تێرۆریستانی داعش. بۆچی داعش دژی كورد دەجەنگێت؟
مەلا بەختیار: یەكەم شت ئێمە دیموكراتخوازین، تێرۆریستانی داعش باوەڕیان بە دیموكراتی نییە. دوەم شت لە ناوچەكەدا كوردەكان كۆسپ‌و تەگەرەی سەرەكین لەبەردەم داعشەكاندا. ئەگەر داعشەكان بەسەر كورددا سەربكەون، چیتر لەبڵاوبونەوەو فراوانخوازیاندا هیچی وا نامێنێ لەسەر رێگەیان. كاتی خۆی ئەسەندەری گەورە وتویەتی كە كوردستان بۆ داگیركەران ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگە لە ناوچەكەدا.

تاگس ئەنسایگە: ئەگەر داعش سنورە نێودەوڵەتییەكان ببەزێنێت، ئایا نەمانی سنورەكان یارمەتی نییە بۆ كوردیش؟
مەلا بەختیار: نەخێر، ئەگەر داعش سەربكەوێ‌و سنورەكان لاببرێن، ئیتر كورد نامێنێ، لەبەرئەوە بچوكترین سەركەوتنی داعش بۆ ئێمە زۆر خراپ دەشكێتەوە.

تاگس ئەنسایگە: بارودۆخەكە چۆن دەبینی لە دوای ١٠ ساڵی تــر؟
مەلا بەختیار: كورد بەسەربەخۆیی خۆی دەگات‌و عیراقیش هەڵدەوەشێت بۆ سێ پارچە. دەوڵەتی ئیسلامی دروست نابێت. لەوە دەچێت لە سەدەكانی ناوەڕاستدا شتی وا روبدات، بەڵام لەم كاتەی ئێستادا نا. داعش وەك بۆمبێك وایە كە ٢٠٠ تا ٣٠٠ ساڵ لە ژێر زەویدا بوەو ئێستا تەقیوەتەوە.

تاگس ئەنسایگە: ئەم بۆمبایە كێ هەڵیداوە؟
مەلا بەختیار: یەكەم شت تاوانی هەمو میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. حزبە سیاسییەكان لە راستەوە بۆ چەپ زۆر لاواز بون. هیچ لەوانە ستراتیژیەتی ئەوتۆیان نەبوە دژ بە ئیسلامییە باوەڕدارە توندڕەوەكان، ئیسلامییە باوەڕدارە توندڕەوەكان ئەمەیان قۆستۆتەوە.

تاگس ئەنسایگە: كێی تر تاوانبارە؟
مەلا بەختیار: كۆڵۆنیالە رۆژئاواییەكان ویستویانە زۆرترین بەش لە كەرەستەی خاو بۆخۆیان ببەن. زۆر ببەن‌و كەمترین بـڕ بدەنەوە. ئەم سیاسەتەش تاوانبارە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوا بە دواكەوتویی ماوەتەوە. باوەڕدارە توندڕەوەكان وەك بەكتریا وان كە لە جێگا پیسەكاندا دەژین.

تاگس ئەنسایگە: چ چاوەڕوانییەك لە وڵاتانی رۆژئاوا دەكەیت؟
مەلا بەختیار: وڵاتانی رۆژهەڵات دەبێت خۆیان هەڵەكانیان راستبكەنەوە. وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت پێشكەوتنە تەكنۆلۆجی‌و كولتوری‌و زانستییەكان بگەیەننە ئێمە. لە وڵاتانی عەرەبی پــتر لە ٢٠ ملیۆن بێكار هەیە، بۆشایییەكە دەبێت بچوك بێتەوە، ئینجا باوەڕدارە توندڕەوەكان ون دەبن.

 

PUKmedia چاودێر نیوز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket