riklam

سه‌نته‌ری كوردستان بۆ پسپۆرایه‌تی جێنده‌ری ده‌كرێته‌وه‌

kurdistani 08:03 PM - 2014-09-28
سه‌نته‌ری كوردستان بۆ پسپۆرایه‌تی جێنده‌ری له‌ زانكۆی سۆران ده‌كرێته‌وه‌

سه‌نته‌ری كوردستان بۆ پسپۆرایه‌تی جێنده‌ری له‌ زانكۆی سۆران ده‌كرێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ 28-9-2014 فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ ئاماده‌بوونی فرانسیس گای نوێنه‌ری "UN-Women" له‌ عیراق و شنۆ فه‌ره‌ج نوێنه‌ری "UNDP" له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی زانكۆی سۆران كه‌ پێكهاتبوو له‌ د.نه‌هرۆ زاگرۆس، د.هیوا كوردستانی، میدیا ئیبراهیم فه‌تاح و نینۆس فورات كاكۆ.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا پرسی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ پسپۆرایه‌تی جێنده‌ری له‌ زانكۆی سۆران خرایه‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ دواقۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی و ئه‌مساڵی خوێندن ده‌ستبه‌كارده‌بێت و له‌ به‌رنامه‌دایه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ سه‌ره‌ڕای راهێنان و گه‌شه‌پێدانی توانا مرۆییه‌كان، بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دكتۆراش له‌ بواری پسپۆرایه‌تی جێنده‌ری بكرێته‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م زانكۆكانی تری كوردستان هه‌بێت له‌م بوارانه‌دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د.نه‌هرۆ زاگرۆس ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان كرد له‌ هه‌وڵدانی بێوچان، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وشی ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری خوێندن و توێژینه‌وه‌ی جێنده‌ر له‌ زانكۆی سۆران به‌ هاوكاری ئه‌نجومه‌نی خانمان و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامبوونی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولای به‌پێویستزانی بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌شه‌پێدان و تواناسازی ژناندا.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ فلۆرین گۆرگیس وێڕای به‌رز نرخاندنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی و زانستی و زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م هه‌وڵه‌ی زانكۆی سۆرانی به‌رز نرخاند بۆ كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری خوێندن و توێژینه‌وه‌ی جێنده‌ر به‌ هاوبه‌شی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و به‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستیی كه‌سانی ئه‌كادیمی، هه‌وڵی به‌ره‌وپێشبردنی ره‌وشی ژنان و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ كێشه‌و گرفته‌كانیان بدرێت.

PUKmedia  دلێر ئیبراهیم – هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket