riklam

حاكم قادر: پێویستە پۆستی پارێزگار نەبێتە مایەی لێكترازانی سیاسیی‌و ئیداریی‌و كۆمەڵایەتی ‌

kurdistani 12:10 PM - 2014-09-23
یەكێتی دەیەوێ ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەبەشداریی هەموو لایەنەكان بێت‌و كەس پەراوێز نەخرێت

یەكێتی دەیەوێ ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەبەشداریی هەموو لایەنەكان بێت‌و كەس پەراوێز نەخرێت

لەم دیدارەدا، حاكم قادر ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باس لە هەڕەشەكانی داعش‌و بەرەنگاریی پێشمەرگە دەكاو رووناكیش دەخاتەسەر دۆخی ناوخۆیی یەكێتی‌و بەستنی كۆنگرەو بۆچوونی یەكێتیش لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رووندەكاتەوە. 

* بەهۆی داعشەوە، كوردستان‌و عیراق‌و جیهان بەگشتی بەبارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لێكدانەوەتان بۆ ئەم بارودۆخە چییە؟ بۆچی داعش شەڕی دژ بەكورد هەڵگیرساند؟ ئەو گەلەكۆمەكێ نێودەوڵەتییە لەدژی داعش بەچی پێناسە دەكەیت؟


- گومانی تێدا نییە هەرێمی كوردستان‌و عیراق‌و ناوچەكە بەگشتی بەهەلومەرجێكی دژوارو نالەباردا تێپەڕدەبێت، قەیرانی دارایی لەهەرێم سەریهەڵداوە بەهۆی ئەوەی كە ناكۆكییەكان گەیشتنە ئەو رادەیەی بەغدا بەشە بودجەی هەرێم‌و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، بەڵام لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی ئومێدی چارەسەربوونی ناكۆكی‌و كێشەكان هاتۆتە ئاراوەو گەشبینییەك لەو بارەیەوە دروستبووە.
لەلایەكی تریشەوە مەترسییەكی گەورە بەرۆكی بەعیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكەشی بەگشتی گرتووە كەخۆی لەرێكخراوی تیرۆریستی (داعش)دا دەبینێتەوە.
سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لەسەرەتاوە پێی وابوو داعش مەترسی بۆسەر هەرێمی كوردستان دروست ناكات‌و ئاڕاستەی هێرشەكانی بەرەو ناوچەكانی هەرێم ناگۆڕێت كە لەراستیدا ئەوە لێكدانەوەیەكی هەڵەو نادروست بوو، چونكە داعش هیچ بەهاو پێودانگێك ناناسێت‌و دژی هەموو ئایین‌و نەتەوەو گەلێكە كە لایەنگری بیروبۆچوونە دڕندانەو دژەمرۆڤایەتییەكانی نەكات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كوردستان توانی بەرەنگاری ئەو مەترسییە گەورەیە ببێتەوەو ببێتە سەرقافڵەی بەرەیەكی بەرفراوانی جەنگی دژەتیرۆر كەزۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دنیا پشتیوان‌و هاوكاری هێزی پێشمەرگەن.
سەرەڕای بەهێزی‌و پتەوی بەرەی دژەتیرۆریش، بەڵام لەناوبردنی یەكجارەكی تیرۆریستان رەنگە ئاسان نەبێت‌و پێویستی بەكاتی زۆر هەبێت بەتایبەتی كەتیرۆریستان لەچەندین وڵاتی جیاجیاو رەگەزی جیاوازەوە هاتوون‌و لەلایەن چەند دەوڵەت‌و لایەنێكیشەوە پشتیوانیی ماددی دەكرێن.
* لە سەروبەندی داگیركردنی موسڵدا، زانیاریی ئەوتۆ بەردەست بوون كە باس لە ئەگەری هێرشی لەوجۆرە بكا؟ بۆچی وڵاتی دیكەی وەك ئەمریكا یان یان ئێرانی لێ ئاگادار نەكرایەوە؟
- هەڵە بوو كەمەترسی تیرۆریستان بەهەند وەرنەگیرا‌و كە هەڕەشە بۆسەر هەرێمی كوردستان دروست ناكەن، بەڵام واقع سەلماندی كەئەو تێڕوانینە لەجێی خۆیدا نەبوو.
تیرۆر بەگشتی هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر فەزای ئازادی، دیموكراسی‌و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بۆیە دەوڵەتە زلهێزەكان لەمەترسی تیرۆروتیرۆریستان ئاگادارن، تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیان بۆسەر هەرێم هەیە، پێشمەرگەش بەرەنگاری راستەقینە دەبێت. ئەم كۆدەنگییە نێودەوڵەتییە پێویستەو دەبێت داعش بنەبڕبكرێت.
نابێت ئەوەش لەیاد بكەین كەعیراق‌و هەرێمی كوردستان بوونەتە گۆرەپانی لێدان‌و بەرەنگاریی تیرۆر، ئەمەش هوكارێكە كەمەترسی بەردەوام لەسەر ژیان‌و ئاسایش‌و ئارامی لەناوچەكە هەبێت، وەك كوردو سەركردایەتی پێویستە مامەڵەی وردو یەكڕیز لەگەڵ ئەم پرسەدا بكەن‌و ئەركی هێزە ئەمنییەكانیش زیاتر دەكات كەوریاتربن‌و رێ بەدزەكردنی تیرۆریستان نەدەن كاری قێزەون لەشارەكاندا بكەن.
* لەبارەی نەوتەوە، رای ئێوە چییە لەسەر فرۆشتنی نەوت‌و بە تایبەتی بەم شێوەیەی ئێستا؟
-لەگەڵ ئەوەداین كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی یاساو دەستووربێت كە مافی كوردە، گرێبەست‌و داهاتەكەی شەفاف‌و دیاربێت‌و بخرێتە خزمەتی خەڵك‌و خۆشگوزەرانییەوە. بەكورتی سیاسەت‌و ستراتیژی نەوتیمان هەبێت. گرێبەستەكان لەبواری نەوت‌و پاڵاوگەكان روون بن، وەرگرتنی بەخشش‌و شیرینی دیاربن‌و چاودێری بكرێن‌و داهات بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی كوردستانەوە.
* ماوەیەك دوسێی ئەمنی هەرێمتان لەلا بوو، چۆن لەشەڕەكان دەڕوانن؟
- سەبارەت بەناوخۆی هەرێم لەم بارودۆخەی ئێستادا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم بەتەواوی رۆڵی خۆیان گێڕاوە لەپاراستنی ئاسایش‌و ئارامی‌و سەروماڵی هاووڵاتیان ئەوەش جێگای دەستخۆشی‌و ستایشە، لەسەر ئاستی بەرگریكردنیش لەخاكی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی دیكە ئەگەرچی كەوتنە هەندێك هەڵەی ستراتیژی لەهەندێك بەرەی جەنگ دژ بەداعش، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەگشتی توانیی ئازایانەو بوێرانە رۆڵی خۆیان ببینن كەجێگەی دەستخۆشی‌و دڵخۆشی تەواوی وڵاتانیشە.
ئێستا هەیبەت‌و رۆڵی پێشمەرگە نەك تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ، بگرە لەسەر ئاستی جیهانیش بەرچاوەو ستایش دەكرێت‌و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانرێت، حكومەتی هەرێم ئەركی خۆیەتی، تەواوی پێداویستییەكانی شەڕ لەهەموو روویەكەوە دابین بكات، بەبەرنامەو ستراتیژی روونەوە.
* دێینە سەر بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی، لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنی 21/9/2013 مەكتەبی سیاسی لەراگەیاندنێكدا وتی، ئەمە شكستەو پیروزبایی لەلایەنی براوە كرد، دەكرێ شكست بۆ ئەو ئەنجامە بەكاربێت، ئێوە لەو بارەوە چی دەڵێن؟
- ئەوەی لەهەڵبژاردنی 21/9/2013 روویدا حاڵەتێكی كاتی‌و راگوزەربوو كە دەنگی یەكێتی بەهۆی هەندێك هەلومەرجی بابەتی‌و زاتی كەمی كرد، زۆرینەمان لەو باوەڕەدابووین ناكرێت ئەو حاڵەتە وەك شكست پێناسە بكرێت، چونكە یەكێتی هەورازو نشێوی زۆری دیوەو لەهەمووشیاندا سەركەوتووانە هاتۆتەدەرەوە هەروەك ئەوەشمان لاروون بوو كەسەنگ‌و پێگەی یەكێتی لەڕووی مێژووی خەبات‌و تێكۆشان‌و قوربانیدان‌و بەشداریكردنی كارای لەپرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەكان‌و بەرگریكرن لەخاكی كوردستان‌و لەرووی ئاستی جەماوەری‌و هێزی چەكدارو پێگەی ئابووریشەوە دیارە.
ئەنجامی هەڵبژاردنی 30/4یش ئەو راستییەی بۆ هەموولایەك سەلماندو دەنگ‌و سەنگی یەكێتی بەرزبوونەوەیەكی باشی تۆماركرد، پێمانوایە لەململانێی دیموكراتیدا ئەو حاڵەتەی روویدا ئاساییەو هەر حزبێك پشتی بەجەماوەر بەستبێت‌و لەپێناوی خۆشگوزەرانی‌و مافی خەڵكدا تێبكۆشێت درەنگ یان زوو هەر سەردەكەوێت‌و متمانەی خەڵك بەدەست دەهێنێت، پرەنسیپی پشت بەخۆبەستن‌و پشت بەخەڵك بەستن یەكێكە لەپرەنسیپە گرنگەكان كەهەمیشە دەبێت كاری لەسەر بكەین‌و پەیوەست بین پێوەی.
* لەهەڵبژاردنی 30/4 دا ئێوە كەنارتان گرت‌و لە بانگەشەدا بەشدارنەبوون، هۆكاری چی بوو؟
- مەسەلەكە كەنارگرتن نەبوو، بەڵكو گۆڕینی شێوازو تەكتیكی بەشداریكردن بوو لەهەڵمەت‌و بانگەشەی هەڵبژاردن، كاركردن بوو بەشێوازێكی جیاواز لەوەی لەهەڵبژاردنی 21/9دا پەیڕەومان كرد، هەڤاڵانیشمان لەتەواوی ئۆرگانەكان رۆلیان هەبووەو كاری خۆیان كردووە، ئەو سەركەوتنەش سەركەوتنی هەمووانەو سەركەوتنی یەكێتی‌و جەماوەرەكەیەتی، نەك هی ئەم و ئەو.
* راگەیاندنی یەكێتی لەو دوو هەڵبژاردنەدا كەتەنها شەش مانگ نێوانیان بوو چ رۆڵێكی جیاوازی هەبوو؟ هۆكارەكەی چی بوو؟ خۆتان پەیامتان گۆڕی یان جێ گۆڕكێتان بەكادیرەكانی راگەیاندن‌و شێوازی كردارو گفتاریان كرد؟
- راگەیاندنی یەكێتی (لەگەڵ ئەو تێبینیانەش كەلەسەری هەن) لەهەموو كات‌و ساتێكدا رۆڵی خۆی هەبووەو جێدەستی دیاربووە، لەو دوو هەڵبژاردنەشدا بێگومان راگەیاندن كاری خۆی كردو ئەركی خۆی بەئەنجام گەیاند، بەڵام نهێنی سەركەوتنەكە لەگۆڕینی شێوازی كارو هەڵمەتی هەڵبژاردن‌و بەشداربووی زیاتری دەنگدەرو دۆست‌و لایەنگرو جەماوەرەكەی یەكێتی بوو، بێگومان بەگوێرەی ئەو شێوازە نوێیەی بۆ هەڵمەتی راگەیاندن پەیڕەوكرا راگەیاندنیش شێوازی كاركردنی خۆی گۆڕی‌و لەپاڵ هەموو ئۆرگانەكانی دیكەدا پێكەوە پشكیان لەو سەركەوتنە بەردەكەوێت.
سەرەڕای ئەوەش، وەك دەزانن راگەیاندن یەكێكە لەو بوارانەی كە بەردەوام لەگەڵ هەموو هەلومەرج‌و قۆناغێكی نوێدا گۆڕانكاری تێدابكرێت، كاتی ئەوە هاتووە گۆڕانكارییەكی تەواو لەشێوازی كاری راگەیاندنی یەكێتیدا بكرێت‌و بەبەرنامەی نوێ‌و ستراتیژی نوێ‌و بەرگی نوێوە درێژە بەخزمەتكردن بدات. بەمەبەستی فراوانكردنی ئازادی‌و ئازادیی رەخنەگرتن، دژایەتی گەندەڵی‌و رۆرتین‌و روونكردنەوەی راستیەكان بۆ خەڵك بەوپەڕی ئازادییەوە، راگەیاندن دەبێت ئەركی خۆی وەك دەسەڵاتی چوارەم جێبەجێ بكات.
* هەر لەسەرەتاوە زیاد لە بۆچوونێك لەناو یەكێتیدا هەبووە، هەندێك دەڵێن ئەمە یەكێتیی بەزیندویی دەهێڵێتەوەو ئاساییە، بەڵام بۆ فرە لێدوانی‌و رای جیاواز دەڵێن چی؟
- بوونی بیروڕاو بۆچوونی جیاواز لەناو یەكێتیدا نكوڵی لێ ناكرێت، ئەم حاڵەتە تائەو سنوورە ئاساییەو سوودی هەیە كەبۆ خزمەتكردنی خودی یەكێتی‌و بەرەوپێشبردنی بێت لەهەموو رووەكانەوە، بەڵام لەوە دەربچێت‌و بۆ ئامانجی كەسی‌و بەرژەوەندی تەسكی تاكەكەسی بەكاربهێنرێت ئەوا زیانی زۆر بەیەكگرتوویی‌و یەكڕیزی ناو یەكێتی دەگەیەنێت‌و سەرەنجام بەخراپ بەسەر ئایندەو داهاتووی حزبەكەدا دەشكێتەوە.
ئەم هاوكێشەیەش بۆ هەموو حزبێكی سیاسی راستە نەك تەنیا بۆ یەكێتی، فرە لێدوانی‌و فرە رایی سوودی بۆ جێبەجێكردن‌و گەیاندنی ئامانجی یەكێتی نییەو دەبێت بەهەموولایەك كار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە بكەین‌و هەوڵی چارەسەركردنی بدەین. ئەمجۆرە كاركردنە كاریگەریی لەسەر كۆنگرەو زۆر بڕیاری تر كردووە، كەنەتوانین بەعەدالەت جێبەجێ بكەین.
* پێتان وانییە خوارەوەی هەیكەلی یەكێتی یەكگرتووترە لەسەرەوەی. ئەمە جێگەی سەرسامیی نییە؟
- لەناو یەكێتیدا كێشەو گرفت‌و راوبۆچوونی جیاواز هەبووەو لەئێستاشدا هەیە، كاریگەریی سەرەوەش بەباش‌و خراپەوە لەسەر خوارەوە هەبووە هەمیشە، هیوادارم خوارەوە یەكگرتووبن‌و ئەو كاریگەرییەیان لەسەر كەم بێت، ئەم هێزەی خوارەوە بەئەندام‌و كادرو ئۆرگانەكانیەوە كاریگەریان هەیە بۆسەر پێگەی ی.ن.ك، بەڵام لێرەو لەوێ ناكۆكی‌و گرفت سەرهەڵدەدەن كەدرێژەكێشان‌و مانەوەو كەڵەكەبوونیان بەبێ چارەسەر دەبێتە مایەی لاوزایی لەهەر ئاستێكدا بێت.
* سەردەمانێك خەڵك پاداشت كر‌‌‌‌‌اوەو خانەنشینتان كرداون، ئەمڕۆ هەست دەكرێت ئەو رێژەیه‌ زۆرە، ئەمە بۆ؟


- سەبارەت بەوكەسانەی لەلایەن حزبەكانی كوردستانەوە خانەنشین كراون، پێش هەموو شتێك ئەو حاڵەتە تایبەت نییە بەحزبێك یان لایەنێكی دیاریكراو، بەڵكو هەموو لایەنەكان بەشدارن، هەر یەكەو بەژمارەو رێژەی جیاواز.
لەلایەكی تریشەوە زۆرینەی ئەو كەسانەی خانەنشین كراون كەسانی خەباتگێڕو تێكۆشەرن‌و زۆریان مافی خۆیانە كەمووچەیان هەبێت، رەنگە پرۆسەكە بێخەوش نەبێت‌و كەسانێكی تێكەوتووە كەشایستە نین، بۆیە پێداچوونەوەیەك بەو پرسەدا بەگرنگ دەزانم بۆ ساغكردنەوەو راستكردنەوەی. هەموو گرفت‌و كێشەو ناعەدالەتییەك دەتوانرێت بەپێی یاسا رێكبخرێتەوەو چارەسەر بكرێت.


* بۆچی كۆنگرە نابەسترێ؟

-لەسەر راسپاردەو رێنماییەكانی كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی‌و بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی، كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی دەستبەكاربووە. چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ مەكتەب‌و ئۆرگانە جیاجیاكانی یەكێتی كردو چەندین لیژنەی بۆ ئامادەكردنی راپۆرت‌و پرۆژە لەبوارەجیاجیاكاندا پێكهێناو لیژنەكانیش كارەكانیان تەواوكردو راپۆرتی خۆیان ئامادەكرد، تەنیا چەند لیژنەیەك نەبێت كە لەبەر گرنگی‌و بایەخی بوارەكەیان كارەكانیان تەواو نەبووە، دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرەزۆری كاری ئامادەكاری بۆ كۆنگرە تەواوكرا، چ لەلایەن لیژنەكانەوە، چ بەشداربوونی ئەندام‌و دۆست، بەبەشداربوونی پێشنیازو پرۆژە، كردنەوەی سایتێكی تایبەت بۆ كۆمسیۆنەكە كە هەموو كەسێك دەیتوانی بەراو سەرنج‌و تێبینییەكانی لەدەرەوە بەشداربێت، بەڵام تائێستا كۆنگرە نەبەستراوە هۆكارەكەشی بۆ بارودۆخ‌و هەندێك گرفتی دیكە دەگەڕێتەوە، تائێستاش لەمەكتەبی سیاسی هیچ بڕیارێك سەبارەت بەوادەی بەستنی كۆنگرە نەدراوە.
یەكێتی دەبێت لەمەودوا بەپلان‌و بەرنامەیەكی زانستی‌و گونجاو كار بكات پرۆگرام‌و پەیڕەوێكی جێگیرو پتەو دابڕێژێت‌و بەتەواوی ببێتە حزبی هەڵبژاردن‌و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە وەك حزبێكی سۆشیال دیموكرات‌و پێشكەوتوو سوود لەشارەزایی‌و ئەزموونی دەستەخوشكەكانی لەحزبە سۆشیال دیموكراتەكانی جیهان وەربگرێت‌و لەسەر رێچكەو ئاراستەی ئەوان بڕوات.

پرۆژەش بۆ ئەو مەبەستە هەیەو بەڵام پێویستی بەدیراسەو هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیەو بخرێتە بەردەست ئەندام‌و كادرو ئۆرگانەكانی یەكێتی‌و جەماوەرەكەی‌و خەڵك لەبەرنامەكانمان ئاگاداربن.
لیژنەی رێكخستن كە یەكێكە لەو لیژنانەی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری چوارەمین كۆنگرە پێكیهێنا، بەوردی‌و دوورودرێژی گفتوگۆی لەبارەی شێوازی كاری رێكخستن‌و پێكهاتەی رێكخستن كردووەو راوسەرنجی كەسانی پسپۆڕو شارەزای وەرگرتووەو هەر راسپاردەیەكی لەوبارەیەوە بەباش زانی، دەبێت لەبەرچاو بگیرێت‌و كاری لەسەر بكرێت، بەپێی تاقیكردنەوە پێویستە چارەسەری زۆریی ئەو بارەگایانە بكرێت، كەهەندێكی بەپێویست نازانم كەئەمەش دەبێت دوای لێكۆڵینەوە بەبەرنامە جێبەجێ بكرێت.


* وەك ئەندامی دەستەی دانوستانكار لەگەڵ گۆڕان، دەوترێت گۆڕان‌و یەكێتی پێكنایەن، هۆكاری ئەو پێكنەهاتنە بۆچی دەگەرێتەوە؟
- یەكێتی لیژنەی دانوستانی پێكهێنا، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران چەند دانیشتنێك كراوە كەدیارە یەكێتی‌و گۆڕان كەخاوەنی زۆرینەی دەنگەكانن لەپارێزگای سلێمانی، هەردوولا دیدو بۆچوونی خۆیان راگەیاندووە، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش گفتوگۆمان كردووە، باوەڕی ی.ن.ك ئەوەیە كەئیدارەی خۆجێیی بەبەشداری هەموو لایەنەكان بێت‌و هیچ لایەنێك پەراوێزنەخرێت، یەكێتی داكۆكی لەم تێزەی خۆی دەكات بەكردار نەك تەنیا دروشم، پێویستە پۆستی پارێزگار نەبێتە مایەی لێكترازانی سیاسیی‌و ئیداریی‌و كۆمەڵایەتی، دانیشتنەكانیش ئەنجامی نزیكبوونەوەیان هەبووە.


بەلای یەكێتییەوە خزمەتكردنی دانیشتوانی سلێمانی‌و ئاوەدانكردنەوەی زیاترو پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری، گرنگە، ئەمەش بەبەشداری پێكردنی لایەنەكان دەبێت‌و ئومێدمان وایە پرسی یەكلاكردنەوەی پارێزگارو ئەنجومەن بە(تێزی یەكێتی)بێت، كە بەشداریپێكردنی لایەنەكانە.
خەڵكی سلێمانی هەقی خۆیەتی گلەیی هەبێت، وەك یەكێـتی داوای لێبووردن دەكەین‌و دەزانین گلەییان لەدڵسۆزیی‌و خەمخۆرییانەوەیەو دەمانەوێت بەرهەمی چاوەڕوانییەكەیان لەیەكێتییەكەیان، خزمەتكردنی شارە حەیاتەكەبێت، وەك چۆن خزمەت‌و ئاوەدانییەكانی رابردوومان شاهیدە، بەپەرەپێدانەوە بەردەوام دەبین.


ئێستاش لەگەڵ دانیشتن‌و گفتوگۆو دیالۆگ داین تابتوانین نموونەیەكی جوان‌و بەرنامەیەكی دروست بۆ خزمەتی خەڵك‌و ئاوەدانكردنەوە ببێتە بەرنامەی كارو كارنامەی ئەنجومەنی پارێزگا.

 

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket