riklam

هۆڵه‌ندا هاوكاره‌ بۆ به‌جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی شه‌نگال

kurdistani 04:38 PM - 2014-09-22
كاروان جه‌مال پێشوازی له‌وه‌فدێكی شانشینی هۆڵه‌ندا كرد

كاروان جه‌مال پێشوازی له‌وه‌فدێكی شانشینی هۆڵه‌ندا كرد

له‌ سه‌ردانێكدا بۆ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ هین نێگت جێگری باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ به‌غداو یۆن ڤان دێر زاند به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن كاروان جه‌مال جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ پێشوازیكران و پێكه‌وه‌ باسیان له‌ دوایین هه‌نگاوه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی نوێنه‌رایه‌تی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم بۆ كونسوڵگه‌ری گشتی كرد.

له‌ دیدارێكدا، جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ جه‌ختی له‌ ئاماده‌یی پشتیوانی و هاوكاری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ نێرده‌ی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌، هاوكات ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هۆڵه‌ندای به‌ كاریگه‌ر له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوون و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا وه‌سفكرد.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سوپاسی خه‌ڵك و حكومه‌تی هۆڵه‌ندا كرا بۆ ئه‌و هاوكاریانه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووه‌، هاوكات وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ زیادكردن و به‌رده‌وامی ئه‌و هاوكاریانه‌ش، داواكرا كه‌ هه‌وڵی زیاتر بدرێت بۆ هاوكاری مرۆیی و سه‌ربازی هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هاوكاری ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ ئێستادا به‌ره‌و وه‌رزی سه‌رماو زستان ده‌چین، هه‌روه‌ها بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌و تێكشكاندنی گروپی تیرۆرستی داعش كه‌ خاوه‌نی چه‌كی به‌هێزو پێشكه‌وتوون له‌ ئه‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك و جبه‌خانه‌ی سوپای عیراق له‌ ماوه‌ی رابردوودا.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا، باس له‌ حكومه‌تی نوێی عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا،له‌وڕووه‌شه‌وه‌ هیوایان خواست كه‌ به‌ڵێنه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و پێویسته‌ ئه‌و ئابڵوقه‌ داراییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی عیراقه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌ نه‌مێنێت و ئه‌م پرسه‌ كه‌ مافی خه‌ڵكه‌ تێكه‌ڵ به‌ ململانی سیاسییه‌كان نه‌كرێت، به‌پێویستیش زانرا كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌م پرسه‌دا رۆڵی خۆی ببینێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بنه‌ماو مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان كرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ كارو هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كرا بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ شه‌نگال و به‌رامبه‌ر ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكان له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعش، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواكرا كه‌ حكومه‌تی هۆڵه‌ندا هاوكارو پاڵپشتی هه‌رێم بكات له‌ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket