riklam

پێوەر بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ ‌

kurdistani 11:31 AM - 2014-09-21
جەمال ئارێز‌

جەمال ئارێز‌

هەڵبەزو دابەزی نرخی بەنزین‌و گاز، زۆربوونی پاس لەهێڵەكاندا، گرانبوونی كاڵاو كەرەستە سەرەكییەكانی ژیانی هاووڵاتییان، هەمووی ئەو ‏هەنجەت‌و پاساوانەن كە بەدەست شوفێری هێڵەكانی پاسی ناوشارو دەرەوەی شارەكانەوەیە، حكومەتیش كۆمەڵێك پاساوو هەنجەتی لۆژیكی ‏بەدەستەوەیە كە رەنگە ئەو پاساوە لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە‌و لەسەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە جیاوازبێت، واتە بۆ ئەم گەڕەك ‏یان بۆ ناوچەی (ا) راست بێت، بەڵام بۆ ناوچە‌و گەڕەكی (ب) ئەو پاساوە لاواز بێت.‏


لەچەند رۆژی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە خاوەن پاسەكانی هێڵەكانی بەكرەجۆ‌و ئاوبارەو راپەڕین‌و.. چەند گەڕەكێكی دوورە شار ‏لەسلێمانی كرێی هاتوچۆی هاووڵاتیانیان لە 500 دینارەوە زیادكردووە بۆ 750 دینار. لەوبارەیەشەوە قایمقامییەتی سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ‏سەندیكای شۆفێران‌و هەندێك لەخاوەن پاسەكان كردووەو ناڕازیبوونی خۆی بەو هەنگاوەی ئەو شۆفێرانە راگەیاندووە بەو پاساوەی كە ‏حكومەت لەزیادكردنی نرخی سوتەمەنیدا رەچاوی ئۆتۆمبێلەكانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی كردووەو نرخی ئەوانی سووتەمەنی زیادنەكردووە.‏
رەنگە ئەم پاساوەی دامەزراوە ئیدارییەكانی سلێمانی راستییەكی تێدابێت، بەڵام لەو جۆرە كێشانەدا لایەنی بەرامبەریش راستیی لایەو ‏پاساوی خۆی هەیە، چونكە لەدەستەبەركردنی سووتەمەنی هەرزاندا بۆ شۆفێران رەچاوی دووریی ناوچەكان لە چەقی شار و تەرمیناڵی ناوشار ‏بۆ شوێنی مەبەست‌و كۆتایی هێڵەكان نەكراوە، تا شۆفێرانیش لەبەرامبەردا رەچاوی نرخێكی یەكسان بكەن. واتە ئەگەر دوا وێستگەی ‏گەڕەكی (ا) چوار كیلۆمەتر لەسەنتەری شار یان تەرمیناڵی وەستانی ناوشارەوە دووربێت، چۆن دەكرێت بەهەمان پێوەری گەڕەكی (ب) ‏حسابی سووتەمەنیی بۆ بكرێت كە لەتەرمیناڵەكەی ناوشارەوە نزیكە 12-15 كیلۆمەتر دوورەو چەندین وێستگەی وەستانی لەرێگەدایە؟ ‏


پاساوێكی دیكە كە بۆ كۆی شۆفێری پاسەكان راستە ئەوەیە كە ژمارەی پاس لەهێڵەكاندا بەجۆرێك زیادی كردووە كە هەندێك لەخاوەن ‏پاسەكان لە كۆی مانگەكە (15-17) رۆژ نۆرەی ناو تەرمیناڵیان بەر ناكەوێت، ئەمە سەرباری ئەوەی كە بەشێكی زۆری ئەو شۆفێرانەش ‏وەك خەڵكی دیكە لەژێر كاریگەریی كرێی خانووی بەرزو گرانیی كەرەستە سەرەكییەكانی ژیانی رۆژانەدان‌و وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكەی ‏ئەم وڵاتە منداڵی خوێندكاریان هەیە‌و بەهۆی دۆخی ئابووریی‌و نەبوونی مووچەشەوە پێناچێت وەك ساڵانی رابردوو داهاتیان هەبێت كە ‏هەندێكیان لەدەرەوەی ئیشی هێڵەكانیان كاری گواستنەوەی فەرمانبەرو خوێندكاریان هەبووە، بەو پێیەی زۆر فەرمانبەرو خوێندكار وەك ‏ساڵان ناچنە ژێر باری گرتنی ئۆتۆمبێلی دەستە جەمعییەوە بۆ چوونە دەوام.‏
كەواتە جێی خۆیەتی لیژنەكانی تایبەت بەو مەسەلەیە بیر لەچارەسەری زۆرەملێ نەكەنەوە لەكاتێكدا شۆفێرەكانیش هەندێك پاساوی راستیان ‏بەدەستەوەیە، بەڵكو هەردوولا لەسەر پێوەری دووریی رێگاوبان نرخەكان دابڕێژنەوە كە بەمەش لایەنێكی باشتری عەدالەتی كۆمەڵایەتی ‏دێتەدی. ‏

 

جەمال ئارێز‌

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket