riklam

چین كونسوڵخانه‌ی گشتی له‌ هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌

kurdistani 04:07 PM - 2014-09-18
هه‌ردوولا خواستی خۆیان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی

هه‌ردوولا خواستی خۆیان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی

ئه‌مڕۆ 18-9-2014 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ (تان بانگلین) نێردراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری چین كه‌ وه‌ك كونسوڵی گشتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

له‌ دیدارێكدا، تان بانگلین خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ پشتگیری چین بۆ هه‌رێمی كوردستان و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئاواره‌و په‌نابه‌راندا نیشانبدات و له‌وه‌ بكۆڵێته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ چین چۆن ده‌توانێت له‌م بارودۆخه‌دا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان و ئاواره‌و په‌نابه‌ران بكات؟.

راشیگه‌یاند كه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ چین، له‌ ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا كونسوڵخانه‌ی گشتی كۆماری چین له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌و خۆی وه‌ك یه‌كه‌م كونسوڵی گشتی چین له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ له‌ ‌هه‌ولێر هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه‌ پردێكی پته‌وی نێوان هه‌رێمی كوردستان و چین و كۆمپانیا چینییه‌كان هانده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێن له‌ هه‌رێم كاربكه‌ن و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بنیاتنان و پێشخستنی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن.
 
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ستایش و پێشوازی له‌م هه‌نگاوه‌ی چین كرد، كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا ده‌یه‌وێت كونسوڵخانه‌ی گشتی له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پته‌وبكات. دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی چین له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌دا، پشتگییرییه‌كی مه‌عنه‌وی گه‌وره‌یه‌و هه‌موو هاوكارییه‌كی بۆ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا خواستی خۆیان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و سیاسی و كۆمه‌ڵاتیدا ده‌ربڕی و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی هاوكاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش كرده‌وه‌.

به‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی كۆماری چین له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، روسیا، فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیا، چیتر هه‌ر پێنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماسییان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.‌

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket