riklam

تیرۆرو قۆناغی دووەمی جەنگ ‌

kurdistani 01:41 PM - 2014-09-18
جەنگی سارد یارمەتیدەر بووە لەدەركەوتنی تیرۆرو پەلكێشانی بەجیهاندا

جەنگی سارد یارمەتیدەر بووە لەدەركەوتنی تیرۆرو پەلكێشانی بەجیهاندا

راگەیاندنی جەنگ دژی داعش‌و هەوڵدان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی‌و ئیقلیمی بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو رێكخراوە توندڕەوەی كە (كەمال جەنبلات)ی سیاسەتمەدارو بیرمەندی لوبنانی هەر لەسەرەتادا بەدیاردە ناوی برد، واتە لەوە دەرچووە حاڵەتێكی كاتی بێت سەرەتای جەنگ نییە دژی تیرۆر، بەڵكو مێژووی دەستپێكردنی ئەم شەڕە دەگەڕێتەوە بۆ (11/9/2001) كاتێك دووسمبولی دیاری ئەمەریكا واتە (بنتاگۆن، سەنتەری بازرگانی جیهانی) كرا بەئامانجی كردەیەكی تیرۆرستی. لێرەوە دەركەوت كەجیهانی دوای جەنگی ساردو كێبركێكردنی خۆ پڕ چەككردن‌و دابەشبوونی نێوان دوو جەمسەر جیهانێكی ئارام‌و بێ‌ مەترسی نییە، بێ‌ گومان (تیرۆر)یش وەك هەر دیاردەیەك كە كۆمەڵێ‌ هۆكار هەیە یارمەتیدەربێت، بۆ ئەوەی گەشە بكات برەو بستێنێت چۆن ژینگەو سروشتی جیهانی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی هەلی رەخساند بۆ دەركەوتن‌و بەهێزبوونی نازیەت لەئەڵمانیا بەهەمان شێوە جیهانی دوای جەنگی سارد یارمەتیدەر بووە لەدەركەوتنی تیرۆرو پەلكێشانی بەجیهاندا.


له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ده‌وڵه‌ت
 لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵێك دەوڵەت‌و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەسەر ئاستی جیهانی، دەرگای واڵا كرد لەبەردەم هەموو نادیارێكدا, راستە جیهان بەرەو لێكنزیكبوونەوە دەڕۆیشت‌و بزاوتی بازرگانی‌و جووڵەی كۆمپانیا فرە رەگەزەكان هێڵی سنووری نێوان دەوڵەتەكانیان كاڵكردەوەوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەیشداو لەچوارچێوەی ئەو جیهانگیریەدا ململانێ مەزهەبی‌و ئنتیەكان لەتەشەنەكردندا بوون، دیارە ئەم حاڵەتەیش بواری زیاتر دەدات بەكۆمەڵێ‌ گروپ‌و رێكخراو تابتوانن بەشێوەیەكی فراوانتر بڵاوببنەوەو لایەنگرو هاو سۆزیان زیاد بكات، ئەمە جگە لەوەی كەپێكهاتەی سیستمە سیاسیەكانی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاست نەیدەتوانی لەگەڵ شەپۆلی گۆڕانكاریەكانی سەردەمی دوای جەنگی سارد خۆی بگونجێنێت‌و بكرێتەوە بەڕووی چەمك‌و تێڕوانینەكانی جیهانی نوێدا لەڕێگەی پەنابردن بۆ زەبرو زەنگی زیاتر هەوڵی دەدا مانەوەی مسۆگەر بكات‌و پارێزگاری بكات لەخۆی وەك كیانێكی سیاسی‌و هەموو ئەو رێگەو شوێنانەی دەیگرتە بەر لەم پێناوەدا بەرەو داخورانی زیاتری دەبرد. تائەو رادەیەی كە دەبووە سیستمێكی سیاسی بێ‌ شەرعیەت لەم جۆرە دۆخەدا كە تەواو لەحاڵەتی مەنگ بوون‌و بێ‌ بزاوتیدایە، تەنها لایەنێك كە سوومەند بێت ئەو لایەنانەن كەهەوڵدەدەن لەڕێگەی ترساندن‌و تۆقاندنەوە سیستمی سیاسی بگۆڕن لەبەر ئەوە سێ ساڵ دوای رووداوەكانی(11) سێبمتەمبەر ئەمریكا لەساڵی (2004) دا پڕۆژەی  خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستی گەورەی راگەیاند بۆ چاكسازیكردن‌و چەسپاندنی بەهاكانی دیموكراسی لەناوچەكەداو سیستمە ستەمكارەكانی بەبەشێكی سەرەكی هۆكاری سەرهەڵدانی تیرۆر داناو داوایكرد گۆڕانكاری رەگو ریشەیی بكرێت لەپێكهاتەو میتۆدی بەڕێوبردنیاندا. لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوەبكرێت لایەنێكی دیكەی بەرپرسیاریەتی سەرهەڵدانی سیاسەتی ئەمریكا لێی بەرپرسە، چونكە ئەو وڵاتە هێندەی گرنگی داوە بەلایەن‌و بنەما ئابووریەكانی چەمكی لیبراڵیزم‌و لەڕێگەی دەزگا ئابوورییە نێودەوڵەتیەكانەوە بەردەوام فشاری خستۆتە سەر هەرلایەن‌و دەوڵەتێك كەبونەتە لەمپەر لەبەردەم بەرژەوەندیەكانی سەرمایەداری بەهەمان ئەندازە كاری نەكردووە بەئاڕاستەی بایەخدان بەهاكانی دیموكراسی. (سەمیرئەمین)ی بیرمەندو فەیلەسوفی میسری دەڵێت؛ سەرمایەداری لاری نەبووە لەوەی كەكۆمەڵ‌و گروپ هەبێت بەدەستێك بەیرەقی دەوڵەتی دینی هەڵبگرێت بەدەستێكی دیكە كۆكاكۆلا، لەئەمڕۆدا دوای تێپەڕبوونی (13) ساڵ جارێكی كە باراك ئوبامای سەرۆكی ئەمریكا جەنگ دژی رێكخراوی (داعش) راده‌گه‌یه‌نێت، كە ئەمیش درێژكراوەی رێكخراوی قاعیدەیە، که‌ هەڵقووڵاوی فەزای پڕگرژو ئاڵۆزی دوای(بەهاری عەرەبی)یە كاتێك بۆماوەی سێ ساڵ جەنگ‌و ململانێ لەنێوان دەسەڵاتی سوریاو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندا بەردەوام دەبێت، بێ‌ ئەوەی دۆخەكە بەلایەكدا بكەوێت هەردوولا بەتەواوی ماندوودەبن‌و رێكخراوی داعش خۆی رادەگەیەنێت‌و سوود لەبێ‌ هێزی ئۆپۆزسیون‌و لاوزابوونی دەسەڵاتی سوریا وەردەگرێت، تادەگاتە ئەو ئاستەی سنووری دەسەڵاتی فراوان دەبێت‌و پەلدەكێشێتە خاكی عیراقەوە.
پێکهێنانی هاوپه‌یمانی نوێ
 دیارە سەرەتا ئەمریكا بەتەنها پشتی دیپلۆماسیەتی فرۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان بەست بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەترسی داعش، بەڵام دواتر دەركەوت كەقەبارەی مەترسی ئەم رێكخراوە لەوە زیاترە لەئاستێكدا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت‌، تا ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری(1270) دژی ئەو رێكخراوەو كۆمەڵی رێكخراوی هاوشێوەی دەركرد، هەروەها مەترسیەكانی ئەم رێكخراوە تەوەرەی كۆبوونەوەكانی وڵاتانی (ناتۆ) بوو لەكاردیف ئەمە جگەلەوەی لە15ئەم مانگەدا كۆنگرەیەك لە(باریس) رێكخرا لەبارەی بارودۆخی ئاسایشی عیراقەوە، هەموو ئەم هەوڵانە لەپێناوی پێكهینانی هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتیدایە بۆ رووبەڕوبوونەوەی (داعش)، بێ‌ گومان ئەمە یەكەم جار نییە كە لەسەر ئاستی جیهانیی هاوپەیمانتییەك پێكدهێنرێت‌ دژی مەترسیەكی دیاریكراو، كە رەنگە دەوڵەتە نەیارەكانیش بەیەكتری بەرژەوەندیان بەیەكبگات، پێشتریش لەسەدەی (بیستەم)دا هاوپەیمانێتی پێكهێنرا لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا دژی نازیەت، هەروەها لەكۆتای سەدەبیستەمدا هاوپەیمانێتیه‌کی فراوان دژی داگیركاری سەدام بۆ(كوه‌ت) پێكهێنرا، جیاوازیەكە لەوەدایە كە زۆربەی هاوپەیمانێتیەكانی پێشووتر دژی دەوڵەتێكی دیاری كراوبووە، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتیەی هەنووكە قسەی لەسەر دەكرێ‌ دژی رێكخراوێكە كەبەشێك لەخاكی دوو دەوڵەتی داگیر كردووە، هەردوو وڵاتی دابەزاندووە بۆئاستی حاڵەتی نادەوڵەتی، مەترسیەكە زیاتر لەوەدایە كەئەم حاڵەتی نادەوڵەت بوونە پتر پەرەبسەنێت كە ئێستا وێنەی لە(سوریا. عیراق. یەمەن. لیبیا. پاكستان. ئەفغانستان)دا دەبینرێت، واتە ململانێكە لەنێوان دوو ئاڕاستەدایە یەكێكیان هەوڵی پاراستنی سنوورومانەوەی دەوڵەت دەدات، ئەویتر بەپێچەوانەوە كار دەكات بۆ تەشەنكردنی دیاردەی نادەوڵەتی یان ئەوەی جۆمسكی پێی دەڵێت؛ دەوڵەتی شكستخواردوو.
لێردەدا دیارە وادەی جەنگ دژی تیرۆر درێژ خایەنتر بووە، لەهەردوو شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانی، پرسیارێك لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئایا بە شكستپێهنانی داعش كۆتایی بەدیاردەی تیرۆر دێت یان ئەم دیاردەیە دەبێتە بەشێكی مێژووی سەدەی بیست‌و یەك و لەقەوارەو پێكهاتەی دیكەدا دووبارە دەبێتەوە؟

گەیلان محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket