riklam

وەزیری خــوێندنی باڵا: ریزبەندییەكی نیشتمانیی بۆ زانكۆكانی كوردستان دادەنێین ‌

kurdistani 12:00 PM - 2014-09-15
تائێستا زیاتر لە (252) ملیۆن دۆلار لەپڕۆژەی تواناسازییدا خەرجكراوە

تائێستا زیاتر لە (252) ملیۆن دۆلار لەپڕۆژەی تواناسازییدا خەرجكراوە

تائێستا زیاتر لە (252) ملیۆن دۆلار لەپڕۆژەی تواناسازییدا خەرجكراوە

‌لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هەوڵێك هەبوو بۆ گۆڕینی سیستمی خوێندنی باڵا لەهەردوو رووی ئیدارەدانی دامودەزگاكانی ‏خوێندن‌و هاوكات شێوەی خوێندنی باڵا، ئەمەش لەپێناوی بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن‌و فێركردن لەكوردستان.‏
لەلایەكی دیكەوە لەكابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، پڕۆژەی تواناسازیی راگەیەنراو حكومەت نزیكەی نیو ملیار ‏دۆلاری بۆ تەرخانكرد، تائێستاش ژمارەیەكی زۆر خوێندكار لەدەرەوە دەخوێنن. لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا كردنەوەی ژمارەیەكی ‏زۆری زانكۆی ئەهلیی لەكوردستان مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوەو ژمارەیەكی زۆر كۆلیژیان هەیە. ئەمانە پڕۆژەی وەزارەتی خوێندنی ‏باڵابوون، پرسگەلێكی زۆر لەبارەی پڕۆژەكانی وەزارەت هەیەو رەخنەو تێبینی زۆر لەسەر كاری وەزارەت‌و چارەسەركردنی گرفتەكان‌و ‏بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا هەیە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەم چاوپێکەوتنەدا قسە لەسەر پڕۆژەكانی وەزارەت‌و گرفتەكانی بەردەم خوێندنی باڵا لەكوردستاندا دەكات.‏
دیداری؛ كوردستانی نوێ‌
*قسە لەسەر خراپی كوالێتی خوێندن لە زانكۆ حكومییەكان دەكرێت، هەموو ساڵ حكومەت باس لەپلانی باشتركردنی ‏زانكۆ حكومییەكان دەكات، بەڵام هەر رەخنە دەگیرێت‌و زۆربەی ئەو رەخنانەی هەن دووبارە دەبنەوە؟
•    ئەگەر قسە لەسەر كوالیتی بكەین، وەك بەشێك لەسیستمێكی گەورەتر، كە سیستمی ئیدارەدان‌و حوكمڕانییە، ئەوا ئەم ‏وڵاتە زۆربەی هەرەزۆری دامودەزگاكانی بەمشێوەیەیەو دامودەزگاكانی حوكمڕانیی لەوڵاتی ئێمەدا كۆنن‌و سەر ‏بەسەردەمێكە، كە دەوڵەت مەركەزیی بووە، ئەو كلتورە ئیدارییەی لەسەردەمی بەعسی رووخاو هەبووە ئێستاش ‏كاریگەری لەسەر كۆی سیستمی ئیداریی ئێمە هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا.‏
كێشەی سەرەكی زانكۆكان لەسەردەمی كۆنەوە تائێستاش ئەوەیە ئەم ئاسەوارەیان پێوە دیارە، ئەوەبووە حكومەت ‏نەیزانیوە ستراتیژ لەسوودوەرگرتن لە زانكۆكان چییە؟ ئێمە چ جۆرە زانكۆیەكمان دەوێت‌و چۆن دروستیبكەین‌و چ ‏ئامانجێكمان لەدامەزراندنیدا هەیە؟ هاوكات دەمانەوێت چ جۆرە خوێندكارێك لەم زانكۆیانە دەربچێنین‌و بەئامانجی ‏چی؟
گرفتی گەورەی زانكۆكان لەسەردەمی كۆن‌و تائێستاش ئەوەیە، كە زانكۆكان درێژكراوەی دامەزراوەكانی دیكەی ‏خوێندن بوون وەك سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی دواتر زانكۆ! لەكۆتاییشدا زانكۆ شوێنێك بووە بۆ وەرگرتنی ‏بڕوانامەو دواتر بۆ دامەزراندن لەدامودەزگا حكومییەكاندا.‏
ئەمەی هەبووە پەیوەندی بەو تێڕوانین‌و تێگەیشتنەوە هەبووە بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت، كە سیستمێكی شمولیی ‏دواكەوتووبوو، بەڵام دەبینین دوای گۆڕانكارییەكان لەعیراق بەتایبەتیش دوای رووخانی سەدام حسێنی دیكتاتۆر، ‏هەندێ‌ شت بەڕووكەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا ئەو كلتورە ئیدارییەمان نەگۆڕیوە لەسەر بنەمای گۆڕانی ‏سیستمی سیاسی‌و حوكمڕانی، بۆیە دەتوانم بڵێم تائێستا تێگەیشتنمان بۆ زانكۆكان تێگەیشتنێكی كلاسیكییە، واتە ‏تێگەیشتنمان بۆ زانكۆكان ئەوەیە چۆن پێویستە خوێندكارێك خوێندنی سەرەتایی تەواوبكات ئاوهاش دواتر ناوەندی‌و ‏ئامادەیی‌و پاشانیش پێویستە كۆلێژ تەواوبكات! بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێمە چ تاكێك‌و چ پسپۆڕیی‌و پێویستییەكمان هەیەو ‏بەرنامەی حكومەت چییەو پەیوەندی نێوانی زانكۆو كۆمەڵگا چۆنە؟
ئەرێ‌ ئەو میتۆدو پرۆگرامەی لەزانكۆكاندا هەیە، دەتوانێت پێداویستییەكانی بازاڕ پڕبكاتەوەو ركابەری لەسەربنەمای ‏پێشكەوتن دروستبكات؟
بێگومان ئەمانە پرسیاری جددین‌و كێشەی زۆر لەوبارەیەوە هەیە، بۆیە دەكرێت بڵێین ئەوەندەی گرنگی ‏بەبەدەستهێنانی بڕوانامە دراوە ئەوەندە گرنگی نەدراوە بەكوالیتی خوێندن‌و بەجۆرێك پێشكەوتن لەكۆمەڵگادا ‏دروستبكات.‏
‏*پرسی گۆڕینی سیستمی ئیدارەو خوێندنی زانكۆ حكومییەكان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو كاری لەسەر كراوە، بۆ ‏نموونە؛ كۆلێژەكان بەشێكیان لێكدران‌و كران بە فاكەڵتی یان سكوڵ، ئەم گۆڕانكاریانەی بڕیاری لێدرا لەسنووری ‏سلێمانی‌و كۆیەو گەرمیان بەشێكی جێبەجێكرا، بەڵام لە هەولێرو دهۆك جێبەجێنەكرا؟
•    لەڕاستیدا بەمشێوەیە نەبوو، كە بەشێك لەسلێمانی جێبەجێكراو لەهەولێر جێبەجێنەكرا، رەنگە كاتی خۆی ئەوەی پێی ‏دەوترێت فاكەڵتی كێشەیەكی دروستكردبێت بەتایبەتی لەنێوان هەولێرو سلێمانی، دەبینین لە دهۆك جێبەجێكراوەو ‏هەولێریش بەشێكی جێبەجێكردووە، بەڵام نابێت ئێمە ئەم گۆڕانكاریی سیستمی خوێندنە تەنها لەمەدا كورتبكەینەوە، ‏بەڵكو ئەوەی پێشتر قسەی لەسەركرا لەوە گەورەتر بوو، وەك دانانی دڵنیایی جۆریی‌و بەرنامەی تواناسازیی‌و چەندین ‏لایەنی دیكەو لەو قۆناغەدا شەپۆلێك گۆڕانكاری دەستیپێكرد.‏
‏*هەمووان كۆكن لەسەرئەوەی حكومەت خوێندن بەرەو كەرتی تایبەت ببات، نەكردنەوەی زانكۆی نوێی حكومیی‌و ‏زیاتر نەكردنی توانای وەرگرتن رێگە خۆشكردنە بۆ كردنەوەی زانكۆی هەلی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستە چی دەكەن‌و ‏چیكراوە؟
•    بوونی سیستمێك، كە تێیدا زانكۆی حكومیی خۆڕاییە ئەمە پەیوەندی بەفەلسەفەی حوكمڕانیی دەوڵەتەوە هەیە، بەپێی ‏دەستووری عیراق‌و لەكوردستانیش خوێندنی حكومی بەزانكۆكانیشەوە بەخۆڕاییە، بەڵام كێشەیەك دێتەپێشەوە ئەویش ‏توانای وەرگرتنی خوێندكاران لەلایەن ئەم زانكۆیانەوە سنووردارەو بەرەبەرە لەكورتی دەدات. هاوكات بەهۆی زیاتر ‏وەرگرتن لەتوانای خۆیان وادەكات كاریگەری لەسەرئاستی خوێندن‌و فێركردن دروستبێت لەم زانكۆیانە، واتە كوالیتیان ‏دابەزێت، ئەم چەندایەتییە كاریگەریی لەسەر چۆنایەتی دەبێت. بۆیە زانكۆی ئەهلی كراوەتەوە، كە ئێستا بەژمارە ‏لەزانكۆی حكومی زیاترن.‏
ئێستا لەكوردستان 15 زانكۆی ئەهلی هەیە، لەبەرامبەردا 13 زانكۆی حكومی هەیە، بەڵام 77 كۆلێژی حكومیی ‏هەیە لەبەرامبەردا 37 كۆلێژی ئەهلی هەیە.‏
‏*توانای وەرگرتنیان؟
•    سەبارەت بەتوانای وەرگرتنیان، ناتوانین ژمارەیەكی دیاریكراو بدەین، چونكە گۆڕانی بەسەردادێت‌و دیار نییە، بەڵام ‏پار زانكۆ حكومییەكان 37 هەزار خوێندكاریان وەرگرت، زانكۆ ئەهلییەكان حەوت هەزار خوێندكار، بۆ ‏ئەمساڵیش روون نییە، بەڵام هەندێك لەزانكۆكان توانای وەرگرتنیان پێشكەشی وەزارەت كردووەو كەمترە لەڕێژەی پار، ‏چونكە پار گوشاری زۆریان لێكرا بۆ وەرگرتنی ژمارەی زیاتر.‏
‏*ئێوە هیچ توێژینەوەیەكتان لەبەردەستە لەسەر تێچووی یەك خوێندكار لەزانكۆیەكی حكومی لە یەك ساڵدا بەبەراورد ‏لەگەڵ تێچووی خوێندنی خوێندكارێك یان نرخی خوێندن لەزانكۆیەكی ئەهلی؟
•    تائێستا توێژینەوەیەكی ووردمان لەبەردەست نییە تەنها هەندێك زانیارییمان هەیە، دەتوانم بڵێم تێچووی خوێندنی ‏خوێندكارێك لەزانكۆیەكی حكومی بەراورد لەگەڵ بڕی تێچووی خوێندنی خوێندكارێك لەزانكۆیەكی ئەهلی، زۆر ‏زیاترەو دەتوانم بڵێم چەند قاتە!‏
چونكە كرێی مامۆستاو بەشە ناوخۆییەكان زۆری ژمارەی مامۆستایان‌و فەرمانبەران‌و خەرجی ئیدارەدانی ‏دامودەزگاكانی زانكۆ زۆرەو بەراورد ناكرێت لەگەڵ زانكۆ ئەهلییەكان.‏
‏*كێشەی زۆربوونی ژمارەی دەرچووانی پۆلە كۆتاییەكانی ئامادەیی‌و سنوورداریی توانای وەرگرتن لەلایەن زانكۆ ‏حكومییەكانەوە چەند ساڵێكە دووبارە دەبێتەوە، ئێوە چی دەكەن یان پلانتان چییە بۆئەوەی بتوانن رێگە بەكردنەوەی ‏زانكۆی ئەهلی زیاتر بدرێت؟
•    ئەمە یەكێكە لەو تێگەیشتن‌و كلتورە كۆنەی لای ئێمە هەیە یان بۆمان ماوەتەوە، دەتوانم بڵێم بووە بەتێگەیشتنی ‏كۆمەڵایەتیش! كە هەركەسێك لەئامادەیی دەرچوو دەبێت لە زانكۆ وەربگیرێت‌و دواتر زانكۆی تەواوكرد لەدامودەزگای ‏حكومەت دابمەزرێت! ئەگەر بەراوردێك لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بكەین، دەبینین پار لە عیراق لە 40% خوێندكاران ‏لەزانكۆكان وەرگیران، لە ئێران لە 24%ی خوێندكاران لەزانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون، لە ئوردن لەنێوان لە ‏‏25% بۆ لە 26% وەرگیراوە.‏
لەكوردستان تاساڵی 2007 لە 100% دەرچووانی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون، بەڵام دواتر توانای ‏وەرگرتن زۆر كەمتربۆتەوەو لە 2013 لە 60% خوێندكاران وەرگیراون، كە دەكاتە دوو ئەوەندەی عیراق.‏
خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەی پێبدەین، ئەویش ئامانج لە وەرگرتن لەزانكۆو پەیمانگا رەخساندنی هەلی ‏كاركردنە، كەواتە پێویستە ئەم ئەركە تەنها لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا نەبێت‌و وەزارەت‌و دامودەزگاكانی دیكەی ‏حكومەت‌و كەرتی تایبەتیش بەشداریی لەڕەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵك بكەن‌و ژینگەیەك بڕەخسێنن هەمووان تێیدا ‏كاربكەن نەك تەنها ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە هەلیكاریان هەبێت.‏
‏*زانكۆ ئەهلی‌و حكومییەكان لە چ ئاستێكی ریزبەندیی زانكۆكانی جیهان و عیراقدان؟ ‏
•    ئەگەر بەم پێوەرە چاوی لێبكەین ئەوا لەژمارەكانی 3 بۆ چوار هەزارییدان‌و باش نین، بەڵام پێویستە واقیعی زانكۆو ‏سیستمی خوێندن‌و ئیدارەدانی دەوڵەت وەكو خۆی سەیربكەین.‏
لەبنەڕەتدا ئامانج لەدامەزراندنی ئەو زانكۆیانەی هەن، كوالیتی نەبووە، سیستمی ئیدارەی دەوڵەت‌و وەرگرتنی هەموو ‏دەرچووانی پۆلە كۆتاییەكان بەسیستمی ناوەندیی (قبول مركزی) ئەمانە كاریگەریی نەرێنیان لەسەر بەرزی توانای ‏زانكۆكان كردووە، بۆیە كاتێك گلەیی لە كوالیتی زانكۆكان دەكرێت، كێشە لەزانكۆكاندا نییە، بەڵكو قەیرانەكە كۆنی ‏سیستمەكە دروستیكردووە، كەواتە ئەگەر بمانەوێت ئاستی زانكۆكان بەرزبكەینەوە، پێویستە كۆی سیستمی ئیدارەو ‏تێگەیشتن بۆ ئیدارەدانی كۆمەڵگا بگۆڕین.‏
شتێكی گرنگ هەیە دەمەوێت باسی بكەم، ئێمە لەسەرەتای هاتنمان بۆ وەزارەت دەستمانكردووە بەجێبەجێكردنی ‏پڕۆژەیەك بۆ دانانی ریزبەندییەكی نیشتمانیی بۆ زانكۆكانی كوردستان بەحكومی‌و ئەهلییەوە، بەجۆرێك چەند پێوەرێك ‏دابنێین بۆ پێوانەكردنی ئاستی زانكۆكان‌و دواتر ریزبەندكردنیان. ئەمە وادەكات كێبڕكێیەك لەسەرئاستی زانستیی ‏لەنێوانی زانكۆكان دروستببێت، كە سەرەنجام كاریگەریی باشی دەبێت لەسەر كوالیتی زانكۆكانی كوردستان‌و دواتر ‏كاریگەریی لەسەر ئەو ریزبەندییەش دەبێت، كە ساڵانە لەجیهان بۆ زانكۆكان رادەگەیەنرێت.‏
‏*قسەی زۆر لەسەر خراپی كوالیتی زانكۆ ئەهلییەكان دەكرێت، بەڵگەی زۆریش خراوەتەڕوو، لەماوەی چەند ساڵی ‏رابردووش لیژنەیەكی بەدواداچوون‌و پشكنینی كوالیتی زانكۆكانتان هەیە، ئێوە چیتر دەكەن بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی ‏زانكۆكان؟
•    هەموو زانكۆ ئەهلییەكان وەكو یەكتر نین، هەیانە ئاستی بەرزە بەجۆرێك ئەگەر لە زانكۆ حكومییەكان باشتر نەبێت ‏بێگومان خراپتر نییە.‏
لەپرسی چاودێریكردن‌و چاككردنی زانكۆ ئەهلییەكان رێوشوێنمان گرتۆتەبەرو لیژنەیەكمان لەوەزارەت پێكهێناوەو زانكۆ ‏ئەهلییەكان تێیدا بەشدارن‌و لەگەڵیان دادەنیشین  بۆ قسەكردن لەسەر كەموكوڕی‌و كێشەكانیان‌و هەروەها ‏پێشنیارەكانیشیان، لەپرسی بەرزەفتكردنیان درێغی ناكەین‌و رێوشوێنیشمان لەبەرامبەر ئەوانە گرتۆتەبەر ئەگەر ‏سەرپێچییەك كرابێت هەروەك چۆن بەرزەفتی زانكۆ حكومییەكان دەكەین.‏
‏*كردنەوەی بەشی نوێ‌‌و داخستنی بەش‌و كۆلێژ لەزانكۆ حكومییەكان لەسەربنەمای پێویستی بازاڕكراوە؟ یان كلاسیكن ‏ئەو بەشانەی هەن‌و داناخرێن‌و سەرەنجام دەرچووانی ئەو پسپۆڕییانە رەنگە بێكاربمێنن؟
•    ئەمەش پەیوەندی بەم سیستمەوە هەیە، كە ئێستا لەكوردستان بوونی هەیەو سەر بەسەردەمێكی كۆنە. ئەم زانكۆیانەی ‏هەن بەقەد ئەوەی دەزگایەكی ئیداریی تایبەت بەدەوڵەتن تەنها ئەركیان ئەوەبووە بڕوانامە بدەن دواتر دەرچووان ‏لەدامەزراوەكانی حكومەت دابمەزرێن‌و كاربكەن، ئەوەندە گرنگییان بە پەیوەندی نێوان زانكۆو بازاڕو پێویستی ‏كۆمەڵگاو حكومەت نەداوە، بەجۆرێك بازاڕ پێویستی‌و پسپۆڕییەكان دیاریبكات تا زانكۆكان گرنگی پێبدەن، بەڵام ئێستا ‏تێگەیشتن‌و ئاڕاستەیەك هەیە لەكوردستان بەتایبەت دەتوانین بڵێین لەزانكۆ ئەهلییەكان، بۆ نموونە؛ بۆ ئەمساڵ ‏چواربەش تایبەت بە دیپلۆماسییەت كراوەتەوە لەزانكۆ ئەهلییەكان، كە پێشتر ئەم بەشە تایبەتە نەبوو بەڵكو ئێستا ‏پێویستی ئەم بەشانەی كردۆتەوەو حوكمڕانی‌و سیاسەت وادەكات پێویستیمان بەدەستەبژێرێك هەبێت لەبواری ‏دیپلۆماتیدا، هەروەك گرنگیدان بەكەرتی بانك‌و ژمێریاریی لەپێویستی بازاڕەوە هاتووە.‏
بەشێوەیەكی گشتی، ئێمە گرفتێكی دیكەمان هەیە ئەویش ئەوەیە پلانێكی نیشتمانیمان نییە جا كورتخایەن بێت یان ‏درێژخایەن تابزانین لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو چیمان پێویستەو چ پسپۆڕییەك بكرێتەوە، یان بازاڕ چ پێویستییەكی ‏هەیە تا گرنگی پێبدرێت. ئێمە نووسراومان بۆ وەزارەتەكان كردووە تابزانین چییان پێویستە؟ بەڵام وەزارەتەكانیش ‏لەبەرئەوەی ئامارو داتایەكی ووردیان بەردەست نییە ئەوانیش ناتوانن بەدیاریكراوی بزانن چیان زیاتر پێویستە. بۆیە ‏پێویستمان بەپلانێكی نیشتمانیی گشتگیر هەیە لەسەر بنەمای گەشەكردنی كۆمەڵگاو پێویستییەكانی سەردەمەكە.‏
‏*زانكۆی ئەهلیی نوێ‌ دەكرێتەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن؟
•    ئەمساڵ زانكۆی ئەهلی نەكراوەتەوەو بڕیارێكیش هەیە پێشتر دەرچووە تاكو 2015 هیچ زانكۆیەكی ئەهلی ‏ناكرێتەوە، تەنها ئەو زانكۆیانە نەبێت كە بەشێكن یان لقێكن لەزانكۆیەكی دیكەی جیهانی.‏
‏*بۆ خوێندنی ماستەرو دكتۆرا قسەی زۆر دەكرێت، خەڵكێكی زۆر ئارەزووی خوێندنیان هەیە، بەڵام توانای وەرگرتن‌و ‏مەرجەكانی وەرگرتن رێگرییان لێدەكات؟ ‏
•    ئێمە دەستمان بەوەكردووە، كە خوێندنی ماستەر بەپارە بێت لەزانكۆی حكومی (پارلێل) پێشتر بەسنوورداری هەبووە، ‏بەڵام ئێستا بەفراوانتر دەستیپێكردووە.‏
لەبری ئەوەی خوێندكارانمان بچن لەزانكۆكانی لوبنان‌و میسرو مالیزیا بخوێنن‌و پارەیەكی ئێجگار زۆر خەرج بكەن، با ‏لەكوردستان بخوێنن، چونكە زانكۆكانی ئەو وڵاتانە كوالیتیان لەزانكۆ حكومییەكانی خۆمان باشتر نییە. خوێندكارانمان ‏لەبری خەرجكردنی پارەیەكی زۆر با ئەو پارەیە لە وڵاتی خۆماندا خەرج بكەن.‏
لەزانكۆی ئەهلی لەكوردستان نەبووە، تەنها زانكۆی نەورۆز لە دهۆك ماستەری وەرگرتووە، بەڵام ئێمە مەرجمان هەیە ‏كە ئەم زانكۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ زانكۆیەكی دیكەی جیهانی سەرپەرشتی ماستەرەكە بكات.‏
‏*بەردەوام قسە لەسەر زانكۆی كوردستان كراوە، كە زانكۆیەكی حكومییە، بەڵام ئیلتیزام بە بڕیارو راسپاردەكانی ‏وەزارەت ناكات لەهەردوو رووی ئیداری‌و سیستمی خوێندن؟ بۆ ئەمە چیتانكردووە؟
•    ئەم زانكۆیە لەسەرەتای دامەزراندنی بارێكی تایبەتی پێدراوە ئەگەرچی حكومییە، هەندێك لەسەرۆك زانكۆكان ‏پابەندبوون بەوەزارەت‌و بەشداریی كۆبوونەوەكانیان كردووە، هەندێكیشیان پابەند نەبوون، ئەم زانكۆیە دۆخێكی ‏تایبەتی هەیە، بەڵام ئەمە مانای وانییە لەدەرەوەی چەتری وەزارەت بێت‌و پابەند نەبێت بەڕێنماییەكانی وەزارەت، ئێمە ‏رەخنەو گلەییمان لەپابەندنەبوونی ئەم زانكۆیە هەیە.‏
دەبێت ئەوە بڵێم سەرەنجام وەزارەت بڕوانامە دەدات بەخوێندكارانی ئەم زانكۆیە، بەپێی سیستمەكە پێویستە وەزارەت ‏ئاگاداری سیاسەتی ئەم زانكۆیە بێت، بەڵام وەزارەت لێی ئاگادارنییە.‏
‎*‎سەبارەت بەتواناسازیی چەند كێشەیەك هەیە، یەكەمیان ئەوانەی نەڕۆیشتوون گوایە گرفتی پارە هەیەو رەنگە حكومەت نەتوانێت ‏تەمویلیان بكات بۆ خوێندن‌و خوێندنەكەیان دوابكەوێت؟ هەیانە لەوێیە هاتۆتەوەو دەڵێت حكومەت قەرزاری زانكۆكانەو كێشەی  بۆ ‏دروستكردوون؟
•    تواناسازیی پڕۆژەیەكی گەورەی حكومەت بوو، گەورەترین وەبەرهێنانی خوێندن بوو، كاتی خۆی حكومەتی هەرێم ‏بڕی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پڕۆژە گەورەیە تەرخانكرد، تائێستا زیاتر لە 252 ملیۆن دۆلاری لێ خەرجكراوە، ‏بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی كوردستانی گرتۆتەوە بێگومان تواناسازییش ئەم قەیرانە دەیگرێتەوە، زیاتر لە 4400 ‏كاندید هەبوون بۆ ئەم پڕۆژەیە نزیكەی لە 74%یان سەفەریان كردووەو لەو رێژەیەش لە 20%یان كە دەكاتە 700 ‏خوێندكار گەڕاونەتەوەو خوێندنیان تەواوكردووە، واچاوەڕواندەكەین بۆ كۆتایی ئەمساڵ نزیكەی لە 40% دیكەشیان ‏خوێندن تەواوبكەن‌و بگەڕێنەوە ئەوكاتە دەكاتە لە 60%ی ئەوانەی سەفەریانكردووە دەگەڕێنەوەو سوودێكی ‏گەورەیان بۆ كوردستان دەبێت.‏
بێگومان ئەم پڕۆژەیە بێ‌ گرفت نەبووە، بەر لەهەموو شتێك ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ ئاوها پڕۆژەیەك نەبووە بەتایبەت ‏ئیدارەدانی 4400 خوێندكار كارێكی ئاسان نییە لەڕووی ئیداری‌و داراییەوە. گرفتێكی ئەم بەرنامەیە ئەوەبووە ‏خوێندكار خۆی ئۆفەری هێناوەو خۆیشی ئەو بوارەی دەستنیشانكردووە، كە بڕوانامەی لێدەهێنێتەوە، بەبێ‌ رەچاوكردنی ‏پێداویستی حكومەت‌و بازاڕ لەكوردستان، بۆیە دەبینین لەبوارێك خوێندكارێكی زۆر خوێندنیان تەواوكردووەو پسپۆڕییان ‏بەدەستهێناوە، كە پێویستمان نییە لەبوارێكی دیكەش كە پێویستمانە خەڵكێكی زۆر كەم پسپۆڕیان هێناوە یان هەر ‏نەبووە.‏
رەنگە ئەم بەرنامەیە بەردەوام بێت، بەڵام بەڕێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بڕیارمانداوە پێداچوونەوە بەتەواوی ‏ئەم بەرنامەیە بكەین‌و لەمەودوا ئەگەر بەرنامەكە راگەیەنرا ئەوا پسپۆڕییەكان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ‏دیاریدەكرێن‌و هاوكات گۆڕانكاری بەسەر شێوەی بەرنامەكەشدا دەهێنرێت.‏

 

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket