riklam

راگه‌یاندنێكی عه‌سكه‌ری له‌ وته‌بێژی مه‌یدانییه‌وه‌

kurdistani 02:39 PM - 2014-09-02
بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كان، وه‌كو هه‌ن، به‌ رای گشتی بگه‌یه‌نرێت

بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كان، وه‌كو هه‌ن، به‌ رای گشتی بگه‌یه‌نرێت

بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كان، وه‌كو هه‌ن، به‌ رای گشتی بگه‌یه‌نرێت، ئه‌مڕۆ 2-9-2014 وته‌بێژی عه‌سكه‌ری مه‌یدانی راگه‌یه‌ندراوێكی بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگه‌یاندنێكی عه‌سكه‌ری سه‌باره‌ت به‌
رزگاركردنی ناوچه‌كانی دووز خورماتوو، یه‌نگیجه‌، سلێمان به‌گ و ئامرلی

گه‌لی خۆڕاگری كوردستان!
خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان!
بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان و سه‌ركه‌وتنه‌كان، وه‌كو هه‌ن، به‌ رای گشتی بگه‌یه‌ندرێ، به‌پێویستمانزانی راگه‌یه‌ندراوێكی عه‌سكه‌ری سه‌باره‌ت به‌ دۆخی عه‌سكه‌ری ناوچه‌ی دووز خورماتوو، هه‌روه‌ها سلێمان به‌گ، ئامرلی، یه‌نگیجه‌و ده‌وروبه‌ری بڵاوبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ پێناوی زانینی راستییه‌كان.

یه‌كه‌م: بیركردنه‌وه‌ له‌ رزگاكردنی ته‌واوی ناوچه‌كه‌، به‌ شارو شارۆچكه‌كانی قه‌زای خانه‌قینه‌وه‌، بۆ دامێنی قه‌ره‌ته‌په‌، هه‌تا ده‌گاته‌ سه‌راپای قه‌زای دووز خورماتوو، یه‌كه‌مینجار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌كدا باسكراوه‌، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، زانیاری جۆراوجۆری بۆ كۆكراوه‌ته‌وه‌، هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانیش له‌ خانه‌قین و دووز خورماتوو ئه‌نجامدراون، كه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی پاڵپشت و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان ته‌واوی ئاماده‌ییان بۆ سه‌رخستنی نه‌خشه‌كه‌ ده‌رده‌بڕی.

دووه‌م: قه‌زای دووز خورماتوو، به‌تایبه‌تی له‌ (سێریانی به‌غداد- كفری-دووز) هه‌تا ده‌گاته‌ كه‌ركوك، بۆ دوو ساڵ ده‌چێ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌ داعشه‌كان پارێزگای نه‌ینه‌وایان داگیركردو سوپای عیراقیش هه‌ره‌سی هێنا، ناوچه‌كانی خانه‌قین، دووز، كه‌ركوك هه‌تا دووبز، به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و په‌لامارداندا بووه‌، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان قاره‌مانانه‌ پارێزگاری له‌وناوچانه‌ كردووه‌و جومگه‌ عه‌سكه‌رییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌راپای ناوچه‌كه‌شی، بۆ هه‌ر هێرشێكی عه‌سكه‌ری بۆ سه‌ر داعشه‌كان، به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه‌ی چاره‌نووسسازی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بوو، كه‌ له‌ شه‌ڕگه‌كانی دووزدا به‌ده‌ستهاتن، له‌و ناوچانه‌دا، ته‌نها سلێمان به‌گ و ئامرلی به‌ده‌ست سوپای عیراقه‌وه‌ بوون، داعشه‌كان توانیان كۆنترۆڵیان بكه‌ن.

سێهه‌م: تێكڕا كاره‌ لۆجستییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق و كه‌ره‌سه‌و پێویستییه‌كانی ئه‌م هێرشه‌ سه‌ركه‌وتووه‌، له‌ نه‌فتخانه‌وه‌ هه‌تا دووز خورماتوو، به‌درێژایی (120) كم، به‌هۆی پاسه‌وانی و پارێزگاری پێشمه‌رگه‌وه‌، ئه‌نجامدراون.

چواره‌م: له‌م نه‌خشه‌ ستراتیژییه‌شدا، بۆ رزگاركردنی ناوچه‌كانی قه‌زای دووز خورماتوو، له‌ سلێمان به‌گ-ه‌وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ ناحیه‌كانی یه‌نگیجه‌و گونده‌كانی (قریه‌ سلام) و (خه‌سه‌ دارڵی)، كه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگی داعشه‌كان بوو، هێزی پێشمه‌رگه‌ رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزو له‌ تێكشكاندنی پێگه‌ عه‌سكه‌رییه‌كانی داعشدا هه‌بووه‌، شاره‌زایانی جوگرافی ناوچه‌كه‌ ده‌زانن كه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی یه‌نگیجه‌و ئه‌و گوندانه‌ چ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر شه‌ڕگه‌كان هه‌یه‌.

پێنجه‌م: له‌سه‌روی سلێمان به‌گه‌وه‌ بۆ ئامرلی، پێشمه‌رگه‌و ئیداره‌ی دووز خورماتوو، كارئاسانی زۆریان بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌ قاره‌مانه‌كانی عیراق كردووه‌، شه‌وی هێرشه‌كه‌ش، پۆلێك فڕۆكه‌ی ئه‌مریكی، له‌ ناوچه‌كه‌دا ته‌نهاو ته‌نها گه‌مارۆی سه‌ر ئامرلی-یان ده‌كوتاو ئازوقه‌یان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ڵده‌دا، هێزی عیراقیش، به‌ هه‌ڵمه‌تی قاره‌مانانه‌ ئامرلیان رزگاركرد، هه‌روه‌ها له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا، هێزه‌ عیراقییه‌كان رۆڵی كاریگه‌ریان له‌ رزگاركردنی رێگای (عوزێم- حه‌مرین- سلێمان به‌گ)دا گێڕاوه‌.

شه‌شه‌م: هێزی ئاسمانی عیراق، رۆڵێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یان له‌سه‌ر خستنی نه‌خشه‌كه‌دا هه‌بوو، تایبه‌ت له‌ رێگای عوزێم و رزگاركردنی سلێمان به‌گ و ئامرلی-دا.

حه‌وته‌م: پێشمه‌رگه‌، به‌م لیواو هێزانه‌ به‌شداریان له‌ هه‌ڵمه‌ت و هێرشه‌كاندا كردووه‌:
-لیواكانی (3-4-5)ی هێزی به‌رگری و فریاكه‌وتن.
-لیوای (2)ی نه‌وت و گاز.
-لیواكانی (116)ی سۆران و (124)ی خۆشناوه‌تی و (16)ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ هێزێكی گه‌وره‌ی سنور، هه‌روه‌ها هێزه‌ دلێره‌كانی پشتیوان و مه‌فره‌زه‌كانی به‌رپرسان.. به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه‌، هه‌ڵمه‌تبه‌رو دوژمن شكێن بوون.

هه‌شته‌م: له‌م شه‌ڕو سه‌ركه‌وتنه‌دا (4) شه‌هیدمان كرده‌ قوربانی كوردستان و پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ عیراقدا، سورخه‌ڵاتان قاره‌مانی نه‌مر، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی لیوای دووی نه‌وت و گاز (عه‌مید سه‌ربه‌ست شێخ عه‌لی سدیق) له‌گه‌ڵ شه‌هیدان (زانا دڵشاد ئیسماعیل – له‌ هێزه‌كانی پشتیوانی)، (ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین – له‌ لیوای دووی نه‌وت)، (هه‌ڵۆ كه‌مال – له‌ فه‌وجی دوو) هه‌روه‌ها (13) پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانیش برینداربوون.

نۆیه‌م: ده‌ستكه‌وتی پێشمه‌رگه‌ (2) هاوه‌نی (120) ملم، (1) هاوه‌نی هه‌شت ملم، (3) دۆشكه‌، (2)هه‌مه‌رو (8) ئۆتۆمبێلی بچوك، بی كه‌ی سی و ته‌مه‌نییه‌كی زۆریش.

ده‌یه‌م: پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، گه‌رمیان، كه‌ركوك و دووزخورماتوو، پێشمه‌رگه‌ئاسا فریای برینداره‌كان ده‌كه‌وتن و بێ جیاوازی نێوان هێزه‌كان گیانی ده‌یانیان رزگاركرد، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی شه‌ڕگه‌كان و پێشمه‌رگه‌، زۆر دڵسۆزانه‌ خزمه‌تیان به‌ سه‌نگه‌ره‌كان ده‌گه‌یاند، له‌هه‌مانكاتدا كۆمه‌كی خه‌ڵكی دڵسۆز، له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستاندا، شایانی سوپاس و پێزانینی زۆرمانه‌.

ئه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌!
ئه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر!
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌، به‌ هاوكاری هه‌موولایه‌ك هاتۆته‌دی، به‌تایبه‌تی دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌كانی داعش و یه‌كه‌مینجاریشه‌ نه‌خشه‌ی هاوبه‌شی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ناوخۆی كوردستان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق و هێزی ئاسمانی عیراق، به‌م فراوانییه‌ سه‌رده‌خرێ، ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنه‌كانی مه‌خمور، گوێر، زوممارو به‌ربه‌ستی موسڵ، پێشترتیش له‌ ناخه‌قین و قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌باره‌، هه‌موو ده‌یسه‌لمێنن كه‌ توانای تێكشكاندنی دوژمنانی پرۆسه‌ی دیموكراسی و عیراقی فیدراڵ، هێشتا له‌ كوردستان و عیراقدا زۆر به‌هێزه‌، هه‌موو ئه‌و نه‌خشانه‌ پوچه‌ڵكرانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانویست نێوان كوردو شیعه‌و سوننه‌ش تێكبده‌ن، ده‌شبێ.. ئه‌م به‌رنامه‌ هاوبه‌شه‌ به‌رده‌وامبێت هه‌تا داعشه‌كان له‌ڕیشه‌ ده‌كێشرێن، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌قیش وایه‌ له‌ سایه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌ عه‌سكه‌رییه‌كانیشدا، كێشه‌ سیاسییه‌كان چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌یان بۆ ده‌ستبه‌ربكرێ، هه‌ربه‌مه‌ش پاشماوه‌ی پیلانی پیلانگێڕان مایه‌پوچ ده‌بن.
ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێین: داعشه‌كان خه‌ڵكێكی به‌رچاوی ناوچه‌كه‌یان له‌خشته‌بردووه‌، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ڵێن ده‌دات ئه‌گه‌ر هاوكاری ئیداره‌و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن، سه‌رو ماڵیان ده‌پارێزرێ و ژیانێكی ئاسوده‌یان بۆ دابینده‌كرێ، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا خه‌ڵك ده‌بێ بزانێ داعشه‌كان هه‌ر هاش و هوش بوون، له‌ زیان به‌ولاوه‌، هیچی تریان نه‌گه‌یاند، به‌هیواین خه‌ڵك ده‌رسی لێوه‌رگرتبن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سایه‌ی سه‌روه‌ری یاسا.

سڵاو له‌ شه‌هیدان
بژی گیانی هاوبه‌ش بۆ تێكشكاندنی دوژمنانی دیموكراسی

وته‌بێژێكی عه‌سكه‌ری مه‌یدانی
2/9/2014

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket