riklam

دژی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له‌زۆربه‌ی شاروشارۆچكه‌كان خۆپیشاندانه‌

kurdistani 11:05 AM - 2014-09-01
شۆفێران داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ده‌كه‌ن

شۆفێران داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ده‌كه‌ن

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 1-9-2014 له‌زۆربه‌ی شاروشارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دژی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌و به‌شێك له‌ ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كانیان داخستووه‌.

له‌شاری سلێمانی و له‌به‌رده‌م به‌نزینخانه‌ی ئازادی ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێران به‌هۆی گرانی نرخی به‌نزینه‌وه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌و رێگای سه‌ره‌كی به‌رده‌م به‌نزینخانه‌كه‌یان گرتووه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یامنێرمان له‌ قه‌زای سه‌ید سادق پێی راگه‌یاندین كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌به‌رامبه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین خۆپیشاندانی هاووڵاتیان له‌به‌رده‌م بانقی سه‌یدسادق ده‌ستیپێكرد.

په‌یامنێرمان ئه‌وه‌شی پێ راگه‌یاندین كه‌ خۆپیشانده‌ران رێگای سه‌ره‌كی هه‌ڵه‌بجه‌- سلێمانیان داخستووه‌و  داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ده‌كه‌ن.

به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌ ناحیه‌ی وارماوای سه‌ربه‌ قه‌زای شاره‌زور له‌ دژی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین ده‌كه‌ن و له‌ئێستاشدا رێگای سه‌ره‌كی قه‌زای شاره‌زور- سلێمانیان داخستووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ قه‌زای دوكان و ناحیه‌ی خه‌له‌كان به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌و رێگای سه‌ره‌كی دوكان- رانیه‌یان داخستووه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌شاری هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێران خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو داواكارن كه‌ نرخی به‌نزین كه‌مبكرێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ 31-8-2014 له‌لایه‌ن حكومه‌ت و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ نرخی به‌نزین بۆ هه‌ر لیترێك له‌ 800 دیناره‌وه‌ به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ 900 دینار ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌و شۆفێران داواكارن كه‌ نرخی به‌نزین كه‌مبكرێته‌وه‌.

به‌ركردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌شت مانگه‌ قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستبووه‌و له‌ئێستاشدا فه‌رمانبه‌ران موچه‌ی مانگی 7 و 8 یان وه‌رنه‌گرتووه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ نانێردرێت.

جێی باسه‌ به‌هۆی هه‌نارده‌كرنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌ كێشه‌ كه‌وتۆته‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندو له‌و كاته‌شه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ن بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕیووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌ راگیراون.

PUKmedia په‌یامنێرانمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket