riklam

ئەنجومەنی ناوەندی دەستخۆشی لەپێشمەرگەو داوای لێپێچینەوەی كەمتەرخەمەكان دەكات

kurdistani 04:36 PM - 2014-08-31
له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌فه‌رمانده‌ی میحوه‌ركان كۆبوویه‌وه‌

له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌فه‌رمانده‌ی میحوه‌ركان كۆبوویه‌وه‌

ئەمڕۆ ٣١ ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیوانداری بەشێك لەفەرماندەی سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی شەڕ كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، كە تایبەت بوو بەپێشمەرگەو بەرەكانی شەڕ.
پاش خوێندنەوەی راپۆرتێكی تایبەتی هەمەلایەنە لەسەر رەوشی پێشمەرگەو بەرەكانی شەڕو گوێگرتن لە راوبۆچوونی فەرماندەكان و گفتوگۆی راشكاوانە، ئەنجومەنی ناوەندی لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا بەلاغێكی راگەیاند كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەلاغی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك) لە ٣١ ی ئابی ٢٠١٤
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
هەر لەیەكەم رۆژی پەلاماری تیرۆریستەكانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ و داگیركردنی و دواتر داگیركردنی پارێزگای سەلاحەدین و ئەنبار و بەشێك لە پارێزگای دیالە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەیامێكی راشكاوانەدا سیاسەتی راست و دووربین و واقیع بینانەی یەكێتی لەسەر مەترسییەكانی داعش بۆ سەر كۆمەڵانی خەڵك و خاكی كوردستان و سەرجەم مرۆڤایەتی راگەیاند.
بەڵام لەلایەن هەندێك هێزی سیاسییەوە نەك هەر پێشوازی لەو هەڵوێستە راست و دروستەی یەكێتیی نەكرا، بەڵكو یەكێتیی بەوە تۆمەتبار كرا گوایە ئەمە شەڕی مەزهەبی شیعەو سونەیەو یەكێتیی دەیەوێت كورد لەو شەڕەدا تێوەبگلێنێت، كە نەك پەیوەندی بە كوردەوە نیە، بەڵكو دەبێت كورد ئەو شەڕە بە دەرفەت بزانێت و خۆی بۆ قۆناغێكی دیكە ئامادە بكات.

تیرۆریستەكانی داعشیش لەرێی پەیامێكی چەواشەكارییەوە بەهەمان شێوە سەرنجی شەقامی كوردی بۆ ئەو ئاقارە راكێشا كە ئەوان شەڕی كورد ناكەن و تەنها دەیانەوێت كورسی حوكم لەبەغداد بەدەست بهێنن، سەرنجام سودیان لەو دەرفەتە بینی تا خۆیان بەباشی رێكبخەن و چەك و كەرەستەی سەربازی و مرۆیی و داهاتێكی زۆر فەراهەم بكەن و بەشێوازێكی دڕندانە پەلاماری خەڵك و خاكی كوردستان بدەن و كارەساتێكی گەورەی لێبكەوێتەوە بەتایبەتی لە دەڤەری شەنگال.

ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەدا پاش راڤەكردن و هەڵسەنگاندنی رووداوەكانی بەرەكانی شەڕ كە لەهەندێك میحوەر كەمتەرخەمی و لەهەندێك میحوەری دیكەش داستانی خۆڕاگری و قارەمانی وێنا دەكەین، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
١- داوا لەپەرلەمانی كوردستان دەكەین پەلەبكرێت لەئاشكراكردنی راستییەكانی كارەساتی شەنگال و بەتوندی سزادانی ئەوانەی كەمتەرخەم بوون بەرامبەر بەو دۆخە ناهەموارو نا چاوەڕوانكراوە.

٢- ئەنجومەنی ناوەندی ئیدانەی سەرجەم تاوانەكانی داعش دەكات كە بەرامبەر هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و عیراق بەگشتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بەخوشك و برا ئیزیدی و كاكەیی و شەبەك و مەسیحییەكانمان.

٣- داوادەكەین هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەكی، بۆ رزگاركردنی ئەو سەدان كچ و ژنەی لەشەنگال و دەوروبەری لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەشێوەیەكی نامرۆڤانە رفێندراون و بازرگانیان پێوەدەكرێت و هەروەها بەجینۆساید ناساندنی ئەو كارەساتە نامرۆڤانەیە.

٤- هەرچەندە رۆژانە لەرێی میدیاو سەرچاوە فەرمییەكانەوە ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا رایدەگەیەنن كە كاروانی چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ پێشمەرگەی كوردستان دەگەیەننە هەولێری پایتەخت و چاوەڕوانی ئەوەش دەكرا ئەو چەكانە بەپەلە بگاتە دەستی پێشمەرگە لەو میحوەرانەی كە رۆژانە شەڕێكی سەخت و بەردەوام روودەدات، بەتایبەتی لە میحوەری (كەركوك، دوزخورماتوو، سەعدیە، قەرەتەپە، جەلەولا)، بەڵام تائێستا بەپێی لێدوانی فەرماندەو سەرپەرشتیارانی ئەو میحوەرانە ئەو چەكانە لەو سنورانە دابەش نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدا كە لە سەرەتاوە وەزارەتی پێشمەرگە بەبەردەوامی رایگەیاند ئەو چەكانە لەرێی وەزارەتی پێشمەرگەوە بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر هەموو هێزی پێشمەرگەدا دابەشدەكرێت، كەچی لەم دواییەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

٥- ئێمە وەكو ئەنجومەنی ناوەندی داواكارین لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كە مووچەو گوزەرانی پێشمەرگەو پێداویستییەكانیان باشتر بكەن، وەك پاداشتكردنیشیان پلەكانیان بەرزبكرێتەوە.

٦- سوپاسی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هەموو ئەو دەوڵەتانە دەكەین كە پشتیوانمان بوون و هاوكاری جۆراوجۆری هەرێمی كوردستان دەكەن، داواكاریشین لەو دەوڵەتانەی خۆیان بە دۆستی كورد دەزانن و تائێستاش دوودڵن كەبێنە سەر رێبازی وڵاتانی پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاربدەن و بەكردەوە دۆستایەتی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان بسەلمێنن.

٧- دەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان و دژەتیرۆرو هێزەكانی ناوخۆو ئاسایش و خۆبەخشەكان دەكەین لەسەرجەم بەرەكانی شەڕ كە ئازایانەو قارەمانانە لەهەڵمەتەكانی بەرگری و هێرشدا پارێزەری سەرسەختی خاك و خەڵكی كوردستانن، هەروەك سوپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ هاوكاری و پشتیوانیان لە ئاوارەكان و پێشمەرگەی كوردستان.

لەهەمان كاتدا سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدە قارەمانەكان دادەنەوێنین كە بەگیانی پاكیان كاروانی خەباتی كوردایەتیان ئاودا.

نەمری و سەربەزی بۆ شەهیدانی كوردو كوردستان...
بژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان...

ئەنجومەنی ناوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
   ٣١ ی ئابی ٢٠١٤

PUKmedia

1237163182014_202.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket