riklam

فاروقی مەلا مستەفا: گەشبینم بەداهاتووی ئابووریی كوردستان ‌

kurdistani 12:31 PM - 2014-08-30
فاروقی مەلا مستەفا

فاروقی مەلا مستەفا

چیرۆكی سەركەوتنی سەرمایەدارێك
فاروقی مەلا مستەفا: گەشبینم بەداهاتووی ئابووریی كوردستان ‌




فاروقی مەلا مستەفا سەرۆكی ئەنجومەنی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، باس لەسەرەتای دەستپێكردنی كاری بازرگانی خۆی‌و پڕۆژەكانی ‏ئێستاو داهاتوو، لەگەڵ قەیرانی دارایی هەرێم دەكات.‏

فاروقی مەلا مستەفا سەرمایەدارێكی دیاری كوردستان‌و عیراقە. ئەو بۆ یەكەمجار لەساڵی 1999 هێڵی مۆبایلی هێنایە عیراقەوەو خەونەكەی بووە راستی كە لەنەخۆشخانەیەكی ‏ئەڵمانیاو لەكاتی نەخۆشكەوتنیدا خەونی پێوە دەبینی كە بتوانێ‌ مۆبایل بهێنێتە كوردستانەوە.‏

سەرمایەكەی دوو ملیارو 700 ملیۆن دۆلارە
ئەو سەرمایەدارە دەرچووی كۆلێژی بازرگانی بەغدایەو ساڵانی شەستەكان پەیوەندی بەحزبی شیوعی عیراقەوە كردووە، دواتر چۆتە ناو كاری بازرگانی‌و لەبارەی سەرەتای كاری بازرگانی ‏خۆیەوە دەڵێ:»دوای شكستی شۆڕشی ساڵی 1975 گەڕامەوە ناو شارو لەكارێكی بچووكەوە دەستم پێكرد، ئەو كات بەپارەی خەڵك‌و بەنیوەیی كارم دەكردو پیشەو جۆری ئیشەكانم ‏بەردەوام دەگۆڕی تاگەیشتینە ئەو پڕۆژانەی ئێستا هەیە».‏
ئەو بەئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانێ‌‌و لەكاتی دەستبردن بۆ كارو پڕۆژەیەك بیر لەترس‌و شكست ناكاتەوە. «لەجانتایەكی دەستی پەیوەندییەوە كە بە 15 هەزار دۆلار كڕیم دەستم ‏پێكرد، تاگەیشتە كۆمپانیای ئاسیاسێل كە ژمارەی بەشداربووانی لەسەرتاسەری عیراقدا گەیشتۆتە زیاتر لە 12 ملیۆن كەس».‏
زیاتر لە 40 هەزار كەس لەگروپی كۆمپانیاكانی فاروق-دا كار دەكەن. فاروقی مەلا مستەفا كە سەرمایەكەی دوو ملیارو 700 ملیۆن دۆلارەو وەك خۆی دەڵێ‌ زۆربەی سەرمایەكەی ‏لەكاردایە، بەو پڕۆژە گەورانەوە ناوەستێ‌‌و سەرقاڵی چەند پڕۆژەیەكی گەورەترە كە بەمزوانە دەستپێدەكات. «گەورەترین كارگەی دروستكردنی ئاسن لەعیراق، كارگەی دروستكردنی ‏ئەلەمنیۆم، كارگەی دروستكردنی دەرمان، پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری كە بریتییە لەشاری گەشتوگوزاری دوكان».‏

دیراسە بۆ پڕۆژەكانی حكومەت ناكرێت
بەڕێوەبەری كۆمپانیای فاروق گرووپ ئاماژە بەوە دەكات، كە جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەساڵی 1968ەوە دۆستایەتییان هەبووە، پشتیوانی ‏تەواوی لێكردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی‌و حكومەتی هەرێمیش رێگری لەپڕۆژەكانی نەكردووە.‏


فاروقی مەلا مستەفا دەڵێ:»لەئەنجامدانی پڕۆژەكانیدا بەردەوام بەپلان‌و لێكۆڵینەوە كار دەكات، لەهەمان كاتدا رەخنە لەحكومەتی هەرێم دەگرێ‌ كە بیر لەپڕۆژەكان ناكاتەوە. ‏‏»حكومەتی هەرێم پڕۆژەكانیان بەشێوەیەكی دیراسەكراو نییە بەوەی بەپێی پێویستی مۆڵەت بدرێتە پڕۆژەكان، بۆخۆم گرنگیم داوە بەو پڕۆژانەی كە بایەخ‌و سوودی هەبێ‌ بۆ ‏بەرهەمهێنان‌و كەم كردنەوەی بێكاری لەوڵاتەكەدا».‏


پڕۆژەكانی فاروق گروپ زیاتر لەسلێمانیدایەو هۆكارەكەی روون دەكاتەوە، «سلێمانی پێویستی بەپڕۆژەكانی ئێمە هەیەو خۆم لەم شارە لەدایك بووم‌و گەورە بووم‌و خوێندومە، سلێمانی ‏زیاتر پێویستی بەپڕۆژە هەیەو دوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی حكومەت هەموو دەزگاكان برانەوە هەولێر، بەو هۆیەوە بۆ كارێكی سادە دەبێ‌ بچیتە هەولێرو رۆتیناتی زۆر ‏هەیە ئەوەش رێگرە لەپێشكەوتنی دەزگاكانی حكومەت‌و پڕۆژەكان‌و هۆكارێكیشە بۆ گەندەڵی».‏

پێدانی قەرز بەحكومەت
ئەو داوا دەكات لەو دۆخ‌و قەیرانە داراییەی كوردستاندا كە ماوەی هەشت مانگە بەردەوامی هەیە، سەرمایەدارو وەبەرهێنەرەكان كۆمەك‌و هاوكاری پێشمەرگە بكەن‌و قەرز بدەنە ‏حكومەت.‏
كۆمپانیاكانی فارق بێبەش نەبوون لەئاڵۆزییەكانی ئێستای عیراق‌و تایبەت شەڕی دژی داعش. بەهۆی ئەو دۆخەی داعش لەعیراق‌و كوردستان خولقاندویەتی، لەدوو كارگەی چیمەنتۆ ‏كارگەیەكیان راگرتووە. هەروەها هۆتێلێكی تری گەورەیان داخستووە.‏
فاروقی مەلا مستەفا ناسراوە بەوەی لەبواری خێرخوازیدا دەستێكی باڵای هەیەو لەوەسێتنامەیەكدا بۆ خێزانەكەی داوای لێكردون بەهەمان رێگەی خۆی بڕۆن‌و بەشێكی سەرمایەكەی ‏بۆ كاری خێرخوازی تەرخان بكەن. ئەو دەڵێ:‌»چەندین رێگام هەیە بۆ كاری خێرخوازی‌و وەسێتی من بۆ خێزان‌و منداڵەكانم ئەوەیە بەهەمان رێگادا بڕۆن، چونكە كفن نەقاسەی ‏هەیەو نەگیرفانی هەیە».‏
ئەو سەرمایەدارە سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی هەرێم، بەگەشبینییەوە لەئایندەی ئابووریی هەرێم دەڕوانێ‌‌و دەڵێ‌:»داهاتوی ئابووریی كوردستان گەشەدار دەبێ‌، چونكە ‏وڵاتەكەمان دەوڵەمەندەو توانای زۆری تێدایە».‏

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-وه‌

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket