riklam

2000 كۆچبه‌ر له‌ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا خنكاون

kurdistani 01:10 PM - 2014-08-28
UN: ئه‌مساڵ نزیكه‌ی دوو هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا خنكاون

UN: ئه‌مساڵ نزیكه‌ی دوو هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا خنكاون

مێلیسا فلێمینگ وته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ راگه‌یاندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تائێستا نزیكه‌ی دوو هه‌زار كۆچبه‌ر كه‌ له‌ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقاوه‌ هه‌ڵهاتوون، له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی تائێستا له‌ ئه‌مساڵدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زۆر زیاتره‌ له‌و ژماره‌یه‌ی كه‌ ساڵی رابردوو بوونه‌ته‌ قوربانی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا، چونكه‌ به‌ وته‌ی ئه‌و، ته‌واوی ساڵی رابردوو ده‌وروبه‌ری 600 كۆچبه‌ر له‌و ده‌ریایه‌دا له‌پێش گه‌یشتنیان به‌ وڵاتانی ئه‌وروپا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌كاتێكدا ته‌نها له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردووداو له‌ سێ رووداوی تێكشانی به‌له‌می كۆچبه‌راندا له‌ نزیك كه‌ناراوه‌كانی لیبیاو له‌پێش گه‌یشتنیان به‌ ئیتاڵیا، زیاتر له‌ 300 كۆچبه‌ر خنكاون.

راپۆرتێكی تری رێكخراوه‌كه‌ كه‌ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی كۆچه‌ له‌ نێوان وڵاتانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیادا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نها له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 200 كۆچبه‌ر له‌ زه‌ریای هندیدا خنكاون و 20 هه‌زاری تریشیان ژیانی خۆیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسی له‌ناوچوونه‌وه‌، كه‌ به‌شێكی به‌رچاویان له‌ نه‌ته‌وه‌ی (رۆهینگیا)ی موسوڵمانی وڵاتی بۆرمان كه‌ به‌هۆی خراپی بارودۆخی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ كۆچیانكردووه‌.

راپۆته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ زیاتر له‌ 7 هه‌زار كۆچبه‌ری ده‌ریایی له‌ كه‌مپه‌كانی وڵاتانی وه‌ك مالیزیاو ئه‌نده‌نوسیاو تایله‌ند هه‌ن و پشكی شێریش له‌و ژماره‌یه‌ بۆ كه‌مپه‌كانی ئوسترالیایه‌ كه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ سیاسه‌تی ده‌ستگیركردنی كۆچبه‌ری نایاسایی له‌پێشگه‌شتنیان به‌ ئاوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌و ناردنیان بۆ كه‌مپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی پیاده‌ ده‌كات.

له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌ خراپی بارودۆخی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ ده‌ریاییانه‌ی كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ركراون، ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ش بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی كۆچبه‌ران و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان له‌لایه‌ن ئه‌و قاچاخچیانه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گه‌شته‌ ده‌ریاییه‌كانیان بۆ رێكخستوون.

به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ساڵی رابردوو 60 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ رێگه‌ی ده‌ریاوه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو پێده‌چێت ژماره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر بكات، له‌ ئه‌مساڵدا.

PUKmedia  هه‌ژار ته‌ها

س/ رۆیته‌رز، ماڵپه‌ری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا

710132882014_wene22.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket