riklam

كونسوڵی روسیا:بارودۆخ پێویستی بەجیابوونەوەی كوردستان كرد پشتگیری دەكەين

kurdistani 08:52 PM - 2014-08-26
یەڤگینی ئارچنتسییڤ كونسوڵی حكومەتی روسیای فیدراڵ لەهەرێمی كوردستان

یەڤگینی ئارچنتسییڤ كونسوڵی حكومەتی روسیای فیدراڵ لەهەرێمی كوردستان

سەبارەت بەهێرشەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و ئاوارەبوونی كوردانی ئێزدی لەناوچەی شنگال‌و جینۆسایدكردنیان لەلایەن ئەو رێكخراوە تیرۆریستیەو، لەلایەكی تر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عیراق‌و هەروەها یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن حكومەتی روسیاو پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی روسیاو هەڵوێستی حكومەتی روسیای فیدراڵ سەبارەت بەو پرسانە، كوردستانی نوێ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ یەڤگینی ئارچنتسییڤ كونسوڵی حكومەتی روسیای فیدراڵ لەهەرێمی كوردستان بەوكالەت سازكرد.

*هەڵوێستی حكومەتی روسیا سەبارەت بەپەلاماری چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەرێم چیە؟
- پێموایە هەڵوێستی حكومەتی روسیای فیدراڵ سەبارەت بەرێكخراوی داعش جیاوازی نیە، لەگەڵ هەڵوێستی دەوڵەتانی ئەوروپاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو كەنەداو هەموومان هەڵسوكەوتەكانی رێكخراوی داعش بەتوندی ئیدانە دەكەین، دەمەوێت ئەوەشتان بیربخەمەوە كەحكومەتی روسیا پێش دوو ساڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبوونی مەترسی چەكدارانی داعش لەنێو پۆلەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریای ئاگاداركردبۆوە، كاتێك لەو وڵاتە جەنگ‌و پێكدادان دەستیپێكرد. ئێمەی رووس ئاگاداریمان بۆ ئەو دیاردە زۆر ترسناكە دەرخستبوو، بۆیە ئێستاش هەڵوێستی روسیا روونە كەئیدانەی ئەو رێكخراوە دەكەین‌و هەروەها هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلی كورد دەردەخەین كەئێستا رووبەڕووی ئەو دوژمنە ترسناكە دەبێتەوە، ئێمەی رووسەكان لەپێشوودا تووشی هەمان ئەو دیاردە ترسناكە بووینەتەوە، كاتێك جەنگمان لەدژی تیرۆر لەكۆماری چیچان بەرپاكرد، بۆیە دركمان بەڕادەی ئەو ترسناكیانە كردووە كەئێستا رێكخراوی داعش هەیەتی، ئێمە پێمانوایە چارەسەری ئەو كێشەیە دەبێت بەبڕیاردانی رێوشوێنی رۆشنبیری‌و فیكری بێت كەتائێستا ئێمەی حكومەتی روسیا لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە سەركەوتنمان بەدەستهێنا لەكۆماری چیچان كەئێستا كۆمارێكی ئارامەو بارودۆخی ئابووریەكەی بەشێوەیەكی فراوان گەشەدەكات‌و شاری گرۆزنی پایتەختی كۆمارەكە لەڕووی بیناسازی‌و ئاوەدانیەوە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە.

*ئایا بۆ بنبڕكردنی تەوژم‌و هەڕەشەی رێكخراوی داعش بۆ سەر كوردستان‌و عیراق چی بكرێت؟

- من پێموایە لەناوبردنی ئەو رێكخراوە بەهەوڵێكی زۆر دەبێت لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كەبەر لەهەموو شتێك وەستاندنی یارمەتیە دەرەكیەكانە بۆ ئەو رێكخراوە كەئێمە ئاگادارین كەهەندێك دەوڵەت پێشترو ئێستاش یارمەتی داعشی بەچەك‌و یارمەتی لۆجستی دەدات كەلەراگەیاندنەكانەوە بیستوومانە كەباس لەیارمەتی ئەو رێكخراوە لەلایەن دەوڵەتانی وەك توركیاو سعودیەو قەتەر دەكەن.

*ئایا حكومەتی روسیای فیدراڵ ئامادەیە بۆ ئەوەی یارمەتی ئاوارە كوردە ئێزیدیەكانی ناوچەی شنگال بدات، كەبەهۆی پەلاماری چەكدارانی داعش تووشی كارەسات‌و برستێی‌و بێ جێگایی بوون؟

- ئێمە وەك كونسوڵخانەی روسیا لەهەرێمی كوردستان چەند پێشنیازێكمان بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش بەحكومەتەكەمان كردووەو هیواخوازیشین لەماوەیەكی نزیكدا ئەو یارمەتیانەی حكومەتی روسیا بگاتە هەرێم، بۆ ئاوارە ئێزدییەكان‌و كریستیانەكان‌و توركمانەكان، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كەلەمانگی 10ی ساڵی رابردوو حكومەتی روسیای فیدراڵ یەكەم وڵات بوو كەیارمەتی مرۆیی پێشكەش بەئاوارە كوردەكانی سووریاكرد كەئەوكات كونسوڵخانەكەمان بەئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن‌و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هاوكاریەمان لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وەرگرت كەلەرێگەی فڕۆكەیەكی وەزارەتی فریاكەوتنی روسیا گەیشتبووە هەولێر، كەبڕی 37 تۆن كەلوپەلی تێدابوو بەسەر ئاوارەكانی كوردانی سوریا دابەشمان كرد.

*ئایا ئێوە وەكو حكومەتی روسیای فیدراڵ ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەپێدانی چەك‌و تەقەمەنی هەروەك چۆن وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بڕیاری ئەو جۆرە هاوكاریەیان داوە بەحكومەتی هەرێم‌و هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لەبەرامبەر هێزەكانی داعش بەكاری بێنن؟

- ئەو مەسەلەیە كارێكی زۆر هەستیارە، بۆیە ناتوانم لەئێستاوە قسەی لەسەر بكەم، بەڵام تائێستا حكومەتی روسیا هیچ جۆرە یارمەتیەكی سەربازی بەهەرێمی كوردستان پێشكەش نەكردووە.

*هەڵوێستی ئێوەی حكومەتی روسیای فیدراڵ سەبارەت بەسازكردنی ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان‌و جیابوونەوەی لەعیراق‌و دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی چیە؟

- هەڵوێستی حكومەتی روسیای فیدراڵ سەبارەت بەعیراق ئەوەیە كەعیراق دەوڵەتێكی یەكگرتووەو ئێمەش پشتیوانی لەبۆچوونی یەك پارچەیی خاكی عیراق دەكەین، چونكە وەك ئەوەی دەزانن لەپێشوودا لەروسیا دەوڵەتێك هەبوو كەئەویش یەكێتی سوڤێت بوو، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی ئەو دەوڵەتە هەموو نەتەوەكانی ئەو دەوڵەتە یەكگرتووە لاوازو بێ هێزبوون، بۆیە ئێمە بەر لەهەموو میللەتانی جیهان درك بەزیانی پارچەبوونی وڵاتان دەكەین، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی بەجیابوونەوەی هەرێمی كوردستان كرد لەعیراق‌و سەربەخۆیی ئەو هەرێمە بەدەستهات، ئەوا ئێمە وەكو حكومەتی روسیا دژی ئەو كارە نابین، بەڵكو پشتگیریشی لێدەكەین، هەروەك میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لەوتەیەكی پێشوودا وتویەتی ئەگەر ئەو سیناریۆ خراپەی كەلەڕەوشی سیاسی عیراق بەردەوام بوو ئێمە ئامادەین بۆ هەر بژاردەیەك.

*ئایا حكومەتی روسیا پشتگیری لەهەموو مافەكانی گەلی كورد لەعیراق دەكات كەئێستا داوای دەكەن وەكو مافەكانی كورد لەمەلەفی نەوت‌و ناوچە جێناكۆكەكان لەچوارچێوەی عیراقدا؟
- تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا بێت، ئێمە پشتگیری لەچارەسەری ئاشتیانەی كێشە هەڵواسڕاوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەین، بۆ مەسەلەی نەوت‌و ناوچە جێناكۆكەكانیش ئەوە دەڵێم ئەو مەسەلانە زۆر هەستیارن‌و ناتوانین بڕیارو قسەی لەسەربكەین، بەڵام ئێمە دەزانین كەئێستا هەرێمی كوردستان رووبەڕووی رێكخراوی داعش بۆتەوەو توانا ئابووری‌و سەربازیەكانیشی بۆ ئەو رووبەڕووبونەوەیە سنووردارەو لەهەمانكاتیشدا هاتنی پەناهەندەیەكی زۆر بۆ ئەو هەرێمە بوونی هەیە من پێموایە لەوكاتەدا پێویستە یارمەتیەكی زۆری بەپەلەی مرۆیی بگەیەنرێتە هەرێمی كوردستان، چونكە وەكو ئەوەی ئێمە ئاگادارین ئێستا ئەو هەرێمە رووبەڕووی خەتەرناكی هێرشی توندەڕەوەكانی داعش دەبێتەوە كەئەو جەنگەشی لەبڕی هەموو وڵاتانی جیهان بەسەریدا سەپاوەو ئەنجامی دەدات.

*بۆچی ئێوە وەكو حكومەتی روسیا نێوانگیری لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان ناكەن، هەروەك چۆن هەندێك وڵاتانی جیهان نێوانگیری دەكەن؟

- ئێمە لەڕێگای پەیوەندیە دیپلۆماسیەكان نێوانگیری دەكەین‌و لەهەموو بارودۆخێكدا حكومەتی روسیای فیدراڵ داوا لەهەردوو حكومەتی بەغداو هەولێر دەكات بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكانیان بەشێوەیەكی ئاشتیانە بكەن.

*هەڵوێستی حكومەتی روسیا بۆ چاكبوونەوەی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی‌و گەڕانەوەی بۆ كوردستان چیەو هەڵوێستتان لەبارەی ئەو كەسایەتیە سیاسیە كوردە چیە؟

- ئێمە بەخێرهاتنەوەی مام جەلال بۆ هەرێمی كوردستان دەكەین دوای وەرگرتنی چارەسەرێكی دوورودرێژ لەئەڵمانیا، هەروەك دڵخۆشین بەسەركەوتنی لەچارەسەركردنی نەخۆشیەكەی‌و ئێستاش لەوڵاتی خۆیەتی، ئێمەی رووسەكان مام جەلال بەكەسایەتیەكی قورس‌و گەورەو كاریگەری سیاسی دەزانین كە بەشداریەكی گەورەی لەپێشخستنی كاری سیاسی لەعیراق كردو رۆڵێكی گرنگ‌و باڵای
گێڕا لەوبارەیەوە.

*هەڵوێستی حكومەتی روسیای فیدراڵ سەبارەت بەڕۆڵی حزبێكی وەك یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەعیراق‌و ناوچەكە چیە، ئایا ئێوە پەیوەندیەكی باشتان هەیە لەگەڵ ئەو حزبە؟

- بەڵی ئێمە پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەیە لەهەمانكاتیشدا پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە، هیواخوازیشم لەداهاتوودا پەیوەندیمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆرانیش باش بێت، ئێمەی حكومەتی روسیا پێمانوایە كەحزبێكی وەك یەكێتی بەشێكی زۆر گرنگە لەكاری سیاسی كوردی‌و ئەو حزبە رۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە لەهەرێمی كوردستان.

*پەیوەندی نێوان حكومەتی روسیای فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە، ئەو پەیوەندیەش لەچ بوارێكدایە، ئایا سیاسیە یا ئابووریە؟

- دەمەوێت ئەوە بڵێم كەپەیوەندی نێوان حكومەتی روسیاو هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر خێرا گەشەدەكات كەئێوە دەزانن لەساڵی رابردوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووجار سەردانی روسیای كرد كەلەكاتی یەكەم سەردانیدا چەند چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەرۆك فلادیمێر پوتین‌و میدڤیدیڤ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی روسیاو سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەو سەرۆكی كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی ئەنجامدا، دووەمجار سەرۆكی هەرێم بۆ كۆنگرەیەكی ئابووری لەروسیا ئامادەبوو كەلەسەر داوای سەركردایەتی باڵای روسیا بوو.

*هەڵوێستی حكومەتی روسیا لەبارەی هاتنی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و شەرڤانەكانی یەپەگە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە لەڕوبەڕوبونەوەی چەكدارانی داعش‌و بەهاناوەچوونی ئاوارە ئێزدیەكانی چیای شنگال چیە كەئەوان لەهەردوو بەشی كوردستانی باكوورو رۆژئاوا هاتوون؟

- تائێستا حكومەتی روسیای فیدراڵ هیچ هەڵوێستێكی لەوبارەیەوە دەرنەبڕیووە، بەڵام بەڕای خۆم هەر یارمەتیەك بۆ هەرێمی كوردستان لەو بارودۆخەی ئێستادا شتێكی ئەرێنیە لەناویاندا گەیشتنی براكوردەكان لەهەموو ناوچەكانی جیهان نەوەك تەنیا لەتوركیاو سووریاو ئێران.

*حكومەتی روسیا پێشكەشكردنی یارمەتی سەربازی وەكو چەك و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟

- من پێموایە تائێستا ئەو مەسەلەیە لەمۆسكۆ لەژێر توێژینەوەدایەو هێشتا هیچ هەڵوێستێكی رەسمی لەوبارەیەوە لەلایەن حكومەتی روسیاوە دەرنەچووە.

*ئایا هەڵوێستی حكومەتی روسیا سەبارەت بەپێشمەرگە چییە لەكاتێكدا ئێستا ئەوان شەڕ لەدژی هێزە تیرۆریسیتەكانی داعش دەكەن؟

- حكومەتی روسیاو گەلی روسیا ئەو بەرەنگاربوونەوانەی هێزەكانی پێشمەرگە لەدژی داعش بەهەڵوێستێكی پاڵەوانانە وەسف دەكەن كەئێستا ئەو روسیانەی لەڕێگای كەناڵەكانی راگەیاندن چاودێری رووداوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن ئەوان هاوسۆزن لەگەڵ پێشمەرگە، چونكە پێشمەرگەكان لەدژی
دڕندەترین رێكخراو دەجەنگن.

*دەوترێت چەند كوردێكی ئێزیدی لەروسیاوە هاتوون بۆ هەرێم بۆ شەڕكردن لەدژی چەكدارانی داعش، ئایا ئێوە هیچ زانیاریەكتان لەوبارەیەوە هەیە؟

- هیچ زانیاریەكم لەوبارەیەوە نیە، بەڵام من بەدووری نازانم بۆ هاتنی كوردە ئێزدییە رووسیەكان لەداهاتوودا بۆ كوردستان‌و شەڕكردنیان لەدژی داعش، من لەماڵپەری پەیەدەم خوێندەوە كەساڵح موسلیم هاوسەرۆكی ئەو حزبە لەبەیاننامەیەكدا داوا لەئێزیدیەكان لەروسیا دەكات بۆ هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان‌و بەشداریكردنیان لەو جەنگە لەدژی داعش كەئەوەش مافی خۆیانە بۆ ئەوەی بەرگری لەبرا ئێزیدەكانی خۆیان لەشنگال بكەن.

*ئایا هۆكاری پەلاماری چەكدارەكانی داعش بۆ سەر هەرێم پەیوەندی هەیە بەو داوایەی كەلایەنەكانی هەرێم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان داوایان كردبوو؟

- بەدڵنیاییەوە بەبێ یارمەتی وڵاتان رێكخراوی داعش ناتوانێت هەبوونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام پێموانیە لەبەر ئەو هۆكارە بێت، بەڵكو پێموایە هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەئەو رێكخراوە رەگ‌و ریشەیەكی كۆنی هەیە كەمێژوویان لەسەرەتادا بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.

*دەوترێت ئێستا لەنێو چەكدارانی رێكخراوی داعش چەندین شەڕكەری چیچانی لەكوردستان‌و عیراق بوونیان هەیە هەروەك چۆن لەشەڕەكانیاندا لەدژی پێشمەرگە لەناوچەی موسڵ‌و مەخمورو گوێر چەند كەسێكیان لێ كوژراو برینداركرا، ئایا ئێوە وەكو حكومەتی روسیا زانیاریتان لەوبارەیەوە هەیە؟

- بەڵێ‌ ئەوە شتێكی زانراوە كەلەنێوان ئەندامانی داعش خەڵكانی بیانی بەڕێژەیەكی زۆر بوونیان هەیە كەژمارەیان نزیكەی 4 هەزار كەس دەبن كەلەو ژمارەیەدا بەشێكی زۆریان لەچەكدارە چیچانیەكانن، من پێموایە ئێستا چەكدارە چیچانیەكان لەنێو داعشدا لەپلەی دووەم دێن لەڕووی ژمارەیاندا.

*هەڵوێستی حكومەتی روسیا چیە لەبارەی هێرشە ئاسمانیەكانی فرۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش لەناوچەی موسڵ؟

- پێموایە هێرشە ئاسمانیەكانی ئەمریكا بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش یارمەتیدەر بوو بۆ گۆڕینی هاوكێشەی جەنگەكەو پێشموایە ئەو هێرشە ئاسمانیانەش رۆڵێكی ئەرێنی بینی لەجەنگەكەداو رۆڵی هەبوو بۆ ئەوەی كوردەكان بەرگری لەخاكی كوردان بكەن لەبەرامبەر داعشدا.

* ئایا هیچ رێككەوتێنك هەیە بۆ فرۆشتنی چەك لەلایەن حكومەتی روسیای فیدراڵ بەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئایا حكومەتی روسیا هیچ توێژینەوەیەكی لەوبارەیەوە بۆ داهاتوو دەكات بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەهێزبكات؟

- من هیچ زانیاریەكم لەوبارەیەوە نیە، بەڵام پێموایە حكومەتی موسكۆ بۆ ئەو مەسەلەیەش لێكۆڵینەوە دەكات.

*چەند كۆمپانیای روسیا بەشداری لەئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- بەداخەوە تائێستا تەنیا یەك كۆمپانیای رووسی لەهەرێم لەبواری ئابووری‌و وەبەرهێنان كاردەكەن كەئەویش كۆمپانیای گازپڕۆم– ە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەو كۆمپانیایە زەبەلاح‌و گەورەیە كەبڕێكی زۆری پارە لەبواری وەبەرهێنان خەرج دەكات هەروەك ئێستا ئەو كۆمپانیایە چەندین كادری كورد بۆ روسیا دەنێریت بۆ مەشقكردن لەبواری كارەكەیاندا، لەوانەیە لەداهاتوودا كۆمپانیای (لۆك ئۆیل)یش بێتە كوردستان.

*ماوەی چەند ساڵێكە بەشی زمانی رووسی لەماڵپەری pukmedia هەیە، ئایا ئێوە زانیاریتان لەسەری هەیەو ئایا لەڕووسیا بابەتەكانی دەخوێنرێتەوە؟

- بەڵێ‌ ئێمە رۆژانە ئەو ماڵپەرە كەخزمەتگوزاری بەشی رووسی هەیە دەیخوێنینەوەو كارەكانیشیان بەرز دەنرخێنین من زانیاری ئەوەشم هەیە كەژمارەیەكی گەورەی سیاسەتمەداران‌و چاودێرانی سیاسی روسیاو كوردانی روسیا رۆژانە سەیری ئەو ماڵپەرە دەكەن‌و هەواڵەكانی دەخوێننەوەو رۆڵێكی باڵای هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی زانیاری گرنگ بۆ خوێنەرانی روسیا سەبارەت بەبارودۆخی هەرێمی كوردستان.

PUKmedia له‌كوردستانی نوێ-وه‌ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket