riklam

چیرۆكی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی دێرینی هەڵەبجەیی ‌

kurdistani 11:15 AM - 2014-08-25
شەهیدانی بەرگری لە كوردو كوردستان

شەهیدانی بەرگری لە كوردو كوردستان

شەهیدانی بەرگری لە كوردو كوردستان

‌سەعات 8ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22ی ئاب، لەكاتی كۆنترۆڵكردنی دوو مۆڵگەی تیرۆریستانی داعشدا لەشارۆچكەی جەلەولا، ‏حەمەڕەشید ئەحمەد هەڵەبجەیی ناسراو بە «مامە رەشە» فەرماندەی قارەمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەهیدبوو. هەمان رۆژ ‏لەمەراسیمێكی جەماوەریی بەرفراواندا لەگۆڕستانی عەبابەیلێی زێدی خۆی تەرمەكەی بەخاكسپێردرا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش ‏روونیدەكاتەوە؛ یەكێتی‌و پێشمەرگەو خەڵكی هەڵەبجە فەرماندەیەكی قارەمان‌و پاڵەوانێكی مێژوویی لەدەستداوە. ئەو دوو ‏پێشمەرگەیەش، كە لەدەستەی هێرشبەرانی هاوەڵی شەهید حەمەڕەشید بوون، چیرۆك‌و چۆنێتی شەهیدبوونەكەی بۆ كوردستانی نوێ ‏دەگێڕنەوە.‏

دەستی گەیاندە بیكەیسی-یەكە!‏
كاتژمێر 5ی بەرەبەیان، هێرشی هێزی پێشمەرگە لەمیحوەری جەلەولا لەچەند قۆڵێكەوە دەستیپێكرد، دەستەی هێرشبەران بەخێرایی ‏خۆیان گەیاندە مۆڵگەكانی داعش. بێستوونی كەمئەندامان، كە بەشداریی شەڕەكەی جەلەولای كرد، لەمەراسیمی بەخاكسپاردنی ‏شەهید حەمەڕەشیددا بۆ كوردستانی نوێ وتی: «شەهید حەمەڕەشید فەرماندەیەكی ئازاو چاونەترس بوو. پیاوی كۆنترۆڵكردنی ناوچە ‏سەختەكان بوو. پێشمەرگەی شەڕە گەورەكان بوو. هەربۆیە هەمووكاتێك لەكاتی هێرشبردندا لەدەستەی هێرشبەراندا بوو. ئەستەمە ‏پەلاماری هەر شوێنێكی دابێت‌و نەیگرتبێت». وتیشی: «بەرەبەیانی رۆژی هەینی مەفرەزەیەكی پێشمەرگە بەفەرماندەیی شەهید ‏حەمەڕەشید لەقۆڵی بەنزینخانەی جەلەولاوە هێرشمان بردەسەر مۆڵگەكانی داعش، لەماوەی چەند خولەكێكی كەمدا شەهید ‏حەمەڕەشید خۆی گەیاندە ناو بەنزینخانەكەو كۆنترۆڵمانكرد، لەناو بەنزینخانەكەدا بەرنامەمان داڕشت بۆئەوەی رەبیەیەكی تری داعش، ‏كە لەبەرامبەر بەنزینخانەبوو، كۆنترۆڵ بكەین، من‌و سەڵاح گریانەیی‌و شەهید حەمەڕەشید پەلاماری رەبیەكەی داعشمانداو چەند ‏تیرۆریستێك كوژران، شەهید حەمەڕەشیدیش لە سەنگەرەكەی داعش نزیك بۆوە، لەوكاتەدا لە رەبیەكەی داعشدا بیكەیسییەك تەقەی ‏دەكرد، شەهیدی نەمریش دەستی گەیاندە بیكەیسییەكەو بەدەست بیكەیسییەكەی راكێشا، لەوكاتەدا گولەیەكی ئەو بیكەیسییە كاك ‏حەمەڕەشیدی پێكاو دەستبەجێ شەهیدبوو».‏
هاوەڵەكەی شەهید حەمەڕەشید روونیكردەوە؛ توانیمان مۆڵگەكەی داعش كۆنترۆڵ بكەین‌و تۆڵەی شەهید حەمەڕەشیدمان كردەوە.‏

ئەو داعشی دەناسی
‏12 ساڵ بەر لەئێستاو لەكاتی كێوماڵكردنی تیرۆریستانی جوندولئیسلام لەنزیك شاخی شنروێ لە هەڵەبجە، حەمەڕەشید ئەحمەد وەك ‏فەرماندەیەكی قارەمان دوای بەشداریكردنێكی ئازایانە لەكێوماڵكردنەكەدا، بەدەستی تیرۆریستان بەسەختی بریندار كرا. لەوبارەیەوە ‏حەمەی حەمەسەعید ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و هاوڕێی شەهید وتی: «كاتێك تیرۆریستانی جوندولئیسلام ‏لەهەڵەبجەو هەورامان بوون، حەمەڕەشید بەردەوام لەهێرشەكانی هێزی پێشمەرگەدا سەرمەشق بوو، ئازاو تۆقێنەربوو، هیچ كاتێك سڵی ‏لەگوللەو تیرۆر نەدەكردەوە. ئەو بەباشی تیرۆریستانی دەناسی، دەیزانی كە مەترسی گەورەن لەسەر كوردو ناوچەكە، هەربۆیە ‏لەماوەی سەرهەڵدانی داعش‌و پەلامارەكانیان بۆ سەر كوردستان، شەهید حەمەڕەشید هەرچەندە خانەنشین بوو، بەڵام وەك پێشمەرگەو ‏خۆبەخشێك بەچەك‌و كەرەستەی خۆیەوە پەیوەندی بەڕیزی پێشەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە كردو رۆڵی ئازایانەی هەبووە لە ‏تێكشاندنی تیرۆریستاندا». وتیشی: «حەمەڕەشید قارەمانێكی كەموێنەبوو، جێگەی شانازیە بۆ كوردو كوردستان‌و هەڵەبجە».‏

خەباتی شەهیدی نەمر
حەمەڕەشید ئەحمەد ساڵی 1963 لەهەڵەبجە لەدایكبووە، پێش راپەڕینی 1991 پەیوەندی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ‏كردووەو لەتیپی 11ی هەورامان بۆتە پێشمەرگە. بەشداری چەندین داستان‌و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، دوای ‏راپەڕینیش لەفەرماندەیی شارەزوور درێژەی بەخەباتی پێشمەرگانەی داوەو لەبەر ئازایەتی‌و لێهاتوویی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوەو بۆتە ‏جێگری فەرماندەی فەرماندەیی. دووجار بەسەختی برینداربووە، دوایین پلەی پێشمەرگانەی خانەنشین بووە بەپلەی موقەدەم. ‏لەسەرەتای هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانیش، وەك فەرماندەیەكی خۆبەخش پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی ‏كوردستانەوە كردۆتەوە، سەعات 8ی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22ی ئاب شەهیدبوو.‏

لەزێدی خۆی بەخاكسپێردرا
بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوونی حەمەڕەشید ئەحمەد، مایەی غەمێكی قوڵ بوو بۆ خەڵكی هەڵەبجە بەهەموو رەنگەكانەوە، گەنجان‌و ‏رۆشنبیران‌و پێشمەرگەو هاووڵاتیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان غەم‌و پەژارەیان دەربڕی. سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ لەگۆڕستانی ‏گوندی عەبابەیلێی زێدی خۆی‌و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی سەركردایەتی حزبە كوردستانییەكان‌و جەماوەرێكی زۆر، ‏بەخاكسپێردرا.‏

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket