riklam

قائیمقامی خورماتوو: داگرتنی ئاڵای كوردستان هێڵی سوره‌و جێی قبوڵكردن نیه‌‌

kurdistani 10:34 PM - 2014-08-21
له‌سه‌ر داگرتنی ئاڵای كوردستان دووكه‌س ده‌ستگیركراون

له‌سه‌ر داگرتنی ئاڵای كوردستان دووكه‌س ده‌ستگیركراون

سه‌باره‌ت به‌ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینای ده‌ستگای هه‌واڵگری(ئیستخبارات) له‌ خورماتوو قائیمقامی قه‌زاكه‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت  گومانی بوونی ده‌ستێك له‌ پشت داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ خورماتوو هه‌یه‌و له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ش دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، ئاماژه‌بۆئه‌وه‌شده‌كات كه‌ داگرتنی ئاڵای كوردستان هێڵی سوره‌و جێی قبوڵكردن نیه‌.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی قائیمقامیه‌تی خورماتوو..

بێگومان ئاڵا نیشانه‌ و ره‌مزی هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و یه‌كێكه‌ له‌هه‌ره‌ پیرۆزترین نیشانه‌كان له‌دونیادا و زۆربه‌ی گه‌لانی دونیا له‌پڕێكدا بونه‌ته‌ خاوه‌ن ئاڵای تایبه‌تی خۆیان مه‌به‌ست له‌پڕێكدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ كه‌ قوربانیه‌كی ئه‌تۆیان نه‌داوه‌ كه‌چی ده‌بینین بونه‌ته‌ خاوه‌ن ئاڵاو وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان، به‌ڵام ئاڵای پیرۆزی كوردستان زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ خوێنی بۆ رێژراوه‌ و قوربانیه‌كی زۆری له‌پێناودا دراوه‌ و هاوكات هه‌ر له‌به‌ر ئاڵاو كوردبونمان ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆسایدی جۆراوجۆر به‌سه‌رماندا هێنراوه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت و گه‌لی كورد تێكڕاش ئاماده‌یه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ به‌رگری له‌ئاڵای خۆی بكات.

مه‌سه‌له‌ی داگرتنی ئاڵا له‌قه‌زای خورماتوو پێمان باشه‌ كه‌ روونی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاڵای كوردستان تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر بینای به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی خورماتوو ماوه‌و ده‌گه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ناحه‌زانه‌وه‌ ئاڵای سه‌ر بینای ده‌زگای هه‌واڵگیری (ئیستیخبارات) لادراوه‌ كه‌ بیناكه‌یان ده‌كه‌وێته‌ پشت بینای باره‌گای پۆلیس و دواتر هێزه‌كانی ئاسایش گه‌یشتنه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ دوو كه‌سیان به‌ناوه‌كانی (م.ع) و (ح.ح) ده‌ستگیر كرد به‌گومانی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ستیان هه‌بێت له‌داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بینایه‌ و له‌ئێستاشدا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا درێژه‌ی هه‌یه‌.

خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی خورماتوو.. گه‌نجانی خوێن گه‌رم
كوردستان ئه‌مڕۆ به‌بارودۆخێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت هه‌موو دونیا چاوی بڕیوه‌ته‌ گه‌لی كورد ئه‌وه‌تا سه‌رۆك ئۆباما له‌قسه‌كانیدا ده‌ڵێت كورد و هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ بونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست و هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی گه‌لانی تری عێراق و كوردستان به‌شوێنێكی پیرۆز ناو ده‌بات كاتێك داعش گه‌یشته‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستان ئه‌وه‌تا ده‌بینین وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نساو سوید و به‌ریتانیا و چه‌ندین وڵاتی تری دونیا ئاماده‌یی خۆیان پیشاندا به‌هاوكاریكردنی كورد و به‌كرده‌وه‌ش سه‌لماندیان كاتێك پێشمه‌رگه‌یان پڕ چه‌ك كرد و له‌ئێستاشدا به‌هاوكاری فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی ئه‌مریكا وا داعش له‌كۆتا رۆژه‌كانی ژیانیدایه‌.

هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستاشدا ناحه‌زانی كورد هه‌میشه‌ له‌پیلاندان دژ به‌گه‌له‌كه‌مان و خه‌ڵكانێك هه‌ن هه‌میشه‌ بۆ ناوزڕاندنی كورد كار ده‌كه‌ن و پیلان داده‌ڕێژن و داگرتنی ئاڵای كوردستانیش له‌خورماتوو پێده‌چێت لایه‌نێكی به‌دوادا بێت تا ئه‌و راده‌یه‌ی وای ده‌بینین ده‌ستی وڵاتانیشی به‌دوادابێت و ئێمه‌ رێگه‌ش ناده‌ین پیلانی نا حه‌زانمان سه‌ربگرێت.

هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداره‌ی قه‌زای خورماتوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی سازدا و هۆشداریان داوه‌ته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت ده‌ستیان هه‌بوبێت له‌و كرده‌وه‌یه‌دا كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێیان قبوڵ ناكرێت و به‌هموو لایه‌كیشیان راگه‌یاندوه‌ داگرتنی ئاڵای كوردستان هێڵی سوره‌.

به‌شی راگه‌یاندنی
قایمقامیه‌تی قه‌زای خورماتوو
21/8/2014


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket