riklam

وه‌زیری كاره‌با: خواست له‌سه‌ر كاره‌با له‌به‌رهه‌مهێنان زیاتره‌

kurdistani 06:18 PM - 2014-08-21
60 بۆ 80 مێگاوات كاره‌با ده‌درێت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان

60 بۆ 80 مێگاوات كاره‌با ده‌درێت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان

د.سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر وه‌زیری كاره‌با له‌ لێدوانێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵ باسی له‌ هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌با كردووه‌.

له‌ لێدوانه‌كه‌یدا وه‌زیری كاره‌با رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و شه‌ڕو بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌و هاتنی ئاواره‌كان وه‌كو سه‌رجه‌م بواره‌كانی تری ژیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌باش هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ هه‌ندێك له‌ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گۆڕین و تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌باو له‌ رێگه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نییه‌وه‌ بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان نزیكبوون، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ توانرا كۆنترۆڵی گرفته‌كان بكرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی داگیركرابوون و دواتر ئازادكران له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا كاره‌بایان بۆ گه‌ڕێنرایه‌وه‌.

له‌ باره‌ی گه‌یاندنی كاره‌با بۆ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان، وه‌زیری كاره‌با وتی: گه‌یاندنی كاره‌با بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و رووناككردنه‌وه‌ی ماڵی هاونیشتمانیان ئه‌ركێكی نیشتمانی و مرۆییه‌، له‌دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كاره‌بامان نه‌داوه‌ به‌و شاره‌، به‌ڵام بڕی 60 بۆ 80 مێگاوات كاره‌با ده‌درێت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی سه‌ر به‌ ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمن.

سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌كانی پێدانی كاره‌باو ئه‌و گرفت و كێشه‌ ته‌كنیكیانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا روبه‌ڕووی وه‌زاره‌ت بووه‌ته‌وه‌، د.سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر وه‌زیری كاره‌با به‌ ئه‌نادۆڵی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی كاره‌با توانیوێتی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێته‌ 2700 بۆ 3000 مێگاوات و بڕی 280 مێگاوات كاره‌باش به‌ كه‌ركوك و به‌شێك له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی پارێزگای موسڵ ده‌دات، به‌ڵام هاتنی به‌لێشاوی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی ناوچه‌كانی تری عیراق بۆ كوردستان كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌، بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی قیاسی به‌كارهێنانی كاره‌با، ئێستاش خواستی به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ 3500 مێگاوات به‌رزبووه‌ته‌وه‌، واته‌ 600 بۆ 700 مێگاوات خواست له‌سه‌ر كاره‌با له‌ به‌رهه‌مهێنان زیاتره‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی ساڵانه‌ ته‌نها له‌ 4% ی داناوه‌ كه‌چی له‌ نێوان ساڵانی 2013 بۆ 3014 خواستی ساڵانه‌ی تاكی كوردستانی له‌سه‌ر كاره‌با به‌ رێژه‌ی 16.2% به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر وتی: له‌ ماوه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌دا كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلان و به‌رنامه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ داڕێژراوه‌ تا كاره‌بای به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیان دابینبكه‌ین، هه‌روه‌ها رێنماییمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كانی كاره‌با له‌ هه‌رێم ده‌ركردووه‌ بۆ هاوكاری ته‌واوی ئاواره‌كان كه‌ جگه‌ له‌ كه‌مپه‌كان به‌شێكی له‌ناو قوتابخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا نیشته‌جێكراون.

PUKmedia  راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كاره‌با

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket