riklam

نا بۆ فرۆشتنی كچان و ژنانی ئێزدی

kurdistani 12:51 PM - 2014-08-21
له‌ شاری قه‌لادزێ كه‌مپینێك بۆ  دژایه‌تیكردنی فرۆشتنی ژنانی ئێزدی راگه‌یه‌ندرا

له‌ شاری قه‌لادزێ كه‌مپینێك بۆ دژایه‌تیكردنی فرۆشتنی ژنانی ئێزدی راگه‌یه‌ندرا

دوای ئه‌وه‌ی  گروپی تیرۆیستی داعش قه‌زای شه‌نگال-ی داگیركرد، چه‌كدارانی داعش ده‌ستیانكرد به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌و كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی قه‌زاكه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین كچ و ژن و مناڵی ئێزیدیان ده‌ستگیركرد، له‌ئێستاشدا له‌ ناو بازاڕه‌كاندا بازرگانی به‌ كچ و ژنه‌ رفێندراوه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.


له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ نه‌شیاوه‌ی كه‌ تیرۆرستانی داعش به‌رامبه‌ر به‌ كچان و ژنانی ئێزدی ئه‌نجاميده‌ده‌ن چه‌ندین رێكخراو لایه‌نی جیاجیا به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زاییان بڵاوكرده‌وه‌و له‌ شاری قه‌لادزێش كه‌مپینێك بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ راگه‌یه‌ندرا.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی كه‌مپینه‌كه‌ كامۆ خدر لێپرسراوی لقی پشده‌ری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌رامبه‌ر به‌كاڵاكردنی كچان و ژنانی ئێزدی له‌ژێرناوی (نا بۆ به‌كاڵاكردنی كچان و ژنانی ئێزدی) له‌پشده‌ر كه‌مپینێكمان راگه‌یاندو له‌ یه‌كه‌م رۆژی راگه‌یاندنی كه‌مپینه‌كه‌دا زیاتر له‌ هه‌زارو 500 ئیمزا كۆكرایه‌وه‌.

وتیشی: كه‌مپینه‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی (لقی پشده‌ری كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كوردستان و رێكخراوی چاوی خه‌ڵك و رێكخراوی چالاك و سه‌نته‌ری قه‌ڵادزێ ئازادی لاوان) سه‌رپه‌رشتیده‌كرێت و بۆماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌و كه‌مپینه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد كه‌  دوای كۆكردنه‌وه‌یان سه‌رجه‌م ئیمزاكان ئاراسته‌ی په‌رله‌مان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كرێن.

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی تیرۆرستی داعش شه‌نگالیان داگیركردو ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ژنان و كچانی ئێزدی، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ی داعش هه‌ستاین به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م كه‌مپینه‌و هاووڵاتیانیش به‌گه‌رمییه‌وه‌ به‌ته‌نگ ئه‌و كه‌مپینه‌وه‌ هاتن، به‌مه‌ش هه‌موو هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڤه‌ری پشده‌ر دژی ئه‌و كاره‌ ناره‌وایه‌ی داعش ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان به‌رزكردۆته‌وه‌و خوازیارن كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سنورێك بۆ ئه‌و كاره‌ نه‌شیاوه‌ی داعش دابنێت.

PUKmedia ئاری مسته‌فا- رانیه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket