riklam

په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی په‌رله‌مان

kurdistani 11:32 PM - 2014-07-27
ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و داواش له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا ده‌كات كه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی عیراق تا كۆتایی به‌ بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بهێنێت.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان...

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی كوردستان ده‌كه‌م. هیوادارم هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان، ببێته‌ مایه‌ی به‌رقه‌رار بونی ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیریی زیاتر بۆ كوردستان و ناوچه‌كه‌ و، كۆتایی هاتن به‌ ناخۆشی و ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ باڵی به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ماندا كێشاوه‌ و كاری كردۆته‌ سه‌ر ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی كوردستان.
هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست..له‌كاتێكدا هه‌موان پێشوازی له‌ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ده‌كه‌ین، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی پارێزگاری كردنن له‌ خاكی كوردستان، بۆیه‌ لێره‌وه‌ به‌ناوی خۆم و په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستانه‌وه‌، جوانترین سڵاو و پیرۆزبایی بۆ ئه‌وان و خێزانه‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرم. سڵاو بۆ خێزان و خانه‌واده‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا شه‌هیدبوون، سڵاو بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ گیانفیدایانه‌ی له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ خاكی كوردستاندا بریندار بوون.
به‌ داخه‌وه‌ جه‌ژنی پیرۆزی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڕێنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی دروستبوونی قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌میش لێی فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیانی ساده‌ن. بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پیاوانی ئاینیی عێراق ده‌كه‌ین كه‌ فشار بكه‌ن بۆ كۆتایی هێنان به‌م كاره‌ نامرۆییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق.
دووباره‌ جه‌ژنی هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت، هه‌میشه‌ له‌ جه‌ژن و شادیدابن.


یوسف محه‌مه‌د سادق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket