ته‌مه‌نێك به‌خشین له پێناو میللـه‌تی كورد
kurdistani 07:59 PM - 2014-07-24چه‌ندین پۆست وه‌رده‌گرێت
مسته‌فا ئاغای عوزێری و ته‌مه‌نێك به‌خشین له پێناو میللـه‌تی كورد
مسته‌فا عوزێری یان مسته‌فا ئاغا، یه‌كێك بوو له كه‌سایه‌تییه ناسراو و ناوداره‌كانی شاری هه‌ولێر كه له ساڵی 1918 دا له گه‌ڕه‌كی سه‌رای قه‌ڵای هه‌ولێر له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دان و به‌ناوبانگی وه‌ك عوزێریهكان له‌دایكبووه، ناوی ته‌واوی مسته‌فا محه‌مه‌د ته‌ها فه‌تحوڵڵا عه‌بدول ڕه‌زاق محه‌مه‌د عوزێر مه‌لا فارس مه‌لا عارس مه‌لا شه‌ڕه‌ف-ـه، له ماوه‌ی ژیانیدا خزمه‌تێكی زۆری به خه‌ڵكی شاره‌كه‌و میللـه‌ته‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن مێژوونووسان و راگه‌یاندنه‌كانه‌وه باسی نه‌كراوه كه یه‌كێك بووه له چالاكترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له شاری هه‌ولێر.
دژی ئینگلیز‌و روسه‌كان بوون
بنه‌ماڵه‌ی موسته‌فا عوزێری جگه له ناودارییهكهیان بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ریش بوون، له‌وباره‌یه‌وه زانا عوزێری كوڕی مسته‌فا ئاغا وتی: ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی عوزێریهكان زۆرجار له پێناو میللـه‌ته‌كه‌یان خه‌باتیان له‌دژی داگیركه‌رانی كوردستان كردووه، بۆ نموونه باوكی مسته‌فا ئاغا له كاتی داگیركاری سوپای روسیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی رواندوزی هه‌رێمی كوردستان له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی چووه‌ته جه‌نگ بۆ وه‌ده‌رنانی سوپا داگیركهرهكهی روسیا، هه‌روه‌ها مامێك و كوڕه مامێكی مسته‌فا ئاغاش له ساڵی 1918 له‌دژی داگیركه‌رانی ئینگلیز له شاری هه‌ولێر راپه‌ڕیون و ئه‌فسه‌رێكی ئینگلیزیان كوشتووه.
موسته‌فا ئاغا ناوی باوكی محه‌مه‌د بووه، به‌ڵام نازناوی عوزێری وه‌رگرتووه كه ئه‌مه‌ش له ناوی باپیره گه‌وره‌ی هاتووه كه ناوی عوزێر بووه، هه‌روه‌ك ناوی سه‌رجه‌م بنهماڵهكهش به‌و ناوه رۆیشتووه‌و ئێستاش ئه‌و نازناوه بۆ ئه‌وان به‌كاردێت.
زانا عوزێری ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: موسته‌فا عوزێری له ته‌مه‌نێكی بچو‌وكدا ده‌برێته به‌ر خوێندنی حوجره، دواتر له قوتابخانه‌ی ئه‌ربیل ئولای به‌ناوبانگ ده‌خوێنێت و پاشان بۆ خوێندن ده‌چێته شاری كه‌ركوك و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له ساڵی 1937 له‌و شاره‌و كۆلێژی ماف له شاری به‌غدا له ساڵی 1942 ته‌واو ده‌كات.
له 1937 ده‌ستگیرده‌كرێت
موسته‌فا ئاغای عوزێری هه‌ر له ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه هه‌ستی كوردایه‌تی له ناخیدا دروستده‌بێت، بۆیه له ساڵی 1927 له كاتی لكاندی ویلایه‌تی موسڵ به عیراق و نوسینی وتارێك له رۆژنامه‌یه‌كی به‌غدا له‌دژی میللـه‌تی كورد له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجێكی شاری هه‌ولێر دژی ئه‌و بڕیار‌و نووسینه‌ش خۆپیشاندان له به‌رده‌م بینای سه‌رای هه‌ولێر ئه‌نجامده‌ده‌ن و به‌هۆیه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له ژیانیدا له‌سه‌ر كاری سیاسی ده‌ستگیرده‌كرێت.
ئاغای عوزێری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی گه‌وره‌تر ده‌بێت، مومتاز حه‌یده‌ری ده‌ڵێت: مسته‌فا ئاغا له كاتی خوێندنی قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له شاری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێ خوێندكارێكی كورد بڕیاری دروستكردنی رێكخراوی (داركه‌ر) ده‌ده‌ن كه بۆ به‌رگریكردن و خه‌باتكردن له پێناو میللـه‌تی كورد‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكۆشان ده‌كه‌ن كه بیرۆكه‌ی ناو و رێبازی ئه‌و رێكخراوه‌ش له رێكخراوێكی ئیتاڵی دێت كه له كاتی به‌رپابوونی جه‌نگی دووه‌می جیهانی بوونی هه‌بووه.
دامه‌زرێنه‌ری حزبی هیوا بوو
موسته‌فا عوزێری له خه‌باتی خۆی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میللـه‌ته‌كه‌ی به‌رده‌وامده‌بێت، زانا عوزێری وتی: له ساڵی 1939 له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی خۆی وه‌كو دڵداری شاعیر‌و سه‌ید فه‌تاح و رۆسته‌م جه‌بارو فه‌تاح جه‌بارو عه‌ونی یوسف و قادر جه‌لال، (حزبی هیوا) داده‌مه‌زرێنن و ره‌فیق حیلمی سیاسه‌تمه‌داری كوردیش به سه‌رۆكی حزبه‌كه هه‌ڵبژارد له كاتی سوێندخواردنی ئه‌ندامبوونیشیان سوێندیان به خه‌نجه‌ری كوردی و ئاڵای كوردستان و قورئانی پیرۆز بووه‌و له شاری به‌غداش چه‌ندین چالاكی بۆ حزبه‌كه ئه‌نجامده‌دات و ناوی نهێنی عوزێری له‌و حزبه‌شدا (دلاوه‌ر) بووه.
زانا عوزێری ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه موسته‌فا ئاغا به‌هۆی تێكه‌ڵبوونی به كاری سیاسی له پێناو میللـه‌تی كورد چه‌ندینجار تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌و گرتن و فه‌رمانی سزادان ده‌بێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی میری عیراق له‌وكاتدا، بۆیه له كاتی به‌شداریكردنی له شۆڕشی كورد له كاتی بوونی به به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گه‌ڵاڵه له ده‌یه‌ی چله‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیرنه‌كرێت ناوچه‌ی گه‌ڵاڵه جێده‌هێلێت و ده‌چێته به‌غدا 2 ساڵ خۆی حه‌شار ده‌دات، دوای ده‌رچوونی بڕیاری لێبوردنی گشتی له ساڵی 1947 خۆی راده‌ستی حكومه‌ت ده‌كات و پاشان بۆ ناحیه‌ی (عه‌ین ته‌مر)ی پارێزگای كه‌ربه‌لا دوورده‌خرێته‌وه‌و له‌وێ ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ناحیه‌یه، هه‌روه‌ك له ساڵی 1963 شدا له كاتی هێرشه دڕندانه‌كانی هێزه‌كانی به‌ناو (حه‌ره‌س قه‌ومی) له‌ناو ماڵه‌كه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێت.
چه‌ندین پۆست وه‌رده‌گرێت
موسته‌فا ئاغا دوای ته‌واوكردنی كۆلێژی ماف چه‌ندین پۆست و پله‌ی میری وه‌رده‌گرێت، له‌وانه له ساڵی 1943 ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی (ده‌ركار عه‌جه‌م) دواتر بووه‌ته جێگری قایمقامی زاخۆ، پاشان له ساڵی 1944 دا ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گه‌ڵاڵه دواتر ده‌بێته بریكاری سه‌رۆكی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی زه‌وی و زار، له پاشاندا ده‌بێته قایمقامی ره‌واندز به وه‌كاله‌ت ئینجا ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی (عه‌ین ته‌مر) له پارێزگای كه‌ربه‌لا، له ساڵانی شه‌سته‌كانیشدا له سه‌رده‌می حوكمی عه‌بدوسه‌لام عارف سه‌رۆكی پێشووتری عیراق (عه‌بدول مونعیم مه‌سڕه‌ف) پارێزگای ئه‌وسای هه‌ولێر داوا له موسته‌فا ئاغا ده‌كات ببێت به پارێزگاری سلێمانی، به‌ڵام عوزێری به‌هۆی دژایه‌تی حكومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رامبه‌ر به كورد ئه‌و پۆسته ره‌تده‌كاته‌وه.
له كاتی به‌ڕێوه‌بردنی ناحیه‌ی (ده‌ركار عه‌جه‌م) له‌لایه‌ن عوزێریهوه كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر سنووری توركیا‌و عیراق له ناوچه‌ی بادینان، ئه‌رمه‌نیه‌كانی توركیا تووشی سته‌م و زۆرداری ده‌وڵه‌تی تورك ده‌بنه‌وه، بۆیه له كاتی كۆچكردنیان بۆ عیراق ئه‌رمه‌نیه‌كان به ناوچه‌ی ده‌ركار عه‌جه‌م ده‌په‌ڕنه‌وه عیراق، موسته‌فا عوزێریش هاوكارییه‌كی زۆری ئه‌رمه‌نیه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گیانیان رزگار بكات.
زانای كوڕی موسته‌فا عوزێری ده‌ڵێت: عوزێری دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی له كاری پۆستی میری له سه‌ره‌تای ساڵی چله‌كاندا كاری پارێزه‌ری ده‌كات كه باس له‌وه ده‌كرێت له كاری پارێزه‌ریدا زۆربه‌ی جار كه‌یسی خه‌ڵی مافخوراو ده‌گرێته ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی مافیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌و زۆرجاریش روویداوه كاری پارێزه‌ری به‌بێ به‌رامبه‌ر بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار ئه‌نجامداوه كه ئه‌ویش به‌هۆی هه‌سته به‌رزه مرۆڤدۆستانهكهی بووه.
موسته‌فا ئاغا دوای دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی حزبی هیوا هه‌ڵده‌ستێت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبی هیوا كه به‌شێك له ئه‌ندامانی ده‌چنه ناو حزبی شیوعی عیراق و به‌شه‌كه‌ی تریشی له‌گه‌ڵ موسته‌فا ئاغا ده‌چنه ناو پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌وێدا به‌رده‌وامی به خه‌باتی كوردایه‌تی خۆی ده‌دات.
عوزێری جگه له كاری حزبایه‌تی و پارێزه‌ری به‌هۆی خاوه‌نداریه‌تی زه‌ویه‌كی زۆری كشتوكاڵی له گونده‌كانی هه‌ولێر كه له باب و باپیرانی بۆی ماونه‌ته‌وه له ساڵی 1951 ده‌ستده‌كات به كاری كشتوكاڵی، بۆیه له‌و كاره‌شیدا به شێوه‌یه‌كی مۆدێرن كاره‌كه ئه‌نجامده‌دات كه یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت ئامێری تراكتۆر‌و ده‌ڕاسه بۆ كێڵانی زه‌وی و دروێنه‌كردنی گه‌نم و جۆ به ئامێر به‌كاردێنێت و ده‌یانهێنێته پارێزگای هه‌ولێر.
یه‌كه‌مجار ئاگری نه‌ورۆزی له‌هه‌ولێر كرده‌وه
موسته‌فا ئاغا كوردێكی ره‌سه‌نی شاری هه‌ولێر بوو كه به‌رده‌وام هه‌ستێكی كوردایه‌تی به‌هێز له ناخیدا هه‌ڵقوڵاوه، بۆیه ده‌وترێت كه ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بووه له ساڵی 1937 ئاگری نه‌ورۆزی له جه‌ژنی نه‌ورۆز له شاری هه‌ولێر كردووه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆشی خه‌رجی ئاهه‌نگه‌كه‌ی دابینكردووه.
زانا عوزێری كوڕی موسته‌فا ئاغا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له كاتی وه‌رگرتنی پۆستی بریكاری سه‌رۆكی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی زه‌وی و زاره‌كاندا موسته‌فا عوزێری هه‌ڵسا به ئه‌نجامدانی تاپۆكردنی زه‌وی و زاری جوتیارانی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی كه سه‌رجه‌م زه‌وی و زاره‌كانی ناوچه‌كه‌ی تاپۆ كرد‌و مافی زه‌وییه‌كانی بۆ خاوه‌نه‌كانی گهرِاندهوه.
یه‌كێك له پۆسته گرنگه‌كان كه موسته‌فا عوزێری وه‌ریده‌گرێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئینحیساری توتنی عیراق ده‌بێت كه له سه‌رده‌می حوكمی عه‌بدولكه‌ریم قاسم سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عیراق وه‌ریده‌گرێت، كه پێدانی ئه‌و پۆسته‌ش به‌هۆی ده‌ستپاكی و چالاكی له كاره‌كانی پێشووتری ده‌بێت.
به‌هۆی وه‌رگرتنی پۆستی میری له سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم و له كاتی ئه‌نجامدانی كوده‌تای به‌عسیه‌كان له ساڵی 1963 به‌سه‌ر قاسمدا، موسته‌فا ئاغا ده‌ستگیرده‌كرێت و له زینداندا ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت، به‌ڵام له كاتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌بدولسه‌لام عارف به‌سه‌ر به‌عسیه‌كان ئینجا مسته‌فا ئاغا ئازاد ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری هه‌ولێر.
موسته‌فا عوزێری سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی خۆی خه‌باتی بۆ میللـه‌ته‌كه‌ی ئه‌نجامده‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانی منداڵه‌كانیشی ده‌دا كه كوردایه‌تی رێبازیان بێت، بۆیه له دوای تێكچوونی رێككه‌وتن نامه‌ی 11ی ئازاری 1970 و ههڵگیڕسانهوهی شۆڕش، ئازادی كوڕی خۆی ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی شۆڕش كرد‌و ئه‌ویشی كرد به پێشمه‌رگه‌یه‌كی كوردستان.
تووشی چه‌ندین ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه بووه
موسته‌فا ئاغای عوزێری سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێك بووه له گه‌وره‌ترین پارهدارو خاوه‌ن موڵكه‌كانی هه‌ولێر كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار ژیانی خۆی خستووه‌ته مه‌ترسی بۆ سه‌رخستنی مافی گه‌لی كورد چه‌ندین ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی به‌ده‌ست حكومه‌ته یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی عیراق چه‌شتووه، له‌كاتێكدا ده‌یتوانی ژیانێكی خۆشگوزه‌ران به‌هۆی موڵكهكانیهوه بچێژێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو كات له خه‌می ئازاری میللـه‌ته‌كه‌ی بووه.
موسته‌فا عوزێری له كاتی خوێندنی له كۆلێژی ماف له شاری به‌غدا زۆر چالاكی بۆ ناساندنی كێشه‌ی كورد‌و داكۆكیكردن لێی له‌گه‌ڵ گه‌نجه كورده‌كانی هاورێی له حزبی هیوا ئهنجامدهداو كۆرِو كۆبوونه‌وه‌یان له پێناودا سازده‌كرد.
كۆمه‌كی گه‌یاندووه‌ته شێخ مه‌حمود
یه‌كێكی تر له كاره نیشتمانپهروهریهكانی موسته‌فا عوزێری كۆمه‌ككردنی شێخ مه‌حمودی مه‌لیكی كوردستان بووه له كاتی به‌رپابوونی جه‌نگی ده‌ربه‌ندی بازیان له نێوان شێخ مهحمودو ئینگلیزه‌كان كه عوزێری خۆی كۆمه‌كی حزبی هیوای بۆ یارمه‌تی جه‌نگه‌كه كۆده‌كاته‌وه‌و ده‌یگه‌ینێته ئه‌وی بۆ سه‌رخستنی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانیشدا له كاتی دروستبوونیاندا كۆمه‌كی رێكخراوه‌كانی مامۆستایان و نووسه‌رانی كوردی كردووه.
له ساڵی 1967 له كاتی ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكیه‌كی پێشمه‌رگه دژی سوپای مغاویری پێشووی عیراق له هه‌ولێر، حكومه‌تی ئه‌وسا به تانك و هێزێكی زۆر هێرش ده‌كاته سه‌ر شاری هه‌ولێر له‌وكاته‌دا سوپاكه هێرشیان كرده سه‌ر خه‌ڵكی شاره‌كه له‌ناو بازاری شێخه‌ڵا له‌وكاتیشدا كۆشكه‌كه‌ی موسته‌فا ئاغا كه‌وتبووه نزیك بازاڕه‌كه، بۆیه ده‌گێڕنه‌وه عوزێری ده‌رگای كۆشكه‌كه‌ی بۆ كاسبكارانی شاره‌كه كردووه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكێكی زۆری له‌كوشتن رزگاركردو له ماڵه‌كه‌ی خۆی په‌نای دان.
به‌هۆی دڵسۆزیه‌كه‌ی له كاره‌كانی له‌و پۆستانه‌ی میری كه پێشتر وه‌ریگرتبوو موسته‌فا ئاغا په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر پته‌وی له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسمی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی 14 ی تهمموز هه‌بوو كه به‌وهۆیه‌وه توانی سوود له‌و په‌یوه‌ندیه‌ی ببینێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و سوود گه‌یاندن به خه‌ڵكی كوردستان، چونكه ئه‌و مرۆڤێك بووه كه هه‌رده‌م بیری له‌لای به‌رژوه‌ندی میللـه‌ته‌كه‌ی بووه.
باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه موسته‌فا ئاغا كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزو به‌ڕه‌وشت چاكه‌كاری هه‌بووه‌و مرۆڤێكی بیر رۆشن بووه‌و هه‌ر كه‌سێك له گه‌ڵی هه‌ڵسوكه‌وتی كردبایه ئه‌و ره‌وشته به‌رزه‌ی لێ به‌دیده‌كرد.
هاوكاریكردنی جه‌نگی ئێرانی ره‌تكرده‌وه
یهكێكیتر له كاره پڕ سه‌روه‌ریه‌كانی موسته‌فا عوزێری ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ككردنی جه‌نگی ئێران و عیراق بووه كاتێك رژێمی به‌عس داوا له خه‌ڵكی ده‌كات كۆمه‌ك به سوپای عیراق بده‌ن، له‌وباره‌یه‌وه زانای كوڕی موسته‌فا ئاغا ده‌ڵێت: له ساڵی 1983 ئه‌و داوایه له عوزێریش ده‌كرێت كه بڕی 20 هه‌زار دینار‌و 1 كیلۆ زێر بدات، به‌ڵام ئه‌و ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ پاره‌و زێرِێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بدات، له‌وكاته‌دا عه‌لی سامه‌ڕائی لێپرسراوی ناوچه‌ی باكووری حزبی به‌عس هه‌ڕه‌شه له موسته‌فا ئاغا ده‌كات كه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نه گه‌وره‌كه‌ی نه‌بوایه زیندانی ده‌كرد، به‌ڵام عوزێری گوێ به‌و هه‌ڕه‌شانه نادات، له ساڵی 1974 یشدا كاتێك سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌بێت بۆ پرس و ڕا داوا له كه‌سایه‌تیه كورده‌كان ده‌كات بچنه لای بۆ به‌غداو رای خۆیان بڵێن سه‌باره‌ت به رێككه‌وتننامه‌ی شۆڕشی كورد‌و حكومه‌تی عیراق كه عوزێریش یه‌كێك ده‌بێت له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی بانگهێشت كراوه، به‌ڵام موسته‌فا ئاغا چاوپێكه‌وتنه‌كه ره‌تده‌كاته‌وه‌و ناچێته به‌غدا.
له ساڵی 1985 دا موسته‌فا ئاغای عوزێری تووشی ناساغی ته‌ندروستی ده‌بێت و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌یگه‌یه‌ننه شاری به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی، به‌ڵام له كاتی پشكنیندا ده‌رده‌كه‌وێت كه تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك بووه، بۆیه له‌هه‌مان ساڵدا ده‌یهێننه‌وه شاری هه‌ولێرو له ته‌مه‌نی 67 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات، له گۆڕستانی بنه‌ماڵه‌ی عوزێریهكان له هه‌ولێر به‌خاكده‌سپێردرێت و به‌كۆچی دوایی كردنیشی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێرو سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان رۆڵه‌یه‌كی گه‌وره‌و به‌وه‌فاو كوردپهروهرو نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ده‌ستده‌ده‌ن، كه ئه‌ویش موسته‌فا عوزێریه.
PUKmedia ره‌وه‌ست نه‌وزاد - هه‌ولێر
هەواڵی زیاتر
-
نوسینگەی مەکتەبی سیاسی لەبەغدا کرایەوە
08:08 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
07:39 PM - 2024-04-24 -
ئاسایشی هه‌ولێر گه‌نجێك ده‌كوژێت و بنه‌ماڵه‌كه‌ی داوای روونكردنه‌وه ده‌كه‌ن
06:05 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
04:46 PM - 2024-04-24
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:13 PM - 2024-04-24 لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
04:30 PM - 2024-04-23
زۆرترین خوێنراو
-
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
کوردستان 05:01 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
عیراق 04:46 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی دەکات
ی ن ک 02:22 PM - 2024-04-24 -
قوباد تاڵەبانی: هەر رۆژەی بیرخەرەوەی تاوانێکە
کوردستان 01:47 PM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لەقەرەبووکردنەوە و خزمەتی خەڵکی قەڵادزێ بەردەوامە
کوردستان 01:12 PM - 2024-04-24 -
سەعدی ئەحمەد پیرە: بۆردومانی قەڵادزێ ببێتە هەوێنی یەکڕیزی
کوردستان 12:39 PM - 2024-04-24 -
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
کوردستان 12:30 PM - 2024-04-24 -
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
کوردستان 10:14 AM - 2024-04-24