riklam

كه‌نه‌دا.. یادی قاسملۆ لایه‌نه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌

kurdistani 01:23 PM - 2014-07-23
 ساڵیادی شه‌هیدكردنی سه‌ركرده‌ی كورد  د.عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ و هاوڕێكانی به‌رزڕاگیرا

ساڵیادی شه‌هیدكردنی سه‌ركرده‌ی كورد د.عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ و هاوڕێكانی به‌رزڕاگیرا

له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا بیره‌وه‌ری 25 هه‌مین ساڵیادی شه‌هیدكردنی سه‌ركرده‌ی كورد  د.عه‌بدولره‌حمان قاسملۆ و هاوڕێكانی به‌رزڕاگیرا.  
                               
رۆژی 20-7-2014 له‌شاری تورونتۆ- ی هه‌رێمی ئۆنتاریو مه‌راسیمێك به‌بۆنه‌ی ساڵیادی تیرۆركردنی د.قاسملۆو هاوڕێكانی (عه‌بدوڵای قادری و د. فازل مه‌لا محمود)  به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی زۆرینه‌ی چریكی فیدائییانی گه‌لی ئێران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كوردانی هه‌رێمی ئۆنتاریو و به‌ به‌شداری وه‌فدێكی كۆمیته‌ی كه‌نه‌دای رێكخستنی یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان و به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران به‌ڕێوه‌چوو.
.
له‌ وتاری كۆمیته‌ی باكوری ئه‌مریكای حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وێستگه‌كانی مێژووی ژیان و خه‌باتی سیاسی شه‌هیدی  د.قاسملۆ بۆ ئاماده‌بووان خوێندرایه‌وه‌و رۆڵی شۆڕشگێرانه‌ی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی كوردستان تا رۆژی شه‌هیدبوونی له‌ وڵاتی نه‌مسا به‌رزنرخاند.

پاشان وتاری حزب و لایه‌نه‌كان پێشكه‌شكران به‌ گشتی له‌ وتاره‌كاندا  د. قاسملۆ به‌ سیاسه‌تمه‌دارو روناكبیرێكی ناوداری گه‌لی كورد ناوبرا، له‌ وتاری لایه‌نه‌كاندا جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ شه‌هیدكردنی قاسملۆو هاوڕێكانی زیانێكی گه‌وره‌بوو له‌ حزبی دیموكرات و بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی گه‌لی كورد درا.

له‌ به‌‌شێكی وتاری حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خۆشحاڵی خۆیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ خاكی كوردستان ده‌ربڕی و رایانگه‌یاند باشبوونی ته‌ندروستی و گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌خامه‌تیان بۆ نیشتمان له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌دا ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكی نوێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ئاسۆیه‌كی نوێ بۆ گه‌له‌كه‌مان هاتۆته‌ دی بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه‌ بۆ ته‌بایی ویه‌كڕیزی زیاتری هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

دواتر به‌ سروودی ئه‌ی شه‌هیدان بیره‌وه‌ری 25 ساڵه‌ی شه‌هیدی سه‌ركرده‌و رابه‌ری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران  یادی د. قاسملۆو هاوڕێكانی به‌رز ڕاگیراو كۆتایی پێهات.

جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ رۆژی 13-7-1989 له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا د. قاسملۆ سیاسه‌تمه‌داری كوردو سكرتێری ئه‌وكاتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێكانی به‌ناوه‌كانی عه‌بدوڵڵای قادری و د. فازڵ مه‌لا مه‌حمود له‌كاتی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان  تیرۆر كران و تا ئێستاش كه‌یسی ئه‌و تاوانه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌.

PUKmedia  عوسمان عه‌لی- تورونتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket