riklam

پەرلەمان چەند بڕیارێك لەبارەی پێشمەرگەوە بۆ حكومەت دەنێرێت

kurdistani 06:59 PM - 2014-07-22
پێنج ماددەی هەڵبژاردنەكان و راپرسیشی پەسەندكرد

پێنج ماددەی هەڵبژاردنەكان و راپرسیشی پەسەندكرد

راسپاردەكانی لیژنە پەیوەندیدارەكان لەسەر دۆخی ناوچە كوردستانییە جێناكۆكان پەسندكران  و  پێنج ماددەش لە پڕۆژە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان  و راپرسی پەسندكران.

بەپێی راگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ 2014/7/22 پەرلەمانی كوردستان كۆبووەتەوەو لە كۆبوونەوەكەشدا بڕیار لەسەر راسپاردەكانی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر دۆخی ناوچە كوردستانییە جێناكۆكان، پێشنیازو راسپاردەكانی لیژنەكانی (تەندروستی  و ژینگەو ناوخۆ و ئاسایش  و ئەنجومەنە خۆجێییەكان  و مافەكانی مرۆڤ  و لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر) خوێندرانەوە و راسپاردەكانی لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە  و شەهیدان  و قوربانیانی جینۆساید  و زیندانیانی سیاسی)یش بەشێوەیەكی نهێنی خوێندرایەوە، كە بەرهەمی سەردانیكردنی ئەو لیژنانە بوون بۆ بەرەكانی پێشمەرگەو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كەمپەكانی ئەو ئاوارانەی كە بەهۆی روداوەكانی ئەمدواییەی عیراق رویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەمەبەستی بەدواداچوون  و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی بەرەكانی روبەڕووبوونەوە  و ژیان  و گوزەران  و پێداویستییە سەربازی  و پزیشكی  و خۆراكییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆ و ئاوارەكان  و رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەو ناوچانە و رووماڵەكانی دەزگاكانی راگەیاندن.

لەپێناو  دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان  و باشتر رێكخستنەوەیان  و باشتركردنی ژیان  و گوزەرانی هێزەكان  و دانیشتوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ئەو ئاوارانەی كە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردوە، كە هەریەكەیان بەجیا خوێندرانەوە و خرانە دەنگدانەوە و پەسندكران  و بڕیاریشە ئەو راسپاردە و پێشنیازانە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ بەدواداچوون  و چارەسەركردنیان.

هەروەها پەرلەمانی كوردستان لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا گفتوگۆی لەبارەی پڕۆژە یاسای دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن لیژنەی كاروباری یاسایی-یەوە پێشنیازكرا راپۆرتی لیژنەكە كە لەسەر رۆشنایی ئەو دوو پڕۆژە یاسایەی بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كرابوو ئاماددەكرابوو بكرێت بنەما بۆ گفتوگۆكردن، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنكگدانەوەو بەكۆی دەنگ پەسندكرا.
 سەبارەت بەناونیشانی پڕۆژە یاساكە لەلایەن لیژنەی یاسایی-یەوە پێشنیازكرا كە ببێت بە (یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لەهەرێمی كوردستان)، ئەو پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوەو بەكۆی دەنگ پەسندكرا.
ماددەی یەكەمی پڕۆژە یاساكەش كە تایبەت بوو بە زاراوەو پێناسەكان، وەك ئەوەی لە راپۆرتی لیژنەی یاسایدا هاتبوو خرایە دەنگدانەوەو بەكۆی دەنگ پەسندكرا.

سەبارەت بە ماددەی دوەمیش كە دوو بڕگە بوو، بڕگەی یەكەمی كە تایبەت بوو بەدامەزراندنی كۆمسیۆنەكە، دوای زیادكردنی دەستەواژەی (لەسەر ئاستی) لە پێش دەستەواژەی (سەرجەم هەرێمی كوردستان) بۆ بڕگەكە خرایە دەنگدانەوە و بە كۆی دەنگ پەسندكرا.
بڕگەی دووەمی ماددەكەش كە تایبەت بوو بە كردنەوەی بارەگای سەرەكی  و نوسینگەكانی لە سەنتەری پارێزگاكانی كوردستانی عیراق  و یەكە كارگێڕییەكان لە كاتی پێویستدا، دوای گفتوگۆكردن  و خستنەرووی سەرنج  و تێبینی  و پێشنیازەكانی ئەندامانی پەرلەمان لە بارەیەوە، چەند پێشنیازێك هاتنە ئاراوە لەوانە: پێشنیازكرا دەستەواژەی (قەزا  و ناحیەكان) لە پاش دەستەواژەی (یەكە كارگێڕییەكان) بۆ بڕگەی دووەمی ماددەكە زیاد بكرێت بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی پێویستی نەهێنا  و رەتكرایەوە.
 
ماددەی سێیەمیش كە تیایدا باس لە سەربەخۆیی  و بێلایەنیی كۆمسیۆنەكە و خستنە ژێر باری چاودێری پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسیاریەتیی لەبەردەمیدا، وەك ئەوەی لە راپۆرتی لیژنەی یاسایدا هاتبوو خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

سەبارەت بە ماددەی چوارەمی پڕۆژە یاساكەش كە تایبەت بوو بەئەركەكانی كۆمسیۆنەكە لە دانانی بنەماو رێسا كارپێكراوەكان و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنە گشتییەكان  و راپرسی  و رێكخستن  و جێبەجێكردنی هەموو جۆرە هەڵبژاردنەكان  و بەڕێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران  و رێكخستنی تۆمارەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكان، دوای گفتوگۆكردنی  و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەڕەچاوكردنی سەرنج  و تێبینی و پێشنیازەكانی ئەندامانی پەرلەمان  و یەكلاییكردنەوەیان بەدەنگدان، كۆی ماددەكە خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسندكراو یەكێك لەگرنگترین پێشنیازەكانیش سەبارەت بەراگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان بوو كە بەزۆرینەی دەنگ كاتی راگەیاندنەكەی بەوشێوەیە پەسندكرا كە لە 72 سەعات زیاتر نەبێت.

ماددەی پێنجەمیش كە تایبەت بوو بە پێكهاتەی كۆمسیۆنەكەو چۆنیەتیی هەڵبژاردنی و ژمارەی ئەندامەكانی و مەرجەكانی بوون بەئەندام لەو كۆمسیۆنە، دوای گفتوگۆكردنی  و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بەرەچاوكردنی سەرنج  و تێبینی  و پێشنیازەكان  و یەكلایی كردنەوەیان بەدەنگدان، كۆی ماددەكە خرایە دەنگدانەوە  و  بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket