چه‌ك و تیرۆر
kurdistani 03:25 PM - 2014-07-22حه‌سه‌ن یاسین
چه‌ك و تیرۆر پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. تیرۆریستان هه‌میشه چه‌ك به ده‌ستاوێژ و هۆیه‌ك بۆ هێنانه‌دیی ئامانجه‌كانی خۆیان ده‌زانن. تیرۆریستان جاران ته‌نیا ئه‌و چه‌كانه‌یان هه‌بوو كه پێیانده‌گوترێ چه‌كی سوك، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ تیرۆریستانی داعش چه‌ك و جبه‌خانه‌كانیان سنووری چه‌كی سوكی تێپهڕاندووهو جۆره‌ها چه‌كی قورسیان هه‌یه.
داعش دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گه‌لانی سوریا له‌ڕووی چه‌ك و جبه‌خانه‌وه به‌تواناتر و له‌ڕووی هێزی مرۆییشه‌وه باسكی ئهستوورتربوو، پاش ئه‌وه‌ی له‌وڵاتانی جیا جیای ئه‌وروپاو ئه‌مریكاوه لاوانی هاوسۆزی سه‌له‌فییه‌تی جیهادیی رادیكاڵ كه‌وتنه دوای ده‌نگۆی (به‌شداریكردن له‌شه‌ڕ دژی دكتاتۆری دژ به ئیسلام به‌شار ئه‌سه‌د) روویان له‌سوریا كرد و پێوه‌ندییان به‌ریزه‌كانی داعشه‌وه كرد. ئێستا باس له‌وه ده‌كرێ كه پتر له (٧٠٠٠) حه‌وت هه‌زار چه‌كداری (موجاهید)ی بیانی له‌نێو ریزه‌كانی داعشدان.
ئه‌مڕۆ له‌عیراقدا داعش وه‌ك هێزێكی تیرۆریستی خاوه‌نی سوپایه‌كه كه توانیویه‌تی له‌ناوچه سوننه‌نشینه‌كاندا سوپای عیراق بشكێنێ و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بگرێ و خه‌لافه‌تی ئیسلامی رابگه‌یه‌نێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سوپا جلڕهشهی كه داعش، وه‌ك هێزێكی تیرۆریست، هه‌یه‌تی پشتئه‌ستووره به جۆره‌ها چه‌كی قورس و شاره‌زایانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه داعش له‌لایه‌ن هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی ناوچه‌ییه‌وه به‌ته‌واوی پشتیوانیی لێده‌كرێ. سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییانه خۆیان به‌ده‌ست تیرۆر و تیرۆریستانه‌وه گرفتارن و له‌نێو وڵاته‌كانی خۆیاندا دژ به تیرۆریستانی قاعیده‌ن، كه‌چی پشتیوانی داعش ده‌كه‌ن و ده‌شزانن كه داعش هێزێكی تیرۆریسته، به‌ڵام مادام خزمه‌ت به ئه‌جێندای مه‌زهه‌بیی ئه‌وان ده‌كات سڵ ناكه‌نه‌وه له یارمه‌تیدانی.
ئه‌وانه‌ی دژ به‌تیرۆر و تیرۆریستانن تا ئێستا بۆ ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه هه‌ر پشتیان به چه‌ك و چه‌كدار به‌ستووه. راسته شه‌ڕی دژ به‌تیرۆر پێویستی به هێزی سوپایی دژه‌تیرۆر هه‌یه. به‌ڵام ئایا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ڕێگه‌ی هێزی سه‌ربازی و چه‌ك و چه‌كدارانه‌وه به‌ته‌نیا به‌سه و ته‌نیا به‌م رێگه‌یه ده‌ره‌قه‌تی تیرۆریستان دێین؟ نه‌خێر به‌ته‌نیا ئه‌مه به‌س نییه.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر نابێ ههربهچهك بێت. ده‌بێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌وڵی بنه‌بڕكردنی ئه‌و هۆكارنه بدرێ كه بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر. ده‌بێ هه‌وڵی وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی په‌یدابوونی تیرۆر بدرێ.
له‌عیراقدا تا ئێستا نه‌توانراوه شان به‌شانی به‌چه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، له‌ڕووی فیكرییه‌وه به‌ره‌نگاری تیرۆر ببنه‌وه. نه‌توانراوه له‌بواری په‌روه‌رده‌دا چاكسازی بكرێ. نه‌توانراوه هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری بنه‌بڕ بكرێ. نه‌توانراوه تایه‌فه‌گه‌ری به‌لاوه بنرێ و له‌جێگه‌یدا بره‌و بدرێ به كولتوری به‌خشین و پێكه‌وه‌ژیان. نه‌توانراوه داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بكرێن به داموده‌زگای خزمه‌تگوزاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێویی خه‌ڵك و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری.
له‌سایه‌ی كولتوری فه‌رمانڕه‌وایی خۆسه‌پێن و تاكڕه‌ویدا له عیراقی دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسێن‌دا، تیرۆر نه‌ك هه‌ر پاشه‌كشه‌ی نه‌كردووه، بگره رۆژ به‌رۆژ تیرۆریستان پتر توانیویانه ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات بشێوێنن. ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوویه‌تی، نه‌ك هه‌ر نه‌بۆته مایه‌ی بنه‌بڕكردنی تیرۆر و قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراسی، به‌ڵكو به‌هۆی زوڵمكردن له سوننه‌كان و پشتگوێخستنیان بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه نه‌توانرێ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ بكرێ له‌نێوان ئه‌جێندای سوننه‌كان و داعشدا، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی سوننه‌نشین ببێ به ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داعش.
ئه‌مڕۆ شه‌ڕێكی گه‌رم له‌نێوان سوپای عیراق و تیرۆریستانی داعشدا هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌م شه‌ڕانه‌دا سوپای عیراق سه‌ربكه‌وێ و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، كه داعشییه‌كان ناویان ناوه خه‌لافه‌تی ئیسلامی، كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، هێشتا مانای ئه‌وه نییه كه توانیویانه تیرۆر بنه‌بڕ بكه‌ن، چونكه وه‌ك پێشتر گوتمان به‌ته‌نیا چه‌ك به‌س نییه بۆ بنه‌بڕكردنی تیرۆر، به‌ڵكو ده‌بێ هه‌وڵی وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی دروستبوونی تیرۆر بدرێ.
حه‌سه‌ن یاسین
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
11:14 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی به‌غدای ده‌وێت
10:40 AM - 2024-04-20
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
08:59 PM - 2024-04-19
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
05:56 PM - 2024-04-19
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
10:43 AM - 2024-04-19
زۆرترین خوێنراو
-
دارایی عیراق سێ بانک بۆ دروستکردنی تەوتین دەستنیشان دەکات
کوردستان 04:35 PM - 2024-04-20 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ بنەماڵەی خاتوو رقیە
پرسەنامە 03:27 PM - 2024-04-20 -
پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی به‌غدای ده‌وێت
کوردستان 10:40 AM - 2024-04-20 -
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
پرسەنامە 11:14 PM - 2024-04-19 -
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
کوردستان 08:59 PM - 2024-04-19 -
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
کوردستان 05:56 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19