riklam

گەڕانەوەی مام جەلال، گەڕانەوەی ئومێدو ئاشتی ‌

kurdistani 12:57 PM - 2014-07-22
ئه‌رده‌شیر په‌شه‌نگ

ئه‌رده‌شیر په‌شه‌نگ

سەرئەنجام دوای چەندین مانگ لەنەخۆشبوون‌و چارەسەركردن، ئێوارەی رۆژی شەممە سەرۆك كۆماری عیراق لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا گەڕایەوە سلێمانی، كۆتایی بەو دەنگۆیە هێنا كە گوایە مام جەلال كۆچی دوایی كردووە. مام جەلال-ێك كە پێدەچێت بەهۆی سەختی نەخۆشییەكەی‌و لاوازبوونی جەستەو هەڵكشانی تەمەنەوە، ئیتر ناكرێت چاوەڕوانی هەمان تواناو ئامادەیی جارانی لێكربێت لەگۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتانە بێگومان مام جەلال كارێزمایەكی بێوێنەیە، ساڵانێكی پڕ لەهەورازو نشێو لەخەبات لەدژی دیكتاتۆری‌و سەرۆكایەتیكردنی عیراق لەماوەی یەك دەیەدا لەكارنامە سیاسییەكەیدایە. گەڕانەوەی دووبارەی مام جەلال بۆ كوردستان‌و عیراق وەك ئەوە وایە كە هیواو میانڕەویی بۆ عیراقی قەیراناوی گەڕابێتەوە.
بۆیە مام جەلال بەسەركردەیەكی سیاسیی بێوێنە لەعیراقدا دەزانم، چونكە لەناو هەموو سیاسەتمەدارانی عیراق لە (كورد، عەرەب، سوننەو شیعە) تەنها كەسێكە كە روانگەیەكی میانڕەوانەو رێكارە حەكیمانەكانی، پەیوەندییەكی بەربڵاوی دیپلۆماسیی هەیە، بەتایبەتی دەیان ساڵ ئەزموونی دیپلۆماسی‌و خەبات لەناو كوێستانە ساردو سڕەكانی كوردستانەوە بۆ بەغدا، تاران، ئەنكەرە، ئەوروپاو نیویۆرك، ئەوی كرد بەكەسێكی بەئەزموون، كەسێك كە لەناو گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا ساردی‌و گەرمی چەشتووە. كەسێك كە بەتەنیایی ئەزموونی یەك میللەتی ستەملێكراوو ئازارچەشتووی لەناو سینەی خۆیدا شاردۆتەوە. پیرێك كە ئەگەر بەكورتی چاوێك بەژیاننامەكەیدا بخشێنیت، بۆت دەردەكەوێت كە سپی بوونی هەر تالێك لەقژی دەیان ئەزموون‌و رووداو، بەتایبەتی هەندێ رووداوی مەترسیداری سیاسی لەخۆدەگرێت. كەسێكە كە هاوسەنگی رادەگرێت، راگرێكی لێهاتووە بۆ هاوسەنگی، هیوابەخش‌و ئومێدبەخشە بۆ هیوابڕاوان‌و نائومێدان. تەنها كەسێكە كە ئەو توانایەی هەبووە كە سفرە سادەكەی بكاتە شوێنێكی دیپلۆماسی، كە تێدا یاران‌و نەیاران‌و دۆستان‌و بەرهەڵستكاران‌و رەخنەگران‌و  تەنانەت دوژمنانیش كۆبكاتەوە بۆیە سەرئەنجام بتوانێت گرێ كوێرو ئاڵوزەكان بكاتەوە.


ئەم تایبەتمەندیانەو هەروەها توانا سیاسی‌و شەخسییەكانی مام جەلال، بوونە هۆی ئەوەی كە لەساڵی 2005دا هیچ كەس باشترو شایستەتر لەو نەبوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار. كەسێك كە سەرچاوەی یەكریزیی‌و یەكێتی هەموو لایەنەكان، نوێنەری راستەقینە بۆ هەموو عیراقییەكان‌و سیمبولێك لەعیراقی نوێ بۆ جیهان‌و سیستمی نێودەوڵەتی.


 لەچەند ساڵی رابردوودا، شێوەی بەڕێوەبردن‌و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەكان هەر زوو دەریخست كە مام جەلال تەنها وەك نوێنەرو هیوای كوردەكان لەبەغدا نییە، بەڵكو ئەو نوێنەرو هیوای هەموو عیراقییەكانە. لەپێناو ئاشتكردنەوەی عەرەبی شیعەو سوننە لەگەرمەی قەیرانەكاندا، تەندروستی خۆی خستۆتە مەترسییەوە، سەرەڕای ئەوەی كە پزیشكەكانی هۆشداریان پێدابوو كە خۆی بەدوور بگرێت لەو كۆبوونەوە درێژخایەنانە، بەڵام ئەو لەپێناوی بەرژەوەندیی‌و ئایندەی وڵاتدا گوێی بەو هۆشدارییانە نەداو هەر ئەوەش وایكرد كە ژیانی ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوەو چەند مانگێك لەناو جێگەدا بەدۆخێكی تەندروستیی خراپ بمێنێتەوە.


بەڵام لەئێستادا ئەو جارێكی دیكە گەڕاوەتە بۆ عیراق، عیراقێك كە بەشێوەی عەمەلی بووە بەسێ بەشەوەو ئەكتەرێكی توندوتیژخوازی نوێ بە ناوی» داعش « لەسایەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن حكومەتی عیراقەوە توانیویەتی  بەدرێژایی 1050 كیلۆمەتر، ببێتە هاوسنووری كوردستان.
مام جەلال گەڕاوەتە بۆ عیراقێك  كە ئیتر كەمتر كەسێك هیوای بەئایندەیە، ئەو گەڕاوەتە بۆ عیراقێك كە هەر ئان‌و ساتێك پێدەچێت پایتەختەكەی بكەوێتە دەست چەكدارانی دەمامكدار. ئەو بۆ عیراقێك گەڕاوەتەوە كە چەندین مانگە  سیاسەمەتدارانی كوردو عەرەب‌و شیعەو سوننە نەیانتوانیووە لەژێر سەقفێكدا كۆببنەوە. لێدوانەكانیان‌و ئەدەبیاتیان لەدژی یەكتر توندتربووەو متمانەیان بەیەكتر زۆر كەمبۆتەوە.


ئەو كاتێك بۆ عیراق گەڕاوەتەوە كە ئیتر هیوایەك نییە بۆئەوەی جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو راستییە تاڵ‌و ناخۆشانە، گەڕانەوەی ئەو لەهەر هەلومەرج‌و بارودۆخێكدا گەڕانەوەی هیواو میانڕەویی‌و گەڕانەوەی دووبارەی ئاشتییە بۆ وڵاتێكی پڕ لەئاشووب‌و قەیراناوی.

ئه‌رده‌شیر په‌شه‌نگ
توێژەری میوان لەسەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket