riklam

د.لەتیف رەشید: عیراق لەبێ ئاوی رزگاری دەبێت ‌

kurdistani 12:57 PM - 2014-07-20
بەگەورەترین بەنداوی عیراق دادەنرێت‌و لەخۆرهەڵاتی ناوەڕستیشدا چوارەم بەنداوی گەورەی ناوچەكەیە

بەگەورەترین بەنداوی عیراق دادەنرێت‌و لەخۆرهەڵاتی ناوەڕستیشدا چوارەم بەنداوی گەورەی ناوچەكەیە

موسڵ ژێر ئاو دەكەوێ؟


پەیمانگەی پێشكەوتن بۆ سیاسەتی گەشەپێدان لەبەغدا، سیمینارێكی تایبەتی بۆ كێشەكانی ئاوو سامانی ئاو لەعیراق ساز كرد، كە ژمارەیەكی زۆر لەپسپۆڕان‌و كەسانی ئەكادیمی‌و بەرپرسانی ‏حكومی‌و پەرلەمانتاران ئامادەی بوون، لەسیمینارەكەدا كە لەناوچەی جادریەی ناوەڕاستی بەغدا بەڕێوەچوو، باس لەمەترسییەكانی كەم ئاوی لەعیراق‌و چۆنێتی دابەشكردن‌و بەكارهێنانی ‏سامانی ئاو لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كراو ئاماژە بەوەشكرا، بوونی سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاو لەعیراقدا كە دیجلەو فوراتە لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا جێگەی نیگەرانییە.‏

وەڵامێك بۆ رەخنەی دراوسێكان
لەو سیمینارەدا د.عەبدوللەتیف رەشید وەزیری پێشووتری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق وتارێكی لەبارەی سامانی ئاوو چۆنێتی بەكارهێنانییەوە پێكەش كردو وتی:»وەزارەتی سەرچاوەكانی ‏ئاو پلانێكی ستراتیژی لەبەردەستدایە كە ئەمساڵ تەواو دەبێت بۆ چۆنێتی بەكارهێنانی ئاو، بەتەواوبوونی ئەو پلانەش عیراق بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەمەترسی بێئاوی رزگاری دەبێت. ‏وڵاتانی دراوسێ زۆر جار رەخنەیان لەعیراق گرتووە كە پلانی نییە بۆ بەكارهێنانی ئەو ئاوەی دەڕژێتە خاكەكەیەوە، بەڵام ئەم پلانەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق وەڵامێكیش دەبێت ‏بۆ ئەو رەخنانە».‏

بەڕێگەچارەی تەكنیكی ناكرێ
وەزیری پێشووتری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئێستا داعش دەستی بەسەر سەرچاوەكانی ئاو لەسوریا‌و موسڵیشدا گرتووە، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ‏دانیشتووانی عیراق، لەبەر ئەوە پێویستە لەڕووی سیاسی، یان لەڕووی ئەمنییەوە چارەسەر بكرێت، چونكە بەڕێگەچارەی تەكنیكی چارەسەر ناكرێت.‏
هاوكات لەبارەی مەترسییەكانی داعشەوە بۆ سەر سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، حەسەن ئەلجەنابی پسپۆڕی بواری ئاو رایگەیاند، بەهۆی دەستبەسەراگرتنی سەرچاوەكانی ئاو لەموسڵ‌و ‏ناوچەكانی تر لەلایەن داعشەوە، زیاتر لەیەك ملیۆن كەس ئاسایشی خۆراكیان لەمەترسیدا دەبێت، جگە لەوەش ئەگەر بەنداوی موسڵ هەرەس بهێنێت، كە ئێستا لەبەردەستی داعشدایە ‏بەشێكی زۆر لەشاری موسڵ دەكەوێتە ژێر ئاوی بەنداوەكەوە‌و لەوانەیە لەماوەی سێ سەعاتدا ئاستی ئاو 20 مەتر بەرزبێتەوە.‏

كوالێتی بەنداوەكە
بەنداوی موسڵ كە 50 كیلۆمەتر لەسەرووی شاری موسڵەوەیە‌و ساڵی 1983 لەسەر رووباری دیجلە دروست كراوە، درێژی دیواری بەنداوەكە 3,2 كیلۆمەترە‌و بەرزییەكەشی 131 مەترە، ‏بەگەورەترین بەنداوی عیراق دادەنرێت‌و لەخۆرهەڵاتی ناوەڕستیشدا چوارەم بەنداوی گەورەی ناوچەكەیە.‏
پێش دروستكردنی بەنداوەكە، پسپۆڕانی روسی پشكنینیان بۆ خاكەكەی كرد‌و لەڕاپۆرتێكیاندا بەرپرسانی ئەو كاتەی عیراقیان لەوە ئاگادار كردەوە، كە ئەو شوێنە بەكەڵكی دروستكردنی ‏بەنداو نایەت، لەبەرئەوەی یەكێك لەچینە بەردەكانی ژێرەوەی لەجۆری بەردی گەچینە‌و بەئاوو تەڕی زوو تووشی داخوران دەبێت، بەڵام سەدام حسێن سوور بوو لەسەر ئەوەی هەر لەوێدا ‏دروست بكرێ‌و داوای كرد بەهەر رێگەچارەیەك بێت دەبێ كێشەكانی چارەسەر بكرێ‌و بەنداوەكەش لەشوێنەكەی خۆیدا دروست بكرێت.‏

چارەنووسی نادیارە
پێشتریش پسپۆڕێكی بواری بەنداو ئەوەیان روون كردبۆوە، كە لەو سەردەمەدا ئەندازیارە رووسەكان رێگەچارەیەكیان دۆزییەوە، بۆ دروستكردنی بەنداوەكە، ئەویش ئاخنینی ناوچەكانی ‏دەوروبەی بەنداوەكە بوو بەچیمەنتۆی شل، لەهەمان كاتدا دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی عیراقیان ئاگادار كردەوە كە ئەو رێگەچارەیە زۆر گران دەكەوێ، چونكە لەدوای دروستكردنی بەنداوەكەوە، ‏بەردەوام دەبێت پرۆسەكە دووبارە بكرێتەوە. رژێمی بەعس قسەكەی خۆی بردەسەر‌و بەنداوەكەی لەو شوێنە دروستكرد، وەك دەوترێ، ئامانجی سەرەكی رژێم لەدروستكردنی ئەو بەنداوە ‏لەو شوێنەدا زیاتر زیانگەیاندن بووە بەبزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، ئەو كێشەیەش كە رووسەكان باسیان كرد، هەر لەدوای تەواوبوونی بەنداوەكەوە دسەتی پێكردووە‌و تائێستاش ‏بەردەوامە، ئێستاش كە لەژێر دەستی داعشدا بێت، چارەنووسی بەنداوەكە نادیارە.‏

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket