داعـش چـییه؟
kurdistani 02:37 PM - 2014-07-17هه‌موو شتێك له باره‌ی ئه‌م گروپه تیرۆریستییه‌وه
داعـش چـییه؟
هه‌موو شتێك له باره‌ی ئه‌م گروپه تیرۆریستییه‌وه
به‌شی یه‌كه‌م:
گروپی تیرۆریستی داعش له ماوه‌یه‌كی كورتدا چه‌ند شارێكی عیراقیان كۆنترۆڵكرد، ئه‌مانه له‌كوێوه په‌یدابوون و به چ ئامانجێك هاتن و پێشڕه‌وییان كرد؟
داعش له سوریا‌و عیراق
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام، ئه‌وه‌نده به‌سه پیته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌م ده‌سته‌واژه درێژه بخه‌یته پاڵ یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵسازترین زاراوه‌ی ئه‌م رۆژگاره‌ت چنگ بكه‌وێت.
یه‌عنی (داعش): واته ئه‌و گروپه بچووكه تیرۆریستییه‌ی سه‌ره‌تا هه‌واڵه‌كانی له سوریاوه بۆ ده‌ره‌وه دزه‌ی ده‌كرد، ئێستا سنووری سوریای بڕیوه‌و گه‌یشتۆته خاكی عیراق، دیاره به‌دوای ئه‌و خه‌یاڵه خاوه‌دا كه له‌سه‌ریاندایه، واته پیاده‌كردنی پره‌نسیپه ئیسلامییه‌كان و هێنانه سه‌ركاری ده‌وڵه‌تێك له عیراق و شام كه بتوانێت به‌وشێوه‌یه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئیسلام جێبه‌جێبكات.
داعش كه له ئێستادا فه‌زای مه‌جازیی پڕه له وێنه‌ی تاوانه‌كانی، سه‌ره‌تا ته‌نیا نیشانه‌ی له سوریا گرتبۆوه، شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی نێوان حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دو نه‌یاره‌كانی كارێكی كرد، داعشییه‌كانی زۆر زوو به نان و نه‌وایه‌ك گه‌یشتن و توانییان وه‌كو یه‌كێك له نه‌یاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌سه‌د خۆیان بناسێنن، به‌ڵام پاشان كه چیتر له سوریا جێگایان نه‌بۆوه، به‌ره‌و عیراق كه‌وتنه‌ڕێ، ده‌ستیان به‌سه‌ر پارێزگای (ئه‌نبار)دا گرت، پاشان به‌ره‌و موسڵ كشان، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و سامه‌ڕاو شاره‌كانی دیكه ملیان نا، هه‌رچه‌نده زۆر زوو له پێشڕه‌وی كه‌وتن و له شوێنی خۆیاندا چه‌قین، به‌ڵام هێشتا ئه‌م پرسیاره له جێگه‌ی خۆیدایه، داعش چۆن توانی له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وه‌نده ناو ده‌ركات و ئاوا له سوریا‌و عیراقدا فه‌زای ترس و تۆقاندن دروستبكات؟
ئه‌گه‌رچی ناوی داعش تازه كه‌وتۆته ناو ناوانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م گروپه تیرۆریستییه وه‌كو بیری لێده‌كه‌یته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش تازه نییه، ره‌گ و ریشه‌ی داعش بۆ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و ساڵه واته 1995 (ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی) له‌ڕیزی هێزه جیهادییه‌كانی ئه‌فغانستاندا بوو و له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا شه‌ڕی ده‌كرد، له ئه‌فغانستان گروپی (ته‌وحیدو جیهاد)ی دامه‌زراندبوو، بۆ خۆی له سه‌ڵته‌نه‌تدا بوو، (زه‌رقاوی) كه به ئه‌سڵ ئوردنی بوو، پاش داگیركردنی عیراق له‌لایه‌ن هێزی ئه‌مریكاییه‌كانه‌وه له ساڵی 2003 دا، خۆی گه‌یانده عیراق و له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك له هاوكارانیدا له ساڵی 2004 به ره‌سمی په‌یمان (به‌یعه‌ت)ی به ئوسامه بن لادن رابه‌ری ئه‌لقاعیده دا، ئه‌م گروپه به ناوی (ته‌وحیدو جیهاد)ه‌وه ده‌ستبه‌كاربوون و دوای ئه‌وه‌ی به‌یعه‌تیان به‌بن لادن دا، یه‌كسه‌ر بوون به گرنگترین شانه‌ی ئه‌لقاعیده له عیراق. لێره‌وه كاره‌ساته‌كه ده‌ستیپێكرد، ئه‌م گروپه به كاره خۆكوژییه‌كانی له عیراق بوو به یه‌كێك له گروپه هه‌ره به‌هێزه تیرۆریستییه‌كان له‌م وڵاته‌دا، كاره تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م گروپه به بیانووی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا هه‌روا به‌رده‌وام بوو، زه‌رقاوی له‌هه‌مان ساڵدا كوژراو سه‌ركردایه‌تی گروپه‌كه كه‌وته ده‌ست (ئه‌بو حه‌مزه‌ی موهاجر).
له (15/10/2006) دا دوای كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندین گروپی چه‌كدار، گروپی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق) به سه‌ركردایه‌تی (ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی) دامه‌زرا، گروپه چه‌كداره‌كان له‌چوارچێوه‌ی په‌یمانێكدا به‌ناوی (حلف المگیبین) (ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی) یان وه‌كو سه‌ركرده‌ی ئه‌م گروپه تازه‌یه هه‌ڵبژارد، ئه‌م گروپه له‌كاتی دروستبوونییه‌وه، گه‌لێ هێرشی تیرۆریستی له عیراق له‌ئه‌ستۆ گرت و له‌پاڵ گروپی (ته‌وحیدو جیهاد) دا سه‌راپای كاره تیرۆریستییه‌كانیان له‌ئه‌ستۆ گرت، هێرش بۆ سه‌ر بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی داد‌و زیندانی ئه‌بوغرێب و...هتد، (ئه‌بو عومه‌ر) هه‌روا گاڵه‌ی ده‌كرد، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی ساڵی 2010 سوپای ئه‌مریكاو عیراق جێگایه‌كیان گرت به ئامانجی هێرش و په‌لاماری خۆیان كه (ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی) و (ئه‌بو حه‌مزه‌ی موهاجر) له‌وێ بوون، دوای شه‌ڕو په‌لاماردانێكی زۆر هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی تیرۆریسته‌كان كوژران و وێنه‌ی لاشه‌كانیان له میدیاكاندا بڵاوكرایه‌وه، حه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه ئه‌م گروپه تیرۆریستییه له به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌ڕه‌سمی كوژرانی (به‌غدادی) و (موهاجر) یان راگه‌یاند، پاشان (ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) جێگه‌ی ئه‌وانی گرته‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕو پێكادانه‌كانی سوریا سه‌ریهه‌ڵدا، له‌وێش گه‌لێ گروپی تیرۆریستی سه‌ریان له هێلكه جوقا، له كۆتایی ساڵی 2011 دا یه‌كێك له گروپه تیرۆریستییه‌كان به‌ناوی (به‌ره‌ی نوسره) به سه‌ركردایه‌تی (ئه‌بو محه‌مه‌د جولانی) خۆی راگه‌یاند، زۆری نه‌خایاند كه توانای ئه‌م گروپه تیرۆریستییه به یارمه‌تی هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌كه ئه‌وه‌نده زیادبوو، كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا بوو به‌یه‌كێك له‌گرنگترین و به‌هێزترین گروپی چه‌كداری سوریا. پاش ئه‌وه‌ش ئیئتلافێك هاته ئاراوه. ساڵی 2013 تۆڕی (شیوخ الاسلام) به‌یاننامه‌یه‌كی (ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) بڵاو كرده‌وه كه تیایدا ئه‌وه راگه‌یه‌نرا (به‌ره‌ی نوسره) درێژكراوه‌ی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق)ه. به‌و شێوه‌یه گروپی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام) به‌یه‌كگرتنی (به‌ره‌ی نوسره) و (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق) پێكهات و ده‌ستی به‌كاری تیرۆریستی كرد. ئه‌ویش به‌ئامانجی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك به‌فراوانی شامی جاران، له‌سوریاو عیراقه‌وه بگره هه‌تا فه‌له‌ستین و ئوردن و لوبنان.
ده‌یه‌وێ شوێنی بن لادن بگرێته‌وه
(ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) زۆر حه‌زده‌كات به‌شوێن پێی بن لادندا بڕوات، له‌كاتێكدا له‌پڕۆسه سه‌ربازییه‌كاندا هیچ كاتێ جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بووه سه‌ركردایه‌تی ئه‌لقاعیده بكات. له‌سه‌ركردایه‌تیدا ئه‌وه‌نده وریای خۆیه‌تی ته‌نانه‌ت كاتێ قسه بۆ هێزه‌كانی خۆشی ده‌كات ده‌ماخ ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته هیچ كاسێتێ یان به‌ڵگه‌یه‌ك له‌قسه‌كانی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی رابه‌رانی ئه‌لقاعیده‌وه، وه‌كو بن لادن یان ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری هیچ كاتێ جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بووه، شوێنی خۆی له‌كاسێته ڤیدیۆییه‌كاندا ئاشكرا بكات. هه‌تا ئێستا ته‌نیا دوو وێنه‌ی بڵاوبۆته‌وه، یه‌كێكیان گه‌نجێكه برۆ قه‌وی و ده‌موچاو خڕ، له‌وێنه‌ی دووه‌مدا پیرتره به‌ڵام به‌نیگایه‌كی سارد‌و وشكه‌وه سه‌یری كامێراكه ده‌كات. (ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش له‌ڕۆژی هه‌ینیدا له‌موسڵ ده‌ركه‌وت و وێنه‌ی گیرا.) (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می هێزه‌كانی داعش ماوه‌یه‌كی زۆره به‌نهێنی ده‌ژی. له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی پێش ئه‌و (ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی) له‌ساڵی 2006 كه‌وته به‌رهێرشی ئاسمانی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو كوژرا. ئه‌مه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی (به‌غدادی) وردتر كار بكات و كه‌متر سه‌روسه‌كوتی ده‌ركه‌وێت.
به‌پێی راگه‌یاندنی سه‌رچاوه عه‌ره‌بییه‌كان، (ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) ساڵی 1971 له‌سامه‌ڕا له‌دایك بووه‌و ناوی ئه‌سڵی (ئیبراهیم عه‌واد ئیبراهیم عه‌لی به‌دری سامه‌ڕاییه). گوایه له‌خێزانێكی خوێنده‌وارو ئاینییه‌و خۆشی به‌پێی واشنتۆن پۆست له‌زانكۆی به‌غداد دكتۆرای له‌زانسته ئیسلامییه‌كاندا هێناوه. ده‌ڵێن هه‌تا ساڵی 2003، واته هه‌تا هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر عیراق، خه‌ریكی ئامۆژگاریی دینی بووه، به‌ڵام پاش هێرشه‌كه له‌خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا گروپێكی (جیهادی) چه‌كداری دامه‌زراندووه‌و له‌و كاته‌وه ده‌ستیكردووه به‌خۆشاردنه‌وه. به‌پێی واشنتۆن پۆست له‌ساڵی 2005دا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه له‌عیراق گیراوه‌و ماوه‌ی 4 ساڵ له‌سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌باشووری عیراق زیندانی بووه. گوایه له‌و ساڵانه‌ی زینداندا به ئه‌لقاعیده ئاشنا ده‌بێت و په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌كات. به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌دوای ئازادبوونی له‌زیندان سه‌ركردایه‌تی ئه‌لقاعیده له‌عیراق به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت. له‌و رۆژگاره‌دا ئه‌گه‌ر جه‌نگی ناوخۆیی عیراق بۆ هه‌موو كه‌سێ خراپ بووبێت بۆ (ئه‌بو به‌كر به‌غدادی) ده‌رفه‌تێكی باش بووه تاخۆی و گروپه‌كه‌ی له‌ناو خه‌ڵكدا رێگایه‌ك بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه. پاشان كه وه‌زعی سوریا تێكچوو خۆی گه‌یانده سوریا‌و له‌گه‌ڵ گروپه ته‌كفیرییه‌كانی دیكه‌دا كه په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌لقاعیده‌وه هه‌بوو، حه‌نگی دژی حكومه‌تی سوریا راگه‌یاند. له‌وه به‌دواوه مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌نده ئاڵۆز نییه. ( ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) و گروپه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده له‌سوریا مانه‌وه كه ساڵی رابردوو ئه‌و هه‌واڵه بڵاو بۆوه كه گروپێكی تازه به‌ناوی داعش دروست بووه‌و ده‌یه‌وێ له‌عیراق و شام ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی به‌سه‌ركردایه‌تی (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) دابمه‌زرێنێ، واته ئه‌و پیاوه‌ی زانینی شوێنی خۆشاردنه‌وه‌ی (10)ملیۆن دۆلاری به‌ناوچه‌وانه‌وه‌یه.
به‌شی دووه‌م:
یاسا‌و بڕیاره سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی داعش
سه‌روه‌ختێ تالیبانی ئه‌فغانستان به‌هۆی ئه‌و بڕیار‌و یاسا سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌وه كه له‌شوێنه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا پیاده‌یان ده‌كرد له‌هه‌موو شوێنێ ناویان ده‌ركردبوو، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا گروپی داعش كۆمه‌ڵێ یاسا‌و بڕیاریان داهێناوه كه خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ده‌بێت بڵێن سه‌د خۆزگه‌مان به‌كفن دز، هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌سوریا توانییان كه‌مێك ببووژێنه‌وه‌و له‌به‌دبه‌ختی خه‌ڵك توانییان شاری (رقه) داگیربكه‌ن. گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی دوورودرێژیان بڵاوكرده‌وه‌و رایانگه‌یاند گوایه یاسا‌و بڕیاری خۆیان داهێناوه‌و هه‌ركه‌سێ به‌پێچه‌وانه‌یه‌وه بجوڵێته‌وه به‌توندی ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی تیرۆریسته داعشیه‌كاندا ده‌بێ‌و نابێیه‌كی زۆر هه‌یه وه‌كو: (نابێ ژن پانتۆڵی كاوبۆ له‌پێ بكات، حه‌رامه، جگه‌ره‌و نێرگه‌له حه‌رامه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌م تاوانه‌وه بگیرێت یه‌كه‌مجار په‌نجه‌ی دۆشاو مژه‌و باڵا به‌رزه‌ی ده‌بڕدرێ‌و دووباره‌ی بكاته‌وه له‌سێداره ده‌درێت. سه‌رتاشخانه‌كان داده‌خرێن و هه‌ركه‌سێ سه‌ری یان ریشی بتاشێ له‌سێداره ده‌درێت، خستنه‌ڕووی جلوبه‌رگی ژنان له‌دوكانه‌كاندا حه‌رامه‌و نابێ پیاوان له‌سه‌ر ئه‌و دوكانانه بن، دانانی تابلۆی ئارایشگای ژنان قه‌ده‌غه‌یه، سه‌ردانی ژنان بۆ لای دكتۆری ژنان‌و مناڵبوون به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر حه‌رامه‌و سزای خۆی هه‌یه، قژداهێنان‌و بۆیاخكردنی قژ بۆ پیاوان قه‌ده‌غه‌یه‌و سزاكه‌ی 70 جه‌ڵده‌یه، ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌مه‌ریان باریكه نابێ پانتۆڵی كاوبۆ له‌پێ بكه‌ن‌و دانیشتنی ژنان له‌سه‌ر كورسی قه‌ده‌غه‌یه).
هه‌ڵبه‌ته یاسا سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی داعش ته‌واو نابێت، بۆ نموونه داعشییه‌كان مناڵانی شاری (سراقب)ی سوریایان ناچاركرد به‌جلو به‌رگێكی سه‌یره‌وه بچن بۆ قوتابخانه، كچان به‌ده‌ستكێش‌و په‌چه‌ی ره‌شی ئه‌ستوورو باڵاپۆشێكی تایبه‌ته‌وه، كوڕانیش به‌جلێكی درێژی پاكستانی‌و كڵاوێكی گه‌وره‌وه، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش كاتێ ده‌ستیان به‌سه‌ر موسڵدا گرت. به‌بڵندگۆ به‌خه‌ڵكیان وت ناوی داعش مه‌هێنن، ده‌نا 80 جه‌ڵده‌تان لێده‌درێت، چونكه داعشییه تیرۆریسته‌كان زۆر رقیان له‌كورتكراوه‌ی ناوی گروپه‌كه‌یانه‌و حه‌زده‌كه‌ن به(ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام) ناویان ببرێت، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موسڵ به‌لای داعشه‌وه وه‌كو ئاو خواردنه‌وه وابوو، چونكه به‌یارمه‌تی هێزه‌كانی حزبی به‌عس‌و ئه‌فسه‌ره كۆنه به‌عسییه‌كان توانییان زانیاری له‌باره‌ی ئه‌م شاره‌وه به‌ده‌ستبێنن‌و بچنه ناو شاره‌كه‌وه، په‌یوه‌ندی به‌عسییه‌كان له‌گه‌ڵ داعشدا ئه‌وه‌نده باشه كه له‌م رۆژانه‌دا ره‌غه‌دی كچی سه‌دام حسێن په‌یامی ناردووه كه به‌زوویی له‌گه‌ڵ سه‌رانی داعشدا كۆده‌بێته‌وه‌و رێزیان لێده‌نێت.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی جامی جیهانی تۆپی پێ (مۆندیال)دا، داعش‌یش له‌به‌غدا (جامی جه‌نگ)ی راگه‌یاندووه، داعشییه‌كان وێنه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی كوپێكیان كێشاوه كه له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌دایه‌و له‌سه‌ریان نووسیووه:
(War Cup 1435 in Bagdad soon)
واته(جامی جه‌نگی 1435 به‌زوویی له‌به‌غدا ده‌قه‌ومێ) ئه‌مه‌یان له‌سوشیال میدیادا بڵاوكردۆته‌وه، دێوی بێ شاخ‌و كلكی داعش كه ناوی (ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان عیراقی)یه به‌جه‌للادی داعش ناسراوه‌و ئیتر ده‌ماخ ناكات‌و له‌ئینته‌رنێتدا وێنه‌و ڤیدیۆی تاوانه‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌م دێوه دزێوه كه (50) هه‌زار دۆلار وه‌ك خه‌ڵات بۆ كوشتنی دیاریكراوه، به‌رپرسی سه‌ربڕینی گروپی داعشه.
چۆن داعش توانی به‌خێرایی موسڵ داگیر بكات؟
رێك له‌ڕۆژه پڕ جۆش‌و خرۆشه‌كانی مۆندیالدا له‌باكووری زه‌وی، كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌نگ‌و باسه‌كانیان ده‌گێڕایه‌وه‌و ده‌یانوت: (موسڵ گیرا، داعش به‌ره‌و سامه‌ڕا ده‌كشێ، ئه‌گه‌ر داعش بگاته كه‌ربه‌لا چی ده‌بێت؟) ئه‌و هه‌واڵانه‌ی سات له‌دوای سات له‌عیراقه‌وه بڵاوده‌بوونه‌وه، كۆمه‌ڵێ هه‌واڵی ناخۆش بوون، تیرۆریسته‌كان وه‌كو كولله بڵاوده‌بوونه‌وه‌و یه‌ك له‌دوای یه‌ك شاریان داگیرده‌كرد. حیكایه‌ته‌كه كاتێ قووڵ بۆوه كه هه‌واڵ گه‌یشت فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ گیراو موسڵ به‌ته‌واوی كه‌وته ده‌ست تیرۆریستان، پاشان مه‌ترسی گه‌یشتنی داعش به‌به‌غداو به‌رده‌وامیی تاوانه‌كانی، پڕوپاگه‌نده له‌دوای پڕوپاگه‌نده‌و قسه له‌دوای قسه، خه‌ڵكی عیراق زیاتر پشتیان به واته وات ده‌به‌ست تا هه‌واڵی میدیاكانی عیراق، خه‌ڵكی عیراق له‌ده‌ستی داعش هه‌ڵده‌هاتن‌و خه‌ڵكی وڵاته‌كانی دیكه‌ش له‌و خه‌یاڵه‌دا بوون، كه چۆنچۆنی گروپێكی بچووكی چه‌ند هه‌زار كه‌سی توانیویه‌تی ده‌ره‌قه‌تی سوپای عیراق بێت. موسڵ شارێكی بچووك نییه، كه‌واته داعش چۆن توانی وه‌ها به‌ئاسانی داگیری بكات؟
مه‌سه‌له‌ی داگیركردنی موسڵ كه دوای به‌غدا به‌گرنگترین شاری عیراق له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، ئه‌وه‌نده‌ش ئاڵۆز نه‌بوو، وه‌ك ده‌ڵێن نزیكه‌ی حه‌فته‌یه‌ك پێش هێرشی داعش، داعشییه‌كان كه ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه نه‌خشه‌ی په‌لاماردانی موسڵیان دانابوو، بوون به‌ده‌سته‌ی بچووك بچووك‌و وه‌كو خه‌ڵكی ئاسایی چوونه ناو شاره‌وه، هه‌ندێكیان خانوویان به‌كرێ گرت‌و بوون به‌هاووڵاتی شاره‌كه، هه‌ندێكی تریشیان وه‌كو گه‌شتیار له‌ئوتێله‌كانی شار مانه‌وه، حكومه‌تی عیراقیش بێخه‌به‌ر له‌هه‌موو شتێ، ته‌نیا ده‌یزانی چه‌ند موسافیرێك له‌ئوتێله‌كاندان یان چه‌ند كه‌سێك خانوویان به‌كرێ گرتووه، به‌ڵام نه‌یده‌زانی ئه‌مانه چی‌یان له‌ژێر سه‌ردایه، نه‌یده‌زانی ئه‌مانه له‌ناكاو ده‌بن به‌له‌شكرێك‌و پێشان ئاماده‌كارییان بۆ كردووه‌و به‌پڕوپاگه‌نده‌كانیان ترسیان خستۆته دڵی خه‌ڵكه‌وه، داعشییه‌كان به‌سیمایه‌كی نه‌ناسه‌وه ده‌چوونه ناو خه‌ڵكه‌وه‌و به ده‌عبای داعش خه‌ڵكیان ده‌تۆقاند، به‌و شێوه‌یه ئیتر كه شه‌وی هێرشه‌كه هات‌و داعشییه‌كان خۆیان گه‌یانده ناو جه‌رگه‌ی موسڵ، ئیتر خه‌ڵك له‌ترسی تاوانه‌كانی داعش بیریان له‌سوپاو جبه‌خانه‌كه‌ی نه‌ده‌كرده‌وه، به‌ڵكو ته‌نیا بیریان لای قاچیان بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا زووه بقوچێنن، واته وات ده‌ستیپێكردو ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبۆوه كه خه‌ریكه موسڵ ته‌خت ده‌بێت‌و قه‌تڵوعام ده‌ستیپێكردووه‌و خه‌ریكه خوێن سه‌ر ده‌بات، ده‌نگۆكه ئه‌وه‌نده بڵاوبوو كه هێزه‌كانی سوپای عیراقیش باوه‌ڕیان كرد‌و ئه‌ژنۆیان شكاو توانای به‌رگرییان نه‌ما، داعش رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنی داگیركرد‌و گه‌یشته فرۆخانه‌و بنكه سه‌ربازییه‌كانیشی كۆنترۆڵ كرد، به‌م پێیه داعش هه‌ر به‌پڕوپاگه‌نده توانی له‌ماوه‌ی دوو سێ رۆژدا چه‌ند شارێكی عیراق داگیر بكات، له‌و چه‌ند رۆژه‌دا ئه‌و شارانه پشێوی تێكه‌وت، به‌تایبه‌تی ئه‌و شارانه‌ی تاوانه‌كانی داعشیان به‌چاوی خۆیان بینی، پێش ئه‌وه‌ی تویته‌ر ئه‌كاونته‌كانی داعش دابخات، هه‌موو رۆژێ به‌بڵاو كردنه‌وه‌ی شتێك هه‌رایان ده‌نایه‌وه، له‌و رۆژانه‌دا به‌خه‌یاڵی خۆیان باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد نه‌ك هه‌ر عیراق‌و سوریا به‌ڵكو چه‌ند وڵاتێكی تریش داگیر ده‌كه‌ن.
له‌و پلانه‌دا كه بۆ ئاینده دایان‌نابوو، بڕیاربوو داعش، لوبنان‌و فه‌له‌ستین‌و ئوردن‌و ته‌نانه‌ت كوێتیش داگیربكات، به‌ڵام هه‌تا ئێستا توانیویانه چه‌ند به‌شێك له‌سوریاو عیراق داگیربكه‌ن، هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ئێستا له‌به‌ر ئێستا له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه بریتییه له‌حه‌ڵه‌ب و رقه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر له‌سوریاو موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین له‌عیراق، هه‌ڵبه‌ته داعشییه‌كان خه‌ونی داگیركردنی كه‌ركوكیشیان له‌سه‌ردابوو، بۆیه رێگای سه‌ره‌كی به‌غدا كه‌ركوكیان داخست، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌و خه‌ونه‌ی زراندن.
هه‌رودوو پارێزگای نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین كه له‌سه‌دا (18-20)ی دانیشتوانی عیراق پێكده‌هێنن، هه‌میشه له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌ی مالكیدا كێشه‌یان هه‌بووه، سه‌روه‌ختێ كه سه‌دام حسێن ده‌سه‌ڵاتداربوو ئه‌م دوو پارێزگایه به‌تایبه‌تی سه‌ڵاحه‌دین له‌لایه‌ن دیكتاتۆره‌وه زۆر پشتیوانی لێده‌كرا، شاری تكریت كه شوێنی له‌دایكبوونی خۆی بوو، له‌گه‌ڵ سامه‌ڕا هه‌میشه جێگای بایه‌خی سه‌دام حسێن بوون، بۆیه داگیركردنی سه‌ڵاحه‌دین كه به‌ناوی سه‌ركرده‌ی كورد، سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبییه‌وه ناونراوه، به‌لای داعشییه‌كانه‌وه گرنگ بوو، بۆیه هه‌ر كه گه‌یشتنه سه‌ڵاحه‌دین پارێزگاریان فڕاندو ته‌له‌فزیۆنی ره‌سمییان داگیركرد‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش ده‌ستیان له‌بێجی گیر بوو، له‌وێشه‌وه به‌نیازی كاولكردنی شوێنه پیرۆزه‌كانی سامه‌ڕا ملیان نا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فه‌توای مه‌رجه‌عی شیعه‌دا بۆ چه‌كهه‌ڵگرتن له‌دژی داعش ئه‌م خه‌ونه‌شیان بوو به‌بڵقی سه‌رئاو.
پارێزگای ئه‌نبار له‌باشووری خۆرهه‌ڵاتی كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتوانی سوننه مه‌زهه‌بن تاكه پارێزگایه كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی سوریا‌و ئوردن‌و سعودیه سنووری هاوبه‌شی هه‌یه، شوێنی تایبه‌تی ئه‌م پارێزگایه له‌لایه‌كه‌وه‌و جموجوڵی نائاسایی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌م ساڵانه‌ی دوای سه‌دام حسێندا، زه‌مینه‌ی ئاماده‌گیی تیرۆریستانی خۆش كردووه. ئه‌نبار یه‌كه‌م پارێزگای عیراق بوو كه له‌دوای روخانی سه‌دام حسێن رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆوه‌و بوو به‌پێگه‌ی سه‌ره‌كی تیرۆریستان، چونكه له‌به‌غداوه نزیكه‌و له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه له‌وێوه ده‌توانرێت په‌لاماری به‌غدا بدرێت، پارێزگای ئه‌نبار به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تی شاری فه‌لوجه‌و رومادی ناوه‌ندی پارێزگاكه له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی دواییدا بووه شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی داعشییه‌كان، هه‌ڵبه‌ته سوپای عیراق ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا په‌لاماری تیرۆریستانی دا‌و له‌و شوێنانه‌ی شوێنانه ده‌ریكردن، بۆیه تیرۆریستان له‌شوێنی دیكه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه باسی ئه‌وه ده‌كرێت ژماره‌ی تیرۆریسته داعشییه‌كان له‌عیراقدا له(5) هه‌زار كه‌س زیاتر نییه، به‌ڵام دیار نییه تاچه‌ند خه‌یاڵی داگیركردنی به‌غدایان له‌سه‌ردایه، بۆیه دوای داگیركردنی نه‌ینه‌واو سه‌ڵاحه‌دین باسی داگیركردنی به‌غدایان كرد‌و سوپای عیراقیان تۆقاند، چی له‌وه سه‌یرتره گروپێكی چه‌ند هه‌زار كه‌سی به‌هه‌ڕه‌شه له‌داگیركردنی به‌غدا، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بێت 3 ملیۆن كه‌س له‌به‌غدا بخاته حاڵه‌تی ئه‌ماده‌باشییه‌وه بۆ داكۆكی كردن له‌پایته‌خت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واته وات بڵاوده‌بۆوه كه هێنده‌ی نه‌ماوه پایته‌خت بكه‌وێته ده‌ستی داعشییه‌كان‌و خه‌ریكه كۆنتروڵی بكه‌ن.
به‌شی سێیه‌م:
هه‌موو باڵه تیرۆریستییه‌كان
چاوباده‌می قه‌وقازی، به‌ڵام عه‌ره‌بی زمان
چه‌ند ساڵێكه تیرۆریسته‌كان له‌عیراق‌و سوریا جێگه‌یان خۆشكردووه. سه‌ره‌تا به‌بیانووی روخاندنی حكومه‌تی سوریا‌و پاشان به‌ئاواتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی گه‌وره، گروپی تیرۆریستی گه‌وره‌و بچووكن كه له‌م دواییه‌دا ناوی دووسێیه‌كیان زیاتر كه‌وتۆته ناوانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه شكڵ‌و شێوه‌ی سه‌له‌فییان بۆخۆیان داتاشیووه، به‌ڵام ره‌نگی پێست‌و زمانی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان ئه‌وه‌نیشان ده‌دات كه خه‌ڵكی جێگای ترن، كه هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه دووره، ئه‌و تیرۆریستانه‌ی له‌عیراق‌و سوریان له‌چیچانه‌وه هاتوون، به‌سه‌رنجدانی ناوی دیارترین فه‌رمانده‌ی گروپه تیرۆریسته‌كان ده‌رده‌كه‌وێ هاورده‌ی چیچانن، وه‌كو عومه‌ر چیچانی، محه‌مه‌د چیچانی‌و چه‌ندان چیچانی تر.
سوپای مهاجرین‌و ئه‌نسار
له‌مانگی مارتی 2013دا سوپای مهاجرین‌و ئه‌نێار به‌فه‌رمانده‌یی عومه‌ر چیچانی خۆی راگه‌یاند، به‌و ئامانجه له‌چیچانه‌وه چوون بۆ سوریا بۆ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕیان په‌ره پێبده‌ن، مهاجرین ئه‌و چیچانیانه‌ن كه چوونه‌ته سوریا‌و ئه‌نێاریش ئه‌وانه‌ی سوریان كه گیرۆده‌ی درۆ‌و ده‌له‌سه‌كانیان بوون‌و باوه‌شیان بۆ گرتوونه‌ته‌وه، پاشان ناكۆكی كه‌وته نێوانیانه‌وه‌و فه‌رمانده‌ی سه‌ره‌كی لایه‌نگرانی خۆی جیاكرده‌وه‌و گروپێكی دیكه‌ی بۆ خۆی دروستكرد، له‌م گروپه‌ش دوو گروپی دیكه جیابۆته‌وه.
ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق‌و شام، عومه‌ر چیچانی
سه‌ره‌تا عومه‌ر چیچانی كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی توندڕه‌وی له‌خۆی كۆكرده‌وه‌و رێگای سوریای گرته‌به‌ر، سه‌ره‌تا به‌ناوی سوپای مهاجرین‌و ئه‌نێاره‌وه ده‌ستبه‌كاربوو، به‌ڵام دوایی رێگای خۆی گرته‌به‌ر، ئه‌م كابرایه كه سه‌ودای حكومه‌تی ئیسلامی عیراق‌و شامی له‌سه‌ردابوو، دوای جیابوونه‌وه رێگای عیراقی گرته‌به‌رو ئێستا له‌عیراق ته‌راتێن ده‌كات‌و په‌یمانی به(ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) داوه‌و به‌بێ ئه‌و په‌نجه به‌ئاودا ناكات.
به‌ره‌ی نوسره، سه‌یفوڵڵا چیچانی
سه‌روه‌ختێ هه‌ردوو باڵی داعشییه‌كان وه‌كو گیانێك وابوون له‌دوو جه‌سته‌دا، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره كاریان به‌شوێنێ گه‌یشتووه كه ئیتر چاویان یه‌كتری نابینێ، سه‌یفوڵڵا چیچانی سه‌روه‌ختێ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی عومه‌ر چیچانیدا بوو، تا ئه‌وه‌ی رۆژێك عومه‌ر چیچانی به‌دزی‌و هاندانی هێزه‌كان دژی قه‌فقازییه‌كان تۆمه‌تباركردو لێی جیابۆوه، پاشان جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی ژێرده‌ستی خۆی برد‌و له‌ئه‌یلولی 2013دا گروپی (جند الخلافه)ی دامه‌زراند كه ئێستا گرنگترین باڵی به‌ره‌ی نوسره‌ی سوریایه، ده‌ڵێن سه‌یفوڵڵا چیچانی له‌هێرشی سه‌ر حه‌ڵه‌بدا كوژراوه، به‌ڵام كه‌س مردنی به‌درۆ نه‌خستۆته‌وه‌و مانیشی ته‌ئید نه‌كردووه.
سه‌ربازانی شام، موسلیم ئه‌بو وه‌لید چیچانی
یه‌كێكه له‌و گروپانه‌ی له‌جه‌نگی ناوخۆی سوریاوه گلاوه‌و وه‌كو گروپه‌كانی دیكه هه‌ڵگری ئایدیۆلۆجیای سه‌له‌فی جیهادییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌كداره‌كانی ئه‌م گروپه لوبنانی توندڕه‌ون، به‌ڵام چیچانییه‌كان دایانمه‌زراندووه، ئه‌م گروپه سه‌ربه‌خۆن‌و بۆ كاره‌كانیان په‌یڕه‌وی هیچ گروپێكی دیكه ناكه‌ن.
داعش خه‌رجییه‌كانی له‌كوێوه دابین ده‌كات؟
له‌و رۆژه‌وه پێیان خسته ناو موسڵه‌وه، وێڕای ئه‌و تاوانه گه‌ورانه‌ی كردیان‌و به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانیان لای دنیا ناسران، نازناوێكی تریشیان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه(ده‌وڵه‌مه‌ندترین گروپی تیرۆریستی دنیا)، داعش هه‌مان رۆژ كه كۆنترۆڵی موسڵی كرد، یه‌كسه‌ر به‌ره‌و خه‌زێنه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا ملیناو به‌كردنه‌وه‌ی قاسه‌ی بانكی ناوه‌ندی ئه‌و ناوچه‌یه، مه‌بله‌غی (490) ملیۆن دۆلاری ده‌سكه‌وت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و مه‌بله‌غه هه‌موو داراییه‌كه‌ی ئه‌و گروپه تیرۆریستییه نییه، پێش ئه‌وه‌ی موسڵیش داگیر بكه‌ن له‌ڕێگه‌ی راو‌و رووته‌وه پاره‌یه‌كی زۆریان كۆكردبۆوه، له‌ڕاستیدا گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌وان راووڕووت‌و باج‌و سه‌رانه‌یه، رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه ده‌ستی كه‌وتووه ده‌نووسێت: دارایی داعش پێش ئه‌وه‌ی بگاته بانكی ناوه‌ندی موسڵ (875)ملیۆن دۆلار بووه. رۆژنامه‌ی تایمزیش ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌وه نووسیبووی: داعش له‌ڕێگه‌ی قاچاغچێتی كه‌سه دیاره‌كانی گروپه تیرۆریستییه‌كانی دنیا‌و رفاندنی خه‌ڵك‌و باج وه‌رگرتنه‌وه خه‌رجی خۆیان ده‌رده‌هێنن، له‌م نێوه‌نده‌دا نابێ یارمه‌تی ئه‌وانه‌ش له‌بیربكه‌ین كه به‌پاره یارمه‌تییان ده‌ده‌ن، له‌م رۆژانه‌دا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ده‌ستكه‌وتووه كه ئه‌وه نیشان ده‌دات، یه‌كێك له‌كه‌سه دیاره‌كانی موسڵ مانگی 600 هه‌زار پاوه‌ندی كردۆته حساباته‌كانی داعشه‌وه، له‌مانگی نیسانی رابردوودا كاربه‌ده‌ستانی عیراق كه‌سێكیان به‌ناوی (محه‌مه‌د مه‌حمود عومه‌ر دلێمی) ده‌ستگیركرد، كه یه‌كێك بووه له‌پشتیوانه‌كانی داعش‌و مانگی 4 ملیۆن دۆلار یارمه‌تی ئه‌م گروپه‌ی داوه.
وێڕای ئه‌مانه‌ش داعش كاتێ له‌سوریا بازووی ئه‌ستووربوو ده‌ستی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ چاڵه نه‌وتدا گرت‌و له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه پاره‌ی ده‌ستده‌كه‌وت، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی یه‌ك دوو مانگ پێش ئێستا رایگه‌یاند: داعش له‌ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی چاڵه نه‌وته‌وه دارایی خۆی دابین ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه تائێستا له‌ڕێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی سوریاوه، 50 ملیۆن دۆلاری ده‌سكه‌وتووه، له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌م گروپه تیرۆریستییه سه‌له‌فییه ئه‌وه‌نده دوژمنی هه‌ژارو سواڵكه‌رن سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ت‌و سامانه‌ی هه‌یانه بۆ سه‌قامگیریی ئیماره‌ته‌كه‌یان ده‌ست له‌تاڵانكردنی قاپ‌و قاچاخی ناوماڵی خه‌ڵكی شاره‌كانیش ناپارێزن.
داعش چه‌نده هێزو جبه‌خانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه؟
ژماره‌ی هه‌موو هێزه‌كانی داعش له‌سوریا به‌زه‌حمه‌ت ده‌گاته 7 هه‌زار كه‌س‌و له‌عیراقیش باس له 3 هه‌زار تا5 هه‌زار چه‌كدار ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئاماری ناڕه‌سمیش باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی داعش 17 هه‌زار كه‌سن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م گروپه تاوانباره به‌و چه‌ك‌و جبه‌خانه پێشكه‌وتووه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیاندایه هه‌تا ئێستا توانیویانه رووبه‌ڕووی سوپای سوریا‌و عیراق ببنه‌وه، پێش ئه‌م شه‌ڕو پێكدانانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی داعش حكومه‌تی عیراق‌و سوریا ده‌یانزانی وڵاتانی كه‌نداو یارمه‌تی داعش ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی كاتێ هێزه‌كانی عیراق له‌ئه‌نبار بنكه‌و باره‌گاكانی داعشیان بۆردومان كرد‌و عه‌ره‌بستانی سعودی هاواری لێبه‌رزبۆوه، به‌ڵام یارمه‌تی دارایی‌و سه‌ربازیی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ داعش له‌م دواییانه‌دا ئاشكرابوو كه داعشییه‌كان له‌ئه‌نجامی شه‌ڕو پێكادانه‌كاندا ناچاربوون هه‌ندێ بنكه‌و باره‌گای خۆیان به‌ناچاری به‌جێبهێڵن‌و له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و بنكه‌و باره‌گایانه‌دا ده‌ركه‌وتووه هه‌موو چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌كو ئیماراتی عه‌ره‌بی، قه‌ته‌ر، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه بۆ هاتووه كه هه‌مووشیان چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی ئه‌مریكین.
رۆژنامه‌ی گاردیان یه‌كه‌م رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه بۆچی هێزه‌كانی داعش ته‌نانه‌ت جلوبه‌رگه‌كانیشیان شێوازی ئه‌مریكییه؟ به‌و شێوه‌یه‌ی گاردیان باسی ده‌كات داعشییه‌كان وه‌كو هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه پێشان له‌عیراق بوون دووربینی شه‌ویشیان هه‌یه، وێڕای تفه‌نگی (m16)و ره‌شاشی (m20)و ئار بی جی پێشكه‌وتوو، له‌گه‌ڵ تانك‌و ئوتومبیلی سه‌ربازیی پێشكه‌وتوو، كه زۆریان له‌شه‌ڕدا ده‌سكه‌وتووه، به‌تایبه‌تی له‌م شه‌ڕانه‌ی دواییدا له‌سه‌ڵاحه‌دین بێجگه له‌چه‌ك‌و ئوتومبیلی سه‌ربازیی 23 چه‌كی دژه ئاسمانییان ده‌سكه‌وتووه.
سه‌رچاوه/ funnos.com
و. به‌ده‌ستكارییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
PUKmedia له كوردستانی نوێ-ـه‌وه
هەواڵی زیاتر
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
01:21 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن كۆده‌بێته‌وه
10:01 AM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ و سەید عەممار حەکیم: گفتۆگۆی بنیاتنەرانە لە پێناوی سەقامگیریدا بێت
10:06 PM - 2024-04-17
زۆرترین خوێنراو
-
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18 -
جه‌زای سه‌ید مه‌جید وه‌ك لێپرسراوی بەشی كارگێڕیی رێكخستن دهسبهكاربوو
کوردستان 01:21 PM - 2024-04-18 -
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
کوردستان 10:29 AM - 2024-04-18 -
ئێزدییەكان ، دیرۆك و دابونەریتیان
کوردستان 10:05 AM - 2024-04-18