riklam

دەمیرتاش و كشاناك بۆ سەرۆك مام جەلال:لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بەئەزموونە گرانبەهاكانتە

kurdistani 11:54 AM - 2014-04-25
ده‌ڵێن رەنجی ئێوە بۆ ئازادی گەلی كورد لەناو لاپەڕەكانی مێژووی گەلەكەماندا تۆماركراوە

ده‌ڵێن رەنجی ئێوە بۆ ئازادی گەلی كورد لەناو لاپەڕەكانی مێژووی گەلەكەماندا تۆماركراوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش و گولتان كشاناك هاوسەرۆكانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) نامەیەكیان ئاڕاستەی سەرۆك مام جەلال كردوەو تیایدا هیوای زوو گەڕانەوە بۆ مام جەلال دەخوازن و پێشی رادەگەیەنن خەبات و رەنجی ئێوە بۆ ئازادی گەلی كورد لەناو لاپەڕەكانی مێژووی گەلەكەماندا تۆمار كراوە، دەشڵێن مژدەیەكی دیكەمان ئەوەیە كە ساڵ و نیوێك زیاترە لە باكووری كوردستان هیچ خوێنێك نەڕژاوەو لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكاندا بەگشتی 103 پۆستی سەرۆك شارەوانیمان بەدەست هێناوە.


رێزدار جەلال تاڵەبانی
سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ
مام جەلال، پێش هەموو شت، ماوەیەكی زۆرە بەهۆی بارودۆخی تەندروستی جەنابتانەوە، لێك دوور كەوتووینەتەوە، ئەمەش حەسرەتێكی خستۆتە دڵی ئێمەوە، هیوادارین بەمزووانە جەنابت بگەڕێیتەوەو ئێمەش وەك جاران، سوود لەئەزموونە گرانبەهاكانی جەنابت وەربگرین، ئەمە هەم خواستی ئێمەیە، هەم خواستی گەلەكەشمانە لەباكووری كوردستان، ئاگاداربوونەوەمان لەتەندروستی باشی ئێوە فێنكاییەكی خستۆتە ناو دڵی ئێمەو دڵی گەلەكەشمانەوە، ئومێد دەخوازین، ئەم نامەیە ببێتە هۆكارێك بۆئەوەی لەو حەسرەتەی ئێمە تێبگەن كە بۆ دیداری جەنابت هەمانە.

مام جەلال..
خەبات و رەنجی ئێوە بۆ ئازادی گەلی كورد، لەناو لاپەڕەكانی مێژووی گەلەكەماندا تۆمار كراوە،گەلی كورد مەحاڵە رەنجی ئێوە بۆ ئازادی و سەلامەتی كوردستان فەرامۆش بكات، لەو كاتەدا كە جەنابت لێمان دوور كەوتوویتەوە، نزاو پاڕانەوەی گەلی كورد هەمیشە بۆ لەشساغی جەنابت بووە.
لەهەر چوار پارچەی كوردستان، گەلەكەمان لەسایەی خەبات و تێكۆشانی پێشەنگەكانی ئازادی، هۆشیار بۆتەوەو هەنگاو بەهەنگاو بەرەو ئازادی دەچێت، لەرۆژئاڤای كوردستان، سێ كانتۆنی ئازادی دامەزراوە، گەلەكەمان لە رۆژئاڤا، هەم لە بەرامبەر زوڵم و زۆری رژێمی سوریا، هەمیش لە بەرامبەر هێرشەكانی چەتە توندڕەوەكان، خۆی دەپارێزێت، دەمانەوێت مژدەی ئازادی گەلی رۆژئاڤا بە جەنابت رابگەیەنین، گەلەكەمان لەو پارچەیە، خەریكە لەسەر خاكی خۆی سیستمێكی دیموكرات و ئازاد دادەمەزرێنێت.

مژدەیەكی دیكەشمان ئەوەیە كە ساڵ و نیوێك زیاترە لە باكووری كوردستان هیچ خوێنێك نەڕژاوە، قۆناغی چارەسەرێكی دیموكراتیانەو ئاشتییانە دەستی پێكردووە، لە كۆتایی ساڵی 2012وە تاكو ئێستا، لەسەر داخوازی رێبەری گەلی كورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چەكەكان بێدەنگ بوون، بەڕێز ئۆجەلان، لەپەیامەكەی خۆیدا بۆ جەژنی نەورۆزی 2013 رایگەیاند كە بڕیاری داوە چەك بێدەنگ بێت و دەنگی سیاسەتی دیموكراتی بەرز بكرێتەوە، هەروەها لە نەورۆزی 2014شدا ئەو بڕیارەی خۆی دووبارە كردەوەو بانگەوازێكی بۆ حكومەتی توركیا كرد، كە تێیدا هاتووە گەلەكەمان شایەت بێ، دانوستان بەردەوامە، دیالۆگەكانی چارەسەری لەنێوان دەوڵەت و ئیمرالیدا بەردەوامن، هیوادارین قۆناغی دانوستان، لەماوەیەكی كورتدا بگۆڕێت بۆ قۆناغی دیالۆگی رەسمی و ئاشتییەكی پایەدار جێگیر ببێت.

لەم نێوەندەدا، 30ی ئاداری 2014 لەتوركیا هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەڕێوەچوو، لە 11 شاری كوردستان سیاسەتی كورد سەركەوتوو بوو، بەگشتی 103 پۆستی سەرۆك شارەوانیمان بەدەست هێناوە، بەهۆی ئەم نامەیەوە، دەمانەوێت خۆشحاڵی ئەم سەركەوتنەی گەلەكەمان لەگەڵ جەنابتدا بەش بكەین.
مام جەلال..
لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەدڵ ئاواتەخواز بووین ئێوەش لەناوماندا بوونایەو بە فعلی سەركردایەتی ئێمەتان بكردایە، ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر، پێویستمان بەئەزموونە گرانبەهاكانی ئێوەیە، دەبێ هەموو لایەك بزانن، هەوڵەكانی چارەسەری و ئازادی ئەمڕۆ، بەردەوامی ئەو بزاڤ و خەباتەیە كە جەنابت سەرەتاكانی دەیەی 1990 كارت بۆ دەكرد، هەرگیز نكوڵی لەپشكی جەنابت لەو خەباتە پیرۆزەدا ناكرێت.
مام جەلال..
ئێمە پەرۆشی جەنابتین، هیوادارین لەماوەیەكی كورتدا لەشارە رەنگینەكەی ئامەد پێشوازیی لەجەنابت بكەین، گەلی كورد چاوەڕێی جەنابتە، گەلەكەمان زۆر تاسەی مامی خۆی كردووە، دڵی ئێمە لەگەڵ جەنابتە، نزاو پاڕانەوەی گەلەكەمان بۆ ساغی و سەلامەتی جەنابتە، ئومێد دەكەین ئەو حەسرەتەمان زۆر نەخایەنێت و جەنابت بەسەلامەتی بگەڕێیتەوە ناومان،  لەبەر ئەوەی بەڕاستی پێویستمان بەتۆ هەیە.

لەگەڵ رێزو سڵاوی گەرمی ئێمە، سڵاو و نزای گەلەكەمان بۆ جەنابت، مامی ئێمە، مامی گەلی كورد رێزدار جەلال تاڵەبانی-یە، هەر بمێنیت و هەر بژی.

16/4/2014
ئامەد

هاوسەرۆكانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP)
سەڵاحەدین دەمیرتاش                                             گولتان كشاناك

PUKmedia



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket