riklam

د.رێبین ئەبوبەكر: گەنجان سوود لەپترۆدۆلاری هەرێمەكان وەربگرن

kurdistani 12:03 PM - 2014-04-21
كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی 266 لەپارێزگای سلێمانی

كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی 266 لەپارێزگای سلێمانی

 راپۆرتی هێرۆ یاسین‌


د.رێبین ئەبوبەكر كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی 266 لەپارێزگای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ‏عیراق، خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسادا، زیاتر لە حەوت ساڵە لەكۆلیژی یاساو رامیاری زانكۆی سلێمانی ‏بەیانیان‌و ئێواران، لەكۆلێژی پۆلیس‌و لەزانكۆی گەشەپێدان، لەكۆلێژی یاساو كۆلێژی بازرگانی وانەدەڵێتەوە، ‏سەبارەت بەكارنامەی خۆی‌و لیستەكەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ كوردستانی نوێ دووا.‏

پەیام‌و بەڵێنی راستگۆیانە
د.ڕێبین ئەبوبەكر دەڵێت: پێش ئەوەی خۆم كاندید بكەم‌و بچمە ئەنجومەنی نوێنەران، چەند لێكۆڵێنەوەو ‏بەدواداچوونێكم كردووە بۆ ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم‌و بەغدادا هەیە، كەسەرجەمیان یاسایین‌و لێكەوتەی ‏سیاسی‌و ئابووری لێكەوتۆتەوە، بۆیە پەیامی من بەڵێنی راستگۆیەو بەڵێنی ناڕاست نادەم‌و بەڵێنەكانیشم ‏لەسەر هەست وروژاندن‌و سۆز نابێت.‏

خاوەن پڕۆژەكان بەدوای گەنجاندا بگەڕێن
كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی 266 لەپارێزگای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتیشی: بەغدا ‏شوێنێكی یاساییەو دەبێت بەیاسا مامەڵە بكەیت، بۆیە ئەگەر بچمە بەغدا، كاری من یاسایی دەبێت لەسەر ‏هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم‌و بەغدادا هەن، بەتایبەتیش لەسێ بواری جیاوازدا (گەنج، لەڕێگەی ‏یاساكانی وەبەرهێنان‌و یاسایی بیمەی كۆمەڵایەتییەوە، كەگەنج ببێتە هاوبەش لەخێرو بێری ئەم وڵاتەدا، بەو ‏مانایەی دەتوانین وا لەسەرمایەدارو خاوەنكارو بازرگانان‌و كۆمپانیاكان بكەین، لەكاتی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ‏هەر پڕۆژەو كارێكدا ژمارەیەك لەگەنجانی وڵات بەپێی یاسایەك كار لەو پڕۆژانەدا بكەن‌و هەر خاوەنكارێك بۆ ‏پڕۆژەكانیان گرێبەست لەگەڵ گەنجانی سنوورەكەدا بكەن، ئەوەش وادەكات رێژەی بێكاری كەم ببێتەوە، دواجار ‏هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە‌و خاوەنكار بەدوای گەنجدا دەگەڕێت بۆ پڕۆژەكانی، جگەلەوەش گەنجان سوود ‏لەبەشی پترۆدۆلاری هەرێمەكان وەربگرن.‏

ماف‌و ئیمتیازی پێشمەرگە
یەكێكی دیكە لەبەرنامەكانی كاركردنی د.ڕێبین ئەبوبەكر پێشمەرگەیە، وەك خۆی دەڵێت: بەهێزیی نەتەوەكەم ‏بەندە بە بەهێزیی پێشمەرگەوە، وتیشی: لەساڵی 2007ەوە مافی پێشمەرگە دەخورێت، ئەوەش كێشەی ‏یاساییە كە لەساڵی 2005ەوە لەدەستووری عیراقدا دانراوە‌و كاری پێناكرێت، كێشەكەش لەدوو مادەدایە، ‏ئەوانیش مادەی 9 ‌و 121ی لەبڕگەی چواردا، كە لەمادەی 9 دا هاتووە «هێزی چەكداری عیراق پێكدێت ‏لەسەرجەم چین‌و توێژە جیاوازەكان، بەشێوەیەك دادپەروەری‌و یەكسانی لەنێوان هێزەكاندا هەبێت، دەبێت لەناو ‏هێزی چەكداردا كورد بەشێك بێت لەو پێكهاتەیە»، هەروەها لەمادەی 121 لەبڕگەی 4 دا هاتووە ‏‏»حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزی یاسایی چەكداری‌و پۆلیس‌و ئاسایش دابمەزرێنێت»، ئەم دەقە یاساییە ‏گرفتی هەیەو جیاكاری دەكرێت لەنێوانیاندا، پێویستە بەپێی یاسا هەموو ماف‌و ئیمتیازێك كە بۆ سوپای ‏عیراق هەیە، بۆ هێزی پێشمەرگەش هەبێت، چونكە پێشمەرگەش بەشێكە لەوڵاتپارێزان، بۆیە گەڕاندنەوەی ‏مافەكان لەچوارچێوەی ئەو یاسایانەدا یەكێك دەبێت لەكارەكانم، هەروەها لەگەڵ هاوڕێكانیشمدا دەبێت زیاتر ‏لەڕابردوو لەڕووی یاسایی‌و تەنانەت لەڕووی سیاسیشەوە فشار دروست بكەین، بەتایبەت لەدوای غیابی ‏جەنابی مام جەلال-ەوە، كە تا بەڕێزیان لەبەغدا بوون كێشەكان بەو شێوەیەی ئێستا نەبوون. ‏

قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان
كاندیدی ژمارە 11 لەسەر لیستی 266 لەپارێزگای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باسی ‏لەیەكێكی دیكە لەبەرنامەكانی كرد، ئەویش قەرەبووكردنەوەی مادی‌و مەعنەوییە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ‏بەرامبەر بەكوردو خاكەكەمان كراوە، وەك كۆمەڵكوژیی ئەنفال‌و كیمیاباران‌و راگواستن‌و سووتاندنی باخ‌و ‏زەوی‌و زار‌و لەناوبردن، كەقوربانییەكانیان پێویستە قەرەبووبكرێنەوە، بەپێی یاساش ئەم حكومەتە میراتگری ‏حكومەتی پێشووەو پێویستە قەرەبووی سەرجەم كارەساتباران بكاتەوە، هەروەها دابەشكردنی نەوت‌و ‏داهاتەكەی كە لەمادەی 112ی دەستووردا هاتووە: دەبێت ئەو نەوتەی دەفرۆشێت بەیەكسانی دابەش بكرێت‌و ‏بەداهاتەكەی قەرەبووی زیانلێكەوتووانی پێبكرێتەوە، بۆیە وەك یاساناسێك كەچوومە بەغدا، ئەم دوو یاسایە ‏دەكەمە كاری سەرەكیم، ئەوە جگە لەكاركردن لەسەر ئەنفال‌و كیمیاباران‌و راگواستنی ناوچەكانی پێنجوێن، ‏قەرەداغ، شارباژێڕ، بیتوێن‌و پشدەر، كەئەوانیش پێویستە لەڕووی مادی‌و مەعنەوییەوە قەرەبووبكرێنەوە.‏

داهاتووی من داهاتووی ئێوەیە
كۆتایی قسەكانی د.ڕێبین ئەبوبەكر، دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتیان بوو لەڕاستیی بەڵێنەكانی‌و وتی: بەڵێنتان پێ ‏دەدەم بەرنامەو بەڵێنەكانم درۆ نەبێت‌و ئەوەی پێم بكرێت بەوپەڕی توانامەوە پێداگریی لەسەر دەكەم‌و ‏دەیچەسپێنم، بۆیە داواتان لێدەكەم‌و هەر ئێوەش هاووڵاتیانی بەڕێز دەتوانن بەشداربن لەداهاتووی مندا، كە ‏دەكاتە داهاتووی ئێوەو گەڕاندنەوەو پێدانی مافەكانتان، بەڵێن بێت نوێنەرێكی راستگۆدەبم، دەمەوێت ‏بەدەستی پڕەوە بچمە بەغداو بەسەری بەرزەوە بگەڕێمەوە ناوتان.‏

PUKmedia له‌كوردستانی نوێوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket